په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠١٠

هەوڵی پارتی بۆ کۆنترۆڵی کوردستان و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی بارزان!


موحسین کەریم 


دوای هەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ جۆری قسەی بەرپرسانی پارتی بەرامبەر بە ناوچەی سلێمانی گۆڕاوە. ئەو لاوازیە میژوییەی پارتی لەوناوچەیەدا پێوەی دەناڵێنێ، ئێستا لەفکری ئەوەدان قەرەبووی بکەنەوە. سەرەتا نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەکرد کە ئەو دەنگانەی پارتی لە ناوچەی سلێمانیدا هێناویەتی شایستەی مێژووی پڕ لەخەباتی پارتی و دەورو کاریگەری سیاسی ئەو حیزبە لەناو خەڵکی سلێمانیدا نیە. گوایە پارتی بەرادەیەک لەناو خەڵکی سلێمانی و دەوروبەریدا خۆشەویستە کەبەراورد ناکرێ بەو دەنگانەی هێناویەتی! بۆیە ئێستا سەرکردایەتی پارتی نەخشەی ئەوەی داناوە کە ئەو کەلێنە پڕبکاتەوەو پارتی بخاتەوە سەر جێگاورێگای واقعی خۆی!

شکستی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی ژیر سەرکرادیەتی مەلا مستەفا بارزانی لەبەهاری ساڵی ١٩٧٥دا کەبە ئاشبەتاڵی ٧٥ ناسراوە، دەورونەخشی بارزانی و پارتی دیموکراتی بەشێوەیەکی دراماتیکی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بێکاریگەرکرد. هاوکات جێگای بۆ سەرهەڵدانەوەی هێزێکی دیکە چۆڵکرد کە پاش چەندین ساڵ ململانێی توند لەگەڵیدا توانیبوی لە هەلومەرجی رێکەوتنامەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا کپی بکاتەوەو بەجۆرێک لەناوخۆیدا بیتوێنێتەوە. ئەو هێزە کە بەباڵی جەلالی دەناسرا لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی شەستەکاندا، ئەمجارەیان بە ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هاتەوە مەیدانی گوڕەپانی سیاسی کوردایەتیەوە. قورسایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم هێزە بە پلەی سەرەکی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و دواتر هەولێر بوو.

بێگومان هە رلەسەرەتاوە یەکێتی توانی کاریگەری سیاسی و فکری لەسەر بیرو لێکدانەوەی خەڵک لەناوچەکانی سلێمانی وگەرمیان و تارادەیەک هەولێریش دابنێ بەوەی کە پارتیان وەکو نوێنەری شکست و تەسلیمبوون و "خیانەتکردن بە کورد" پێ بناسێنێ. هاوکات شکستی بزوتنەوەی چەکداری بارزانی ئەو بۆچونەی بەجۆرێک لەناو خەڵکدا بەهێزکردبو کە بزوتنەوەی چەکداری لە روبەرووبونەوە لەگەڵ رژێمدا ناتوانێ بەجێگایەک بگات! ئەوەش دەرگای دەکردەوە بۆ پێداچونەوەو سەرهەڵدانی بیروبۆچونی دیکە. ئەم پێداچونەوەیە هاوکات لەگەڵ گەشەی کۆمەڵگای کوردستاندا، زەمینەیان بۆ سەرهەڵدانی بۆچون و بیرکردنەوەی چەپ رەخساند، کە بەشێکی فراوانی ئەوچەپە لەناو خودی ریزەکانی یەکێتی نیشتمانیدا بوو، لە قەوارەی کۆمەڵەی مارکسی لینینی و دواتر رەنجدەرانی کوردستاندا خۆی رێکخستبوو. ئەم چەپە خۆی بەهیچ جۆرێک خۆشی لە بزوتنەوەی بارزانی نەدەهات و وەکو بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستی چینە داراو دەولەمەندەکانی کوردستان سەیریان دەکرد.

بەمجۆرە پارتی، سەرباری ئەوەی کە وەکو هێزیک توانیبوی خۆی سازبداتەوە و لە بەشێکی ناوچەکانی کوردستاندا ئامادەیی پەیدا بکات، بەڵام هەرگیز نەیتوانیبوو لە سنوری نفوزی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکێتی نیشتمانیدا پێشرەویەکی جدی بکات. تەنانەت دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دامەزارندنی "پەرلەمان" ی ساڵی ١٩٩٢ کە تیایدا پارتی ویەکێتی دەسەڵاتی سیاسی کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، پارتی بە عەمەلی نەیتوانی نفوزی خۆی لەناوچەی سلێمانیدا قایم بکات. ئەوەبوو لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نیوانیان لە ئایاری ساڵی ١٩٩٤دا، بە کردەوە سلێمانی هیچ نفوزێکی پارتی تێدا نەما. تەنانەت بەشێکی زۆری ناوچەی هەولێریش بەعەمەلی کەوتەژێر دەسەڵاتی یەکێتی تا ئەوکاتەی لە ٣١ ئابی ١٩٩٦دا بەهاوکاری سوپای بەعس پارتی توانی کۆنترۆڵی ناوشاری هەولێر بکات و سنوری دەسەڵاتی یەکێتی لەگوندی دێگەڵە جێگیربکات.

هەڵبەتە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە پرۆسەی داسەپاندنی دەسەڵاتی بەکردەوەی پارتی لەناوچەی بادینان و دەسەڵاتی یەکێتیش لەناوچەی سلێمانی دەستی پێکردو لەساڵی ١٩٩٤دا رەسمیەتی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٩٦یشدا پرۆسەی پاشەکشەی یەکێتی لەهەولێر و داسەپاندنی دەسەڵاتی پارتی لەوشارەو دەوروبەری دەستی پێکرد. ٣١ ئاب هاوسەنگیەکی سیاسی و سەربازی نوێی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هێنایەئاراوە کە بەزیانی یەکێتی تەواوبوو. بەمجۆرە کوردستان دابەشبوو بۆ دوو ناوچەی نفوز کە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان لەژیردەسەلاتی یەکێتیداو ناوچەی بادینان و هەولێریش لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا مایەوە تا سالی ٢٠٠٣. لەهەلومەرجێکی وادا پارتی ئەو فرسەتەی بۆنەمایەوە کە لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان نفوزی خۆی بەهێز بکات، ئەوەی کە لەدوای ٣١ ئابەوە لە هەولێر بۆی هەڵکەوت.

لەدوای ٢٠٠٣وە بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر دەشکێتەوە. تاڵەبانی لەپاڵ ستراتیژی سیاسی ئەمریکا لەعێراقدا جێگاورێگایەکی شیاوتر بۆخۆی و حیزبەکەی دەبینێ و دەیەوێ باری لاری دوای ٣١ ئابی ٩٦ راست بکاتەوە، بەڵام ئەمریکا پێویستی بە هاوپەیمانیی پارتی ویەکێتیە و دەیەوێ بەرەی ناسیۆنالیزمی کورد بخاتە پشتی ستراتیژی سیاسی خۆیەوە لەعێرقدا. تاڵەبانی لەچوارچێوەی رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا دەیەوێ لەرەوتی دامەزاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتێکی پڕۆئەمریکایی لەعێراقدا پلەی سەرۆک کۆماری پێببڕێت.لەولاشەوە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی جێدەمێنێ! تاڵەبانی بەو وەهمەوە دەچێتە ناو هاوکێشە سیاسیەکان و دەسەڵاتی عێراقەوە کە لەپاڵ دۆستایەتیدا لەگەڵ پارتی، گۆڵێکی لێ بکات! وەهمی ئەوەی کە لە پلەوپایەی دەسەڵاتی دەولەتی عێراقدا تالەبانی جێگایەکی بەرزتر لە مەسعود بۆ خۆی داگیردەکات و ئەمەش بە قازانجی سیاسی یەکێتی و بە زیانی پارتی دۆست و "هاوپەیمانی ستراتیژی" دەشکێتەوە. بەڵام بەپێچەوانەی خەونەکەی تالەبانی و ئەمریکاوە، دوای ٧ ساڵ، نە حکومەت و دەوڵەتێک پێکهات و نە جێگیری سیاسیش لە عێراقدا هاتەدی. تالەبانیش هیچ دەستکەوتێکی سیاسی واقعیی نەبۆ خۆی و نە بۆ حیزبەکەی وەدەست نەهێنا. بەپێچەوانەوە تالەبانی لەناوخۆی حیزبەکەی خۆشیدا جێگاکەی لەقبوو. سەرەنجام هێزەکەی تووشی لێکترازان هات و لەسەرەوە بۆخوارەوە دوو کەرتبوو! بەرواری ٢٥/٧/٢٠٠٩ رۆژی رەسمیەتدان بوو بەو دوو کەرتبونە!

ئەگەر ٢٥/٧ رۆژی شکستی یەکیتی بوو ئەوا بۆ پارتی مانایەکی پێچەوانەی هەیە! لەدوای ئەو بەروارەوە پارتی باس لەوە دەکات کە ژمارەی دەنگدەرانی یەکسان نیە بە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پارتی لە ناوچەی سلێمانی وگەرمیان! ئەمە هەر بە تەنها پەیامێک نیە بۆ یەکێتی کە ئیتر نابێ ئەو چاوەڕوانیەی جارانت لە رێکەوتن و لە سەنگو قورسایی سیاسی نێوانمان و بەمپێیەش لە دابەشکردنی پۆستەکانی دەسەڵات و داهاتی کوردستان لە نیوان هەردولاماندا هەبێ! بەڵکو لەروانگەی پارتیەوە راگەیاندنی کۆتاییهاتنی مێژوویەکی ئەو ناوچەیەشە کە لەدوای شکستی ئەوحیزبەوە لە ساڵی ١٩٧٥وە دەستپێدەکات؛ کۆتاییهاتنی مێژووی یەکێتی نیشتمانی و میژووی بەئەرشیفبوونی پارتی لەهوشیاری گشتیی خەڵکی ناوچەکەدا. هاوکات پەیامێکی تاریکیشە بۆ هەموو بزوتنەوەو هێزە نارازی و نەیارەکانی پارتی و خەڵکی ئازادیخوازی ئەم ناوچانە!

پارتی دەیەوێ مێژوی سیاسی ناوچەکانی سلێمانی وگەرمیان لە دوای ساڵی ١٩٧٥ەوە یەکڕاست بە دوای ٢٥/٧/٢٠٠٩وە ببەستێتەوە. گوایە سەردەمی ئەو غەدرە بەسەرچوو کە لەو ماوە دورودرێژەدا لە پارتی کراوە و پارتی لە پێگە جەماوەریەکەی دابڕکراوە! بۆئەو مەبەستەش نەخشەو پلانی داناوە و بە سوود وەرگرتن لە فەزای رێکەوتنی نێوان خۆی و یەکێتی بەشێک لە سەرکردایەتی خۆی هێناوەتە سلێمانی بۆ جێبەچیکردنی راستەوخۆو مەیدانی ئەو کارەی.

نەخشەی سیاسی پارتی بۆ دوای ٢٥/٧/٢٠٠٩ و دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەر کوردستاندا بریتیە لە پەلکێشان بۆ ناوچەی سلێمانی و گەرمیان، پاشئەوەی بەزەبری زاڵکردنی فەزای تۆقاندن و کۆنەپەرستی سیاسی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆی بەسەر ناوچەکانی بادینان و هەولێردا سەپاندوە. بێگومان داسەپاندنی دەسەڵاتی پارتی بەسەر سلێمانی و گەرمیاندا کارێکی ئاسان نیە. ئەگەرچی یەکێتی هێزەکەی تووشی دووکەرتبوون بوە، بەڵام وەکو هێزێکی میلیشیایی کە ئیمکاناتی دارایی و چەک و هێزی ئینسانی لەبەردەستایە دەتوانێ رێگری جدی بۆ ئەو پەلهاویشتنەی پارتی پێکبهێنێ، بەتایبەتی کە هێشتا دەسەلاتداری بەکردەوەی ئەم ناوچەیە هەر یەکێتی نیشتمانیە و یەکیتیش بۆ پارێزگاری لە مانەوەی خۆی ناتوانێ دەستبەرداری بێت، چونکە هەڵکەنرانی تەواوەتی یەکێتی لەم ناوچەیە مانای راگەیاندنی مەرگی سیاسی و رێکخراوەییەتی! بۆیە لەمڕوەوە پارتی ناچارە جۆرێک لە ئیمپراتۆریەتی خۆی و بنەماڵەی بارزانی بەسەرکوردستاندا زاڵ بکات کە لەبەشێکیدا فەرمانڕەوای بێ مونافیس و رەهایەو لەبەشەکەی تریشدا سێبەری دەسەڵاتی ئەو زاڵە و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی پارێزراوە! ئەمکارەش لەدوو رێگاوە دەباتەپێشەوە:

1) بە تەنسیق لەگەڵ یەکێتی و سوودوەرگرتن لە چەکی ریکەوتنی ستراتیژی لەلایەکەوەو لەلایەکی دیکەوە بە فشارخستنەسەری و کەڵک وەرگرتن لە پێگەی لاوازی دوای جیابونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا بەمەبەستی سەپاندنی مەرجەکانی خۆی بەسەریدا. ئەمەش بە دووشێوە بەڕیوەدەبات. بەکارهێنانی سیاسەتی هاوپەیمانی و سیاسەتی فشار بۆ زیاتر پاشەکشەکردن بەیەکێتی وەکو هێزێکی سیاسی و چەکداری و پاڵپێوەنانی بۆ جێگەورێگەیەکی سیاسی هەرچی خوارتر لەخۆی و زاڵکردنی خۆی وەکو هێزی یەکەمی دەسەڵاتداری کوردستان. هاوکات بەکارهێنانی هەمان سیاسەتی فشارو هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیدا دژ بەخەڵک، تا یەکێتی سەرباری سەرکوتی دەنگە ناڕایەکان بە خۆی، بە نوێنەرایەتی پارتیش سەرکوتی هەموو ئەو دەنگانە بکات کە لەگەڵ ئاوازی پارتیدا ناخوێنن!

2) رێگای راستەوخۆی نیشاندانی دەسەڵاتی خۆی و هەڕەشەی سەرکوت لە خەڵک. ئەمەش لەپرۆسەیەکی بەرتەسکردنەوەی هەنگاوبەهەنگاوی ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی بیروڕاو رۆژنامەگەری و رەخنەگرتن و داسەپاندنی فەزای کۆنەپەرستی سیاسی و فکری بە بیانوی پارێزگاری لە رەمزە نەتەوەیی و ئایینەکانەوە دەباتەپێشەوە کە هەرئێستا بەشێوەی جۆراوجۆریش دەستی بۆبردوە. پارتی ئەم سیاسەتەی وەکو دەسەڵاتداری رەسمی کوردستان دەباتە پێشەوە بەو سیفەتەی کە سەرۆکەکەی سەرۆکی هەرێمەو پارتیش بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە کوردستان موڵکی خۆیانەو یەکێتی هاوپەیمان لە خێرو بەرەکەتی هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ پارتیدا شتێکی بەرکەوتوە پێی دەڵێن سەرۆکی کوردستان!

پارتی کە تارادەیەک کۆنترۆڵی ناوچەکانی بادینان و هەولێری کردوە و هەر دەنگێکی نارازیش بێشەرم و شاردنەوە تیرۆرو سەرکوت و دەمکوت دەکات، لەم سیاسەتەی زیاتر ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیانی مەبەستە. ئامانجیشی لەوە ئامادەکردنی زەمینە سیاسی و نەفسیەکانە بۆ سەرکوتی نەیارانی سیاسی خۆی لەو ناوچانەشدا کە ئێستا دەسەڵاتی راستەوخۆی نایگاتێ و لەژێردەسەڵاتی یەکێتیدایە. ئەمەش سەرەتا لەرێگای دادگاییکردنی عەنتەریانە و سەپاندنی سزای خەیاڵی بەسەر نەیارەکانیدا و هەموو ئەوانەی رەخنەی لیدەگرن بەرەوپێشەوە دەبات، تا پاشان زیندان و تیرۆرکردنی نەیارەکانی بکاتە ئەمری واقیع لەم ناوچانەش، کە سەرەتای ئەو مەسەلەیەش لەئێستاوە دەرکەوتوە و هەڕەشەکانی دەستەیەک لەلاوانی سەر بەپارتی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە دژی گۆڤاری لڤین بڵاویان کردەوە هیچ تەمومژێک لەسەر ئەو لێکدانەوەیە ناهێڵنەوە!
 

١٣\٩\٢٠١٠

ماڵپهڕی موحسین کهریم