٣١\١٠\٢٠١١
ههڤپهیڤینهک
لهگهڵ دکتۆر داود دانیال یوخهنا*.

سازدانی:
فەرەیدون بێوار
فەرەیدون بێوار:
زانستى سیۆسیۆلۆژی چۆن لە حاڵەتى (کوشتن) دەڕوانێت و شرۆڤەى دەکات؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
چەند تێروانینێک هەن بۆ راڤە کردنى (رەفتارى کوشتن)، لە روانگەى یەکێک
لەو تێڕوانینانەوە دەکرێ بپرسین: ئەو پابەندى و پابەستییە چییە لەنێوان
دیاردەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى لەگەڵ گۆڕاوى رەفتارى کوشتن دا هەیە؟ دەکرێ
بڵێین رەفتارى کوشتن ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانەیە کە لەناو
کۆمەڵگەکەدا روودەدات. لێرەوە دەکرێ لە چەمکى (بونیادى کۆمەڵایەتى)
بدوێین، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک جۆرە بونیادێکى کۆمەڵایەتى هەیە، ئەو
بونیادەش بریتییە لە چەند سیستەمێکى کۆمەڵایەتى وەک (سیستەمى سیاسی و
کۆمەڵایەتى و ئابووری و خێزانى و ئایینى و...) پێکەوە پابەند و پابەست،
ئەو پابەند و پابەستییە زۆر گرنگە بۆ ئێمە تاوەکو بتوانین جۆرە
راڤەکردنێکى زانستیانە بۆ دیاردەى رەفتارى کوشتن بکەین.
تیۆری سیۆسیۆلۆژی هەیە کە پێیوایە لەرێگەى چەند هۆکارێکى دەرەکى یان
ناوەکى، یاخود لەرێگەى هەردوو فاکتەرەوە، بە کارلێکردنیان لەگەڵ
یەکتریدا، لە مەودایەکى زەمەنى دیاریکراو لە کۆمەڵگەیەک، دەبنە هۆی
گۆڕانى چەند لایەنێکى زۆری سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم گۆڕانى
سیستەمە کۆمەڵایەتیانەش کاردانەوەى دەبێ لەسەر گۆڕانى پێکهاتەى
کەسایەتى تاکەکان.
فەرەیدون بێوار:
ئەم بونیادە کۆمەڵایەتییەى کە کۆمەڵگەى کوردى هەیەتى، ئایا لە خودى
خۆیدا بەرهەمهێنەری حاڵەتى کوشتنە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
کاتێک دەڵێین گۆڕانکاری کۆمەڵایەتى هەیە، ماناى وایە چەند فاکتەرێکى
خۆی هەیە، ئەم گۆڕانە کۆمەڵایەتییە زیاتر لە ئەنجامى ئێستاى کۆمەڵگە
نییە، بەڵکو مەودایەکى زەمەنى رابردووى هەیە، لەم روانگەیەوە دەکرێ
بوترێت کۆمەڵگەى عێراقی بەگشتى و کوردستانى بەتایبەتى تووشی چەندەها
جەنگ بووە، کە ئەویش دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، ئەم جەنگە یەک لە دوا
یەکانە کاریگەری هەبووە لەسەر بونیادى کەسایەتى تاکى عێراقی و
کوردستانى.
فەرەیدون بێوار:
دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەى کوردستانى کۆمەڵگەى دواى جەنگە، لەماوەى (30)
ساڵدا (5)جەنگى گەورە روویداوە، کەواتە پێتوایە حاڵەتى کوشتن تێیدا
ئاساییە و ئامادەگى هەیە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
ئەو راوبۆچوونە راستە کە دەڵێت: جەنگ وەک دیاردەیەک کاریگەرى خۆی دەبێت
بۆسەر تاکەکانى ناوکۆمەڵگە، چ لەرووى کۆمەڵایەتى و دەروونى و تەنانەت
بایەلۆژیشەوە.
فەرەیدون بێوار:
کەواتە هێشتا تاکى کوردى بونیادێکى کامڵ و تەندروستى نییە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
ئێمە دوو گۆڕاوى (سەربەخۆ) و (پابەند)مان هەیە، گۆڕاوە سەربەخۆیەکە
دیاردەى جەنگە، گۆڕاوى پابەند رەفتارى تاکەکانە، چ لەرووى کۆمەڵایەتى و
دەروونى و کارلێکى کۆمەڵایەتییەوە. یەکێک لە تیۆرەکانى کۆمەڵزانى پێمان
دەڵێت: ئەو جۆرە گۆڕاوانەى وەک جەنگ چەندەها دەرهاوێشتەى دەروونى و
کۆمەڵایەتى نێگەتیڤى دەبێت بۆ سەر پێکهاتەکانى کەسایەتى تاکى ئەو
کۆمەڵگەیە.
فەرەیدون بێوار:
کەواتە هێشتا تاکى کورد قۆناغ و زەمەنى جەنگى جێنەهێشتووە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
نەخێر، دەتواتین بڵێین تاڕادەیەکى باش بەرماوەى ئەو هەمووە مەودا
زەمەنییە رابردووە، ئەو دەرهاوێشتانە، ئەو بۆماوە دەرونییە نێگەتیڤیانە
لە کەسایەتى ئێمەدا ماون، ئەمەش وای لەئێمە کردووە کە جۆرە (ئامادە)بوونێکمان
هەبێت بەرەو (رەفتارى کوشتن). ئەوە تاوانى ئێمە نییە، چونکە تاکەکان
کوڕی بوینادى کۆمەڵایەتى خۆیانن، ئەم بونیادە کۆمەڵایەتییەش چەندەها
جەنگ بینوە.
فەرەیدون بێوار:
کەواتە ئەو کولتوورەى کە ئێمە لەرابردوودا هەمان بووە، کەسایەتییەکى
شەڕانگیزى بۆ بەرهەم هێناوین؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
ئەوەشیان زۆر راستە.
فەرەیدون بێوار:
دەمەوێ بپرسیم ئەم حاڵەتى کوشتانەى کە لە کوردستان روو دەدەن،
بەتایبەتى کە ئێستا زیادى کردووە، بۆ چی دەگێڕێتەوە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
کۆمەڵزانى پڕە لە راڤەکارى جیاجیاى زانستى بۆ ئەم حاڵەتە، بەڵام دەکرێ
دوو گۆڕاو بەیەکەوە ببەستینەوە، گۆڕاوى دیاردەیەکى وەکو جەنگ، گۆڕاوێکى
رەفتاریى دەروونى و کۆمەڵایەتى ئەو تاکانە کە تووشی چەندەها جەنگ بوونە،
کەواتە لەناو ئێمەى کورددا شتێکى دروست بووە کە پێیدەوترێت (ئامادە)یی.
لەناو کەسایەتى عێراقیدا جۆرە ئامادەبوونێک دروست بووە بەرەو توندوتیژی.
فەرەیدون بێوار:
زانستى سیۆسیۆلۆژی چۆن راڤەى کەسایەتى و رەفتارى بکوژ دەکات؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
ئەگەر لەسەر لایەنى خودى کەسایەتى بکوژ قسە بکەین، ئەمەش
دەماگەڕێنێتەوە بۆ سەر هەمان رێچکەى پێشوو (بونیادى کۆمەڵگە و بونیادى
تاکى کورد)، جەنگ کاریگەرى خۆی هەبووە لەسەر تاکەکانى ناو کۆمەڵگە،
ئەگەر بمانەوێ رێچکەى شیتەڵکردن بگرینەبەر بۆ روونکردنەوەى بکوژ، کە
دەڵێین رەگەزەکانى کەسایەتى ئەو تاکانە لەرێگەى جەنگەکانەوە بەرەو
گۆڕان دەچێت، لێرەدا مەبەستمان ویژدانى کۆمەڵایەتى و دەروونى ئەو
تاکانەیە، بۆیە ئەگەر باسی پێکهاتەکانى کەسایەتى بکوژ بکەین، ئەوە
یەکێک لە پێکهاتەکانى ویژدانى کۆمەڵایەتى و دەروونییە، کەئەمەش بونیادە
کۆمەڵایەتییەکە دروستى دەکات، کاتێک سیستەمەکانى ناو بونیادەکە
گۆڕانکارى نێگەتیڤى بەسەردا دێت، بێگومان کاریگەرى دەبێ لەسەر ویژدانیی
کۆمەڵایەتى و دەرونى.
فەرەیدون بێوار:
لێرەدا سیستەمى پەروەردە چ رۆڵێک دەبینێ لە پێگەیاندنى بونیاد و
کەسایەتیی تەندروستى تاکەکان، یاخود تاچەند سیستەمى پەروەردەى ئێمە
تەندروستە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
ئێمە وتمان بونیادى کۆمەڵایەتى لەچەند سیستەمێکى بەیەکەوە پابەند
پێکهاتووە، کەواتە هەر گۆڕانکارییەک (ئەگەر بە نێگەتیڤ یان پۆزەتیڤ بێت)
لە هەر یەکێک لەو سیستەمانە رووبدات، ئەوا کاردانەوەى خۆی دەبێت لەسەر
سیستەمەکانى تر، بۆیە سیستەمى پەروەردەش هەر بەشێکە لە بونیادى
کۆمەڵایەتى، بۆیە کە باس لە ئەزمەى سیستەمى سیاسی دەکەین ئەوا کاریگەرى
دەبێ لەسەر سیستەمى ئابوورى و پەروەردەیی.
هەڵبەت دوو جۆرە سیستەمى پەروەردە هەیە، سیستەمى فەرمى وەک قوتابخانە و
نافەرمى وەک خێزان. بۆیە دەڵێم هەوڵى بۆ دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا
چەند جێبەجێ کراوە، ئەوا دەڵێین بۆ پێودانگى هەر شتێک واقیع حکوم دەکات.
بەڵام ئەزموون و چارەسەرى وڵاتان پێمان دەڵێن دەبێ پێکهاتە عەقڵییەکانى
ئەو تاکانە بگۆردرێت، ئەم پیکهاتەش بریتییە لە سێ رەگەزى سەرەکى (عەقڵی)
و (هەستى) و (رەفتار).
فەرەیدون بێوار:
لەم ماوەیەدا حاڵەتى کوشتن لە کوردستان بەتایبەتى لەهەولێر زۆر روویدا،
بۆ نموونە منداڵ دایک و باوکى خۆی کوشتووە، یان هاوڕێی خۆی کوشتووە،
ئەم حاڵەتانە تاچەند پێوەندى بە لایەنى پەروەردەیی و کولتورییەوە هەیە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەر سیستەمى پەروەردە لە ناو خیزاندا، ئێستا ئەم
سیستەمە پێویستى بە دیراسات هەیە. دەبێ بپرسین ویژدانى تاکەکانى خێزان
بۆ وایلێهاتووە، ئاوها بەئاسانى رەفتارێکى کوشتن ئەنجام بدات؟
لەمڕووەوە واقیعى خۆمان پێودانێکى سەرەکییە بۆ حکومدان لەسەر سیستەمى
پەروەردە، چونکە هەر ئەم سیستەمەش ئەو ویژدانە دروست دەکات.
فەرەیدون بێوار:
تۆ پیتوایە میدیاى کوردى رۆلی سلبییان ئیجابی بینیوە لەم ڕووەوە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
میدیا بریتییە لە گۆڕاوێک کە هزر و داب و نەریت و بەها دەگوازێتەوە
بۆناو کۆمەڵگەیەک یان کۆمەڵگەیەکانى تری مرۆیی بە رێگەى جیاواز جیاواز،
لە دەرەنجامدا، ئێستا لە گۆرَەپانى واقیعى خۆمان میدیا هەر دوو رۆڵی
دیتووە، ئەمەش پێویستى بە دیراساتى زانستی هەیە تا بزانین میدیا چ
رۆڵێکى لە کۆمەڵگەى کوردیدا بینیوە.
فەرەیدون بێوار:
لەگەڵ زیادبوونى حاڵەتى کوشتن، حاڵەتى خۆکوژیش زیادى کردووە بەهۆکاری
جیاجیا، بۆ نموونە قوتابییەک بەس لەبەر ئەوەى لە قوتابخانە دەرنەچووە
خۆی دەکوژیت، یان ئافرەتێک لەسەر کێشەیەکى بچوکى خێزانى پەنا بۆ خۆکوژی
دەبات، ئەمانە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
دەبێ هەڵوەشانەوە و لێکترازانێک هەبێ لە سیستەمى پەروەردەدا، ئەگینا
دەروونى ئەو قوتابییە بۆ واى لێبێت بڕیارێکى لەو جۆرە بدات، یان
ئافرەتێک بگاتە رادەیەک بڕیارى خۆکوشتن بدات، کەواتە خەلەلێک لە
پەروەردە هەیە چ لەماڵ یان ئەو سیستەمە فەرمیانەى بەرپرسیارن لە
دروستکردنى ئەو تاکە.
فەرەیدون بێوار:
تاچەند بێکاری گاریکەری هەیە لەسەر حاڵەتى خۆکوشتن، بەتایبەتى کە لەم
ماوەیەدا کچێک لەهەولێر بەهۆی بێکارییەوە خۆی سوتاند؟
دکتۆر داود دانیال یوخەنا:
چەند تیۆرێک هەن جەخت لەسەر پێداویستییەکانى تاک دەکەنەوە، دەڵێن ئەگەر
ئەو پێداویستیانە لە مەودایەکى دوورودرێژ نەهاتەدى یان بۆیان دابین
نەکرا، ئەمەیان دەرنجامى خراپی دەبیت بۆسەر تاکەکان و کۆمەڵگە بەگشتى.
لێرەوە دەتوانین بخزێینە ناو پلان و پەرەپێدانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و
...بۆیە لایەنى بەرامبەر لەکاتى پلاندانان دەبێ ئاگادارى ئەوەبێ کە ئەو
پێداویستیانە زۆر زۆر گرنگن، ئەگەر دابین نەکرێ ئەوا رەفتارى جیاواز
دێتە کایەوە.
______________________________________
* دکتۆر داود
دانیال یوخەنا -
سەرۆکى پێشووى بەشی کۆمەڵناسی.
هەولێر
F_bewar@yahoo.com
|