٣١\١\٢٠١٤
حکومەتی
کاربەڕێکەر یان زێرابی ئاوبەڕێکەر؟!

شەماڵ عادل سەلیم
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری ھەرێمی کوردستان لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ژمارە (١٢٧٣٨) ڕایگەیاند،
لەپاش پەسەندکردنی ئەنجامەکان ھەڵبژاردن گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ
لایەنە براوەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت ساز دەدرێن. ڕاشیگەیاند، "ئەگەر
بڕیار بێت من بۆ پێکھێنانی کابینەی ٨ ڕابسپێردرێم، ئەوا رازی نیم ھیچ
کاندیدێک بۆ وەرگرتنی وەزارەتێک بسەپێنرێت..".
دوای ئەوەی کە رۆژی ٧/١١/٢٠١٣ پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان
بارزانی بەرەسمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داھاتوو کاندیدکردەوە، دوای
ھەفتەیەکیش لە کاندیدکردنەکەی، بارزانی گفتوگۆکانی بۆ پێکھێنانی حکومەت
دەستیپێکرد، سەرەتاو لە رۆژی یەکەمدا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
و دواتریش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە، پاشان لە رۆژانی دواتردا
لەگەڵ لایەنەکانی ترو ھەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت جەولەکانی دانوستانی
لایەنەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتوی حکومەتی ھەرێم ھەربەردەوامەو
لێرەو لەوێش قسە لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەکان و پشکی لایەنەکان لە
حکومەتی داھاتو دەکرێت و ھەریەکە بە جۆرێک باسی لێوەدەکات.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر
ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣ی کوردستاندا تێپەڕیوە،
بەڵام ھێشتا ئاسۆی پێکھێنانی حکومەت بە نادیاری ماوەتەوەو لێرەو لەوێش
بەشێکی لایەنە سیاسیەکان بەشێوەیەکی ناڕەسمی باس لە دابەشکردنی
پۆستەکان دەکەن، لەھەمان کاتیش بەرپرسیارێتی دواکەوتنی پێکھێنانی
حکومەت دەخەنە ئەستۆی ھەندێک لایەن کە گوایە قەبارەی خۆیان نازانن، لە
بەرامبەردا چەند لایەنێکیش براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بە بەرپرسیار
دەزانن بۆ دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ھەر لەم سەروبەندەدا ھەندێکیش لەئەندامانی ھەردو حزبی دەسەلاتداری
پارتی و یەکیتی ئاشکرا ئاخ ئۆف و بۆ ساڵی (٢٠٠٩) ھەڵدەکێشن و دەڵێن (
بەھۆی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیەوە بە زووترین کات
ھەردولا رێککەوتین لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت لەنێوان خۆمان و
زۆر بەئاسانی و لە ماوەیەکی کەمدا حکومەتمان پێکھێنا و ھەستاینەوە
سەرپێ نەک وەک ئەوەی ئەمرۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم بویتە بنێشتە
شینکەی سەر زاران...!
ئەوەی شایانی باس کردنە لێرە ئەوەیە کە خودی سەرۆکی حکومەتی کار
بەرێکەر وھەرھەموو لایەنەکانیش ( سەرجەم حیزبەکان و فراکسیۆنەکانی
پەرلەمانی بێ ئیشوکار ) دەڵێن کە بەلای ئەوانەوە گرنگە چوار ساڵی
داھاتوو بۆ بەرەو پێشەوەبردنی ژێرخانی ئابوریی و بەدیھێنانی حکومەت و
پەرلەمان و شەقامێکی ھێمن بێ ولەپێناو ھاتنەدی ئاشتبونەوەی خەڵک لەگەڵ
پەرلەمان و حکومەت و پەرلەمان و حکومەتیش لەنێو خۆیاندا.
بەڵێ ھەرھەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی جەخت دەکەنەوە لەسەرە ئەوەی کە
چوارساڵی داھاتو، دەبێ ساڵانی سەقامگیری و ئارامی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و
ئابوری و سایکۆلۆژی بێت بۆ خەڵکی کوردستان... ھەروەھا فریشتە ئاسا دەست
لەسنگ و لەبەردەم میدیاکان دەڵێن کە بەلایانەوە بەرنامەی حکومەت گرنگە،
نەک (پۆست و پلەو پایە) بۆیە ھەموولایەک دەیانەوێت حکومەتی داھاتو ،
حکومەتێکی بنکە فرەوان بێت و شەراکەتی راستەقینە تێیدا ڕەنگبداتەوەو
بنەمای بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و چاکسازی و بەگژداچونەوەی
گەندەڵی ببێتە کۆڵەکەی بیناکردنی ئەو حکومەتە کە بتوانی چوار ساڵی ھێمن
ئارام بێنێتە دی بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی ڕەنگ و
دەنگەکان...!!
لێرەدا دەپرسین ،ئێ ئەگەر وابی سەرۆکی حکومەت و سەرجەم حیزبەکان و
فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ڕاست بکەن وبەراستی لەخەمی خەڵکی کوردستان بن و
پۆست و پلەو پایە نەبووبێتە رێگر لەبەرامبەر پێکھێنانی حکومەت ، ئەدی
خێرە ھەتا نووسینی ئەم بابەتەش ھیچ ئاسۆیەکی پێکھێنانی حکومەت
لەئارادانییە؟ ئەی باشە ئەوپێداگرتنەتان بۆ دابەش کردنی پۆست و پلەو
پایە مانای چییە؟
لەکۆتایدا ئەوەندە ماوە بڵێم ئەوەی زەرەر مەندبێت لە دواکەوتنی
پێکھێنانی حکومەت تەنھا خەڵکی کوردستانە نەک حزب و لایەنەکان کە لە
کونی تەسکی بەرژەوەندیەکانیانەوە سەیری بەرژەوەندی خەلکی بەشمەینەتی
ھەریمی بەتەمای خوا دەکەن...،ڵافاوەکەی دوێنێی ھەرێمی بەتەمای خوا
باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە کە خەلکی لە قوڕو چڵپاو
وەردراوی کوردستان بەئاشکرا دەڵێن : ئێمە پێویستمان بە زێرابی
ئاوبەڕێکەرە نەک حکومەتی کار بەڕێکەری چەق بەستوی دزو گەندەڵ...!!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|