٢١\٧\٢٠١٢
هیچ.

هێمن
عوسمان عەبدوڵا
-١-
ھەردوو دەستم بە سەرمەوە گرتووە
دەبێ وای بقوپێنم
ھیچ تەنەکەچییەک بۆی راست نەکرێتەوە.
-٢-
ھەناسەم تووند بووە
پێدەچێ گرێ درابێ.
-٣-
خەیاڵم
بە بزمارێکەوە ھەڵواسراوە
دەستم پێی راناگا
تا بیکەمەوە ناو سەرم.
-٤-
وێنەی خۆم بە دیواری ژوورەکەمەوە دەکێشم
جارێک بێ چاو
جارێک بێ پێیەکانم و
جارێک بێ دەستەکانم
جارێک بێ خەونەکانم و
جارێکیش بە بێ خەیاڵەکانم
جارێک دەم بەپێکەنین و
جارێکی دیکە بە دەم و چاوی چرچاویی و
نیگەرانییەوە
دواجار تەماشایان دەکەمەوە
ھیچیان من نیم.
-٥-
لە ناو خۆمدا بۆ شوێن دەگەرێم
من پڕم
پڕ
پڕ
شوێن دەست ناکەوێ تا دڵێکی لێ دابنێم.
-٦-
گەورەترین گرفتم ئەوەیە ناتوانم
لەگەڵ کەسانێک ژیان بکەم
وەک من بیردەکەنەوە
وەک من خەون دەبینن
وەک من خەیاڵ دەکەن
وەک من کات تێدەپەڕێنن.
-٧-
تەپەی پێی پیاوێک لە ناو سەرمدا
ئارامی لێھەڵگرتووم و
بە مایکێکەوە پڕ بە کووچە خامۆشەکانی سەرم
ھاوار دەکا
''بەختەوەریی
ئەوەیە مرۆڤ لەدایک نەبێ
ئەگەر لەدایکیش بوو
دەستبەجێ بمرێ*''.
-٨-
منداڵیمم بدەنەوە
لە ئینجانەیەکی دەخەم و
نزیک گەورەبوونم دایدەنێم.
-٩-
کتێب دەکڕم و نایخوێنمەوە
لاپەڕەکانی دەکەمە کەشتی و
لە نێو سەرنشینەکانی بە شوێن کچێک دەگەڕێم.
-١٠-
ھیچم لێ ون نەبووە و
بە شوێن شتێکدا دەگەڕێم و نایدۆزمەوە.
-١١-
ھەناوم گەرمە
پشکۆیەک لە گەدەم دایە.
-١٢-
بە کارکردن لە
ناو خۆمدا سەرقاڵم
سەرەڕای ئەوەش نامپەرژێ
پرچم شانە بکەم
پێڵاوەکانم خاوێن بکەمەوە.
-١٣-
سەبەتەی رەنگەکانم لێ ون بووە
تا ھێندێک
لە خەونەکانمی پێ بنەخشێنم
پێدەچێ ھی ئەوەبێ ڕەشبینبم.
-١٤-
دەنووسم
تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە
بۆ دەنووسی؟
_______________________
*
وتەیەکی "ئەمیل سیۆران"ە.
کۆتایی زستانی
٢٠١٢
hemineabdulla@yahoo.com
|