په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٧\٢٠١١

ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن به‌ پیرۆزکردن و مه‌زنترکردنی مه‌زنان خۆیان هه‌ڵبنێن!


دارا ئه‌حمه‌د    

- به‌شی سێیه‌م -

 

نازانم کوو بوو.. به‌ هه‌ر جۆره‌ک هه‌بوو له‌ که‌لێنی په‌نجانم به‌ربۆوه، هه‌موو شته‌ک بوو ته‌نێ شیعر نه‌بوو! خه‌ریک بوو بیدڕێنم.. دوایی گۆتم با جاره‌کی دیکه‌ش بیخینمه‌وه‌... که‌ خیندمه‌وه‌ وام هه‌ستکرد هه‌ر فره‌ فره‌ به‌ شیعری شاعیره‌ک ده‌چی که‌ ناوبانگه‌کی زۆریشی هه‌بوو له‌و سه‌رده‌مان، ئیدی ئه‌منیش پوخته‌ ناوی شاعیره‌که‌م له‌ بنی نووسی و له‌ ته‌نکه‌ی باغه‌ڵم نا تا رۆژی خۆی داهات:

هاوڕێیه‌کی ئه‌دیبم هه‌بوو له‌ راده‌به‌ده‌ر خۆی خه‌ریکی خیندنه‌وه‌ و نووسین و دوان له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر کردبوو.. ده‌ دوازده‌ به‌هاره‌کیش له ‌من گه‌وره‌تر بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی کورسییه‌کی به‌ کرێ گرتبی له‌ چایه‌خانه‌ی شه‌وانی هه‌ولێر* هه‌میشه‌ له‌وێ ده‌مدیت، رۆژه‌ک سه‌ر له ‌ئێواره‌کی زوو له‌وێ دیتم به‌ ته‌نێ دانیشتبوو.. هه‌ر که‌ چاوی به ‌من که‌ت یه‌ک پێ راستبۆوه‌ و به‌ پیلمه‌وه‌ هات و توند توند ده‌ستی گرتم تا له‌ ته‌نیشته‌ خۆی داینیشاندم، ئیدی بێ پێشه‌کیی ده‌ستی کرده‌‌ ستایشکردنی هه‌مان ئه‌و شاعیره‌ی که‌ من کردبوومه‌ نووسه‌ری (میعر)ه‌که‌ی خۆم.. لێ ستایشه‌کی دوور له‌ ئه‌ده‌ب و نه‌شیا و درێژه‌دادڕ.. هه‌ر نه‌یبڕیه‌وه‌ هه‌ر نه‌یبڕیه‌وه‌ به‌ جۆره‌ک که‌ ته‌واو هه‌راسان و بێزاری کردم تا گه‌یشته‌ سه‌ری که‌پووم، له‌ پڕ هه‌ستامه‌ سه‌ر پێ و‌ گۆتم:

- ئه‌من‌ ده‌بی بڕۆم.. (ئه‌ویش یه‌ک پێ هه‌ستاوه‌ و کۆمه‌ڵه‌ک سوندی به‌ گیان و به‌ سه‌ری شاعیره‌که‌ خوارد که‌ کوو ده‌بێ ئه‌من بڕۆم له‌ کاته‌کدا که‌ ئه‌و باس له‌و شاعیره‌ مه‌زن و پایه‌به‌رز و پایه‌دار و په‌یامبه‌ر و په‌یامبه‌خشه...‌ ده‌کا!). نه‌خێر هیچ چاری نه‌بوو، ده‌ستی گرتم و داینیشاندمه‌وه‌ و چایه‌کی دیکه‌ی بانگ کرد.. دیسان له‌سه‌ر هه‌مان قه‌وان دایکوتایێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی - ناسیار و نه‌ناسیار - ده‌هاتن له ‌ته‌نیشتیشمان داده‌نیشتن هه‌ر زوو وه‌رس ده‌بوون و هه‌ر یه‌که‌ی به‌ شێوازه‌ک بیانووه‌کی ده‌هیناوه‌ و تێیده‌قوچاند، چار نه‌ما.. ئه‌و هه‌ر قسه‌ی بێسه‌روبه‌ری ده‌ترشاندنه‌ سه‌ریه‌ک.. ئه‌منیش هه‌ر له‌ هزری ئه‌وه‌ دابووم که‌ به‌ چ جۆره‌ک خۆ قوتار بکه‌م له‌ ده‌ستی، له‌ پڕ (میعره‌ بۆری ته‌نکه‌ی باغه‌ڵم) هاته‌وه‌ بیر.. رێک ئه‌وه‌ بوو که‌ ده‌بێژێ له‌ عاسمانان وه‌دووی ده‌گه‌ڕام له‌ عه‌ردیم وه‌دۆزی‌.. هه‌ر رێک له‌ جێی خۆی وه‌‌ فریام که‌ت؛ هێنده‌ک خۆم توند کرده‌وه‌ و بێ سێ و دوو گۆتم:

- جا کاکه‌ گیان.. ئه‌و شاعیره‌ پایه‌به‌رزه‌ زۆر زۆر پتر له‌وه‌ی شایانه‌ که‌ به‌و شێوه‌ ساده‌ و ساکاره‌ لێی بدوێین.. دواییش باشتره‌ ئه‌توو له‌ کن خه‌ڵکی دیکه‌ ستایشی بکه‌ی که‌ پێی ئاشنا نین یان ئه‌وانه‌ی چاویان پێی هه‌ڵناێی نه‌ک له کنه‌ من، ئایه‌ ئه‌توو ده‌زانی له‌وانه‌یه‌ ئه‌من ‌شاره‌زاییه‌کی زۆر پترم هه‌بی له‌ توو ده‌رباره‌ی ئه‌و؟! (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تووشی حه‌په‌سانه‌کی له‌ راده‌به‌ده‌ر بوو.. ده‌یویست ده‌و بکاته‌وه‌ و قسه‌ بکا، ئه‌منیش له‌ تۆڵه‌ی خۆم و له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌رییه‌ک ببینمه‌وه‌ و لێی قوتار بم.. ده‌رفه‌تم نه‌دا و درێژه‌م پێدا)، ئایه‌ ئه‌توو ده‌زانی ئه‌من ئێستا خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ر شیعره‌کانی وی.. هه‌ر ئێستا شیعره‌کی ویم به‌ (ده‌ست و خه‌ت)ی خۆی له‌ کنه‌ به‌ڵام جارێ هه‌وڵ ده‌ده‌م چه‌ند شیعره‌کی نوێی دیکه‌ی وه‌ده‌ستبهینم ئه‌وجا لێکۆڵینه‌وه‌که‌م بنووسم...

هه‌رگیز ئه‌من نه‌بووم.. نازانم کوو ئه‌و هه‌موو قسه‌م لۆ هه‌ڵبه‌سترا؟! - ناهه‌قه‌م نه‌بوو ئاخه‌ر خه‌ریک بوو ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر ئێسکم - هیچ قسه‌یه‌کی دیکه‌م پێ نه‌مابوو بیکه‌م به‌ڵام وا خۆم پیشاندا که‌ به‌رده‌وامم و ده‌مه‌وێ پتر قسه‌ بکه‌م.. باش بوو ئه‌ویش فره‌ ته‌نگاو ببوو.. له‌ پڕ قسه‌که‌ی پێ بڕیم و هه‌ستاوه‌ و دانیشته‌وه‌ و خه‌ریک بوو ده‌ستی ده‌له‌رزی و به په‌له‌په‌ل گۆتی:

- ﺋ..‌ ﺋ..‌ ئا توو سه‌ری خۆت به‌ راستیته‌!! کوره‌ کوره‌ ﺋ..‌ ﺋ..‌ ئاخه‌ر کوو وه‌یه‌، کوره‌ به‌ قوربانت ده‌بم ئه‌و شیعره‌ بده‌ من.. ده‌با ئه‌من له‌سه‌ری بنووسم ده‌بینی که‌ چه‌ند ئه‌وم خۆشده‌وێ، یان با پێکه‌وه‌ له‌سه‌ری بنووسین. (هیچ ده‌رفه‌تی منی نه‌‌دا که‌ بزانی به‌رسڤم چییه‌)، نا نا قوربانه‌ هه‌ر ئه‌من ده‌ینووسم، ئێ ده‌ ده‌ریبینه‌ با بیخیمه‌وه. (ئه‌منیش هێنده‌ک خۆم گران کرد)، گۆتم:

- ئاخه‌ر به‌ خۆت ده‌زانی شتی ئه‌وها به‌ ده‌ست که‌س ناکه‌وی، ئه‌من به‌ هه‌زار تکا تا به‌ هۆی براده‌ره‌کی نێزیکی خۆی وه‌ده‌ستم که‌تییه‌، نا نا نایده‌م.. خۆ ئه‌من له‌و گۆڕه‌ وه‌ده‌ستم نه‌که‌تییه‌ تا به‌و سووک و سانییه‌ بیده‌مه‌ توو و ئه‌تووش بچی به‌ خه‌ڵکی پیشان بده‌ی. (ئیدی چووه‌ عاسمان و هاته‌وه‌ خوارێ.. په‌یمانی پێدام که‌ ئه‌گه‌ر بیده‌مێ که‌س نایبینی و هه‌ر ئێستا هه‌ڵده‌ستی و ده‌یبا له‌ چه‌کمه‌جه‌که‌ی ده‌نێ و خشت دایدێخی و له‌ ژۆره‌که‌ی خۆی پتر بترازێ له‌ هیچ جێیه‌ک نه‌بیندرێ).

- نا نا.. قه‌یدی ناکا ده‌تانی جاره‌کی بخینه‌وه لێره‌.(ویستم بزانم چ ده‌رباره‌ی شیعره‌که‌ ده‌بێژێ).

ده‌ستم برده‌ نێو باغه‌ڵم و میعره‌ بۆرم ده‌رهینا.. هێنده‌ک به‌ رێزه‌وه‌ ده‌سته‌کم پێدا هینا و دامه‌ ده‌ستی، سه‌ره‌تا ته‌ماشای لای بنه‌وه‌ی کاغه‌زه‌که‌ی کرد و به‌ دیتنی ناوی شاعیره‌که‌ رووی گه‌ش بۆوه‌، ئه‌وجا چوون مه‌لایه‌کی کۆله‌وار خۆی ده‌هینا و ده‌برد و په‌نجه‌ی له‌سه‌ر وشه‌ و دێره‌کان راده‌کێشا و ناوه‌ ناوه‌ش (هه‌ڵڵا هه‌ڵڵا)یه‌کی ده‌کێشا تا به‌ ته‌واویی خیندییه‌وه‌.. به‌ جوانیی ده‌قی کرده‌وه‌ و ماچه‌کی لێ کرد و به‌ نێوچاوانی خۆی وه‌نا و خستییه‌ باغه‌ڵی، گۆتی:

- ته‌واو، ته‌ماشا.. ئه‌وه‌ شیعره‌ کاکه‌ گیان، به‌ راستیی شیعری جوان و پڕ داهێنان هه‌ر له‌ خۆی دێ، شیعری جوانیش هه‌ر به‌ ده‌ست شاعیری گه‌نج و به‌ توانای وه‌ک به‌ڕێزتان ده‌که‌وی. (ئه‌وه‌ له‌ کاته‌کدا هێشتا هیچ شیعره‌کم بڵاونه‌کردبۆوه‌ و هیچ شیعره‌کیشم به‌و پیشان نه‌دابوو!)، ئیدی گۆتی: (هه‌سته‌ با بڕۆین). هه‌ر له‌ خۆشییان خه‌نی بووم.. شیعره‌ بۆر کاری خۆی کرد و له‌ ده‌ستی قوتار بووم.

ئیدی ئه‌من به‌ هۆی ئاشکرابوونم له‌ رێکخستنه‌کانی نێو شار که‌ ده‌با‌ روو بکه‌مه‌ شاخ ده‌مزانی نایبینمه‌وه‌.. له‌به‌رئه‌وه‌‌ هه‌ر زوو هاوڕێیه‌کی خۆم ئاگادار کرده‌وه‌ که‌ بچیته‌‌ کنی و پێی بێژێ: (نه‌کا شته‌کی له‌سه‌ر بنووسی و بڵاویبکاته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ میعره‌کی خۆم بوو نه‌ک شیعری شاعیره‌که).. پاش حه‌فت ساڵان ئه‌وجاره‌ له‌ چایه‌خانه‌ی مه‌چکۆ که‌ دیتمه‌وه‌؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێنده‌ک په‌رتووکی دیکه‌شی به‌ چاپ گه‌یاندبوو هیچ گه‌‌شه‌کی ئه‌وتۆی به‌خۆوه‌ نه‌دیتبوو و ‌هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی پێشانیشی هه‌ر به‌رنه‌دابوو.. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵه‌ک هه‌رزه‌ ئه‌دیبی سه‌رگه‌ردان و سه‌رچیغچووی له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی خڕکردبۆوه‌، جاری دووه‌میش هه‌ر له‌ هه‌مان چایه‌خانه‌ دیتمه‌وه‌.. ئه‌و جاره‌ نووسینه‌کی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌بوو - بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له‌ من بێ که‌ له‌ته‌ک هاوڕێیه‌کی دیکه‌م له‌ دووری ئه‌و دانیشتبووین - له‌ نێو کۆ‌مه‌ڵه‌ک له‌و ته‌رزه‌ ئه‌دیبانه‌ی ناومان بردن دانیشتبوو و ده‌یخینده‌وه‌، ئه‌منیش به‌ سه‌رسوڕمانه‌که‌وه‌ گۆتمه‌ هاوڕێکه‌م:

- ئه‌رێ ئه‌وه‌ چییه‌.. خۆ جگه‌ی له‌وه‌ی ئێره‌ی کردیته‌ هۆڵی کۆڕگێڕان، ئه‌وه‌ لۆ‌ ئه‌وها ئابڕووی ئه‌و وشه‌ قوڕبه‌سه‌ره‌ - په‌لکه‌ زێڕینه‌ -ی بردییه‌! خه‌ریکه‌ دار و دیواری ئه‌و چایه‌خانه‌ش‌ له‌ په‌لکه‌زێڕینه‌ کارتۆنییه‌که‌ی بگری؟!

- کوره‌ هه‌ر مه‌پرسه‌ هاوڕێ.. باوه‌ڕ بکه‌ ئه‌ها به‌ ته‌نێ له‌ نێو ئه‌و پارچه‌ نووسینه‌ی ده‌ستی که‌ یه‌ک لاپه‌ڕه‌یه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ هیچیش ناچێ ناوی لێنایه‌ ''ده‌ق''.. سی و پێنج جار ئه‌و په‌لکه‌زێڕینه‌ دامایه‌ی له‌ خرتۆرێ وه‌ردایه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر چه‌ند رۆژه‌ک جاره‌ک ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ لێره‌ دروست ده‌کا و ئه‌و‌ په‌ڵکه‌ زێڕینه‌ به‌سته‌زمانه‌ به‌ خاویی و به‌ کورایی و به‌ برژایی ده‌رخواردمان ده‌دا و لێی کردینه‌ به‌ په‌لکه‌ قوزه‌ڵقورت. (هاوڕێیه‌که‌م هێنده‌ک هه‌ڵچوو و دیار بوو گاڵته‌شی له‌گه‌ڵی هه‌بوو)، گۆتی: (راوه‌سته‌ هه‌نووکه‌ ئیشی ده‌بینم)، یه‌کسه‌ر هاواری کردێ:

- کوره‌ په‌لکه‌ تێ رینه‌ .. په‌لکه‌ تێ رینه.. وه‌ره‌ وه‌ره‌.. ئه‌وه‌ نابینی (ئاماژه‌ی به‌ من کرد) هاورێ دێرینه‌که‌ت لێره‌یه‌.. ده‌ وه‌ره‌ ئه‌وه‌ نایناسیه‌وه. ئه‌ویش یه‌ک پێ هه‌ڵستا و له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌و هاوڕێکه‌م گۆتی: (ئێ ئه‌توو هه‌ر له‌ دوو ناودار و مه‌زنان نا‌گه‌ڕێی.. باوه‌ڕکه‌ له‌و هاوڕێ دێرینه‌ ناودار و مه‌زن و دڵسۆزه‌ی خۆت بترازێ که‌سه‌کی دی به‌ که‌لکت نایێ)، ئه‌من هێنده‌ک به‌سه‌رخۆدا شکامه‌وه‌ له‌و کات و نه‌شمده‌‌زانی یه‌کجار ئه‌وها به‌و شێوه‌ پێی راده‌بوێرن.. چاوه‌کم له‌ هاوڕێکه‌م چوقاند که‌ با ئه‌و قسانه‌ نه‌کا، ئیدی ئه‌ویش به‌ده‌م (ئه‌هۆۆۆ ئه‌هۆۆۆ) گه‌یشته‌ کنمان و باوه‌شی پێدا کردم و ره‌نگه‌ ده‌ ماچ پتری لێ کردبم: (ئه‌وه‌ ئه‌توو چ ده‌رێی کاکه‌.. ئه‌من کوو ئه‌و هاوڕێ دێرین و دڵسۆزه‌ی خۆم ناناسمه‌وه‌! ئه‌ها - دوو ماچی دیکه‌ی پڕ به‌ ده‌وی لێکردم -، له‌وه‌تی هاتیته‌وه‌ جاره‌کیدی به‌ دیداری شاد بوومه‌ به‌ڵام گۆتم با پشییه‌ک بدا و تازه‌ هاتیته‌وه‌.. ئه‌دی ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر دونێ بوو ئه‌و کوردستانه‌ خۆشه‌ویسته‌یان لۆ رزگار کردین! کوره‌ ئه‌و هاوڕێیه‌ ئه‌نگۆ نایناسن! ئه‌من ده‌زانم ئه‌وه‌ له‌ نێو شار و له‌ شاخیش چی کردییه‌ و چه‌ند مه‌رد و به‌ توانایه‌. - پێده‌چوو هیچ نه‌زانێ له ‌باره‌ی منه‌وه‌ ده‌نا هه‌مووی ده‌گۆت -.. ئیدی له‌ ستایشکردنم هه‌ر نه‌وه‌ستا تا راسته‌وخۆ پێمگۆت: (به‌سه‌ چیدی ستایشم مه‌که)‌.. به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌رفه‌تی که‌سی نه‌دا تا به‌ تۆبزیی خۆمان له‌به‌رده‌ستی قوتار کرد، ئیدی له‌ پاش ئه‌و دانیشتنه‌ وه‌ک قیڕ و جفت پێم وه‌نووسا و به‌ هیچ کلۆج و بابه‌ته‌ک لێم نه‌ده‌بۆوه‌، تا رۆژه‌ک ناچار بووم به‌ ته‌نێ به‌رانبه‌ر خۆمی دابنێم و پێی بێژم:

- کاکه‌ داد له‌ده‌ست توو.. ئاخه‌ر ده‌ به‌سه‌ وازم لێ بینه‌‌.. ئه‌وه‌نده‌ له‌ولا و له‌ولای ستایشم مه‌که‌ و هێنده‌ش به‌دووم مه‌که‌وه‌، باوه‌ڕ بکه‌ ئه‌من نه‌ ئه‌و مه‌زنه‌م و نه‌ ئه‌و ناوداره‌م که‌ ئه‌توو ده‌ته‌وێ.. خۆ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی خه‌باتی کردبی ئه‌وه‌ بی که‌ ئه‌توو بیری لێ ده‌که‌یه‌وه‌، به‌ کورتییه‌که‌ی با ئه‌وه‌ش‌ باش بزانی.. ئه‌گه‌ر ئه‌توو له‌ من نزیک بی ئه‌وه‌ ئه‌تووش وه‌ک من تووشی مه‌ترسیی ده‌بی چونکه‌ ئه‌من چه‌ند دژی به‌عس بووم ئه‌وه‌نده‌ش - قیچه‌ک که‌متر - دژی ئه‌و به‌ره‌ی کوردستانییه‌م.. ئێستا ئه‌گه‌ر بتوانن په‌ل په‌لم ده‌که‌ن.. (که‌ ئه‌وه‌م گۆت یه‌کسه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی برۆ ره‌شه‌که‌ی چاوی زه‌ق بۆوه‌ و به‌ په‌له‌ برۆکه‌ی دابه‌زانده‌وه‌‌، له‌وه‌ڕا زانیم که‌ باوه‌ڕی پێ کردم**، ئیدی له‌و ده‌مه‌وه‌ ببڕای ببڕ به‌ لامدا نه‌هاته‌وه‌!).


ئێستا شاعیره‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌م نه ‌ده‌نگی هه‌یه‌ نه‌ ره‌نگ.. چونکه‌ له‌ پاش راپه‌ڕین ئیدی سه‌رده‌می ئه‌وه‌ نه‌ما که‌ له ‌ترسی سه‌رکوتی به‌عس په‌نا ببه‌یه‌ به‌ر ته‌مومژ له‌ نێو شیعر.. لۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند وشه‌گه‌له‌کی وه‌ک: (سه‌رێ و به‌رگی بۆر و گورگ و له‌و بابه‌تانه)‌ت به‌کار بردبا که‌ واتای پێشمه‌رگه‌ و شۆڕش و خه‌باتی ده‌گه‌یاند.. ئه‌وه‌ ده‌بوویه‌ شاعیره‌کی ئازا و به‌ناوبانگ، ئه‌ویش هه‌ر به‌و جۆره‌ نووسینه‌ راهاتبوو ئیدی نه‌یتوانی خۆی نوێ بکاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌ هۆی ئالووده‌بوونی به‌ یه‌که‌ک له‌ حیزبه‌کان و خۆ پێ ژیاندنی تووشی جۆره‌ک له‌ بێهووده‌یی بوو تا به‌ ته‌واویی داته‌پی. به‌و هۆیه‌وه‌ش ئه‌و هه‌موو ماندییبوونه‌ی هاوڕێ (په‌لکه‌ تێ رینه‌) به‌و شاعیره‌ (له‌ تڕێ سه‌ی چوو) و کلاشی دڕا و هیچی پێ نه‌بڕا.. له‌و کاتیش بازاڕی ستایشکردنی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان لاواز ببوو، ئێ تازه‌ خۆ ناکرێ ده‌ستبه‌رداری پیشه‌که‌ی بی.. ئه‌وجاره‌ به‌ هه‌مان مه‌به‌ست بایداوه‌ سه‌ر ستایشکردن و پیرۆزکردنی به‌رپرس و که‌سه‌ رامیارییه‌کان - جا مه‌زنه‌ یان نا گرفتی ئه‌و نه‌بوو گرنگ ئه‌وه‌ بوو ناودار بی -، ئیدی هوورده‌ هوورده‌ تا وای لێهات هه‌ر رۆژه‌ و ده‌یانکرد به‌ به‌پرسی فلانه‌ ده‌زگای رۆشنبیریی.. ئه‌وجاره‌ ده‌یانکرده‌ سه‌رنووسه‌ر یان خاوه‌ن ئیمتیازی فلانه‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ی حیزبیی و حکومیی و...هتد، لێ جگه‌ له‌ به‌رپرسه‌کان که‌ کردبوویانه‌ ده‌رباری خۆیان له‌ کن هیچ که‌سه‌ک ناسرا و ناودار نه‌بوو.. تا سه‌ره‌نجام له‌و چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی (به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌کی کتوپڕ) به‌ بچووکیی و گرگنیی مرد که‌چی ده‌سه‌ڵاتداران ساڵانه‌ وه‌ک که‌سه‌کی مه‌زن یادی ده‌که‌نه‌وه‌!!!

ئێستا گرفته‌که‌ ئه‌و جۆره‌ ستایشکه‌ره‌ کلاسیکییه‌ی له‌ بابه‌تی (په‌لکه‌ تێ رینه‌) نییه‌، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ ماوه‌که‌‌ نه‌وه‌کی گه‌نج له‌ (ئه‌دیب و ئه‌ده‌بدۆست و هونه‌رمه‌ند و هونه‌ردۆست و... هتد) په‌یدابوونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستایاندا له‌ ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت دوورن - ئه‌ویش نه‌ک له‌ هۆشیارییان به‌ڵکه‌ له‌ نه‌زانین و به‌فێڕۆدانی کاتیان به‌ ئاره‌زووه‌ خۆپه‌رستییه‌کانی سه‌رده‌م -، سه‌د خۆزی به‌ (په‌لکه‌ تێ رینه‌) چونکه‌ هه‌ر هیچ نه‌بی ئه‌و شته‌کی له‌ زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی و جیهانیی ده‌زانی، که‌چی ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆره‌کیان بڕاوانامه‌ی زانکۆ و به‌رزتریشیان هه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ی بواره‌کان ته‌نانه‌ت له‌ زمانه‌ گه‌وره‌کانی جیهانیش‌.. به‌ڵام ناتوانن به‌ هیچ زمانه‌ک بخیننه‌وه‌ و له‌ کوردییه‌‌که‌ش هه‌ر هیچ له‌ زمان و رێزمان نازانن به‌ جۆره‌ک که‌ جوایه‌زیی له‌ نێوان - (و) و (وو)، (ی) و (یی) و... هتد ناکه‌ن و ته‌نانه‌ت که‌ وشه‌ی (تێبینیی) ده‌نووسن هه‌ر یه‌که‌و به‌ جۆره‌ک ده‌ینووسی وه‌ک ئه‌وانه‌:(تێ بی نی، تێ بینی، تێبی نی).. ئه‌وه‌ باسی خاڵبه‌ندیی و په‌ره‌گرافیش هه‌ر لێگه‌ڕێ.. زۆر لایان گرنگه‌ هه‌رده‌م نه‌زانینی خۆیان له‌ په‌نای ستایشکردنی شاعیره‌کی به‌ناوبانگ بشارنه‌وه‌ که‌ زۆر جار شاعیره‌که‌ له‌ ئێستادا گرنگیی خۆی له‌ده‌ست دایه‌.. یان زۆر جار به‌ شیعره‌کی یه‌که‌ک له‌ شاعیره‌ کۆنه‌کان وه‌ده‌نووسێن - که‌ هێنده‌ک له‌ شیعره‌کان سێ به‌ش له‌ چار به‌شی وشه‌کانیان پتر وشه‌ی گران و ئاڵۆزی (عه‌ره‌بی و فارسی)ن - و به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێ تێبگه‌ن هه‌ر له‌ ختوخۆڕا واتای سه‌یر سه‌یری لۆ داده‌تاشن***، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر لێیان بپرسی چه‌‌ند زاراوه‌ و بن زاراوه‌ له‌ زمانی کوردیدا هه‌یه‌ نایزانن.. که‌چی ئه‌و شێوه‌ نووسینه‌ی که‌ ئێستا پێی ده‌نووسرێ - که‌ زۆر لاواز و ناوچه‌ییه‌ - ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی نێزیکه‌ له‌ شێوه‌ ئاخافتنه‌که‌ی ئه‌وان یان ئی شار و ناوچه‌که‌ی ئه‌وانه‌.. به‌ زمانی ستانداردی کوردی ده‌زانن و شۆڤێنیستییانه‌ش‌ به‌رگریی لێ ده‌که‌ن!

بێگومان ئه‌و جۆره‌ گه‌نجانه‌ - مه‌به‌ستم له‌ گه‌نج هه‌ر ته‌مه‌ن نییه‌ به‌ڵکه‌ ئاستی هۆشیارییشیانه‌‌ - پاش چه‌ند ساڵه‌ک که‌ کاتی خۆیان به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن له‌ هه‌ڵنان و ستایشی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌ ناودار و مه‌زنه‌کان.. هیچ به‌ هیچ ناکه‌ن و واز ده‌ینن.. به‌ڵام ئیدی ناتوانن پیشه‌که‌یان - که‌ ستایشکردنی ئه‌ویدییه‌ له‌پێناو مه‌زن نیشاندانی خۆ - بگۆڕن به‌ڵکه‌ ته‌نیا له‌ ستایشکردنی ئه‌دیبان و نووسه‌رانه‌وه‌ باده‌ده‌نه‌وه‌ لۆ ستایشکردنی که‌سه‌ به‌رپرس و سیاسه‌تبازه‌کان تا هیچ نه‌بی ئه‌و جاره‌ کار و پیشه‌کی مادیی پێ په‌یدا بکه‌ن یان هه‌ر له‌و گۆڕه‌ی ئه‌وانیش له‌سه‌ر کێشی سه‌خته‌چی و ماستاوچی ببنه‌‌‌‌ (سیاسه‌تچی)یه‌کی تازه‌ بابه‌ت!****
_________________________________________________
* ئه‌و ده‌م زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌ رۆشنبیر و رامیارییه‌کان له‌وێ و له‌‌ چایه‌خانه‌ی باکووریی داده‌نیشتن.. نه‌ک مه‌چکۆی ئێستا.

** پێشتر شاره‌زای بووم؛ هه‌ر که‌ چاو و برۆی وا لێده‌کردن ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌بوو که‌ باوه‌ڕ به‌ قسه‌که‌ت ده‌کا و ترسه‌کی گه‌وره‌ش له‌ ناخی ده‌ڕوێ.

*** ئه‌و ئاوه‌ش چه‌ند که‌سه‌کی وه‌ک (مه‌سعود محه‌مه‌د و عه‌بدولکه‌‌ریمی موده‌ریس و حه‌مه‌ی مه‌لاکه‌ریم و مارف خه‌زنه‌دار و له‌و بابه‌تانه‌) بۆیان رشتن که‌ ته‌نیا بۆ ناودارکردنی خۆیان و خۆژیاندنیان له‌سه‌ر به‌رهه‌می خه‌ڵکانی دیکه‌ ئه‌و کارانه‌یان کرد و بوونه‌ هۆیه‌کی کاریگه‌ر لۆ کات به‌فیڕۆدانی خوێنه‌ران و نزیککردنه‌وه‌ی خه‌ڵکانه‌ک له‌ شیعر که‌ له‌ ناخه‌وه‌ گاڵته‌یان به‌ شیعر دێ و له‌ رووکه‌شیشدا شیعردۆست و لێکۆڵه‌ر و هه‌ڵسنگێنه‌ر و شاعیریشن!

**** بێگومان که‌سانی پێچه‌وانه‌ی له‌و بابه‌ته‌ش هه‌ن، ئه‌وانه‌ی که‌ سه‌ره‌تا به‌ سیاسه‌ت ده‌ستیان پێکردییه‌ و دواییش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ زۆر توندڕه‌و و که‌لله‌ڕه‌ق بوونه‌ و نه‌یانتوانییه‌ به‌رگی هه‌رزه‌کاریی فڕێ بده‌ن و خۆپه‌روه‌رده‌ بکه‌ن و شتی نوێ له ‌نێو سیاسه‌ت وه‌ربگرن.. تووشی داخوران و داڕووخان بوونه‌ و نه‌شیاتوانییه‌ ده‌ستبه‌رداری مێژووه‌که‌یان ببن که‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ک ئه‌رێنیی بووبی.. ئیدی خووی خۆیان دایته‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و به‌ پیری ده‌چنه‌ به‌ر هه‌ویری.. به‌و جۆره‌ش‌ تووشی زۆر کۆسپی گه‌وره‌ ده‌بن و زۆر کات لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌‌که‌ ده‌گرن که‌ یه‌ک له‌وان ئه‌و ستایشکردنه‌یه‌ که‌ لێیدواین، لێ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ زۆر که‌من به‌ به‌راورد به‌ جۆری پێچه‌وانه‌که‌یان.. زۆربه‌شیان له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ توندڕه‌وه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ‌ ‌

 

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک