په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠١٣

هەڤپەیڤینێک لەتەک گۆنا سەعید.*


سازدانی: هەڤاڵ مەحمود

 

هەڤاڵ مەحمود: بەگشتی کارەکانی چالاکوانانی ژن بۆ دەربازبوون لە پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەت چۆن هەڵدەسەنگێنن؟


گۆنا سەعید: سەرەتا پێویستە بڵیم کە دەستەواژەی چالاکوانی ژنان دەستەواژەیەکی زۆر گشتیە و پێموا نییە هەموو ئەوانەی پێیان دەگوترێ چالاکوانی ژنان، بە ئامانجی دەرباز بوونی ژنان لە دەست زوڵم و ستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کاریان کردبێت. هەندێک هەن کە ئەم ناسنامەیە بۆیان تەنها پەیوەندی بە کارێکی رۆتین و بێ دەربەستەوە هەیە لە نێو دەزگایەکی نێو دەسەڵات، یان لە نێو حیزبێکدا، هەندێکیان کاری خێرخوازی و پرسەدانان و سەردانی رەسمی و ئەمانە بووەتە چالاکییە رۆتینییەکانیان، هەندێک هەن کە چەواشەکاری دەکەن و لە ژێر ناوی مافی ژنان باس لە ئەرکە دینیەکان دەکەن و لەدژی مافەکانی ژنان پارێزگاری لە فرەژنی و خەریکی ناردنەوەی ژنانن بۆ نێو ماڵ و خزمەتی خێزان و پیاو و بەگشتی و بەکۆیلەکردنی ژنانن، بەڵام بەدڵنیایەوە ژمارەیەکی بەرچاویش لە ژنانی چالاک خەریکی شەڕکردنن لەگەڵ بنەماکانی چەوسانەوە و توند و تیژی لەسەر ژنان و خەبات دەکەن لە رێگەی هەڵبڕینی دەنگی ژنان لە نێو میدیاکان بە کاری نووسین و گفتوگۆ و شکاندنی تابۆکانەوە خەریکن، لەسەر کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژی خەریکی کاری جددین. سەرەتای ئەمجۆرە لە خەباتی ژنان بۆ گۆڕینی یاساکان و کارا کردنەوەی دەزگاکانی دژی توندوتیژی و دادگا و پۆلیس کار دەکەن و فشار دێنن بۆ دەسەڵاتی هەرێم کە لەو بێ دەربەستییەی بەرامبەر بە توندوتیژی لەسەر ژنان بێتەدەرێ و کاری جددی بکا، هەڵبەت هێشتا ئەم رەوەندەیان لەسەرەتای کاریەتی و پێویستی بە ئاسۆیەکی رۆشن و یەکڕیزی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و دروستکردنی بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی سیاسی و جەماوەری هەیە بە دەوری خۆیدا.


هەڤاڵ مەحمود: تا چەند رێکخراوەکانی مەدەنی لە باشووری کوردستان لە دۆزینەوەی رێگەچارەکانی کێشەی چەوسانەوەی ژنان نزیک بوونەتەوە؟


گۆنا سەعید: هەوڵەکان بە ئاراستەی جیاجیادا دەڕۆن، من دەتوانم لەسەر ئەو هەوڵانە قسە بکەم کە پێموا بێت، بە راستەقینە بە دوای دۆزینەوەی رێگەچارەن بۆ ستەم و چەوسانەوەی ژنان، کە هێشتا لە سەرەتای رێگەدان، لەبەر ئەوەی بوونی سەدان رێکخراوەی کارتۆنی و چەواشەکارانە رەوەندی رێگەچارەیان بۆ ستەم و چەوسانەوەی ژنان هێواشتر کردووە و بەلاڕێشیدا بردووە . بەڵام سەرەتاکانی دەرکەوتوون و ئومێد هەیە کە بتوانێت لە ئەمساڵدا دەست بکات بە رێکخستن و هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ کۆبوونەوە بە دەوری بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.


هەڤاڵ مەحمود: ئەرکی گرنگی ئەو چالاکوانانە چییە و ئەولەوییەتەکان چین بۆ ئەوەی هەنگاوی خێرای بۆ هەڵبگرن؟


گۆنا سەعید: ئەوەی گرنگە باوەڕ و ئیرادەیەک لەنێو چالاکوانی ژناندا هەیە و پەیدابووە کە بێدەنگی نێو کۆمەڵگەی کوردستانی شکاندووە و شەڕی پیاوسالاری دەکا، ئەم دەنگە ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر دەبێ و فشارێکە لەسەر دەسەڵات و کۆنەپەرستی، بەڕای من بینینی رۆڵی راستەقینە دژ بە نایەکسانی تەنیا کاری چالاکوانانی ژنان نییەو هەر کەس و لایەنێک باسی ئازادی دەکا، دەبێ ئازادی ژنان بەبەشێک لە خەبات بۆ ئازادی لە کوردستاندا ببینێ و وەک مارکس دەڵێ ئازادی ژنان پێوەری ئازادی کۆمەڵگەیە.


هەڤاڵ مەحمود: ماوەیەکە بەردەوام لێرەو لەوێ باس لەتوندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەکرێ، هۆکارەکانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟


گۆنا سەعید: راستە، بەداخەوە هەواڵەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان هەموو رۆژێک ئەو کۆمەڵگەیەی کاس کردووە، لەمبارەوە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو توندتیژییە دەگەڕێنمەوە بۆ چەند شتێک، لەوانە یاساکان لە هەرێم دژە ژنن و هیچ باسێک لە مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و یەکسانی ژن وپیاو ناکات. لەوانە یاسای باری کەسێتی و یاسای فرەژنی، هەروەها لە یاساکانی پەیوەندیدار بە خێزان و زەواج و تەڵاق و ئازادی تاکەکەسی هۆکارێکی گەورەی جیاوازی کردنی مافەکانی ژن و پیاوە لە یاسادا کە بە زەرەری ژنانە، هەروەها هیچ یاسایەک بۆ پاراستنی ئازادی شەخسی و مافە تاکی و مەدەنییەکانی ژنان .بوونی نییه . هاوکات دەسەڵاتی پیاوسالاری هەژموونی هەیە بەسەر کۆمەڵگەو بەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاێەتیدا لە نێو خێزان و لەسەر جادە و بەگشتی هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئیداری . لە خاڵەکانی دیکە دەبێ ئاماژە بە میلیشیا بوونی شێوەی دەسەڵاتی هەرێم و بوونی گەندەڵی و خەرج نەکردنی سەرچاوەی ماددی پێویست بۆ لەناوبردنی توندوتیژی لەسەر ژنان بکرێ، هه روه ها جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە لە قازانجی ژنانن، وەک بڕیارەکانی کوشتن لەسەر شەرەف و یاسای دژی توندوتیژی خێزانی، هەروەها ناکاریگەری و سەربەخۆ نەبوونی دادگا، ملکەچبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بۆ شێوەکانی سوڵحی عەشایەری لە دەرەوەی دادگاو بوونی هەردوو مەکتەبی کۆمەڵایەتی پارتی و یەکێتی وەک دەزگایەکی دەرەوەی دادگا کە لە زۆر جێگاو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان شوێنی دادگای گرتۆتەوە. نەبوونی فرسەتی کاری یەکسان و دایەنگای خۆڕایی بۆ ژنان بۆ یارمەتیدانی ژنان بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی ئابوورییان و نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی تێر و تەسەل بۆ ئەو ژنانەی کە کاریان نییە کە بووەتە هۆی ئەوەی ژنان لە ژێر فشاری ئابووری و لە پێناو بژێوی منداڵەکانیاندا لە نیو ژیانی هاوسەری و خێزانی پڕ لە توندوتیژیدا بمێننەوە و هەست بە هیچ رێگەچارەیەک نەکەن بۆ دەرباز بوون.

 
هەڤاڵ مەحمود: دەگوترێ هەندێک جار بە ئاشکرا هەڕەشە لە چالاکوانانی بواری ژنان دەکرێت، بەڵام یاسا هیچ کارێک ناکات، ئەوە تا چەند راستە و چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێ؟


گۆنا سەعید: هەڕەشە لە چالاکوانی ژنان دوو شت دەگەیەنێت، یەکەمیان ئەوەی کە کار وچالاکی ئەم ژنانە کاریگەری داناوە و دەنگی هەبووە و فشاری لەسەر لایەنێک یان چەند لایەنێک دروست کردووە، دووەم ئەوەی کە هەمیشە لە کوردستان هەوڵی جۆراوجۆرهەیە بۆ دروستکردنی فەزای ترس و تۆقاندن بە دژی ئەو ژنانەی کە کار و چالاکی دەکەن و دەنگی ناڕەزایەتیەکانی ژنان بەرز رادەگرن و کێشەکان نوێنەرایەتی دەکەن، ئەم ترس و تۆقاندنە دەتوانێت ژنان بەرەو دواوە بەرێت و لە بەشداری چالاکانە و رۆژانەو لە خەبات بۆ باشترکردنی ژیانیان دووریان دەخاتەوە، هەروەها ترس و رێگری زیاتر لای خێزانەکان دروست دەکات تا نەهێڵن کچ و ژنەکانیان بەشداری کاری سیاسی و ئیداری نێو کۆمەڵگە بکەن . لەو هەڕەشانەی کە لە بەهار مونزیر و پەروین عەزیز کرا، بینیمان کە لەنێو کۆمەڵگەدا پشتیوانی بەرفراوان لەم چالاکوانانە کرا و سەدان کەس نامەی ناڕەزایەتیان کردە سەر حکومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ بەڵێنیدا کە دژ بەو هەڕەشانە، ئەو چالاکوانانە بپارێزێ. بەڕای من ئەمانە دەستکەوتن کە ژنانی چالاکوان خەڵکی ئازادیخوازیان لەپشتە و دەسەڵات ناتوانێ بێدەربەست بێت بەرامبەر بەو هەڕەشانە.


هەڤاڵ مەحمود: کێ لەو هەڕەشانەو دووبارەبوونەوەیان بەرپرسە؟


گۆنا سەعید: دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و پۆلیس و ئاسایش لەوە بەرپرسن، چونکە ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی گیانی خەڵک لە دەست ئازار و ئەشکەنجە و هەڕەشە، بەرپرسن لە دۆزینەوەی تاوانباران و کۆتایی هێنان بە هەڕەشە لەسەر گیانی چالاکوانەکان، بۆیە دەبێت بە جددیەوە بێن بەدەم شکات و سکاڵای ئەم ژنە چالاکانە و بە هەموو جۆرێک ژیانیان بپارێزن.


هەڤاڵ مەحمود: پۆلێن کردنی رێکخراوەکانی ژنان بۆ عەلمانی و ئیسلامی تا چەند رەوایە و کام لایەنیان زیاتر کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئافرەت دەکەن، یان پشتگیری لەو یاسایانە دەکەن کە لە قازانجی ژناندا بوون؟


گۆنا سەعید: من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو پۆلێن کردنەی رێکخراوەکانی ژنان بۆ عەلمانی و ئیسلامی، هەست دەکەم ئەم دەستەواژەیە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە پۆلین کردنی حیزبەکانی کوردستان بۆ عەلمانی و ئیسلامی دەکات وە ئەوەی کە ئەوانیش رێکخراوی ژنانیان هەیەو بە پێی ئەو پۆلین کردنە رێکخراوەکانی ژنانیش دابەش بوون بۆ عەلمانی و ئیسلامی. ئەگەر باس لەڕێکخراوەکانی ژنانە کە سەر بە یەکێتی و پارتین ئەوە ئەمانە عەلمانی نین چونکە مەرجە سەرەتاییەکانی عەلمانی بوونیان تێدا نییە، ڕێکخراوەیەکانی ژنانیشیان زیاتر کاریان خۆشەویست کردن و راکێشانی دەنگی ژنانە بۆ لای حیزبەکانیان و بەلاڕێدا بردنی مەسەلەی چەوسانەوەی ژنان و خەباتی ژنانە بۆ رزگاری، ئەمانە نەک هیچیان بە قازانجی ژنان کاریان نەکردووە، بەڵکو بوونەتە هۆی چەواشە کردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە خەبات کردن بۆ یەکسانی و مافەکانیان وەک ئینسانی یەکسان لە کۆمەڵگەدا، هەردوو رێکخراوی ژنان و ئافرەتانی یەکێتی و پارتی، بە ناوی کارکردن بۆ مەسەلەی ژنان هیچیان نەکردووەو هەموو ئافاتەکانی حوکم و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەوانیشی داوە، رێکخراوەکانی ژنانی هێزە ئیسلامییەکانیش کاریان بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەیەو دەیانەوێت ژنان ئامادە کەن بۆ خەونی دەسەڵاتی سیاسیان ئەویش بە ڕاهێنانی ژنان بە قبوڵ کردنی حوکمەکانی دین بە سەر ژیان و چارەنووسیاندا، ئەمانە لە ژێر ناوی مافی ژنان لە دیندا، ژنان بۆ خۆیان راکێشدەکەن و جار جارەش باس لە توندوتیژی و لە ناوبردنی دەکەن بە خاتری راکێشانی ژنان بۆ نێو هێزە سیاسییەکانیان بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا.


هەڤاڵ مەحمود: بەڵام هەندێک رێکخراوی ناحکوومی و حیزبی هەیە لەدەرەوەی ئەو پۆلێنە کاردەکەن، زیاتر مەبەستیان هۆشیارکردنەوەی ئافرەتە لە کۆمەڵگەدا، دەربارەی ئەوان رات چییە؟


گۆنا سەعید: راستە ئەو رێکخراوانە هەڵدەستن بە کاری خزمەتگوزاری و هۆشیارکردنەوە لە نێو ژنان و کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەمانە ناتوانن وەڵامدەر بن بە هەموو کێشەکانی ژنان و چارەسەری مەسەلەی ژنان، من لە زۆر شوێن ئەمەم باس کردووە کە هەندێک لەو رێکخراوە خێرخوازییانە مەبەستی ئینسانی و جوانیان هەیە، بەڵام ئامرازی گۆڕانگاری جددی و گەورە لە ژیانی ژناندا نین، لەبەر ئەوەی گیرۆدەی دابینکردنی سەرچاوەی داهاتیانن و هەروەها لە ئەسڵدا بەشێکن لە پڕۆژەی ئەمریکا بۆ عێراق لە دوای رووخانی حکومەتی سەدام حسێن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆیە بە زۆری پڕۆژەی کاتین و لە شوێنێکدا دروست دەبن و لە جێگەیەکدا کۆتاییان پێ دەهێنرێت . کاتێک باسی چارەسەری بێمافی ژنان و چەوسانەوەی ژنان دەکەین، پێویستە کە باس لە بزووتنەوەیەک بکەین کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگە بێت و ژنان بە ڕیزی فراوان تیایدا بەشدار بن و خەباتی تێدا بکەن، ئەمەش کارێکی قورسە چونکە لە لایەک ئەم جووڵانەوەیە زۆر بەلاڕێدا براوە، لە لایەکی دی پەیوەستە بە کارو پێشڕەوی ژنانەوە لە کۆمەڵگەدا کە لە ئێستادا زۆر لە ئاستێکی خوارەوەدایە . هەروەها پێویستی بە پشتیوانی سیاسی هەیە، چونکە ئەمە تەبیعەتی کۆمەڵگەی کوردستانە، ئەگەر بتەوێت کاریگەر بیت، دەبێت پێگەی جەماوەریت بەهێز بێت، هەروەها سەرچاوەی ماددی و چەکت هەبێت، ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت دروست ببێت، یان نا، پەیوەندی بە کاری کەسەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانیەوە هەیە. لە ئێستادا هیچ کام لەڕێکخراوەکانی ژنان ئەم ئامرازە نین، بەڵام ریزێکی بەرفراوان لە ژنان و پیاوانی ئازادی و یەکسانیخواز هەیە کە ماتریال و سەرچاوی مرۆڤی ئەم بزووتنەوەیەن.

_____________________________________________________________

* گۆنا سەعید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و کۆمیتەی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و لێپرسراوی بەشی زانیاریی و گەشەپێدان لە رێکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
 

ماڵپه‌ڕی گۆنا سه‌عید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک