٨\٧\٢٠١٦
ھەولێر لە نێوان
فڕاندن و ھێرشی موفتی و جنێوی بەعسیدا!

ئهحمهد رهجهب
کوردستان دووچاری شەرێکی گەورە بووە لە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی بەدناو و
بێفەڕ - داعش - لە کاتێکدا پێشمەرگەی
قارەمان سینگی ناوە بە گوللەوە و وڵات ئەپارێزی و بەرگری لە بەھا
بەرزەکانی مرۆڤایەتی ئەکات ھەندێ کردەوەی دزێو و ناشیرین لە ناو
کۆمەڵگەی کوردەواریدا بەدی ئەکرین وەک ھاوڵاتی فڕاندن بە بێ گەرانەوە
بۆ دادگا و سووکایەتیکردن بە شکۆی نیشتمان و گەلی کوردستان لە لایەن
پیاوێکی ئاینی گومڕا و پاشەڵپیس و موفتی باڵای سوننەکانی عێراق رافع
ئەلروفاعی و قسەی زبر و جنێودان بە گەلی کوردستان و گەلی عێراق لە
لایەن مرۆڤکوژێکی رژێمی خوێنرێژی سەدام حوسەێن و حیزبی بەعسی عەرەبی
چەپەڵ بە ناو حەسەن ئەلعەلەوی و ھەموو ئەمانە لە پایتەختی کوردستانەوە
لە ھەولێرەوە لە یەک کاتدا رووئەدات.
لەم دووایەداو، چەند رۆژێکە لە ھەولێر پایتەختی کوردستان ئاسایش بەبێ
گەرانەوە بۆ دادگا چالاکانە دەستیکردووە بە شاڵاوی گرتن و فڕاندنی
ئەندام و کادیرو چالاکەوانی حیزبەکان و ھەندی کەس تا ئێستا
بێسەروشوێنەو، لە سەر ئەم گرتن و فڕاندنەش حیزبەکان و، خەڵکێکی زۆر
قەلس و بیزار بوون و، ئەو کردەوەیە قیزوەنە ریسوا ئەکەن و، ئەڵێن
ئەبی بە زوترین کات ئەو خەڵکە بێ تاوانانە ئازاد بکرێن و، ئەگەر گومان
لە یەکێک ئەکەن، پێویستە بە زووترین کات بەرەورووی دادگا بکرێتەوەو،
ئەبێ ئاسایش ھەوڵبدات بارودۆخەکە ھێمن بکاتەوە.
جێی داخە ھەولێر بووەتە میوانخانە و موڵگای کەسانی ناپاک و سەر بە ھزری
ئیسلامی سەلەفی و وەھابی و بەعسی و، ھەولێر پرە لە سەرۆک جاش و سوننەی
تاوانباری ھەڵاتوو دۆستان و یاوەرانی سەدام حوسەێنی گۆر بە گۆرو،
ھەریەک لەمانە لە سەر ئاوازێکی تایبەتی ئەخوێنێ و، سەرۆک جاشی داوا
کراو لە لایەن دادگا باڵاکان بێباک و سەربەستانە ئەسورێنەوەو پارەو
خەرجی دیوەخانەکانیان وەر ئەگرن و ، موفتی دێزی باڵای سوننە رافع
الرفاعی بە ئاشکەراو لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی کەناڵی ئەلحەدەسی
ئەلعەرەبییەدا لە ھەولێرەوە ستایشی ڕۆڵی چەتەکانی داعش ئەکات و، باسی
باشی و دادپەروەری ئەو تاقمە خوێنرێژە سەرلێشێواوە ئەکات و، دەستی
داعش ماچ ئەکات و، حەسەن ئەلعەلەوی بەعسی ئەویش بە ئاشکرا لە پرۆگرامی
تەلەفزیۆنی راستەوخۆ لە ھەولێرەوە گاڵتە بە خوێنی شەھێدانی پێشمەرگەو
شەھیدانی پرۆسەی چەپەڵی ئەنفال ئەکات.
حەسەن عەلەوی بەرامبەر بەکامیراو پروگرامی راستەوخۆ بە ئاشکەراو بەبێ
ترس ئەڵێ: ( من بەشێکم لە پیلان و، ئەمەش قوتابخانەکەمانە لە حیزبی
بەعسدا) قوتابخانەی پیلانگیری و، ئەم بەعسییە پیاوکوژە شانازی ئەکات و
ئەڵێ: (سەدام حوسەێن پێوتم: ئەگەر ١٦ی وەک تۆم ھەبێت لە مەغریب کۆدەتا
ئەکەم) و، ھەروا لە درێژەی شانازییەکانیدا ئەڵێ: ( من لە بەعسییە ""
کۆنەکانی "" حیزبی بەعسم، بەشدار بووم لە پیلان لە دژی عبدالکریم قاسم
و، عبدالسلام عارف و، ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر).
حەسەن عەلەوی بەعسییەکی ناسراوەو، ماوەیەک بەرپرس و سەر نووسەری گۆڤاری
( ئەلف باء) بوو، ئەم کابرایە سەری زمان و بنی زمانی جنێو بەخشینەو
یەکێکە لە ( شەقاوەو سەرسەرییەکانی حەرەسی قەومی ) ساڵی ١٩٦٣ و، ھەروا
یەکێکە لە ھەزاران موستەشارجاش و بەعسسەیە جانەوەرەکانی رژێمی
دیکتاتۆری سەدام حوسەێن و حیزبی بەعسی عەرەبی شۆڤەنیست و، سوننە
ھەڵاتووەکان و، بە فیتی دەستی دەرەکی ھەولێریان کردووەتە مۆڵگا و
میوانخانەو، لە باشترین ئوتێلەکانی پایتەختی کوردستان ئەژین و، شاراوە
نییە دەستی دەرەکی لە کوردستان رۆڵی ھەیەو، لە ھەلێر کەسانی میت و
سیخوری ترکیاو عەرەبەستانی سعودی و قەتەر سەرپەرشتیان ئەکەن و، بەپێ
نەخشە دزێوەکانیان بەرێوە ئەبرێن.
ئەوانەی ئەمرۆ داڵدەی ئەو جۆرەکەسانە ئەدەن لە بیریانە ساڵی ١٩٦٣ ی
سەدەی رابردوو حیزبی بەعسی عەرەبی بە یارمەتی ئەمریکاو وڵاتانی
کۆنەپەرستی ئیسلامی و عەرەبی بە کۆدەتا قیزەوەنەکەیان لە ٨ ی شوباتی
رەشدا دەستیان گرت بە سەر حوکمی عێراق و، بەیاننامە شومەکەیان، بەیانی
ژمارە (١٣) یان دەرکردو، بە پێی ئەو بەیانە دەستیانکرد بە شاڵاوی گرتن
و کوشتن و زیندانیکردنی شیوعیەکان و کەسانی نیشتمانپەروەرو، لەو
بارودۆخەدا ( پارتی دیموکراتی کوردستان) پشتگیری خۆی بۆ کودەتاچییەکان
راگەیاندو، سەرەرای ئەوەش خۆشیان دەستیان کرد بە راونان و کوشتنی
شیوعییەکان و بۆ نموونە: لە بەمۆو ھورێن وشێخان گەرمگ و ئاوبارەو، وڵە
سمت و، دەشتی بتوێن وشوێنەکانی ترو ژمارەیەک کادیرو ئەندامی حیزبی
شیوعی عێراقیان شەھید کردو، ھەندێکیکەیان بە دیل گیران و، پاشان درانە
بەر گوللەو، لێرەدا پرسیار ئەوەیە کێ بەرپرسە لەو جۆرە کەسانە کە
دەستیان سوورە بە خوێنی گەشی شەھیدانی گەل ونیشتمان، شەھیدانی گازی
کیمیاوی و، شەھیدانی ھەڵەبجەو سێوسێنان و دەشتی کۆیەو شێخ وەسان و دۆڵی
بالیسان و بادینان و ناوچەی ترو، شەھیدانی پرۆسە چەپەڵەکەی الانفال و،
شەھیدانی حیزبە تێکۆشەرەکانی سەر گۆرەپانی خەبات و تێکۆشان.
حەسەن عەلەوی بە روون وئاشکرا لە ھەولێرەوە ئەڵیـت من مرۆڤکوژم و، جێی
متمانەی سەدام حوسەێن و حیزبی بەعسی عەرەبی بووم و، سەدام تاجی سەر
سەرمەو، ھەر رازیبوون بەو قسانەی ئەم دوژمنە گومرایە شەرمەزارییەو،
گالتەپێکردنە بە تیکۆشانی گەلی کوردستان.
باشە یەکێک بە زمانی خۆی بڵێت من خەڵکم کوشتوەو بەشدار بووم لە
پیلانەکانی بەعسییەکان و سەدام حوسەێن بۆ راپێچیان ناکەن و، بەرەورووی
دادگایان ناکەنەوە، ئەگەر بەرپرسانی ھەولێر ناتوانن ئەو کارە بکەن،
کامەیە سەروەری کوردستان؟ کامەیە ئاسایشی ھەرێم؟ ئایا لە مێردزمەکەی
تورکیای شۆڤەنیست رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەترسن؟ یان بەرپرسانی ھەرێم و
حکومەتی کوردستان بەھۆی بازرگانی وشەری سوننەو شیعە کەوتوونەتە ژێر
رکێفی بیری وەھابی و سەلەفی؟ یان ئێوە، ئەی بەرپرسان بە تەواوەتی خۆتان
داوە بەدەستەوە؟ ھیچتان پێ ناکرێت و، نەخشەو پرۆژەی عەرەبستانی سعودی و
وڵاتی قەتەر لە کوردستان جێبەجێ ئەکەن؟
قسەکانی پاشڵەپیس موفتی باڵی سوننەکانی عێراق و، قسەکانی بەعسی
بەناوباگ حەسەن عەلەوی کە خۆی بە "" بیرمەند "" ناو ئەبات و، تاقمێک لە
عەرەبی سوننەو ھەوادارانی بەعس کرنووشی بۆ ئەبەن و چەپڵەی بۆ لێئەدەن،
ئەم دووانە لە ھەولێرەوەو بێباکانەو بەبێ ترس لە سەر تەلەفزیۆن و
کەناڵی ستەلایت سوکایەتی بە پێشمەرگەو خوێنی شەھیدان ئەکەن و، کەس
رێگایان لێ ناگرێت.
جێی باسە ھەولێر بۆ بووەتە موڵگای کەسانی تاوانبارو گومراو مرۆڤکوژ؟
دیارە دوو برا بەعسییە ترسنۆکەکان ( ئوسامە نوجەیفی و ئەسیل نوجەیفی )
لە ژێر چاودێری ھەڵاتووی مرۆڤکوژ تاریق ھاشمی و بە یارمەتی میت و
ھێزەکانی تورکیا کە پێشتر لە خاکی کوردستان (( نێژراون )) نەخشەکانی
رژێمی تورکیای ڤاشست جێبەجی ئەکەن و، نیازیان وایە پارێزگای موسڵ لە
پاش رزکارکردنی لە دەستی چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی – داعش بدەن بە
تورکیا.
ئاسایشی ھەرێم رۆژانە خەڵک ئەگرێت و ھەندێکیان بێسەروشوێن ئەکات، بەڵام
ناتوانی موستەشارجاش و کەسانی پاشڵەپیس بەناوی ئاین و مەزھەب و، بەعسی
مرۆڤکوژ بگرێت و بیانداتە دادگا. ئەم جۆرە بابەتانە لە سەرۆک جاش و
موفتی و بەعسی ئەبنە خاڵێکی رەش بۆ ئاسایش و، پێشمەرگەی کوردستان کە لە
گەڵ داعشدا شەر ئەکات و ، لە پێناو سەروەری کوردستان خوێن ئەدات بەڵام
عەرەبی سوننەو بەعسییەکان گاڵتە بە پێشمەرگە و خوێنی شەھیدان ئەکەن.
مێژوو لە کەس ناترسێت و، ئەگەر ئەتانەوێت کار لە پێناو کوردستانێکی
سەربڵندو و ئازادو سەربەخۆ بکەن، مەھێڵن ناوتان بچێتە لاپەرە رەشەکانی
مێژووەوە، خواست و ئارەزووی خەڵک ئەوەیە ئەو دوژمنانە تێکرا بدرێن بە
دادگاو چیتر پارەو بەشە خۆراکی ھاوڵاتیانی کوردستان مەدەن بەو کەسانە
کە مێژوو نەفرەتیان لێ ئەکات.
٣\٧\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|