٣١\١\٢٠١٤
حکومەتی بنکە
فراوان یان پانوپۆڕ؟

ستار محەمەد قادر
بەڕاستی چوار مانگ بۆ دروستکردنی حکومەتێکی پانوپۆڕ، هەر هیچ نیە،
حکومەتێک ئەو هەموو هێزە براوانە بە بەرنامەی کاری خۆیان و تموحیانەوە
بیانەوێت دانووستان لەسەر پۆستەکان بکەن و ئەمیان جێگری سەرۆکی حکومەت
بکات بە مەرج و ئەویان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی هەرێم، هەر
دەبێت پانوپۆڕ بێت، چونکە حکومەتێکی لەو شێوەیە ئەگەر لە پانتاییەکی
فراواندا نەبێت، خۆ ناکرێت دوو جێگری سەرۆکی حکومەتمان هەبێ و متەناوب
دەوام بکەن، یان دوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانمان هەبێ و وەرزی بن و
ئەویان بە زستان و ئەویتریان بە هاوین، یان دوو مودیر عام یانیش پێنج،
هەریەکەیان لە مانگێکدا پێنج رۆژ کە دوانی بەر پشوو دەکەوێت پێکەوە
ئەرکەکانی سەر شانیان بەڕێوەبەرن، ئەگەر ئەوان پێان وایە دوو جێگری
سەرۆکی حکومەت کێشەکانیان یەکلایی دەکاتەوەو هەرێمی کوردستان لە قەیران
رزگار دەکات، من پێم باشە بیکەن بە پێنج و ئەویش تاقی بکەنەوە!
حکومەتی بنکە فراوان یان نیشتیمانی، لەڕاستیدا ئەمە داتاشینێکی باشە بۆ
ئەوەی نەبین بە جاجگە تاڵەی دەمی نەیارانمان، بەڕاستی شتێکی زۆر سەیر
لەم هەرێمەی ئێمەدا روو دەدات، ئەم حزبانە دەڵێی سیحریان لێکراوە وا
هەر هەموویان پێکەوە بڕیاریان داوە بەشداری لە حکومەتدا بکەن،
بەشداریکردن لە کارێکی وادا خۆشتێکی خەراب نیە، بەڵام وەکو دەبینن ئەو
حکومەتە نیشتیمانیە ناتوانێت ببێت بەتێرکەری خواستی هەر هەموویان، بۆیە
وا باشترە میکانیزمێکی دیکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەسەر پێکهێنانی
حکومەتێکی پانوپۆڕ رێک بکەون، نابێت چاوەنواڕی هیچ شتێک لەم حکومەتە
بکەین، چونکە ئەوان ئەگەر لەسەر پێکهێنانی رێکنەکەون، ئەدی لەسەر
خزمەتکردن چۆن پێکدێن؟
شکستی کورد دوای بیست و سێ ساڵ ؟!
بەڕاستی دوای چوار مانگ لە دانووستان بۆ ئەوەی کابینەی هەشتەمی حکومەتی
هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت کە ناوی لێنراوە حکومەتێکی بنکە فراوانی
نیشتیمانی، ئەویش لەبەر ئەوەی قۆناغەکە هەستیارەو هەرێمی کوردستان
هەڕەشەی جۆراو جۆری لەسەرە بۆیە هەموو هێزە سیاسیەکان بڕیاریان داوە
بەشدار بن لەم حکومەتە، وەکو ئەوەی ئەگەر هێزێک یان لایەنێکی سیاسی لەم
ساتە وەختەدا بڕیاری ئەوە بدات ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، ئیتر نا نیشتیمانی
بوونی خۆی بۆ هەموو لایەک دەسەلمێنێ و دەچێتە خانەی شتە تابۆو
حەرامکراوەکانەوەو دەست لەگەڵ شەیتان تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی هەرەس بە
حکومەت و خەونی میللەتی کورد بهێنێت؟
بە حەقیقەت ئەوەی لێرە روودەداو دەیبیستین، ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوەو
دەیسەلمێنێت، هەموو شتەکانی ئێمە میزاجین و ناوەکان تەنها بۆ
رووتووشکردنی دیمەنە سیاسیەکانەو هیچی تر، ئێمەی کورد دەبێت ئێستا
درووستکردنی حکومەت وەکو حەلوا بێت لەلامان، چونکە ئەزموونی بیست و دوو
ساڵ لە پشتمانەوەیە، دەبێت حزب و هێزە سیاسیەکان خۆیان لە گەڵ ئەوە
رابهێنن بەبەشێک زۆر و بەبەشێک کەم قایل ببن، چونکە ئەو حکومەتە تەنها
خزمەتی بەرژەوەندیەکانی ئەوان ناکات، بەڵکو دەبێت بەهەر هەموویانەوە
لەخزمەتی میللەتدا بن، بەڵام زۆر بەداخەوە هێدی هێدی خەریکە راستێکان
بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت، کە ئەوان هەر هەموویان هێندەی لە خەمی خۆیان
و پلەو بۆستدان، نە لە خەمی دەنگدەرانی خۆیان و نەش لەخەمی کۆمەڵانی
خەڵکدان؟!
زۆر جار لێرەو لەوێ، لەسەر زاری ئەم بەرپرس و ئەوی ترەوە، گوێبیستی
ئەوە دەبین، گۆڕانکاری بەڕێوەیەو رەنگە کورد لەم پارچەیەدا بۆ تاهەتایی
ماڵ ئاوایی و خودا حافیزی لە ووڵاتی عێراق بکاو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی
رابگەیەنێت، باشە لێرەدا دەپرسم: ئەگەر کورد دوای ئەزموونی بیست و دوو
ساڵ لە حوکمڕانی، نەتوانێت لە ماوەی چوار مانگدا میکانیزمێک بدۆزنەوە
بۆ ئەوەی حکومەتێکی نازانم چۆن و لەکام فۆڕمدا بێت پێک بهێنن، ئەی
کەواتە چۆن دەتوانن بڕیار لەسەر مانیفێستکردنی شتێکی لەو جۆرە وەکو
دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بدەن؟
شکستی کورد لە مەسەلەی حوکمڕانیەوە دەست پێ دەکات، چونکە رانەهاتووە
پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بخاتە سەرووی بەرژەوەندیە حزبیەکانەوە،
ئەگەر ئەو هێزە سیاسیانە هەست بە بەرپرسیارێتی تەواو دەکەن، هەرگیز
رێگە بەخۆیان نادەن بۆ وەرگرتنی هێندێک ئیمتیازو پۆست بە بەهانەی
ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، خەڵکی لەهەموو شتێک نا ئومێد بکەن، دڵنیام باش
ئەو راستیەش دەزانن کە ئیفلیج کردنی پەرلەمان و درووستنەکردنی حکومەت،
چ کاریگەریەکی خەرابی هەیە بۆ سەر هاوڵاتیان و چارەنووسی خەڵکی، لێ
لەبەر ئەوەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە هەیە،
بەلایانەوە ئاساییە ئەم حکومەتە هەر پێک نەهێنرێت؟!
ئەگەر ئەوان هەستیاری رەوش و قۆناغی ئێستا لەبەر چاو دەگرن، بۆیە
بڕاریان داوە حکومەتێکی بنکە فراوانی یەک ریزی نیشتیمانی درووست بکەن؟!
ئەی کەواتە درووست نەکردن و پەک خستنی حکومەت بە هەڕەشە نازانن بۆ سەر
هەرێمی کوردستان میللەتی کورد؟! ئەگەر ئەم رەوشە هەستیارە، ئەوا دەبێت
بۆ پاراستن و بەرگریکردن، سازش لەسەر پلەو پۆست بکەن؟ ئێ خۆ ئەمە دوایی
دونیا نیەو ئەو کورسیەش بۆ هیچ لایەنێک تا ئەبەد نامێنێتەوە، هیچ نەبێت
با ئەزموون لەو بیست و دوو ساڵەی رابردوو وەربگرن، کە بەهیچ شێوەیەک
نموونەیەکی جوانی خۆبەڕێوەبردنی تێیدا نابینرێت، با کۆمەڵانی خەڵکی
جارێکی تر رووی ئەوەیان هەبێت روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|