٢٣\٧\٢٠١٢
حەیفێک و دوو
سەد مخابن..
بنەماڵەی ئەسەد فریای وەرگرتنی پرسەنامەکەی تالەبانی١
ناکەون!

سەرکەش
خەڵکی تووڕە و یاخی لە دیکتاتۆریەتی بەعس و
بنەماڵە بۆگەنە، گەندەڵەکەی ئەسەد، شەقامی زۆربەی شار و شارۆچکەکانی
سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی هێناوەتە هەژان، خوێن و فرمیسک لە هەموو
جێیەک ئامادەیە. رژێم لە پەلەقاژەی مەرگیدا وەک سەگی هار تەڕ و ووشک
پێکەوە دەسووتێنێ!
لە نێو تێکچڕژاوی ململانەی دەستە و یەخەی خەڵک و دەسەڵاتی داپلوسێنەر،
لە پەلامارێکی تیرۆریستیدا چوار لە سەرانی چەتەگەر و کۆمەڵکوژی، ئەو
رژیمە گرگنە کوژران، مینا ئەو قوربانییانەی بەدەستی ئەوان لە خوێن سوور
دەکران، لە خوێن سوور بوون، لەخوێنی خۆیان گەوزین٢.
ئاڵقەی گەمارۆ بۆ سەر ئەو ڕژێمە تا دێ تەنگتر و تەنگتر دەبێتەوە، بەرەی
یاخی بوون و سەرهەڵدان وەک بارانی بەهار تادێ بەهێز و بەتین تاوتر دەبێ،
هێز و توانای دەسەڵات لە پاشەکشە و قەیران چوونەوەباریەکدایە،
توندوتیژیەکان زۆرتر و زۆرتر دەبن، بێ گومان ئاشبەتاڵ و هەرەسی هەتا
هەتایە چارەنووسی ئەسەد و بنەماڵەکەیەتی مینا ڕژێمە گەندەڵەکانی تونس،
میسر، لیبیا، یەمەن و هتد.
لەم بار و بوارە نەگونجاوە ناجێگیرەدا، تەنیا سەرانی دیکتاتۆری حکومەتە
داپلۆسێنەرەکانی وەک پوتین، هوژیانتاوو، شاڤیز، ئەحمەدی نەژاد
بەرگریکار و لە خەمی لە دەستدانی ئەم ڕژیمە تاوانبارەن!! چۆن
بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووری، سیاسیان هەس، ئایدۆلۆژیای توتالیتاری
پێکیان گرێ دەدا.
بەم بۆنەیە و لەم وەرچەرخانە مێژووییە بێ وێنەیەدا، سەرانی ووڵاتانی
عەرەب، ناوچەکە، دونیا لە خۆیان ڕانەدیت وەک تاڵەبانی پرسەنامەی
سەرخۆشی بۆ بنەماڵەی ئەسەد بنێرن.
چۆن ناکرێ پشت لە خوێن و فرمێسک و برینی کۆمەڵانی خەڵکی ڕابوو بکەن.
چۆن ناکرێ تاوانی ڕەشەکوژی دەسەڵاتدارەتی ئەسەد بە ڕەوا بناسن.
چۆن ئەگەری زۆر لە ڕێدایە، بنەماڵەی تاوانباری ئەسەد فریای جێهێشتنێکی
مۆدێرنی٣ کورسی دەسەڵات و
ڕاکردن نەکەون، کاتێک مەرگ لە دەرگەیاندا دەبێتە میوانی ناوەخت.
________________________________________
١.
بڕوانە ماڵپەڕی ئاوێنە هەواڵ
٢٢\٧\٢٠١٢.
٢.
کاری تیرۆریستی، ڕەشەکوژی، کوشتنی بەکۆمەڵ کارێکی ترسنۆکانە و
تاوانێکە، هەرگیز بۆ لێبووردن نابێ، جا هەرکێ لە هەمبەر هەرکێ ئەنجامی
بدا.
٣.
بەشار لە دوا لێدوانی خۆیدا گوتبووی
بەشێوەیەکی مۆدێرن واز لە پۆستی سەرۆکایەتی دێنێ.
٢٢\٧\٢٠١٢
- ئوپسالای سوید
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|