٢٨\٦\٢٠١٠
گۆشهی '' رۆژهک نا رۆژهک
''. (١)
حکومەت دۆستى
میللەتە یان دژى میللەتە..؟!

شێرزاد عومەر
حەیرانبێژێکى
میللى هەبوو لە کوردەوارى دەنگى زۆر خۆش بوو ، رۆژێک ئەو حەیرانبێژە
سەردانى ماڵە ئاغایەک دەکات و شەو ماڵى ئاغا دەیکەنە داوەت و گۆڤەند،
حەیرانبێژ دەست دەخاتە بنا گوێی و دەست بە حەیران و لاوکان دەکات،
لەبەر دەنگ خۆشى پاش هەر حەیرانێکى ئاغا مەست دەبوو و حەماس دەیگرت و
بە نۆکەرەکانى خۆى دەگووت: کوڕە.. مەڕێکى بدەنێ..!!ئەوجارە حەیرانبێژ
زیاتر تین و تاوى دەگرت و بە دەنگێکى خۆشتر دەستى پێدەکردەوە، ئەوجارە
ئاغاش دەیگووت: کوڕە.. ئەسپێکى بدەنێ..! جارێکى تر دەیگووت: کوڕە.. دوو
جەوال گەنمى بدەنێ..! ئیتر بەو حاڵە تا بەرەبەیان ئاغا هەر جارەو شتێکى
دەکردە دیارى حەیرانبێژ و ئەویش بەردەوام دەبوو لە حەیران گووتنەکەى.
بەیانى کە حەیرانبێژ دەیەوێت بڕوات، دەڵێت: ئاغا دیارییەکانم بدەنێ و
دەمەوێت بڕۆم. ئاغاش دەڵێت: دیارى چى..؟! تۆ خۆشت گۆت، ئەمنیش خۆشم گۆت..!!
ئیتر کابرا بە هەناسە ساردى و بە دەستى بەتاڵ لێیدا رۆى، ئەو
سەربووردەیە زۆر لە پەیوەندى هاوڵاتیان و بەڵێنى حزبەکان لەکاتى
هەڵبژاردن دەشێ، چونکە هەر کە هەڵبژاردن دەست پێ دەکات ئیتر ئێمە خۆش
دەڵێین و حزبەکانیش خۆشتر دەڵێنەوە و لە دوماهیشدا ئێمەى هاوڵاتیان لە
چاوەڕوانى بەڵێنە جێبەجێ نەکراوەکان دەمێنینەوە و ناچار دەبین بڵێین:
ئەرێ حکومەتى تازە هەڵبژێردراو دۆستمانە یان دژمانە، خۆ ئەگەر دۆستمانە
ئێمە خۆشمان بۆیان گووت و ئەوانیش خۆش گوتنەکانیان تەنها قسەبوو، بەڵام
ئەگەر بەم پێودانگەیە لە حکومەت بڕوانین ئەوا بەهەڵە رۆیشتووین، بەڵام
لە هەمان کات با بەراوردێک لەگەڵ ئەم نەریتە و لەگەڵ ئەو بۆچوونەى تر
بکەین کە ئایا حکومەت دژە یان دۆستە..؟
حکومەت مووچەى باش دەدات، هەر لە کەناسەوە بگرە تا دەگاتە وەزیر، کەسی
شیاو لە شوێنى شیاو دادەنێت، نووسەر و هونەرمەند و دڵسۆز و بەهرەمەندان
خەڵات دەکات، حکومەت کۆڵان بەکۆڵانى هەموو گەڕەک و گوند و شارۆچکەیەکى
دوور و نزیکى ئەم وڵاتە قیڕتاو دەکات و نۆژەن دەکاتەوە و خزمەتگوزارى
زۆر چاک و مۆدێرنیان بۆ دەستەبەر دەکات هەر لە قوتابخانەوە تا دەگاتە
بنکەى تەندروستى و مزگەوت و بنکە و یاریگا و یانەى وەرزشى و بنکەى
لاوان و بنکەى ئاسایش بنکەى پۆلیس و سەنتەر و بنکەى رۆشنبیرى و بنکەى
حیزب و رێکخراوى کۆمەڵگاى مەدەنى، پارە و بودجەى خەیاڵى سەدان
بڵاوکراوە و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و نامیلکە و پەرتووک دەدات...!!
، حکومەت کاروبارى هاوڵاتیان بەچەشنێ بەڕێوە دەبات کە هاوڵاتى پێیەوە
حەساوەیە و رۆتین خەون و خەیاڵە، چرکەیەک مامەڵەى هاوڵاتیان کەڵەکە
نابێت لە سەرمێزى فەرمانبەر و بەڕێوەبەرەکانى حکومەت، حکومەت چونکە
هاوڵاتیانى خۆش دەوێت شەو تا بەیانى لە هەوڵى پاراستنى سەرەوەت و
سامانى ماددى و گیانى خەڵکى خەوتووى شارە، ئەو خەڵکانەى کە خەون بە
نەوت و بانزین و کارەباوە دەبینن، خەون بە نەمانى تاسەى سەرشەقامەکان
دەبینن، خەون بە مووچەى زۆرەوە دەبینن، خەون بە خانوو و شوقە دەبینن،
خەون بە کارەباى 24کاتژمێرى دەبینن، خەون بە دامەزراندن دەبینن، خەون
بەوە دەبینن جەنابی وەزیر یان سەرۆک بۆ تەنها جارێک ببینێ، خەون بە
هەرزانى دەبینن، بەخوا ئەو هاوڵاتیانەى ئێمە خەونى خراپ دەبینن.!
ئەوانەى چاویان بە ئەزموونى کورد هەڵنایەت، ئەوانەى هیچ حیسابێک بۆ
ئەمنى قەومى ناکەن، ئەوانەى بە فیتى ئەو حیزب و ئەم حیزب دەجوڵێنەوە،
ئەوانەى بەرژەوەندى حزبەکەیان پێ باڵاترە لە بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەى
کورد، ئەوانەى ئاژاوەگێڕن ئەوانەن کە پێیان وایە حکومەت دژى میللەتە
خەونى خراپ دەبینن..!!
حکومەتەکەمان لە تەمەنى 17 ساڵى ساوا و گوناهو بەستەزمانە، بۆیە
پێویستە لەسەرمان بە لۆژیکى منداڵ هەڵسوکەوتى لەگەڵدا بکەین،
حکومەتەکەمان باڵغ بێ کەسمان ناهێڵێت هەموومان(....)..!!، خۆ
نەمانگوتووە حکومەت دژى میللەتە با نەکەوینە خانەى خیانەتەوە، حکومەت
ملیۆنێری تازەى زۆرى پێ گەیاندووە لەسەر خوێنى هاوڵاتى رەش و رووت بۆیە
کۆنفرانسى قەدەغەکردنى جگەرە کێشان دەبەستێ تا هاوڵاتیان زوو نەمرن بە
شێرپەنجەى جگەرە، ئەوە نییە حکومەت هاوڵاتى خۆشدەوێت، لێناگەڕێت
هاوڵاتیانى کورد ماندوو ببن دەچێت کرێکارى عەرەبی سورى و عێراقی و
میسرى و بەنگلادیشی و ئەسیوبیمان بۆ ئیستیراد دەکات، ئەوە نییە حکومەت
سێ پارچە زەوى دەداتە ماستاوچیەک بۆ ئەوەى کابراى ماستاوچى تەرکى
ماستاوچێتى بکات، ئەوە نییە حکومەت هەموو منداڵە نەخۆشەکان لە کوردستان
چارەسەر دەکات و لێ ناگەڕێت وەزارەتى تەندروستى ماندوو بن و بە
پەیوەندیە دەرەکیەکان سەرقاڵ نەبن، ئەوە نییە حکومەت دەزگایەکى ئەمنى
ئەلیکترۆنى واتا ئاسایشی پشت ئەستورى بە فول بوارى تەکنەلۆژی سەردەم
تەیارکردووە لە بازگە و سنورەکانى کوردستان بۆ ئەوەى تیرۆریستان
نەخزێنە نێو هەرێمەوە، ئەوە نییە دامەزراندنى بە واسیتە و تەزکیەى حزبی
بنبڕ کردووە و حیزبەکان ناتوانن دەست بخەنە نێو کارووبارى حکومەتەوە،
حکومەت تا سەر ئێسقان لە خەمى هاوڵاتیان دایە و بەقەد ژمارەى
دانیشتوانى سێ هەرێمى وەک کوردستان وەزیر و وەزارەتى هەیە، بۆ ئەوەى بە
تەواوى و بە وردى لە مەینەتیەکانى هاوڵاتیان ئاگاداربێت، ئەندام
پەرلەمانەکانى ئەو حکومەتە گوناهەى ئێمە لە دەرفەتەکانیان دەچنە ناو
خەڵک و گوند و شارۆچکەکان و بازاڕەکان بەسەر دەکەنەوە و بە تاکسی بەنێو
شاردا گوزەر دەکەن بۆ ئەوەى زۆرترین مەینەتیەکانى هاوڵاتیان بزانن تا
لە دانیشتنەکانیان قسەى لەسەر بکەن، پەرلەمانتارە گوناهەکانى پەرلەمانى
حکومەتەکەى ئێمە نوێنەرى گەلن، بۆیە گەل و(گەڵ) لەیەکتر جیاناکەنەوە،
قوربانیان بۆ(ئەى رەقیب) نەداوە بۆیە لەبەرى(هەڵناستنەوە)، هەموو
ئەندام پەرلەمانە(دڵسۆز) و(کوردپەروەر) و (خاوەن بڕوانامە) و (گەنج)ەکانى
نێو پەرلەمانى حکومەتەکەى ئێمە رابردوێکى (پاک و تەمیز)یان هەیە بۆیە
زۆر پەرۆشى ئایندە و دوارۆژێکى پێشکەوتوو و پڕشنگدارن بۆ ئەم میللەتە
خێرلەخۆ نەدیوەى ئێمەن.
حکومەتەکەى ئێمە وەک ئاغاى گوندەکە نییە، کە تەنها خۆش بڵێت بۆ دەنگدان
دواى هەڵبژاردن هەموو بەڵێنەکانى جێبەجێ دەکات و بەهاناى هەموو
لێقەوماوێکە، (ئەنتى گەندەڵ)یە، فلس بە فلس حیساب لەگەڵ هەموو
هاوڵاتیەک دەکات بۆ ئەوەى دیاردەى ناشارستانى گەندەڵى تەشەنە نەکات،
حکومەتەکەى ئێمە تەواو بە هاناى پێدانى ماف و پێداویستیەکانى ئێمەى
کورد هاتووە بۆیە وا ئێستا باوەشى بۆ(برا عەرەبەکان)ى باشوور و
ناوەڕاستى عێراقیش کردۆتەوە نەبادا لێمان بڕەنجێن، چونکە کوردستانیش
بەشێکە لە خاکى (عێراق) بۆیە بۆ هیچ کوردێک نیە زەوى لە شارۆچکەى
عەنکاوە بکڕێت، بەڵام(برا)یەکى عەرەبى چاوڕەش بۆی هەیە لە(شیمالى
عێراقى حەبیب) زەوى و زار بکڕێت، بزانن حکومەتەکەمان چەندە زیرەک و
هۆشیارە حیسابی بۆ هەموو شتەکان کردووە و دووربینە دەزانێ چ شتێک بۆ
ئایندەى نەتەوەکەى سوودمەندە..؟!!
حکومەتە خۆشەویستەکەمان کە بەرى رەنج و خەباتى سەدان ساڵەى باب و
باپیرانمانە ناخوازێ کارمەند و فەرمانبەرى نێو دەزگاکانى ماندوو ببن
بۆیە هەڵساوە کار و ئەرکەکانى هاوڵاتیانى بە کەرتى تایبەت بەخشیووە،
چونکە بۆ سزادان ساناترن، کێ دەڵێت حکومەت دژى میللەتە، ئەوە نییە
حکومەت میللەتە و میللەتیش حکومەت...؟!!!
کەرکوک
s4632628@gmail.com
|