په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٢\٢٠١١

حكومەت لە نێوان پارتی ‌و یەكگرتوودا!


شوان سدیق      


كاتێك كە دەبینی‌ گەنجێك هەڵی كوتاوەتە سەر باڵەخانەیەكی چەند نهۆمی لە بادینان، ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت تەحەداكردنە لە حكومەت، ئەم مەشهەدە كە دەردەكەوێ كورسی لە باڵەخانەیەكی چەند نهۆمی لە پێش چاوی هێزە ئەمنییەكان‌و كامێرامانەكاندا بەردەدرێتەوە. یان چەند بارەگایەكی حزبێكی سیاسی دەسوتێنرێ و وەك پێویست پارێزگاری لێ ناكرێت، ئەو پەڕی سوكایەتی كردنە بەئەمنییەت و ئاسایش و پیشاندانی پشێوی و بڵاوبوونەوەی گرژی و نا ئارامی!كاتێكیش دەڵێم تەحەداكردنی حكومەتە مەبەست لێی دەكرێت، لە چەند روویەكەوە ئیشارەت بەو تەحەدیاتانە بكەین، كە دەكرێنە سەر حكومەتی هەرێم بەتایبەتی لە رووداوەكانی ناوچەی بادینان. لەلایەك هێزە ئەمنییەكان نەیان توانی بەشێوەیەكی باش ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو بازاڕانە بپارێزن لەو پەلاماردانانەی كە زەرەرو زیانێكی زۆریان بە ژێرخانی ئابوری و گەشتوگوزاردا. هەروەها بارەگاكانی یەكگرتووش كە ئەوانیش ئەركێكی گرنگە كە دەبێ حكومەت پارێزگارییان لێ بكات.


بەڵام بەر لەوەی حكومەت رۆڵی بەرچاو بگێڕێ و بێتە سەرخەت، پارتی وەك حزبێكی دەسەڵاتدار لەو ناوچەیە و یەكگرتووش بەوپێیەی بۆتە قوربانی و هێرشی كراوەتە سەرو ماڵا وێران كراوە، ئەم هێزانە كەوتنە یەكتر تۆمەتباركردن. بەجۆرێك هەردوولا گرژی‌و دۆخێكی نالەباریان بەرهەم هێنا لەراگەیاندن‌و بڵاوكردنەوەی بەیانامەكانیانەوە.سەرەڕایی ئەوەی تەنیا رووداوەكانی بادینانمان بەنمونە هێناوەتەوە، دەشێت لە سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی ئیدارەی هەرێم بپرسین ئەگەر بەمانا و مەفهومە گشتییەكە حكومەتی هەرێم، دەتوانێ دەوری دەسەڵاتی جێبەجێ كردن بگێرێت، بۆچی حكومەت ناتوانرێت زەمانەتی ژیانی ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان كاسبكار و گەشتیار بكات؟!


یان ئەگەر قەرارە حكومەت حكومەتی گشتی و حكومەتی هاوڵاتی بوونە، ئەدی بە بەرچاوی ئێوەی حكومەتەوە وەك ئەوەی یەكگرتوو دەیڵێت: هێزێكی سیاسی زۆرینە بەبێ بەڵگە هێزێكی كەمینە سەركوت دەكاو هەڵدەكوتێتە سەری‌و ئاگری لێ بەر دەدات! ئەگەر حكومەت لایەنی جێبەجێكارە بۆچی رێگا بەمە ناگیرێت؟!هەروەها بەقەولی پارتیش گوتەنی بۆ رێگا بەهێزێكی كەمینە دەدرێت بتوانێت یاری و گاڵتە بەهەست و نەستی هاوڵاتیان بكات، یان چەند مەلاو شەخس‌و كەسێك بەڕێگەی گوتار و بانگەشەكانیان شەقام بۆ مەبەستێكی تێكدەرانە و ئاژاوەگێڕی هان بدەن. بێگومان هەموومان باش دەزانین لە كوردستان بەگشتی‌و بەتایبەتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی لەجیاتی ئەوەی حكومەتێكی باڵادەستی حاكم هەبێت، لێرە حزب رۆڵی بەرچاوی هەیە واتە ئەوەندە حزب كاریگەری و رۆڵی هەیە لەهەندێ حاڵەتدا ئەوەی پێی دەگوترێت حكومەت تەنیا دەوری سەیركەر و تەماشاكەر دەبینێت.


بەڵگەش بۆ قسەكان رووداوەكانی رۆژی «2- 12- 2011«ی ناوچەی بادینانە.من بە باوەڕەوە دەیڵێم ئەو كەسانەی لە زاخۆ هەڵیان كوتایە سەر بنكەی مەساج و دوكانی مەیفرۆشەكان زادەی بەرئەنجامی داخراوی كۆمەڵگان. گومانیشی تێدانییە كەسانێك یان هێز گەلێك كە ساڵانێكە وەك شانەی نوست‌و كار بۆ رۆژێكی وا دەكەن، ئەوانیش لەپشت ئەم كارەوەن، چونكە ئەوان ستراتیژی كاركردنی ئیشكردنیان شوڕ دەكەنەوە، بۆ ناو ناخی مرۆڤی ئاسایی و دواتر بۆ ناو گەڕەك و ماڵ و قوتابخانە و تەنانەت مەلەوانگە و شوێنە گشتییەكانیش!پێویستە بگوترێت لە هەولێر بێت یان لە هەڵەبجە و دهۆك‌و زاخۆ ئەوان دەنگی خۆیان دەگەیەنن، بەڵاَم نابێ كەسانی ئازادی خواز و خەڵكێك لەدەرەوەی بانگەشەكانی ئەوان، گوێ‌و مێشك‌و ناخیان تووشی هەستریا بێت، لەبەرامبەر گوتارو دەنگە دەنگ و هاتوو هاواری هەندێك لەو مەلا و بانگ بێژانەی ئەمڕۆ كە وەك بانگخواز و گوتاربێژی حزب لەچەند كێڵگەیەكی جیاجیای سیاسیدا بایەخ بە بانگەشەو نۆرمە ئاینییەكان دەدەن!نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت، ناڕەزایی و خۆ دەرخستنی گەنجان و هاوڵاتیانی دەڤەری بادینان بەو شێوەیەی كە بینیمان، بەبڕوای من سەرەڕایی ئەوەی پاڵنەرێكی دینی و كەلتووری دواكەتوو كۆنەپەرەستانەیان لەپشتەوە بوو لەگەڵ ئەوەش ئەوان تا ئێستا لەڕووی ئازادی رادەربڕین و هەموو ئەو خۆنمایشكردن و دەربڕینە ئازادانەی كە بۆ مرۆڤ گرنگن وەك شانۆكارێك مافی ئەوەیان هەبێ گوزارشت لەهەست و ناخی خۆیان بكەن، لەڕووی كۆمەڵگا و خێزان چ لە سەر ئاستی دەسەڵاتیشدا بە ئازادی ئاشنا نەبوون. بەجۆرێك كەساڵانێكە حزبی كوردی دەسەڵاتدار بەسود وەرگرتن لەمانەوەی خۆی لەسەر كوردسی دەسەڵات هەمیشە كاری بۆ كپ كردن و بێدەنگ كردنی خەڵكی كردووە، بەتایبەتی دەسەڵاَتی ناوچەی بادینانیش كە بە دەسەڵاَتێكی پاوانخوازو داخراو دادەنرێت لەڕووی سنووردار كردنی ئازادی بیروڕاو ئازادی سیاسی.ئەگەر ئەم هێرش‌و كاری ئاژاوە گێڕییانە دەستی مەلاو پیاوانی سیاسی و حزبی لەپشتەوە بێت، لەو راستییە ئاگادارمان دەكاتەوە، كە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا چاوەڕێی بوێریكردنێكی لێ ناكرێت، كە رووبەڕووی ئەم تەحەدیاتانە ببێتەوە، كە گروپ گەڵێكی سیاسی‌و دینی لەكێڵگە كۆمەڵایەتییەكانی خوار خوارەوەی ناو كۆمەڵگادا بەجۆرێك كار لەسەر خۆپیشاندان‌و رژانە سەرجادەی گەنجان‌و هاوڵاتیانی كوردستان دەكەن، بۆ مەرامی نەخوازراوانەی خۆیان!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک