٢٤\٢\٢٠١٢
ههڤپهیڤینهک
لەگەڵ ھیوا ناسیح.*
سازدانی: ھێمن عەلی
ھیوا
ناسیح لەو دیمانەیدا لەو ڕووداوە مێژووییەی پەرلەمانی سویسرا
دەدوێت، کە ھەوڵی رێکخراوەکەیان بۆ یەکەمینجار لەو وڵاتە پرسی
جینۆسایدکردنی گەلی کوردیان گەیاندە ناو پەرلەمان و خستە
دەنگدانەوە، ھەروەھا گرنگی ئەو پرسانە باس دەکات. تیشکیش
دەخاتە سەر کۆنگرەی داھاتووی کوردۆساید کە بریار وایە لەم
نزیکانە و لەم ساڵدا لە ئەوروپا سازبکرێت و ئەجیندای داھاتووی
چاودێری کوردۆساید - چاک.
ھێمن:
لەبەرچی پەرلەمانی سویسرا دەنگی بۆ ناساندنی ھەڵەبجە و ئەنفال بە
جینۆساید نەدا، گرنگترین ئەو ھۆکارانە چ بوو؟
ھیوا ناسیح: ھۆکار زۆر بوون، لە پێش ھەموویانەوە حکومەتی ھەرێم
تا ئێستا لەم بوارەدا سستە، کارکردن بۆ بە ژینۆسایدناساندنی ھەڵەبجە و
ئەنفال کاری ئەوانە بە پلەی یەکەم، بەداخەوە ھیچ ھەنگاوێکیان بەم
ئاراستەیەدا نەناوە، یان گەر کارێکیان کردبێت زۆر کەم و کرچوکاڵ بووە،
لە چاو ئەو کار و تێکۆشانەی پێویستە بۆی بدرێت لە ئاستی نەبوودایە،
ئەوەی ھەیە و کراوە بە ھەوڵی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید توانیومانە،
تا رادەیەک ئەو کارەساتانە بە ئەندامانی پەرلەمان بناسێنین، ٥١ دەنگی (بەڵێ)ش
وەک یەکەمجار و یەکەم ھەنگاو شتێکی کەم نییە، بەڵام دەبێت زیاتر و
زۆرتر ئەم بیانییانە، بەتایبەت سیاستەتمەدارەکانیان بە
کۆمەڵکوژییەکانمان ئاشنا بکەین، لە رێگەی بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەو
کارەساتانە و بەرھەمھێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی و چاپکردنی کتێب بە زمانە
زیندوەکانی جیھان لەسەریان. ھۆیەکی تر بە داخەوە رەوەندی کوردی
نەیتوانیوە تا ئێستا وەک (لۆبی)یەک خۆی رێکبخات و بۆ ئەو کارە نیشتمانی
و نەتەوەییانە ھەنگاو بنێت. دیارە ساردبوونەوەی گیانی کوردایەتی و
نیشتمانپەروەری لای ئەم رەوەندە دیاردەیەکی زەقە و ئەمەشیان ھۆکاری خۆی
ھەیە.
ھێمن: ئایا ئەو
دۆسیە بە شێوەیەکی دیفنەتیڤ(نھائی)کۆتایی پێھات، پرۆسەکە تەواوبوو یان
ھێشتا ھیوا ماوە، دەتوانن جارێکی تر دەست پێبکەنەوە (استئناف) و
ببەنەوە ناو پەرلەمان وجارێکی تر دەنگی لەسەر بدەنەوە؟ یاخود بەنیازن
بینێرن بۆ دادگای باڵای سویسرا و دادگای نێودەوڵەتی بۆ پێداچوونەو؟
ھیوا ناسیح: نەخێر پرۆسەکە کۆتایی پێنەھاتوە و دەتوانم بڵێم
ئێستا ئێمە لەسەرەتاداین، بە دڵنیاییەوە لەسەر ئاستی سویسرا ھەوڵ
دەدەین چەند پارێزەرێکی کورد یان بیانی و دۆستی کورد، کە شارەزاییان لە
مافەکانی گەلان و کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا ھەبێت
بدۆزینەوە، ئینجا لە رێگەی دادگای یەک لە کانتۆنەکانەوە کەیسەکە
بجوڵێنین و بەرینە پێش، ئەمەش پێویستی بە کات و کۆمەکی ماددی و
شایەتحاڵ و دۆکیۆمێنت و ھەروەھا وەرگێڕراوی فەرمی دۆکیۆمێنتەکان ھەیە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دۆسییەکمان ئامادە کردوە، کە دەینێرین بۆ
دادگای شتراسبورگ و لەم نزیکانە ھەنگاوی کرداری بۆ دەنێین، من دڵنیام
سەرکەوتوو دەبین گەر حکومەتی ھەرێم کۆمەکمان بکات و ئینستیتوی کوردیش
لە پاریس (وەک لێیان چاوەرێ دەکەین) ھاوکاری و پشتگیریمان بکەن.
ھێمن: ئەگەر
بەراوردێک لەنێوان دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئەرمەن و جینۆسایدی کورد بکەین؛
دەبینین زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ناوە
وەک:(سویسرا و فرەنسا و یۆنان..). بەڵام کەچی دانان بە ناساندنی
جینۆسایدی کورد ھێشتام نەگەیشتۆتە ئاستی نێودەوڵەتی، ئایا بۆ ئەم
جیاوازیە، خۆ ھەردووکیان کۆمەڵکوژین؟
ھیوا ناسیح: گەر سەیری پرۆسەی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان
لە سویسرادا بکەین، دەبینین بە سێ ھەنگاودا تێپەریوە، سێیەم جاریش ساڵی
٢٠٠٣ بە چەند دەنگێکی کەم دانی پێدا نرا. مەبەستم ئەوەیە بڕیاری ئەو
وڵاتانە ھەر وا ئاسان نەدراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە، وڵات و حکومەتی
ئەرمینیا بە ھەموو ھێزی مادی و دیپلۆماتی و ئۆتۆریتەی ھەیەتی لە پشتی
ئەو کەیسەوەیە، ھەروەھا رەوەندی ئەرمەنییەکان لە ئەوروپا زۆر چاک لە
لۆبییەکی بەھێزدا خۆیان رێکخستوە و تەنانەت توانیویانە بگەنە سەرچاوەی
بڕیاردانەکان لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا. ئەوان دەیان ساڵە کاری بۆ
دەکەن، چەندان بازرگانی گەورە، ھونەرمەند، ئەدیب و ملیۆنێری ئەرمەنی،
کە لەم وڵاتانەی ئەوروپا دەژین لە پشت ناساندنی ئەو کەیسەوەن، سەدان
کتێبیان بە زمانەکانی جیھان چاپکردوە، دەیان سایتی ئەلەکترۆنییان
دامەزراندوە، کە دۆکیۆمێنتەکانیان تێدا بڵاوکردۆتەوە، جگە لە ھەموو
ئەمانەش سۆزی وڵاتانی ئەوروپا و جیھانی مەسیحی بۆ ئەرمەنییەکان
بەرامبەر بە تورکەکان ڕۆڵی خۆی گێڕاوە لە سەرکەوتنی ئەو ھەنگاوەدا.
بەداخەوە رێک پێچەوانەی ئەمەی باسمان کرد، کورد ھێشتا لەسەرەتادایە،
ئەو ھەنگاوانەی دەدرێن و دراون لێرەو لەوێ پڕ کەم و کورین، بێ ئەزمونی،
دۆکیۆمێنتیزەنەکراوی کارەسات و کۆمەڵکوژییەکانمان، نارێکخراوەیی
رەوەندی کوردی، خەمساردی و بێ مشوری دەستەڵاتدارانی کورد لە باشور
سەبارەت بەم کەیسە، بە تایبەت نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی ھەرێم لەم
وڵاتانە، کە زیاتر لە نوسینگەی بازرگانی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی دوو
حزبە باڵادەستەکەی باشور دەچن، لەبری ئەوەی نوێنەرایەتی گەل و خەم و
ئازار و کارەساتەکانی کورد بکەن لەم وڵاتانەدا. با ھەر بۆ نمونە شتێکت
بۆ باس بکەم: ساڵی پار بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ١٨ ی ئازاری
٢٠١١ دا توانیمان کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر ھەڵەبجە و ئەنفال و
گۆرەبەکۆمەڵەکان لە بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لە ژنێڤ ساز بکەین،
مانگێک پێش ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە وەک سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە
تەلەفونم بۆ د. فەوزی قەدور نوێنەری حکومەتی ھەریم لە سویسرا کرد، تا
کۆمەکی ماددیمان بکات، کەچی ھیچ کۆمەکی نەکردین، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی
ئەو بوو یارمەتیمان بدات، ئاخر ئەو کۆنفرانسە زیاتر لە دە ھەزار دۆلاری
تێچوو، کە ھەموو لەم و لەو کۆمانکردبۆوە. لە لایەکی ترەوە کاک گۆران
ھەلەبجەیی سەرپەرشتیاری دەستەی کارگێڕ، بە نامەو تەلەفون داوای کۆمەکی
لە وەزیری شەھیدانی ئەوکات بەوەکالەت (د. کاوە مەحمود) کرد، کەچی گوتی
پارەمان نییە و کاتێکیش داوەتمان کردن بۆ کۆنفرانسەکە، رەفزیان کرد و
نەھاتن. بۆیە مرۆڤ کاتێک ئەمانە دەبینێت ھەرگیز ناتوانێت بەراوردی ھەوڵ
و دڵسۆزی و کۆششی ئەرمەنییەکان و حکومەتی ئەرمینیا بە کورد و حکومەتی
ھەرێم بکات.
تۆ لەمانەش ھەموو گەڕێ، ئایا بۆ حکومەتی ھەرێم تا ئێستا نایەوێت و
نەیویستوە، لەبەر بەرژەوەندی دوو حزبە دەستەڵاتدارەکە، جاش و
موستەشارەکانیش دادگایی بکات، ھەرچەندە لە لایەن دادگای باڵای
تاوانەکانی بەغداوە بریاری دەسگیرکردنیان دەرچوە و بریارەکەش بە فەرمی
نێردراوە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان؟؟
ھێمن:
ئەگەر لەکۆتایدا پرسی ئەنفال و ھەڵبجە بە جینۆساید لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی ناسێنرا، چی لە پرسی نەتەوەیی کورد دەگۆڕێت؟ ئایا چ سودێکی
بۆ بەروپێشچوونی دۆزی کورد ھەیە؟ ئەی لەو کات کاری کوردۆساید چ دەبێت؟
ھیوا ناسیح: بەرای من، گەورەترین دەسکەوتی سیاسی و دیپلۆماتی و
یاسای نێودەوڵەتی، ناساندنی ئەو کارەساتانەیە بە گەلکوژی (ژینۆساید)،
چونکە، ئەوکات بۆ نمونە:
١- نەتەوەی کورد وەک گەلێکی ژینۆساید بەرامبەرکراو دەناسێنرێت، ئەمەش
وا دەکات لە رووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە ئیلتزامێکی ئەخلاقی و یاسایی
نێودەوڵەتیی بۆ پشتیوانی دۆزی کورد و و پاراستنی گەلەکەمان دروست ببێت.
ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی نێودەوڵەتی بۆ کێشەی کورد لەسەرجەم پارچەکاندا
٢- ھەموو ئەو کۆمپانیا، وڵات، کەسانی بازرگان و شارەزا یانەی بە ھەر
جۆرێک کۆمەکی رژێمی سەدامییان کردوە بۆ دروستکردن، بەکارھێنان، یان
فرۆشتن و گواستنەوەی مادەخاوەکان و چەکەکانی بەکارھاتوو لەو بوارانەدا
بە ئاسانی دەدرێنە دادگا. دیارە بە پشتیوانی ناساندنەکە.
٣- گەلی کورد بە پێی یاسا داوای قەرەبووکردنەوە لەسەرجەم ئەو وڵات و
کۆمپانیایانە دەکات، کە لە میانەی کارەساتەکاندا زیانی، گیانی، ژینگەیی،
کەلتوری و سامانییان بە میللەتەکەمان گەیاندوە.
٤- ئاسان دەتوانرێت ھەر تۆمەتبارێکی عێراقی و کوردی گەر لە پرۆسەکەدا
بە ھەرجۆرێک بەشداری کردبیت لە دەرەوەی عێراق راکێشرێنە دادگا و سزا
بدرێن.
٥- لە کاتی راگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ھەر پارچەیەکی کوردستاندا،
پشتیوانییەکی مەعنەوی باش دەبێت، کە وڵاتانی جیھان دانیپێدابنێن.
ھێمن: وەک
بەنیازن لەم ساڵدا ڕێکخراوەکەتان کۆنگرەی چوارەمی ئاسایی خۆی دەبەستێت،
ئایا ئەجینداتان بۆ کۆنگرەی داھاتوو چییە؟ پەیڕەوپڕۆگرامی چاودێری
کوردۆساید-چاک گۆڕانی بەسەر دێت؟
ھیوا ناسیح: سەرەتا پێم باشە ئاماژە بەوە بکەین، کە بە پێی
پەیرەوی ناوخۆ دەبوو لە مانگی دوانزەی سالی ڕابردوودا کۆنگرەی چوارمان
ساز بکردایە، چونکە ھەر دووساڵ جارێک کۆنگرە ساز دەکەین، بەڵام بە ھۆی
نەبوونی خەرجیەوە دوامان خستووە، خۆشبەختانە ئیستا برێک پارەمان دابین
کردووە بۆ خەرجی ئەو کۆنفرانسە ، وا لە ئامادەکاریداین وگەر کارەکان بە
باشی بچنە پێش وەک نەخشەمان بۆ داناوە، ئەوا لە چەند مانگی داھاتوودا
لەیەک لەم وڵاتانەی ئەوروپا دەیبەستین.
سەبارەت بە نیوەی دووەمی پرسیارەکەتیش بە دڵنیاییەوە خۆی کۆنگرە بۆ
دووبارە خۆرێکخستنەوە و کردنەوەی خوێنێکی تازە بە بەر ئۆرگانەکاندایە،
تا بە گوڕ و تین و گیانێکی نوێوە دەستبەکار بکەنەوە، دیارە
ھەڵسەندگاندنی دەورەی نێوان کۆنگرەی سێ تا چوار، کەموکوری و سستی کار و
ئۆرگانەکان، پەیڕە و پرۆگرام و بەرنامەی رێکخراوەکە، نەخشە و پڕۆژە بۆ
ئایندە، ھەمووی جێگەی ھەڵسەنگاندن و لێدوان دەبن، ئەگەری گۆڕان و
چاکسازی و پیاچونەوەش بۆ ھەموو ئەو شتانە لەبەردەمدا کراوەیە، دیارە
ئەو کات بە دەنگی زۆرینە دەبێت.
ھێمن:
بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین گەنجی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان زیاتر
لە خەمی ھەڵپەی ژیانی تایبەتی و سامان پەیداکردنن، کەمتر بەلای پرسە
نەتەوەیەکان و دۆسیەی ھەڵەبجە و ئنفال دادەچن؟ ئایا رێنماییت بۆ نەوەی
نوێ چییە؟
ھیوا ناسیح: وەک لە وەڵامێکی تردا ئاماژەم بۆ ئەم خاڵە کرد،
ئەمە ھۆکاری خۆی ھەیە، لە پێش ھەموویانەوە، بە داخەوە دوو سەرکردایەتی
کوردی لە باشور بە تایبەتی و پارتە سیاسییەکان بە گشتی نەیانتوانیوە،
یان راستتر بڵێم نەیانویستوە، کە لاوانی کورد و ئەندامەکانیان لەم
وڵاتانە، بە گیانی نیشتمانپەروەری دوور لە دەمارگیری حزبایەتی و
پارچەگەرێتی رزگار بکەن. ئینجا ئەو دوو کارەساتە لە باشور روویانداوە،
زۆربەی گەنجانی کورد کە لە باشورەوە روویانکردۆتە ھەندەران، لە
ئەتمۆسفێرێکی شەری ناوخۆ و شەرەپەڕۆ و بێھیوایی و بێکارییەوە وڵاتیان
بەجێھێشتوە.
رێنماییم بۆ ئەوان ئەوەیە، کە پێشمەرگەی ڕاستینەی ئەمرۆ لە ھەندەران،
کەسێکە دوور لە گیانی تەسکی حزبایەتی، مەسەلەی گەلەکەی بە میللەتانی
ئێرە بناسێنێت، کاری بۆ بکات، بەشداری چالاکی و یادکردنەوەی
کارەساتەکان بکات. لە ھەر وڵاتە ھەوڵ بدەن خۆیان لە شێوەی گروپی کار
رێکبخەن ،بۆ نمونە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئێمە کۆمیتەمان ھەیە، دەتوانن
پەیوەندیمان پێوە بکەن، کۆمەکمان بکەن، پێشیاز و رەخنە وپرۆژەمان بۆ
بنێرن....ھتد.
ھێمن: ئایا رەوەندی کوردی لە سویسرا تا
چەند یارمەتیدەر و ھاوکارتان بوون بۆ ئەو کارە؟
ھیوا ناسیح: رەوەندی کورد لێرە تا رادەیەک ئاشنایە بە کار و
چالاکییەکانمان، بەڵام رێژەی ئەوانەی کە ھاوکار و یارمەتیدەرمان بوون
لە چاو ئەو ژمارە زۆرەی کورددا لەم وڵاتە زۆر زۆر کەمە، چەندان لەو
جۆرە کەسانە لەم وڵاتە کاتێک لینکی ھەواڵی چالاکییەکانیشیان بۆ دەنێرم،
تاقەت و بڕستی ئەوەیان نییە دەستخۆشیشمان لیبکەن، چ جای ئەوەی
ھاوکاریمان بکەن. ئاخر دەستخۆشی کەمترین کۆمەکە وەک ماندوونەبوون لە
کەسێک و ھاندانیەتی بۆ بەردەوامی و کاری گەورەتر بەو ئاراستەیە، دیارە
مەبەست لە خەڵکی سادە نییە بەڵکو خەڵکی رۆشەنبیر و سیاسی. لەگەل ھەموو
ئەمانەدا کەسانێک کە ھەمیشە پشتگیری و ھاوکارییان کردوین، حەز دەکەم
ناوی ھەندێکیان کە ئێستا لە یادمە بێنم، وەک مامۆستا میران، یاسین
بانیخێلانی، فەرەیدون حەمەرەشید، جەودەت سۆفی و حەکیم ھیتوتی و فازڵ
عوسمانی ھونەرمەندە.
ھێمن: پرسیارێکی
گشتی: کاک ھیوا تۆ کەسێکی چالاکیت ،لە نێو ئەو کار و چالاکیانە ئەنجامت
داوە بە کامیان زیاتر دڵخۆشیت یان زیاتر شانازیی بە کامانەیانەوە
دەکەیت؟؟
ھیوا ناسیح: دیارە گەر باس لەوانە نەکەین
کە لەکوردستان ناوەراستی نەوەتەکان لە ھەولێر و کاتێک ئەندامی (رێکخراوی
ئاوارە و ئەنفالەکان) بووم ئەنجاممانداوە، ئەوا لەم وڵاتە زیاتر لە دە
ساڵە کار دەکەین، دەیان کارمان ئەنجام داوە، کە ھەموو جێگەی شانازین،
ئەمەش ئەرکی سەرشانمان بووە بەجێمان ھێناوە، بەڵام لە نێوھەموویاندا کە
زیاتر جێگەی خۆشحاڵی و شانازین بۆم، دەتوانم ئەمانە بنوسم:
١- بە ھەوڵ و کۆششی من لقی سویسرای ئەمنستی ئینتەرناشنال لە ٢٨ی
نۆڤەمبەری ٢٠٠١ نامەیەکی بۆ وەزارەتی دادی دانیمارک نارد، وەک
پشتیوانییەک لە دادگایی کردنی جەنەراڵ ( نزار خەزرەجی) کە یەک لە
تاوانبارە گەورەکانی ئەنفال بوو، وە لە دادگا داواکرابوو، بە داخەوە
حزبە کوردییەکانی باشور نامەی پاکانەیان دەنوسی بۆی، کە بێتاوانە تا
ئازاد بکرێت. نامەکەی ئەمنستی کاتی خۆی لە ژمارە (٥٢)ی رۆژنامەی
ھاولاتی بە مانشێت و لە زۆر سایتە کوردییەکانیشدا بڵاوکرایەوە. بۆ
زانیاریتان یەکەمجار بوو ئەمنستی بچێتە پاڵ کێشەیەکی وا و بە ئاشکرا
باس لە ١٨٢ ھەزار ئەنفالکراو بکات.
٢- لەساڵی ٢٠٠٧ نامەیەکم بۆ سەرۆکی ئەوکاتی سویسرا خاتوو (کالمی رەی)
نارد، کە ھاوکات وەزیری دەرەوەش بوو، بۆ راگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی
چالاکوان و رۆژنامەنوسی رۆژھەلاتی کوردستان (ھیوا بوتیمار و عەدنان
حەسەنپور ، خودی خۆی لە ٢٨/٨/٢٠٠٧ د ابە رەسمی وەڵامی دامەوە، کە
ھەرچییەکیان پێبکرێت دەیکەن، رەنگە من یەکەم کورد بم لەم وڵاتە کە
نامەم بۆ سەرۆکەکەیان ناردبێت و بە رەسمی وەڵامم درابێتەوە.
٣- لە ١٨ی ئازاری ٢٠١١ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیمان لە بارەگای سەرەکی
نەتەوەیەکگرتوەکان لە ژنێڤ ساز کرد، من سەرپەرشتیم کرد، دیارە بە
ھاوکاری ئەندامانی تری چاک و بەتایبەت کاک کاردۆ سەربازو کاک گۆران
ھەڵەبجەیی و خوشکە روناک ئەحمەد.
٤- گەیاندنی دۆسییەی ھەلەبجە و ئەنفال بە پەرلەمانی سویسرا، کە لەم
دیدارەدا لەسەری دواین، گفتوگۆ و خستنە دەنگدانەوەی لە پەرلەمان لە ٢٣ی
دیسەمبەری ٢٠١١دا.
٥- ساڵی ٢٠٠٩ بە ھاندان و کۆمەک و ھاریکاری من خوێندکارێکی سویسری بە
ناوی (سیمۆن گرۆسریدەر) توێژینەوەیەکی لەسەر کورد بە ناوی (کوردەکان،
چەوساوەیەکی ھەمیشەیین، یان تیرۆریستن؟) کە نزیکەی ١٠٠ لاپەرەیە بە
زمانی ئەڵمانی نووسی، ئەمەش لە چوارچێوەی
کۆرسی خوێندنەکەیدا لە خوێندگایەکی گرنگی نمونەییە لەم وڵاتە.
لە داھاتوودا گەر دەرفەت و کاتم بوو دەیکەم بە کوردی!
____________________________________________
* هیوا
ناسیح:
بەرپرسی
پەیوەندیەکانی دەرەوەی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید.
فینلەندا
heminalia@yahoo.com
|