په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٥\٢٠١٣

''حنکە دویج ئەلزوبێدی''ی ئەوان و تەیموورەکەی ئێمە.


هەورامان عەلی     


تاوانی ئەنفالکردنی خەلکی کوردستان ، تاوانێکە هێندە گەورە و تراژیدیە ، برواناکەم هیچ پێنوسێک ، هیچ دەربرینێک بگاتە ئاستی گەورەیی ئەو تاوانە . دەلێن لەو تاوانە گەورەیەدا ١٨٢ هەزار کەس لە ناوچون ، هەر چەندە من پێم وایە ژمارەی قوربانیەکان زۆر لەوە زیاترە، بەلام با وای دابنێن تەنیا ١٨٢ هەزار کەسمان لەو هەلمەتە درندانەیەدا لەناوبراون ، ئەمە یانی دوو هێندەی ئەو ژمارەیە تاوان بار هەن لەم ولاتەدا کە راستەوخۆ بەشداریان لە کوشتنی ئەو خەلکەدا کردوە، کە تا ئێستا ئەوانەی دادگایی کراون ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەر ناکات ! دەلێن پاش ئەوەی بە پاس و جۆرەها ئوتۆمۆبێل قوربانیەکانیان دەهێانیە قەراخ ئەو چالانەی پێشتر هەلکەندرابون ، قوربانیەکانیان گولەباران دەکردن و فرێیان دەدانە چالەکان و بە شۆفل دایان دەپۆشین !با بپرسین ، ناو و چاوپێکەوتنی چەند شۆفێری ئەو شۆفلانەمان لایە کە ئەو چالانەیان هەلکەندوە؟! ناو و چاوپێکەوتنی چەند شوفێری ئەو ئۆتۆمۆبیلە سەربازی و مەدەنیانەمان لایە کە قوربانیەکانیان لەم زیندان بۆ ئەو زیندان ، لەم سەربازگە بۆ ئەو سەربازگە گواستوەتەوە؟! ئەگەر ئێمە لەو پرۆسە نەگریسەدا کە ناونرا نەنفال ، ١٨٢ هەزار مرۆڤمان لەداست دابێت ، ئەوا ١٨٢ هەزار چیرۆکی واقعی ، حیکایەتمان هەیە کە دەبێت بیانوسێنەوە و نەوەکانی داهاتومان ، وەک ناوی خۆیان لەبەریانبێت! ئەوە بەشێکە لە بە دێکۆمێنتکردنی تاوانی ئەنفال ، تا ئەم تاوانەش وەک هەزارەها تاوانی تر لەمێژوماندا ون نەبێت. کەوایە با چیرۆکەکانی ئەنفال بنوسینەوە، ئەمەی خوارەوە یەکێکە لەو چیرۆکانە.

بەهاری ئەو سالە شوومە ( ١٩٨٨) کە هەلمەتەکانی ئەنفال لە گەرمیان دەستی پێکرد ، مالی تەیموور بە هەر دەردی سەریک بوو خۆیان گەیاندە کەلار، ئەوکات تەیموور هێشتا مێرمندالێک بوو تەمەنی نەگەیشتبویە دەسال ، دوای چەند رۆژ لە کەلار دەزگا سیخوریەکانی رژێم پێیان دەزانن و لەگەل چەند خێزانی تر دەسگیریان دەکەن و رەوانەی زیندانی تۆبزاوای کەرکوکیان دەکەن ، دوای سی رۆژی پر لە تاوان و درندەیی نێرو مێ جیا دەکەنەوە و مندال و ژنەکان بە ئۆتۆمۆبێلی گەورە رەوانەی بیابانە لماویەکەی سەماوەیان دەکەن ، تا بەکۆمەل گولەبارانیان کەن ، تەیموور دەلێ: پێش ئەوەی بگەینە قەراخ چالەکانی مەرگ ، هەر لە نێو ئوتومبێلەکاندا چەندینیان لە تینوێتیدا خنکان و مردن!

گەلابەکان گەشتنە شوێنی دیاری کراو ، زەرەدەپەری ئێوارەبوو،خۆر پەلەی بوو، لەئاسۆیی ئەو بیابانەدا باوەشی کرد بە زەوی دا ، تا بە چاوی خۆیی مەرگی ئەو مندال و ژنە گەرمیانیان نەبینێت! ، لە نێو گەلابەو ئوتومبێلەکاندا دایان بەزانن ، فرێیان دانە ناو چالەکان و درانە بەر دەسرێژی گولە ، هاواری ژن و مندال و دەنگی شریخەی گولە لەو بیابانەدا تا جەند کیلۆمەترێک دەبیسترا، لەو کۆمەلەی پێکەوە گولەبارانکران تەیموور بچوکترینیان بوو ، دایکی و خوشکەکانی لەملاو لەو لایەوە بوو، کەوتن بەسەر یەکدا گولەیک جەستەی ناسکی تەیمووریشی بری، لە نێو ترسی مەرگ و خوێنی خوشک و دایک و ناسراوەکانیدا ، ئەمیش خۆییکرد بە مردو ، تا قارەمانەکانی قەعقاع دەستیان لە گولەباران هەلگرت و دور کەوتنەوە .

لە شەوێکی سامالی بیاباندا کە تریفەی ئەستێرەکان لە چراخانی ئاسمان دەچوو ، تەیموو لە نێو لاشەی ئازیزان و ئاشنایانیدا بەسکە خشکی دورکەوتەوە ، ئەو لەتاو ئازاری جەستەی و لە ترسی مۆتەکەی مەرگ کە ئێوارە بینیبووی قورگی وشک بوبو، نازانم چەندی پێچوو ، چەند کیلۆمەتر رۆشتبوو تا ئەم مندالە گەرمیانیە لەو بیابانە چۆلەدا تارماییەکی بەدی کرد ، تارمایکی رەش کە سەگێک بوو ، کەوتە وەرین ، سەگی مالی پورە " حنکە"

حنکە: حسێن کورم بزانە ئەو سەگانە بۆ دەوەرن؟!
حسێن: دایکە مندالێکە و دەگری!

پورە " حنکە" ژنێکی دەوارنشینی نەخوێندەوار بوو لەو بیابانەدا ، سەرمایەکەی چەند سەر ئاژەل و سەگێکی رەش و دەوارێکی رەش و لە سەردەم و ولاتێکی رەشدا لە دایک بووبوو ، بەلام خاوەنی دل و دەرونێکی سپی و ساف وەک سامالی ئاسمانی ئەو بیابانە . لە نێو ئەو هەموو دلرەقی و درندەیی و خوێن رێژیەدا ، ئەم فریشتەیە باری بەسەر تەیمووردا !، وەک هەر دایکێکی دلسۆز تەیمووری لە ئامێزگرت ، بەپەلە جلەکانی لەبەرداکەندو ، جلە کوردیە خوێناویەکانی سوتاندا ،تا سیخور و ئینسان خۆرەکانی بەعس نەیناسنەوە ، وەک مندالێک کە لە ئامێزی خۆیی چاوی بەژیان هەلهێنابێت، پاکی کردەوە ، شتی ، برینەکانی بۆ تیمارکرد..... ئەو دەیزانی گەر جەلادەکانی بەعس بەم کارەی بزانن ، نەک هەر خۆیی بەلکە سەرجەم خێزانەکەی بە دەردی خێزانەکەی تەیموور دەبەن.

تەیموور گێرایەوە:


ئەو شەوە ترسناکە، تابەیانی نەمن خەوتم و نەدایە حنکەم، ئەو منی لەباوەشگرتبوو ، ئارام ئارام دەستە نەرم و شلەکانی دەهێنا بەسەر و پشتما ، جاروبار روی دەکرد بەو دیوا تا فرمێسکەکانی بسرێت! زۆر شتی دەوت ، من تەنیا لە ئامێزە گەرمەکەی دەگەشتم ، لە چاوەکانیا خۆشەویستی دەباری ،هیچ کاتێک وەک ئەو شەوە من پێویستم بە باوەشێکی گەرم و پر لە سۆزی لەو جۆرە نەبوو ، ئاخر هێشتا خوێنی دایکم و خوشکەکانم وشک نەبوبونەوە ، کە جاوم دەنوقان دەهاتنەوە بەرچاوم ، دەلەرزیم و زوو چاوم دەکردەوە تا چاو ببرمە نێوچاوی دایە حنکە ....بەیانی زوو بردمی بۆ گوندی ( عیشم) لەوێ دەرمانیان بۆ هێنام و زامەکانیان تەداوی کردم ،، وردە وردە فێری عەرەبیانکرد م،.... لەو رۆژەوە بومە ئەندامێکی تایبەت و خۆشەویستی ئەو مالە ، بیرم ناچێت ئەوان هەمیشە لە دلە راوکێدا دەژیان ، نیگەرانی ئەوە بون کە رژێم و دارودەستەکەی پێیان بزانن ، بەلام زۆر باش توانیان نهێنیەکانی من بشارنەوە..

سەرانی ئەو رژێمەی من و خێزانەکەم و سەدان هەزار خێزانی تری ئەم ولاتەیان بەو دەردە برد ، ئێستا لە زبلدانی مێژودان . من و دایە حنکە ماوین تا مێژووی رەشی رابردو بۆ نەوەکانی سبەی بگێرینەوە و ئەم پەیامەش بە گوێ مێژوودا بدەین، کە لەو شەوەزەنگە تاریک و پرلە تاوانەی بیابانی عێراقدا خۆری دایە "حنکە "ش هەبوو.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک