٢٣\٥\٢٠١٧
حکومەت و
چەوساندنەوەی میللەت.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
ئێمەی کورد ھێشتا لە ناو تاریکی و ڕوناکی لە ناو کەوتن و ھەستانەوە
،بەڵام ھەمیشە لەناو خۆخۆری و سەنگەرگرتن لە بەرامبەر یەکتریدا نوقم
بووین ، بۆ ئێمەی کورد سەدەی بیستەم سەدەیەک نییە کە لە پشتمانەوە
بەجێمان ھێشتبێت ، بەڵکو بە شێکە لە ئایندەو بەرەو ڕووی دەچین ، ئاخر
مێژوو زۆرجار دووبارە دەبێتەوە ، وەک ئەوەی کە ئێستا نێوماڵی کورد لە
ناوەڕاستی شەستەکان و نەوەدەکان سەدەی ڕابردوو بێت ، نێوماڵێکی
پەرتەوازەو شەق و شڕو لێکترازاو ،حکومەتێکی فاشیل و ئیفلیجکراوی دەستی
حزب ، کۆمەڵگایەکی چەوساوەو زوڵملێکراو کە تەنانەت مافەکانیشی پێ ڕەوا
نابینن .
نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم کورد پێویستی بە خۆبینین و خۆپێناسەکردن و
خودناسی بوو ، چونکە بۆ کورد ئەو مێژووە مێژووی بنیاتنانی شوناسی
نەتەوەیی بوو ، شوناسێکی مژدەبەخشتر لەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی
بانگەشەی بۆ دەکرد ، جارێ بیست و پێنج ساڵی یەکەمی سەدەی بیستەم
ڕۆژگاری لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەی ئەو چوارچێوە ئاینیی و سیاسی و
کلتورییەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو کە شوناسی ئێمەی کوردی وەکو
میلەتانی دیکە دەست نیشان دەکرد ،ئاخر ئەو شوناسە دینیە کۆمەڵگای کوردی
بە سێنتەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە گرێ دەدا .
بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ھەرجارەو لە سوچێکی
دادەڕما و ھەرجارەی نەتەوەو گروپێک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی
جیادەبونەوەو ماڵی نەتەوەی خۆیان بنیات دەنا ، بەڵام دیسانەوە ژێرخانی
فکری کورد سەرقاڵی بەیعەت دان بوو بە شوناسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ،ئەمە
ئەو دیمەنەیە لەکاتێکدا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ساڵانی لە دایکبوونی
خەون و خەیاڵ و پرۆژەی تازە بوو ، ساڵانی ھاتنە کایەی جیابونەوەی
شوناسی نەتەوەیی بوو لە شوناسە دینیەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، بەڵام
نوخبەی سیاسی کوردی ئۆتۆنۆمی لە جیابونەوەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی
بەلاوە گرنگتر بوو .
بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم وێنەکە دەگۆڕێت و چونکە دەوڵەتی
پۆست کۆلۆنیاڵ لەدایک دەبێت ، واتە دەوڵەتی حیزبۆکراتی شمولی سەربازی ،
کورد لە خەمی پاراستنی شوناسی کوردبوون و بەردەوام بەخشینە بە رۆحیەتی
بەرگری و شۆرشو خەباتی چەکداری ، لێرەوە چارەنووسی کۆمەڵگاشی پێوە
گرێدەدرێت و بەشێکی زۆری توانا و ھێزو وزەی مرۆیی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا
دەبات ، مەبەستم لەکەدارکردنی خەباتی چەکداری و شۆڕش نییە ، بەڵام لە
ئاستی ستراتیژدا خەباتی چەکداری و شۆرشی شاخ زیانی بە شوناسی نەتەوەیی
کورد گەیاندووە ، لە ھەندێک دۆخدا ڕێگر بووە لەبەردەم دروستبوون و
بنیاتنانی ڕەگەزەکانی نەتەوایەتیدا ، خەباتی چەکداری و شۆڕشی شاخ ئەگەر
بە دیوێکدا قەڵغان بووە بۆ پاراستن لە شوناسی کوردبوون ، بەڵام بە
دیوەکەی تردا کوردی گەڕاندەوە بۆ قوناغی سەدەی نۆزدەھەم و سەرلەنوێ
بەرھەمھێنانەوەی پێکدانانی چەکداری و شەڕی کورد کوژی لە نێوان ھێزە
کوردییەکانی ئەو سەردەم و قۆناغە .
کەواتە مێژووی شۆڕشی شاخ و چەکداری ھێزە کوردییەکان لە ناوەڕاستی
شەستەکان و نەوەتەکان وێنایەکی لێکچووی مێژووی ئیمارەتە کوردییەکانی
سەدەی نۆزدەھەم و ئەوەی ئێستاش دەیبینین لە ھێزە کوردییەکان
دەرھاویشتەو گەڕانەوەیە بۆ ھەمان عەقڵ و ئایدۆلۆژیای ناوەڕاستی
شەستەکان و نەوەتەکانی سەدەی بیستەم .
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|