٢٥\٧\٢٠١٢
هەڤپەیڤینەک لەتەک
نەجیبە مەحمود.

سازدانی: تیشکە مەرەسەنە
نەجیبە
مەحمود یەکێ لە ژنە ھەڵسوراو و چالەکەکانی کۆمەڵگەی کوردیە کە بەردەوام
کاری بۆ مافەکانی ژنان کردوە. نەجیبە مەحمود لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی کردوە
بەکاری سیاسی لەناو حیزبی شوعی کوردستان دا و لە ساڵی ١٩٩١ بەملاوە
دەستی کردوە بە خەبات و چالاکی لە بوارەکانی مافی ژن. نەجیبە بەشداری
زۆربەی کۆر و کۆنفرانسەکانی ناو کوردستان و دەروەی کوردستانی کردوە و
بەشداری بەرچاوی ھەبووە لە زۆر پرۆژە کە بۆ ژنان کراون لە باشوری
کوردستان. جگە لەوەی سەرپەرشتی کەمپینی داکۆکی لە مافە یاسایی و
مەدەنیەکانی ژنانی کردوە. ئێستاش لە وڵاتی سوێد دەژیت و بەردەوامە لە
کار و چالاکیەکانی بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان و ھاوکات بەرپرسی
پەیوەندیەکانی کوردۆسایدە.
تیشکە مەڕەسەنە:
پێشینە و کارکردنی تۆ بۆ ژنان رێگەم پێدەدات پرسی ئەوە بکەم کە
جێگا و پێگەی ژنی کورد لە کۆمەڵگەی کوردی دا چۆن و لە چ ئاستێکدا بووە
لە رابردوو دا و ئێستا؟
نەجیبە مەحمود:
دیارە ئەو پرسیارەی بە رێزت یەکێکە لە پرسە ھەرە گرنگەکانی
ئێستای کۆمەڵگەکەمان کە پێویستە پێگەی ژنی کورد دەست نیشان بکریت کە
دوای دەیەھا ساڵ خەبات کردن گەیشتۆتە چ ئاستێک. ئەگەر تۆزیک چاو بە
رابردووماندا بخشێنینەوە و بەراوردی پێگەی خەباتی ژنان لە ئێستا و
رابردوودا بکەین، ئەوە بۆچوون وتێڕوانینی جیاواز ھەڵ ئەگرێت لەبەر
ئەوەی قۆناغی خەبات کردن و باروودۆخەکان جیاواز بوونە لە گەڵ ئێستادا،
و بە دڵنیاییەوە ژن ھەردەم بەردەوام بووە لە خەبات کردن، شان بە شانی
پیاوان چ لە ئێستادا وە چ لە رابردوودا. بۆیە ناتوانیت بڵێین ژن بوونی
نەبووە یاخود نیە، بەڵام شێوەی بوون و بروو بیانووی جیاوازی سیاسی
کاریگەری خۆی ھەبووە لە ڵاوازکردن و پەراوێز کردنی پێگەی ژن لە بواری
سیاسی و کۆمەلایەتی....ھتد.
بە باوەری من ئەو لاوازکردنە بە پڵانە و ھەموو ھێزە سیاسیەکان بە
راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ بەشداری کردنێکی بە ھێزیان ھەبووە. ئەگەر
نا لە رابردوو و ئێستادا دەیەھا ژنی لێھاتوو و بە توانا لە سەرجەم
بوارەکان دا بوونی ھەیە و ھەبووە. بەشێک لە لاوازیەکە ئەگەرێمەوە بۆ
کەموو کوری خەبات کردنی راستەقینەی بزووتنەوەی ژنان کە نەیانتوانیوە
لەو چوار چێوە و باکگراوندە حیزبیە دۆگمایە دەر بچن، پڵان و
بەرنامەیەکی چروپڕی یەکگرتوویان ھەبێت، دیارە مانای ئەوە نیە کە پرۆژە
و بەرنامەمان نەبووە وەک ژنان، بەڵام لە پاڵپشتی کردن و یەکگرتنی
ھەڵوێستەکانمان ڵاواز بوین.
ئەوە جگە لەوەی کە بارو و دۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی و فەرھەنگی و یاسایی
پاڵپشت و یارمەتی دەر نەبوو بۆ بە ھێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی
کووردی دا. ھەردەم بە برووبیانووی جیاوازی سیاسی و نەتەوەیی و
کۆمەڵایەتی و کلتووری پرسە گرنگەکان دوا خراون. بۆیە لەگەڵ ئەوەی ھەوڵی
زۆر ھەیە بۆ خەبات، ھەنگاو نراوە تا ئێستا، بەلام ھەنگاوەکان لە رووی
یاساییدا نە خراوەتە ھەنگاوی راستەوخۆ و پەیرەو کردنی، بۆیە ناتوانین
بڵێن ژن پێگەیەکی نیە و ناشتوانین بڵێن پێگەیەکی ھەیە ، چونکە ژنان لە
بواری ئابووری و خزمەت گووزاریدا رۆڵی بەرچاویان ھەیە. بەڵام بە داخەوە
کە بە پێی توانای کەسەکان مامەڵە لەگەڵ جۆری ھێنانە پێشەوەی ژنان
نەکراوە تا سوود لە فرسەتەکان وەر بگیریت بۆ بەھێز کردنی پێگەی ژنان.
تیشکە مەڕەسەنە:
وەک ژنێکی چالاک لە بوارەکانی مافەکانی ژندا دەکرێ باس لە رەوشی
ژنانی کورد بەتایبەت ژنانی باشوری وڵات لەو بیست ساڵەی رابردوو دا کە
دەسەڵاتێکی کوردی حکومەتی بەسەر خەڵکی کوردەوە کردوە چۆن بووە؟
نەجیبە مەحمود:
لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو دا ئەو دەسەڵاتە نەیتوانی باوەر
بھێنێت بە ماڤە سەرەتایە راستەقینەکانی ژنان، کە وەک مرۆڤێکی خاوەن
بیرو بەھێز سەیر بکرێت، بەڵکوو بەردەوام ھەوڵ ھەبووە بۆ پاشقول گرتن لە
خەبات و بزوتنەوەی ژنان. بۆ ئەوەی ھەردەم لە بازنەیەکی داخراو دا بە
چوار دەوری حیزبەکاندا بخوڵینەوە. تەنھا بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی ئەو
ھێزانە و مڵ ملانێ سیاسیەکانیان. ئەوەش لە رێگەی دەستگرتن بەسەر باری
ئابووری رێکخراوەکان و ھەروەھا رێکەوتنە سیاسیەکانیان لە پەرلەمان و
حکوومەتدا، لەسەر ھیچ شتێک کۆک نەبووبن حیزبەکان لەسەر دواخستنی
یاسایەکی پێشکەوتوو و مەدەنی کە مافی تاکەکانی تیا پارێزرابێت وە
بەتایبەت ماڤەکانی ژنان کۆک بوونە و لە یاسای باری کەسێتی دا و دەر
کردنی بڕیاری فرە ژنی ئەوەی سەڵماند. و بە بڕیار و مووجامەلە بێتامە
سیاسیەکانی حیزبەکان ژنە پەڕلەمانتارەکان و حیزبیەکانیان ملکەچ کراون
بۆ رازی بوون بەو بڕیارانە، لە بەرامبەر دەستکەوتە مادی و ئیمتیازەکان،
لەسەر حیسابی خەباتی بزوتنەوەی ژنان، کە بێ ئاگایەنە بریار لەسەر ماڤی
چارەنووسی ژنان ئەدەن. لە ژوورە داخراوەکان، بێ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ رای
گشتی جەماوەر و بە تایبەتی ژنان، کە زۆر جار نارەزایەتیەکانی ژنانیش
نەبۆتە جیگەی بایەخی ھێزە سیاسیەکان و پەرڵەمان وحکوومەت تا گوێیان
لێ بگیرێن.
تیشکە مەڕەسەنە:
ئایا ژنانی کورد بەھۆی کوردبوونیان و جێگیربوونیان لە رۆژھەڵاتی
ناوەراست دا ھیچ تایبەتمەندیەک و شێوە ژیان و کێشەیەکی جیاوازیان ھەیە
کە بە گشتی لە ژنانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و جیھان جیایان دەکاتەوە؟
نەجیبە مەحمود:
ئەگەر بە گشتی قسە لەسەر تایبەتمەندیەکانی ژنانی رۆژھەڵاتی
ناوەراست بکەین، ئەوە ئەتوانین بڵێن بەھۆی بارودۆخی فەرھەنگی و سیاسی
ناوچەکە بە دڵنیایەوە جیاوازی لە نێوان شێوە ژیانی ژنانی ناوچەکە و
کێشەکانیان زۆرە لەگەڵ جیھان بە گشتی و تا ئێستا ژنان لە رۆژھەڵاتی
ناوەراست قسە لەسەر ماڤی ھاووڵاتی بوونیان ئەکەن، و سەبارەت بە ژنانی
کورد بەھۆی کوردبوونیانەوە کێشەکانیان جیاوازە، پێم وایە جیاوازی ھەیە
لە نێوان پارچەکانی کوردستان بۆ نموونە لە بەشی باشووری کوردستان، تا
رادەیەک لە ئێستا دا ئەو کێشەیە، ئەتوانم بڵێم بوونی نیە، یاخوود
ڵاوازە، بەڵام لە بەشەکانی تر بە دڵنیایەوە لە رووی سیاسیەوە ئەرکی
ژنان لەو ی قورسترە لەبەر ئەوەی جگە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرە یەک لە دوای
یکەکان کە زۆر جار لەرووی یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسیەکان و ناچار کردن
ومڵ کەچ پێکردنی خەڵک بە دەسەلاتەکەی خۆی ژن ئەکرێتە ئامانج بۆ مەرامە
گڵاوەکانیان، وەک ئەوەی پێشتر رژێمی بەعس ئەیکرد. لەھەمان کاتدا چەند
پیاوانی کورد ژێردەسیتە و زوڵم لێکراو بن لە کۆمەلگەدا، ئەوانێش
جارێکیتر ژن ئەکەنەوە ژێر دەستە، لە پێناو مانەوە و گەشەپێدانی
دەسەڵاتی پیاوسالاری.
لەو کاتانەشدا باشترین ئامراز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ژن وەک
جەستە سەیر ئەکرێت، کە ئەکرێتە شەرەف وپاشکۆی پیاو لە ناو خێزان دا، و
دەسەڵاتیش لە پێناو گەشە نەکردنی کۆمەڵگە و مانەوەی وەک کلتوورێکی
دواکەوتوو چەق بەستوو بەردەوام سیاسەتی خۆی ئەکات و پلانی بەردەوامی
خۆی ھەیە. کورد ھەردەم بە بیانووی کێشەی نەتەوەیی کێشەی ژنان لە رووی
سیاسی و کۆمەلایەتی و یاسایی دا لە پەراوێز ئەخات. ئەمە لە کاتێک دایە
کە بە باوەری من پێوەری ئازادبوونی کۆمەڵگەیەک یاخود نەتەوەیەک،
پەیوەستە بە ئازادبوونی ژن، و ھەرگیز ناتواندرێت بێلاین سەیر بکریت و
دا ببڕێندرێت لە پرۆسەکانی تری وەک ئازادی سیاسی ، دێموکراسی و
ماڤەکانی مرۆڤ. لە ھەمان کاتدا تەقلید بوونی بزووتنەوەی سیاسی کورد
ئاستەنگە لەبەر کەم بەشداریکردنی راستەقینەی ژنان لە سیاسەتە دا.
تیشکە مەڕەسەنە:
بەتاڵاییەکی گەورەی فکری لەناو بزوتنەوەی فێمێنستی ژنانی کورد
دا ھەیە، ئەمە بۆ چی دەگێریتەوە؟
نەجیبە مەحمود:
پێم وانیە، بەتاڵاییەی گەورە ھەبێت، بەڵام رەنگە ڵاواز بێت،
ئەوەش کۆمەڵێک ھۆکاری راستەو خۆی ھەیە ،کە بەشێکی لە پرسیارەکانی
سەرەوە باسم کردوە. ھۆکارەکانی ئەوەیە، کە ژنان زیاتر رازین بەوەی
تەنھا لە بواری خزمەت گوزاری دا کار بکەن لە ماڵەوە و لە دەرەوە، ئەمە
بۆتە حاڵەتێکی ئاسایی کە ژن پێی وا بێت کرێکارن، نەک خاوەن کار ئەمەش
نابێتە ھاندەر کە لەبواری بەرھەم ھێنان دا کار بکات، بۆیە ھەوڵ ئەدات
خۆێ لەگەڵ ھەموو کارێک بگوونجێنێت کە بۆیی دیاری ئەکرێت، ئەوەش رێک لە
کاری سیاسی ژنەکاندا ھەستی پێ ئەکرێت. پێم وایە ئەوەندەی ژنان سەرقاڵ
کراون لە ناو حیزبەکاندا بە کاری لاوەکی، ئامانجە سەرەکیەکانیان بیر
براوەتەوە. کێشەکان بریتین لە نەبوونی یاسایەکی مەدەنی کە رێز لە مرۆڤ
بگرێت و پەیوەندیەکان رێک بخات و لە ھەمان کاتدا پەیوەندیەکان دیاری
بکات.
نەبوونی پڵانی و بەرنامەی حکوومەت و دەسەڵات بۆ پێگەیاندنی کادری
پێشکەوتوو لە بواری ژنان و ماڤی مرۆڤ و سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی،
ھەروەھا لە رووی ئابووریەوە بە جۆرێک لە جۆرەکانێش بە شێوەیەکی رێکخراو
کۆنترۆل کراون، ئەگەر نارازی بن ئەوە ھاوکاریەکان بۆ راپەراندی
کارەکانیان لێ ئەبردرێت، جگە لەوەش لە کوردستاندا سەر چاوەکان بۆ فێر
بوون و گەشەکردن لە و بواری فکری لە ناو بزووتنەوەی فێمێنستی ژنانی
کورد لاوە. ئەوە جگە لەوەی کە ژن ھەر چەندە سەرقالی کاری سیاسی و
کۆمەڵایەتی و ھەر یەک لەبوارەکانی تر بێت، ەوە بە دڵنیایەوە ئەرکی ماڵ
و مناڵ و خێزانی ھەر لە ئەستۆدایە، بۆیە کاتی کەمی بۆ ئەمێنێتەوە کە
بایەخ بە بواری گەشەدان بە فکری خۆی بدات. بۆیە ھەندێک جار ئەو ژنانەی
کاری سیاسی ئەکەن یان لە بواری ژنان دا کار ئەکەن زۆر دۆگمان و ھەوڵ
نادەن کە ھەنگاوێک لە پێش کۆمەڵگاوە بن تا بتوانن گۆرانکاریەکی ریشەیی
درووست بکەن.
تیشکە مەڕەسەنە:
چۆن دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئێفێکتیڤ پێش لەبەر ئەو خۆکوژییەی
ژنانی کورد بگیرێت کە لە کوردستان رۆژانە روودەدات؟
نەجیبە مەحمود:
ھەنگاوەکان بۆ پێشگرتن لە دیاردەی خۆکوژی یان کووشتن لە ژێر
ناوی شەرەف یان تووند و تیژی ، بەرای من ئەمانەن:
لەرووی یاساییەوە ئەو برگە یاسایەی کە پێشتر ھەبوو لە یاسای باری
کەسێتی عێراقی کە پێاو بۆ ھەبێت لە ژن بدات یان بیکووژێت لە ژێر ناوی
شەرەڤ لە مادەی ١١١ بە ناوی غسڵڵ عار کە ھەر کەس ژنەکی یان کەسێک لە
خیزانەکەی بکوژێت بە ناوی شەرەف، حوکمەکەی کەم ئەکرێتەوە بۆ شەش مانگ.
لە بەرامبەر ئەوە یاسایەکی تر دا بندرێت کە ھەر چۆرە کووشتن و تووندوو
تیژیەک لە خیزان دا قەدەخە بکات، چونکە زۆربەی خۆکوژیەکانی ژنان لە
خێزانەوە ناچار کراون. ھەموو ئەو بڕگە یاسایانە ھەڵبوەشێندرێنەوە کە لە
ناو یاساکان دا ھەن و جیاوازی رەگەزی لە نێوان ژن و پیاو دا درووست
ئەکەن.
ھەڵمەتێکی زۆر چڕوپڕ بکردرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگە
بە گشتی و ژنان بە تایبەتی و ھەموو ئەو زانیاریانەیان پی بدرێت کە رێگە
کردنەوەن بۆ یارمەتی دانیان و رزگار کردنیان لە ھەر جۆرە فشار و تووند
و تییژیەک.
بیمەی کۆمەڵایەتی ھەبێت بۆ ژنان لە کاتی پێویستد، بۆ ئەوەی ناچار
نەکرێت بە ھاوسەرگیری زۆرە مڵێ لە لایەن کەسووکاریان، لە پێناو مانەوە
و بەردەوامی دان بە ژیان. ئەگەر ئەو خاڵانە ھەبوون ئەوە بە دڵنیایەوە
ئەو کات کارئاسانی ئەبێت بۆ رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی کە
ئەوانێش بە ئەرکی سەر شانی خۆیان ھەڵبستن. پێویستە راگەیەندنەکانێش
بخرێنە گەڕ بۆ ھەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ رێگە گرتن لەو دیاردەیە.
تیشکە مەڕەسەنە:
تێگەیشتن و لێکدانەوەی کۆد و نۆرمە کولتوریەکان بە بۆچوونی تۆ
گرنگە بۆ ئەوەی بتوانرێت پێش لە تووندوتیژی دژی ژنان بگیرێت؟
نەجیبە مەحمود:
بە دڵنیایەوە تێگەیشتن و لێکدانەوەی کۆد و نۆرمە کڵتوریەکان
گرنگن لە ئێستادا، ئەبێت ئاشنایەتی تەواوت ھەبێت، نەک لەبەر ئەوەی کە
تەواو تەسڵیم بە و نۆرمە کلتوریە بێت، بەڵکو تا بزاندرێت چۆن پڵان و
بەرنامەی کارەکانی دائەرێژێت، لە پێناو گۆرانکاریە ریشەیەکان تا تووشی
رووبەروو بوونەوەی تووند و ناحالی بوون نەبێت لەگەڵ کۆمەڵگە، لەبەر
ئەوەی بمانەویت یان نا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چینی وتوێژ و ئاستی جیاواز و
بیر کردنەوەی جیاواز ھەیە، بۆیە ئەبیت پیلانی کارەکان و میکانیزمەکانیش
بەرزو نزمی تێبکەوێت، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەو کەسانەی کار ئەکەن لەو
بوارەدا ئەبێت پرۆفیشناڵ و لێھاتوو بن، و باوەڕی تەواویان بە مەسەلەکان
و مافی مرۆڤ ھەبێت ھەردەم ئەبێت ھەنگاوێک لە پێش کۆمەلگە بن، بۆ ئەوەی
ئەوان کاریگەریان ھەبێت، نەک کۆمەڵگە کاریگەری ھەبێت لەسەر بیر
کردنەوەی ئەو.
تیشکە مەڕەسەنە:
کاری ھەرەوەزیی و بەیەکەوەیی ژنان لەناوخۆی وڵات و لە تاراوگەدا
لە چ ئاستێک دایە؟
نەجیبە مەحمود:
کاری ھەرەوەزی و بە یەکەوە کار کردنی ژنان ھەتا بڵێی لاوازە،
بەداخەوە کە ھاوکاری و پشتگیری یەکتر چ لە رێکخراو چ بە تاک، ناکرێت بە
بیانو و ھۆکاری جیاواز، جا زاتی بێت یان سیاسی یان ھەرشتێکی تر. ئەگەر
نا ئەو ھێز و توانایی بەشێک لەو ژنانەی ھەیانە، ئەتوانن ھیوا بەخش بن
بۆ کاری گەورە و باش لە دیاری کردنی ئایندەی پێگەی ژنان. پێم وایە تا
رادەیەک ساڵانی پێشتر لە کوردستان زۆر باشتر بوو لە کاری ھەرەوزی،
نموونەشمان ناوەندی ھاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان و گرووپی ھەڵوێست،
کەمپەینی داکۆکی لە ماڤە مەدەنی و یاسایەکان.
تیشکە مەڕەسەنە:
ئێستا کە لە ئورپا دەژیت و بەردەوامیت لە چالاکی و داکۆکیەکانت
لە مافی ژنی کورد، دەکرێ باس لە جیاوازی و ئاستی ئێشکردنی ژنان بکەیت
بە بەراورد لەگەڵ وڵات؟ لایەنی ئەرێنی و نەرێنیەکانی و چی بکرێت بۆ
باشتربوونی کاری بەھەرەوەزی؟
نەجیبە مەحمود:
ئەتوانم بڵێم کورد لەبەر ئەوەی ھەر لە بنەمادا پەروەردەکەمان
باش نەبووە کە کەسێتی ئازاد و بەھێز بەرھەم بھێنێت، بۆیە لە ھەر شوێنکی
دنیا دا کار بکات، کاریگەری ئەو پەروەردەیەی ھەر لەسەرە و بە ھەمان
شێوە و نەفەسی کوردستان کار ئەکات، پێم وایە تا رادەیەک نەیان توانیوە
لەو چوار چیوەیە دەر بچن، ئەگەر نا بە سوود وەرگرتن، لە ئیمکانیاتی،
مادی و مەعنەویەکانەوە ئەتواندرێت کاری زۆر باش بکرێت و پاڵپشتی گەورەش
بن بۆ ژنان و رێکخراوەکانی کوردستان. لە ھەمان کاتدا ئەتواندرێت رۆڵی
گەورە بگێڕن لە یەکخستنی ھەوڵ و تواناکانی ژنان بۆ شۆرشێکی کۆمەلایەتی
و سیاسی و رۆشنبیری.
ماڵپەڕی نەجیبە مەحمود
|