په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٣\٢٠١٢

حکومەتی ھەرێم بەرپرسە لە گیانی کرێکاران و کارمەندانی کوردستان.
رووداوەکانی شوێنی کار بەرەنجامی بێدەربەستیە بە گیانی مرۆڤ، تاوانە و پێویستە ڕابگیرێ!

 


جارێکی تر شاری سلێمانی لە ڕۆژی ئاھەنگ و جەژندا، دەبێتەوە شانۆی ڕوداوێکی دڵتەزێنی تری شوێنی کار. دوێنێ لە ڕۆژی نەورۆزدا، لە ڕۆژی جەژن و شادیدا، کاروفەرمان لە کۆڵ ئەندازیاری جوانەمەرگ تاریق محەمەد کەریم نەبۆوە. نەک تەنھا بواری حەسانەوەی پێ نەدا، بەڵکو لە جیاتی شادی و سەیران ڕاپێچی بۆسەیەکی کرد کە بێ باکی و ناسەلامەتی کار لە پاڵێوگەی نەوتی سلێمانی بۆ ژیانی ئەوی دانابوو. ڕۆژی نەورۆز بۆ کاک تاریق و بۆ خێزانی کۆستباری ئەو، بۆ ھاوڕێیان و دۆستانی، بۆ ھەموو ھاوکارانی لە پاڵێوگەدا بووە ڕۆژی ماتەمینی و ڕەشپۆشین. ئێمە لە کاتێکدا خۆمان لە خەم و پەژارەی خێزان و دۆست و ھاوڕێ و ھاوکارانی کاک تاریقی جوانەمەرگدا بە ھاوبەش دەزانین، ھۆکارەکان و بەرپرسەکانی پشت ئەو جۆرە کاراساتانە بە توندی ئیدانە و تاوانبار دەکەین.

بەداخەوە لە سایەی بێ دەربەستی بە گیانی کرێکاران و کارمەندانی کوردستان و مرۆڤ بە گشتی، شوێنکارەکانی کوردستان بونەتە کوشتارگا. ئەگەر ئامارێکی وردی ئەو ڕوداوانە بڵاوبکرێتەوە، ئەوا دەردەکەوێت کە ھیچ ڕۆژێک لە کوردستاندا ئاوا نابێت تاکو گیانی کارگەرێک و کارمەندێک و موچەخۆرێک نەبێتە قوربانی بێباکی و بێدەربەستی بە سەلامەتی کار و ژیانی کرێکاران. تەنھا یەک ھەفتە لەمەوبەر لە یەک ڕوداودا سێ کرێکار بە یەکەوە ژیانیان بووە قوربانی ھەمان بێدەربەستی و قەزاوگێڕی سەروەت و سامانی سەرمایەداران. ئێمە لە رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ڕوداوانەین کە ڕۆژانە ژیان و سەلامەتی ھاوڕێکانمانی تیادا دەکەوێتە مەترسیەوە.

ئەم جۆرە ڕووداوانە کە بەشی ھەرەزۆریان بە پەیڕەوکردنی سادەی ڕێنماییەکانی سەلامەتی کار دەکرێت ڕوونەدەن، نە قەزا و قەدەرن و نە ڕووداوی ئاسایی، بەڵکو دەکرێت بە کوشتاری دەستی ئیھمال و بێ باکی بە ژیانی مرۆڤ و چاوچنۆکی و قازانجپەرستی سەرمایەداران ناوببرێن. ئێمە لە کاتێکدا سەرنجی ھەموو لایەک بۆ ئەم مەترسیە ڕادەکێشین و خوازیاری کاری دەم‌ودەستی لایەنە بەرپرسەکانین بۆ چاودێریکردنی ژینگەی کار و پێوانەکانی سەلامەتی کار، داوای لێپێچینەوەی یاسایی لە ھەموو کەمتەرخەمەکان دەکەین.

بەرپرسی یەکەمی ئەم جۆرە ڕوداوانە و ژیانی کرێکار و کارمەندەکانی کوردستان بەگشتی بە پلەی یەکەم حکومەتی ھەرێم و وەزارەتەکانێتی. جێگای پرسیارە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە حاڵێکدا ساڵانە تەنھا لە پاڵێوگەی نەوتی سلێمانی چەندین ملیارد دیناری دەستگیر دەبێت بۆچی و لەپای چی بەم جۆرە کەرەستە و دامەزراوەکانی خۆی فەرامۆش دەکات و تانکیە ژەنگ گرتوو و عەمارەپۆکانی خۆی چاک ناکاتەوە و دەیانکاتە چاڵی مەرگی کارمەندانی؟ حکومەت و وەزارەتێک کە بەم جۆرە فەرامۆشکار و بێدەربەستە و ھیچ ھەنگاوێک بۆ زەمانەتکردنی سەلامەتی کار ھەڵناھێنیتەوە دەبێت لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێت و بخرێتە بەردەم بەرپرسیارێتی یان لە ڕاستیدا نابەرپرسیارێتیەکانی.

ئێمە لە رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی داواکارین کە دەستبەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە بەشداری نوێنەری ھەڵبژیردراوی کرێکاران و کارمەندانی پاڵێوگەکە و نوێنەری خیزانی کاک تاریق پێک بھێنرێت و لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و ھەمەلایەنە سەبارەت بەم کارەساتە بکرێت و تەواوی پەرەسەندن و ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت، سەرەنجامیش کەسانێک کە ئاشکرا دەبێت بە کەمتەرخەمیان بوونەتە ھۆکاری ئەم کارەساتە پێویستە بە پێی یاسا سزا بدرێن.

ئێمە جارێکی تر ھاوخەمی خۆمان بۆ خێزان و دۆست و ھاوکارانی کاک تاریق محەمەد کەریم دەردەبڕین و لەم کارەساتە دڵتەزێنەدا لە تەکیان دەوەستین.

 


رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان
krekar.binasazi@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک