په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٧

حکومەت جەستە و ناخمان دەسوتێنی؟!

شەماڵ عادل سەلیم  


٢٥ ساڵە لە سایەی حکومە تی ھەرێمی بەتەمای خودا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکانی کوردستانیان زەبەلاحتر دەبن و،وەک مۆتەکە تەنگ بە خەڵکی بێنازی ھەرێم ھەڵدەچنن و خەریکە خەفەو لەناویان دەبەن.


کێشەی نەبوونی کارەبا ، خراپی کەرتی تەندروستی ، نەبوونی ئاسایشی ئاو، خۆراک ، نەبوونی سیاسەتی گونجاو بۆ ئابووری، باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەوت و وزە ، سەقەتی سیستەمی پەروەردەو خوێندن و تەلقین دان ، بێکاری وگرانی و گەندەڵی ، قەیرانی داریی و بی مووچەییش سەرباری ھەموو کێشەکان وای لەخەڵک کردووە لەگیانی خۆی بێزار بێت و ئاوات بەمردن بخوازێت...!!


باش دێتەوە یادم لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٤ حکوومەتی ھەرێمی بەتەمای خودا ، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا فەرمانێکی دەرکرد بە ژمارە( ٨١٧٤ ،ریک لە ١٤/١٢/٢٠١٤) کە لە بڕگەی سێ ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بە غازی سرووشتی کار بکەن و پێویستە لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت و پێویستە وەزارەتی سامانەکانی سرووشتی ئەم کارە جێبەجێ بکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦).


کەچی لەبەختی کەچمان نەک تەنھا فەرمانی حکومەت جێ بەجێ نەکرا ، بەڵکو ھاتنی کارەبا بووە ئەوخەونەی کە ھەموو تاکیکی ئەم ھەرێمە بێ نازە خەونی پێ دەبینێت...


ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی لێ وەبکەم ، کێشەی کارەبا و بەڵێنە پووچەکانی ( حکومەتی فاشیلی ھەرێم ) و قەیرانی داریی و باری نالەباری دەروونی کوردستانیان نییە ، بەقەدەر ئەوەی باسکردنە لە گیان لەدەستدانی خاتوونێکی دیکەی بێ نازانی ھەرێمی بەتەمای خودا ( سەروینی قوتابی زانکۆی ئیشق ) کە بەسووتان گیانی لەدەست دا.


دوای دەنگدانەوەیەکی زۆر و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی سووتاندنی ئەو خاتوونە بێ نازە لەھەرێمی تاریکستان لەلایەن باوکییەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سۆران دوێنی ڕایگەیاند (سەروین) ی جوانە مەرگ بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە موەلیدەی ماڵەوەیان سووتاوە.


بەڵێ ، لەھەردوو حالەتدا ، ئەگەر سەروینی خێرلەخۆنەدیو، بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە موەلیدەی ماڵەوەیان سووتابێت ، یان لەلایەن باوکییەوە سووتنێندرابێت ، ئەوا حکومەتی بێ خەمی کوردستان تاوانباری سەرەکییە لە زەبەلاح بوونی ئەو کێشانەی کە یەخەو بەرۆکی خەڵکی بی نازی ھەرێمی گرتووە ، ئاخر ئەگەر کارەبا ھەبوایە ،( سەروین)ی جوانەمەرگ بۆ بەئاگری (موەلیدەی چینی) گیانی لەدەست دەدا ؟ ئەگەر یاسا سەروەر بوایە و ،حکومەت پارێزەری گیانی ھاووڵاتیان بوایە ، ئەوا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کوشنتی ئافرەت لە ھەرێمی تاریکستانی بەتەمای خودا لە زیادبوون دا نەدەبوو و ،(سەروین و سەروین)ە نازدارەکانی دیکەش بەدڕندەترین شێوە نەدەسوتێنران.


زۆر بە کوردی و بەکورتی:


خوێنی (سەروین و سەروین)ە بێنازەکانی دیکە لەئەستۆی ئەوحکومەتە بێ خەمەیە کە وای کردووە خەلکی بینازی ھەرێمی بەتەمای خودا ، ھیوا بە مردن بخوازن بۆ رزگار بوونیان لەم ھەموو قەیرانە دروستکراوەی کە باجەکەی تەنھا ھاووڵاتییان دەیدەن!


ھەربۆیە ئەمرۆ لەھەرێمی بەتەمای خودا ، کە ھاووڵاتییەکی بێناز گیانی لەدەست دەدات ، خەڵکی دەڵێن : (خۆزگە بەخۆی ، لەم ژیانە بێ ژیانە ئیسراحەتی کرد)؟!


ئەوەی جێگای داخە ، ئەو ئاوات وخۆزگە بەمردن خواستنەی خەلکی ھەرێمی بەتەمای خودا ، رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبێت لەسایەی بێ پلانی و بێ خەمی حکومەتی فاشیلی حزبە خۆخۆرەکانی کوردستان ، کە مرۆڤیان کردۆتە بێ نرخترین سەرمایە و خۆشەویستیشیان کردۆتە کالایەک ،لەکالاکانی وڵاتی چین ھەرزانترو بێ نرخترترو سەقەتترە.


لە کۆتاییدا بە حکومەتە پۆشتەکەمان دەڵێم:


بەڵێنت دابوو ھەرێممان بۆ بکەیتە (دووبەی عیراق) ،بەڵام دوای ٢٥ ساڵ لە حوکمی خۆماڵی نەک ھەر ھەریم نەبووە (دووبەی) ، بەڵکو ئەمرۆ( سەروین)ە بێنازەکانی ئەو دەڤەرە تینوو بەخوێنە لەتاریکستان و لەژێر یاسای جەنگەڵ ژیان دەگوزەرێنن؟!

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک