په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٧\٢٠١٣

حیکایەتە گەورەکان، یان حیکایەتی مێش؟


جیهاد محەمەد      

(چکلێتمان نەفرۆشتووە و، هەتا هەتایە نایبڕینەوە!).
www.youtube.com/watch?v=Rgn3QBDAZv4&feature=youtu.be


بێگومان نایبڕنەوە، بێگومان دەستهەڵناگرن، لە پێگەی وزیفی و خۆسەپاندن و خۆ دەوڵەمەندکردن لە سەر حسابی خەڵکی ڕەشوڕووتی کوردستان. دەمێکە خەڵکی کوردستان لەو تێگەیشتوە، کە ئێوەی دەسەڵاتداری سیاسی یەکێتی و پارتی، تەنیا بۆ ناو، قسە لەسەر حیکایەتە گەورەکان دەکەن.


ئێوە، بازرگانیدەکەن، بە حیکایەتە گەورەکانەوە، بە دیموکراتیەت و هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەستورەوە، لە پێناوی شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی خۆتان. بەڵام وا دیارە ئەم قسەیەی بەڕێزی کاک مەلا، بۆ ئەوەیە کە نەک خەڵک قسەکەی سەرۆکی پارتییان ییرچووبێتەوە کە وتی:ئێمە بە خوێن هاتووین و بە خوێنیش نەبێت ناڕۆین. هەموو خەڵکی هوشیاری کوردستان دەزانن، ئێوە حوکمی بۆ ماوەی پاشایەتی و خۆ سەپاندنتان ویستوە و، دەوێت،(ئەگەر سەربگرێت بۆتان!)، بەڵام هەر بۆ گاڵتەکردن و خەڵک خەڵەتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکییەوە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی ساختەکارانە دەبەن بەڕێوە.


خوێنەوارەکانی کوردستان، دەیانەوێت، بیرتانبخنەوە کە ئەوەی ئێوە دەیەکەن، حیکایەتی گەورە نییە، دەیانەوێت بتانگێڕنەوە بۆ گوێگرتن و فێربوون لە حیکایەتە گەورەکان، کەچی ئێوە، ئەوەی گوێیاین لێبگرن، هەڕەشەدەکەن، بەوەی کە هەتا هەتایە ناڕۆن!


هیچ هێزێک نەبووە هەتا هەتایە لەسەر حوکمبێت، تا ئێوە بتوانن ئەوە بکەن، ئەم بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەیەکە لە چاوسوربوونتانەوە هاتووە، لە زۆر دەوڵەمەندییەکەتانەوە هاتووە. ئێوە لێتانتێکچووە، بیرتان چوەتەوە کە ئێوە خواوەندی هەتا هەتایی نین، ئەو خواوەندانەی کە لە ئێوە زۆر بەهێزتر بوون، ڕووخان، لە جێگەیاندا حیکایەتە گەورەکان دروستبوون.


دەمێکە هۆبز، دەسەڵاتی بە دوو جۆر ناساندوە بە خەڵک، یەکەم/ حکومی پاشایەتی و بۆماوە و دروستکردنی پاشایەکی بە دەسەڵات و بە‌هێز. دوەم/ حکومی دیموکراتیی و هەڵبژاردنی دیموکراتیانە و لەوێشەوە دروستکردنی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەرەی. خەڵک باش لە یارییە سیاسیەکانی ئیوە تێگەیشتوە کە حوکمی یەکەمتان دەوێت، سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەتا هەتایین!، بەڵام لە ژێر پەردەی هەڵبژاردنە ساختەکاریی و، لە ژێر پەردەی حیکایەتە گەوەرەکەی هۆبزدا، دەتانەوێت ئەمە بکەن.


نازانم بۆ هێندە کاک بەختیار، خۆی سەغەڵەتکردوە و، دەیەوێت دوای ئەوەی بە دەمی خۆی ڕایگەیاند کە ئەلتەرناتیڤییان نییە، نە بۆ مام ،نە بۆ کاک، دوای ئەوەش هەردو م.س. حیزبەکانتان بە کودەتایەک ئەوەی ویستان لە پەرلەماندا کردتان، بە بێ ئەوەی گوێ بدەن بە هیچ یاسا و ڕێسایەکی دیموکراتی و دەنگی فرەیی حیزبی و دەنگی خەڵک و دەنگی هەموو ئەو خوێنەوارانەی کە پێیان دەڵێی: بروایان بە حیکایەتە گەورەکان نەماوە!. کام حیکایەتی گەورە؟ ئەو حیکایەتە گەورەیەی پەرلەمان کە ئەتکتانکرد؟ ئەو حیکایەتە گەورەیەیی هەڵبژرادن کە خۆتان، نەک هەر خەڵک، دەڵێن، بە ساختەکاریی چوو بەڕێوە، ئەوە خۆتان(یەکێتی) نەبوون، لە هەڵبژاردنەکانی موسڵدا، کە پارتی براوە بوو دەتانووت، بە ئاشکرا پارتی ساختەی کردوە؟


ئەی ئەوە تۆ نەبووییت کە لە کەناڵی تەلەفزوێنکەی خۆتانەوە وتت: پرۆژەی دەستور گەرایەوە و، ٢ پرۆژەی یاسایش دەرهات لەسەر بنەمای ئەو گەڕانەوەیە و، تەواو؟ کام گەرانەوە، کاک مەلای بەرێز؟ خۆ تا ئەم ساتە وەختەش لێدوانەکانی سەرانی حیزبەکی بەڕێزت و پارتی جەنگێکی ڕاگەیاندنیان بەرپارکردوە ئەو دەڵێت: ناگەڕێتەوە، ئەم دەڵێت: دەگەڕێتەوە،تۆش دەڵێییت: گەڕایەوە و تەواو.


سەرۆکی پەرلەمانی پێشوو: هێز نییە پرۆژەی دەستور بگێڕێتەوە.


کاک عادل موراد: بە تووندی بەرپەرچی لێدوانی بەرپرسەکانی پارتی دەدەمەوە کە دەڵێن: پرۆژەی دەستور ناگەڕێتەوە.


کاک مەلا بەختیار: پرۆژەی دەستور گەڕایەوە و تەواو.


هەر خۆت حەکەم بە، ئەمە حیکاتی گەورەیە، یان حیکایەتی مێش؟


حیکایەتە گەورەکان، لە دنیادا باویان ماوە، لە ئەوروپادا خەڵک لە ژێر سایەیی حیکایەتە گەورەکانی، وەک هەڵبژاردن و فرەیی و پەرلەمان و ئازادی و دیموکراتییەت و دادپەرەوەری و مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو، تا ئاستێکی بەرز ئاسودەیە و دەژی، لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکانی و، لەگەڵ هەموو ڕەخنە و قسەی پۆستمۆدێرنەشدا.


کاک مەلا بەختیار، دەمێکە، هەر لە ساڵەکانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣وە، دەیەوێت وا لە خەڵک بگەیەنێت، کە پۆستمۆدێرنە بەو مانایە دێت، کە دەخوازێت هەموو مۆدێرنە هەڵبوەشێنێتەوە. ئەوەی هوشیار بێت، دەزانێت پۆستمۆدێرنە پرۆژەیەکی رەخنەگرانەیە، لەسەر خراپ بەکارهێنانی مۆدێرنە. هەر بۆ نموونە، ئەوە خراپ بەکارهێنانی مۆدێرنەیە کە جەنابت دێییت بۆ ئەوروپا و لە ناو جەرگەی کۆمەڵگا دیموکرات و مۆدێرنەکاندا، بە خەڵکی دەڵێییت: خوێندەوارەکانی کوردستان، (ئەوانەی رەخنەیان لەسەر ئێوە و پارتی هەیە) بروایان بە حیکایەتە گەوەرکان نییە! بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە، کە خوێندەوارە ڕەخنەگرەکانی کوردستان، ڕەخنەیان لەوە هەیە کە ئێوەی دەسەڵاتدار و ستەمکار بازرگانێتی بە حیکایەتە گەورەکانەوە دەکەن، حیکایەتە گەورەکانتان کردوە بە حیکایەتی میش و، بە ناوی حیکایەتی گەورەوە بەکاری دەهێنن و لە ژێر ساییەی ئەم حیکایەتانەشدا، هەموو سەروەت و سامانی کوردستان دەبەن بۆ خۆتان.


جێگری یەکەمی مام جەلال(کۆسەرت ڕەسوڵ) دەڵێت: دەبێت نەوت و پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و گرێبەستەکانی شەفافیەتی تیابێت!


جێگری سەرۆکی حکومەت(عیماد ئەحمەد) دەڵێت: یەکێتی ئاگای لە هەموو گرێبەستە نەوتەکان هەیە!


سەرۆکی حوکومەت(نێچیرڤان بارزان) دەڵێت: یەک دۆلاری نەوت نییە کە دیار نەبێت!


خۆت حەکەمبەو وەڵامی ئەم هەموو ناکۆکیەی قسەی دەسەڵاتدارەکانی خۆتان بدەرەوە. ئەمانە حیکایەتی گەورەن، یان حیکایەتی شەر لەسەر دابەشکردنی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خۆتان؟


ئەمە جگە لەوەی کە خوێنەوارە ڕەخنەگرەکان، داوای ئەوە ناکەن کە دەبێت یەکێتی و پارتی بە فیفتی بە فیفتی ئاگاداری نەوت و، فرۆشتنی نەوتبن، دەڵێن: دەبێت دامودەزگاکانی حکومەت ئاگاداریبێت. دەبێت بانک تایبەتی و، وەزارەتی دارای ئاگاداری بێت،دەبێت، پەرلەمان ئاگاداریبێت و، بە یاسا رێکبخرێت.


وەزیری دارایی(بازیز تاڵەبانی)، لە پەرلەماندا دەڵێت: نە من ئاگاداری هیچ خەرجی و پارەوپۆلێکم لە هەوڵیردا، نە بریکارەکەشم ئاگاداری هیچ خەرجی و پارە وپولێکە لە سلێمانیدا. خوێندەوارە ڕەخنەگرەکان دەلێن: ئەمە کارەساتە، ئەمە ئەتکردنی حیکایەتە گەوەرەکانە.


سەرۆکی پارتی: سنور لە کوردەکانی ڕۆژئاوا دادەخات، بەڵام دەرگا بۆ هەموو میتی تورکی و ئیتاڵاعاتی ئیرانی دەکاتەوە. خوێنەوارە ڕەخنەگرەکان دژی ئەم بەرژەوەندخوازییەی پارتی قسە دەکەن و دەڵێن: سەرۆکایەتیەکەی تۆ حیکایەتی گەورە نییە، حیکایەتی حیزبەکەی خۆتە.


حیکایەتە گەورەکان فێرمان دەکەن، کە دەبێت حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و پۆلیس بێلایەنبێت، سەروماڵی هەموو خەڵک وەک یەک بپارێزێت، کەچی لە سایەی حکومەتەکەی ئێوەدا، ساڵانە سەدان ژن دکوژرێت، سەردەشت عوسمان بە بەرچاوی هەموو خوێندکارانەوە دەفرێنرێت و گولە بە ناو دەمیەوە دەنێرێت. بە سیناروێیەک، کەسێک تۆمەتبار دەکرێت و، چەندین مانگ زیندانی دەکرێت و، لە دواییدا بەردەدرێت! بە بێ ئەوەی ئارەقی تەریق برێژن، بە بێ ئەوەی کەس بتوانێت بڵێت چۆن دەبێت بە ناوی حیکایەتی گەورەوە درۆ بکەن. کاتێک کە ئەمەمان وت، پێمان دەڵێن، ئەی خۆ ئێمە جکلێتمان نەفرۆشتوە لە شاخ؟ ئەمە حیکایەتە گەورەکەی ئێوەیە کە مادام جکلێتەن نەفرۆشتوە و شۆرشتان کردوە، هەتا ماون، دەبێت بە کەڵەگایی لەسەر حوکم بن.


لە ژیر سایەی حیکایەتە گەورەکەی ئێوەدا، کەمالی سەیدقادر دارکاریی دەکرێت، کەرامەتی دەشکێنرێت، کەچی سەرۆکی پۆلیسخانە دەڵێت، ئەوە سەرخۆشبوو، بەرۆژو نەبوو، بۆیە خەڵک وای لێکرد، کەس نییە بتوانێت بلێت چۆن درۆی وا دەکەیت. کەس ناتوانێت لەم مەسەلەیە بکۆلێتەوە، کە بێحورمەتییە بە هەموو خەڵکی کوردستان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، ئەتکردنی ئازدیە. بۆیە خوێندەوارە رەخنەگرەکان، نەک هەر بە عەقڵێکی پۆستمۆدێرنە رەخەنەیان هەیە لێتان، بروایان بە هەموو حکیایەتەکانی ئێوە نییە.


لە کام حیکایەتی گەورەی دنیادا، حکومەت و حیزبی وەک حکومەت و حیزبەکەی ئێوە و پارتی هەیە کە هەریەکەتان بە دەیان ملوێن دۆلاری کۆکردبێتەوە؟ ئەمە حیکایەتی گەورەیە یان حیکایەتی دزی و تاڵانی؟ ئەمە جگە لەوەی حیزبی هەردوولاتان بوون بە خاوەنی سەدان ملیار دۆرلار.


لە کام حیکایەتی گەورەی دنیادا هەیە، بە تایبەتی لای سۆسیالدیموکراتەکان، (چوونکە ئێوە خۆتان بە سۆسیال دیموکرات دەزانن) لەسەر ڕەخنەگرتن و لەگەڵدا نەبوون، سەرکردەیەکی حیزبەکەی دوای سوکایەتی و پڕ جنیۆکردن تەجمید بکرێت( ئارێس عەبدوڵا) بۆ نموونە. دیسان، لەسەر رەخنەگرتن، پارتی چیی نەکرد بە (سەید ئەکرەم)، ئەگەر فشاری خەڵک نەبوایە بێ سەروشوێنیشیان دەکرد، کە ئەندامی خۆیان بوو.


لە کام حیکایەتی گەورەی دنیادا هەیە، لەسەر ئەوەی وەزیرێک رای خۆی بڵیت لەسەر هەڵبژاردن، دەربکرێت، بۆ نموونە کاک فەتاح زاخۆیی.


لە کام حیکایەتی گەوەری دنیادا هەیە، لەسەر نابیناییکردن ٣٠ هاوڵاتی:


سەرۆکی حکومەت دەڵێت: ئەوە نۆرماڵە لە هەموو دنیادا هەبووە. یەک نموونەمان پێبڵێن لەو هەموو دەوڵەتانەی دنیادا؟


وەزیری تەندروستی دەڵێت: بەڵی ئەو دەرزیە بە قاچاخ هاتووە، کۆمپانیای هۆزان بە بێ پشکنین کریوێتی. فەرمانگەی گشتی داودەرمانی کوردستان، بە بێ پشکنین کڕیوێتی، لەگەڵ ئەوشدا زانیوێتی کە بە قاچاخ هاتوە، دیسان، نەخۆشخانەی ڕزگاری لەگەڵ ئەوەی زانیوێتی بە قاچاخ هاتوە، دەرزیەکەی وەرگرتوە و بەکاری هێناوە بە بێ پشکنین. ئەمە حیکایەتی گەورەیە، یان وەک ئاژاڵ تەماشاکردنی مرۆڤە؟


وەزریری تەندروستی پێشو(د.تاهیر هەورامی) کە یەکێتیە. دەڵێت: بەڵێ بە سەدان تەن دەرمانی بەسەرچوو، ژەهراوی دێتە ناو کوردستانەوە. ئەمە حیکایەتی گەورەیە، یان ئەوپەری دزی و جەردەیی و گەندەڵییە؟


خەستەخانە ٤٠٠ قەرەوێلەکەی سلیمانی: کە ٢٢ ملوێن دۆلاری تیا لوشدرا، ئێستا کۆمپانیایەکی کۆری لە ژێر لێپرسینەوەدایە لەسەری، دوای ئەوەی بوو بە حیکایەتی مێش و چەندین ساڵ بوو بە جێگەی پێکەنیین و گاڵەتەجاری، وەزیری تەندروستی کلیلی ئاڵتونیی ئەم خەستەخانە عەجایەبە بە قاقای پێکەنینەوە لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە وەردەگرێت و دەڵێت، ئێمە خزمەتی ئاوا دەکەین!، بۆ ئەم خزمەتە گەورەیەش سەرۆکی حکومەت دەهێنن بیکاتەوە، ئەمە حیکایەتی گەورەیە یان، ئەمە بێحورمەتییە بەو شارەی کە ئێوە بە هی خۆتانی دەزانن.


هیچ حیکایەتێکی گەورەی دنیا نییە لە ژێر سایەیی ئێوەی یەکێتی و پارتیدا، ئەتک نەکرابێت و لاقەنەکرابێت.


نەرویج
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک