١٩\٢\٢٠١٦
حکومەتی قەیران.

ستار محەمەد قادر
حوکمڕانی باش بەخۆبادان لەسەر شاشەی کەناڵەکانەوە نانرخێنرێت، بەقسەی
زل و فووتێکراو ھەڵناسەنگێنرێت، بەڵکو تاقە پێوەرێک کەحکومەت دەخاتە
نێو چوار چێوەیەکەوەو ئەرزشی بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەدامەزراوەیکردنە،
کێشەی حوکمڕانی کورد، لەنەبوونی خواستی بەدامەزراوەیکردنەوە سەرچاوە
ئەگرێت، ئەو ماڵوێرانیە لەوێوە سەرھەڵئەکێشێت، کەبەدامەزراوەیکردن
لەھەموو کابینەکاندا خراوەتە پەراوێزەوە، ھەر کاراکتەرێک لەژیوارو
ئەتمۆسفیری سیاسی ھەرێمی کوردستاندا، کەلەبنەڕەتەوە ھەژموونی حزب سواری
حکومەتەکەی ئەبێت، لەشکست زیاتر، ناکرێت چاوەنواڕی سەرکەوتن بێت، ئاخر
حکومەتێک سیخناخ بێت لەقەیران، بوێری ئەوەی نەبێت مووچەی بن دیوار
ببڕێت، بێت بەناو و تایتڵی سەیرو سەمەرەوە نیو موچە وەکو چارەسەر بخاتە
ئەجێندایەوە، چۆن سەرکەوت و ئەبێت؟
لەشوێن ئەوەی لەدۆخیسَکی وا قەیراناویی و دژواردا، رووبەڕووی حزبەکان
ببێتەوە بەراشکاوی ئەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئاشکرا بکات، کە بار گرانی
حکومەت، قەیرانی سیاسی و دارایی، لەو گەمەیەوە بەرجەستەیە کە حزبەکان
بەداھاتی گشتیەوە ئەیکەن، کەچی حکومەت بێ ئەوەی پەنجە بەرێت بۆ
ھۆکارانەی وا ھەرێمی بەو ئاقارەدا بردووە، دێن نیوە چارەسەر دەکەن
بەمژارو خۆیان لەئاستی راستێکان دەشارنەوە.
ئەم حکومەتە بەر لەوەی نرخی نەوت داببەزێ و ناوەند بوودجەی لێ ببڕێت،
لەماوەی بیست و چوار ساڵی رابردوودا لەقەیراندا بووە، کابینە نیە نغرۆ
نەبووبێت لەقەیران، چونکە ئیرادەی ئەوەیان نەبووە کار بۆ
بەدامەزراوەیکردن بکەن، چونکە خودی خۆیان دوا جاریش حزبەکانیان لێی
سوودمەند بوون.
ئەم دۆخە قەیراناویەی ئەمڕۆ، ئەگەر بەم شێوەیە بۆیان مەیسەر ببێ و ئەم
فۆرمە لەحوکمڕانی وەکو خۆی بمێنێتەوە، کۆمەڵانی خەڵکی زیانی گەورەیان
بەر ئەکەوێت، بەتایبەتی ئەو چینە ھەژارە پەراوێز خراوەی کەئێستا پشکی
شێریان بەرکەوتووە، ئەو چینەی کەخوێنیان دەبوو بە ئاو تا بەسەگە مەرگی
قوتی رۆژانەیان پەیدا ئەکرد، ئێستا لەسایەی ئەم حکومەتەوە بێ نان و بێ
کارن!
ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەقەیران رزگاری بێت، دەبێت ئەم فۆرمە
لەحوکمڕانی گۆڕانی بەسەردا بێت، کۆتایی بەم فەوزایە بھێنرێت کە خودی
خۆیان خوڵقاندوویانە، تا ئەوە نەکرێت، ھەر گۆڕانکاریەک لەرووتووش زیاتر
نیە بۆ مانەوەی ئەوانەی وا ئەم لەسەر دەست و دونیا بینی ئەوان ژیان
گوزەرانی خەڵکی بەم دەەردە گەیشت، جگە لەبەدامەزراوەیکردن، ھیچ
ئەلتەرناتیڤێک ناتوانێ ئەم دۆخە دژوارە بەئاقارێکی راستدا ببات،
بەداخەوە وەکو دەیبینین ھەر ھەموو ھێزە سیاسیەکان خۆیان لەئاست
بەدامەزراوەیکردن دەدزنەوەو پرۆژەکانیان تەنھا بریتین لەئەجێندای حزبی
و بەرژەوەندی خۆیان!
ئەم حکومەتە لەئێستادا، بریتیە لەحکومەتێک کە قەیرانی کرد بەدیاری
دەستی و رێڕەوی نیشتیمانی گۆڕی بۆ ئاوی ئیجەو یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و
سیاسی خستە ژێر پرسیارەوە، ئەم حکومەتە جگە لەحکومەتی قەیران لەبان
قەیران، ناکرێت ھیچ جۆرە ناو و تەسمیاتێکی تر لەخۆی بگرێت!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|