٩\٦\٢٠١٤
هیچ.

بەنگین پیرۆت نورى
ئەو هەموو ژنبوونە
رەگى لە ژنبوونەوەیە
جوتە سێو و نیگا بەس نییە
ژنبوونم باڵاى کردوە
من سێبەرم لە هەتاو گەرمترە
ژنبوونم لە دەریاوە هەڵدەقوڵێ
ئاى لە ژنبوونم
ژنبوونمە واى کردوە
بۆن گۆرەوى و
بۆن عارەقى پیاوێکى چڵکن
بە شیعر و باوەش و سەفەر
بۆ سەر مانگ ناگۆڕمەوە
لە حەژمەتى ژنبوونى ژن
لە دەرهەق مێبوونى ژن
پیاو رقى لە نێربوونى خۆیەتى
رقى لە پیاوبوون و رقى لە رەگەزى خۆیەتى
بۆیە دەڵێ:
ئەى ژن بەسە درۆ، ژنبوونى تۆ
سیحرە بۆ منى پیاو
ئەى یەزدان بەسە دۆزەخ
دەمەوێ بچم بۆ بەهەشت
بۆ لاى حەفتا و کانیاو
ئاخر من چیم، جگە لە هیچ
من چیم هیچم هیچ
خودایە بمکە بەرد بە ئاسن بە خۆڵ
بمکە بە گوو بە مارمێلکە
ئەوانە زیندووتر و بە بۆنترن
بە چێژ و خۆشترن
پڕ شیعر و بە تامترن
پڕ پەخشان و چیرۆکترن
من هیچم هیچ، جگە لە درەختێکى رووت و بێ رۆح
ئاى خودایە
''هیچ'' بە من رازیی نییە، نازانم چۆن تۆ بە من رازیی!
هیچ لە من و هیچتر و پوچتر نییە
نازانم تۆ بە چى من دەنازى
هیچ وەرزێک منى ناوێ
پێم ناڵێى تۆ منت بۆ چیە؟
ئاخر ژن تف لە پیاوبوونم بکا
من چیم هەیە بیدەمێ
من هیچم هیچ
دەمەوێ لە وەرزى بوون راکەم
ئەم سێبەرە نسێیى من نییە
بەهار و تەمەنى گەڵاى
پایزى منە و هیچیترم نییە
دەمەوێ بچمە ژێر سێبەرى درەختێک
ژێر سێبەرى مێروولە
تا خۆم لە درۆى بوون ون کەم
من چیم، هیچ
بەسە بەس لە هیچى خۆم تەقیم
ئەى لە هیچەوە هاتوو
دەمەوێ ببمەوە هیچ
هەمیشە هیچم
نەک پیاوێک لە وجودى باوەشى ژنێک
نەک بڕوادارێک لە قاپى تۆوە هاتوو
هیچم بە قەد مەراقى ژنێک بۆ ژنبوون.
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت نوری
|