حەزرەتى فەساد و
دەرگاى بەختەوەرى.

پێشڕەو حەمید
(هەرچى دەرگاى بەختەوەرى هەیە داخراوە تەنها
دەرگاکانى دۆزەخ نەبێت).
بەختەوەرى هەمو مرۆڤێک بەبێ جیاوازى نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگەوە یەکێکە
لەو ئومێدانەم کەهەمیشە لەگەڵیدا دەژیم و کاتێک بەختەوەریش دەبم
کەتەواوى ژیانى مرۆڤایەتى پڕبێت لەبەختەوەرى ، بەڵام مرۆڤى کورد یان
مرۆڤەکانى ئەو پانتایە مەزنەى کەناوى ( کوردستان ) ە تاچەند بەختەوەرن
و ئەو دەرگایانەى بەناوى بەختەوەریەوە هەوڵى کردنەوەى بۆئەدرێت ،
تاچەند مرۆڤى کوردى توانیوێتى لێیان نزیک ببێتەوە ؟
لەوەتەى کورد هەیە خیانەتى لێدەکرێت و خیانەت لەخۆى دەکات ، لەوەتەى
کورد هەیە دەکوژرێت و ئاوارەدەکرێت و هێندەى ئەوەش هەرخۆیان ، یەکتریان
دەکوشت و یەکتریان ئاوارەدەکرد ، جارێ بەناوى پاککردنەوەى نیشتمان لە (
خائن ) و جارێکیش بەناوى ( پاراستنى ئازادى و دیموکراتى لە ( هێزى
تاریکى ) جارێکیش هەربۆخۆشى و بۆبەکات بەسەربردن و حەزکردن لە دەنگى
کوللە و مەست بون بە بۆنى خۆین ، هەر شەڕبو لەدەرگاى ماڵەکانى ئەدا و
حەزێکى شێتانە هەبو ، بۆ خۆشەویستى کردن لەگەڵ تفەنگدا ، هەمیشە وایان
پەروەردەدەکردین کە مردن و لەدایک بون تەنها بەچەکەوە پیرۆزەو هەرماڵێک
تفەنگێکى تێدا نەبێت ، ماڵ نیەو دەبێت بە نەفرەتبکرێت ، دواى ئەو هەمو
ئەزمونە تاڵە لەتەنیشت ئەو خۆ کوشتنانەدا ، هێشتا ئومێدێک لەدڵى
مرۆڤەکاندا بەسەوازى چاوەڕوانى گەیشتنى بەختەوەرى بون .
ئێستاش هەرچى دەرگاى بەختەوەریە داخراوە و کلیلەکانى لە گیرفانى (
حەزرەتى فــەساد ) دایە ؟! هەمو کون و قوژبنەکانى ئەم مەملەکەتە هەروەک
ئەندامەکانى لەشم شارەزام ، بەڵام هێشتا نازانم بۆهەرچى خەونمان هەیە
دەکرێتە کەلاوە ؟
بۆچى سەرخوان هەیە پڕە لەنان و پێکەنین ، سەرخوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى
؟ ئێرە مەملەکەتێکە پرە لەو کەسانەى هێشتا نازانن کوڕى کامیانن ،
جەلــلاد یان قوربانى ، ئێرەمەملەکەتى ( تەورە ، تەور ) تەورەکانیان
دەخەنە سەرملمان و پێمان دەڵێن : بەهەشتى ئێمە هەڵدەبژێرن یان دۆزەخى
خۆتان ؟! ئەگەردۆزەخى خۆمان هەڵببژێرین ، تەور بە دەستەکان بەشێت بە
مناڵانى شار دەمان ناسێنن و لەبەردەم دەرگاى مزگەوتەکان ، لە سەر بۆردى
فەرماگەکان ، لەسەر دیوارەکانى شار ، لەبەردەم هۆڵەکاندا وێنەکەکانمان
بڵاو دەکەنەوە لەژێرەوە بەخەتێکى تۆخ دەنوسن ( هێشتا نازانن کێ
باوکییانە ) ؟!
لەسایەى ئەم ڕەوشەى ئێستاى کوردستاندا ئەوە گەیشتنە بەدڵنیایى ، ئیدى
کەى ئەوە دەبەنگیى و کاڵ فامییە ؟
شۆڕش لە دژى شۆڕش لە تەپۆڵکە وشکەکاندا تەڕ تەڕدەکرانەوە ، ئـــاخر
شۆڕش نابێت جەنگاوەرى لێببڕێت ؟! ئەوە حیکمەتێکە تەنها شۆِرشگیڕەکان
دەیزانن ، هەموو شۆڕشێک هەروایە ، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت، ئیدى
دیارە ئەوە حیکمەتى شۆڕشەو من نازانم بۆچى دەبێت وەهابێت .
بەڵام ئەوەى هەرگیز لەیادم ناچێت ، جەنگاوەرەکان ، فریشتەکانى شۆڕش بون
کە کۆڵە پشتەکانیان پڕکردبو لە ڕق و مردن و بەرەو جەنگ ملیان دەنا ،
ئاى چیى دیمەنێک بو هەرچى کۆڵانەکانى شاربو جمەى دەهات لە کاسبکارو
قوتابیى و فەرمانبەرو مامۆستاو هونەرمەند ، هەر وەک سواڵکەر لە دەرگاى
ماڵەکانیان ئەداو داواى نانیان دەکرد بۆ جەنگاوەرە برسیى و ماندوەکانى
شۆڕش ؟! تەنها چەند هەفتەیک بو دواشۆڕشى تەپۆڵکە وشکەکان دەستى پێکردبو
، هەرچەند هەفتەیک بوو ( منداڵە بۆیاخچیەکانى شار ) چونە بەردەم
بارەگاى شۆڕشگێرەکان وبەدەم نزاو هاوارکردنەوە دەیان وت " شەڕەکانتان ،
پێڵاوى لاستـیکـى کردە پێى هەموومان ، ئیدى ئێمە چـى بۆیاخ بکەین " چى
وەزعێکە تائێستاش ، مردنى کەسێک ، ئیهانەکردن و سوککردنى کۆمەڵگایەک
شۆڕش گێرەکان ڕاناچەڵەکێنێت ، ئیدى چ بکەم لەچێژى ئەو ماڵەى پڕبێت
لەشەهوەت ؟ ئەوە بێ ویژدانیە وێنە کاڵەکانى ژیان بەڕەنگى ئەو ( مۆم )
انە تۆخ بکرێنەوە کە بەگـڕى شەهوەت پێکرابن ، تەنها ووشە شک ئەبەم ،
ئەگەر ئەوم نەبێت ، وەک ( ئێوە ) دەبمە چەرمێکى ئاوساو لەخەونى پیس .
تیبینى: بۆ
نووسینی ئەم بابەتە سود لە توێژینەوەیەکى بەڕێز ( ئاراس عەبدولکریم )
وەرگیراوە
|