٩\١١\٢٠١٤
ھیشام زەمان
''خەڵاتی مرواری''ی رەشیی فیستیڤاڵی فیلمی ئەبوزەبی بەسەر
سەرکەوتوواندا دابەشکرد.
مەنسوور جیهانی
بە
ناوبژیوانی سینەماکاری کورد "ھیشام زەمان"، خەڵاتی مرواری ڕەشیی
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات
بەسەر سەرکەوتوواندا دابەشکرا.
بە ناوبژیوانی سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویج "ھیشام زەمان"
و چەندین سینەماکاری دیکەی جیھانی، خەڵاتی مرواری ڕەشیی بەشی پێشبڕکێی
فیلمە ئیماڕاتییەکانی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
ئەبووزەبی، لە ھۆڵی کۆشکی ئیماڕات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕاتی
یەکگرتووی عەڕەبی بەسەر ھونەرمەندانی سەرکەوتوودا دابەشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکانی
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتی بوون
لە: "فەرید بێنل یەزید" ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە وڵاتی مۆراکۆ،
"ئیبراھیم ئەلحەساوی" ـ ئەکتەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی سعوودییە،
"فاتیمە ئەلریمەیھی" ـ بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە وڵاتی قەتەر،
"عەبدوڵڵا ساڵح" ـ ئەکتەر و دەرھێنەر لە وڵاتی ئیماڕات و "ھیشام زەمان"
ـ دەرھێنەر لە وڵاتی نەرویج، دوای بینین و ھەڵسەنگاندنیی فیلمەکانی ئەم
بەشەی فیستیڤاڵ، خەڵاتی نەقدی و تەندیسی مرواریی ڕەشیان بە
سینەماکارانی براوەی بەشە جۆراوجۆرەکان فیستیڤاڵ پێشکەش کرد، لەوانە:
بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە چیرۆکییەکان"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە
چیرۆکییەکانی قوتابیانی سینەما"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە
دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی
قوتابیانی سینەما".
ھەر لەم فیستیڤاڵەدا فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" نوێترین
بەرھەمی "شەوکەت ئەمین کورکی" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە
ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی کورد
"مەمەد ئەکتاش" و "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری
پارێزگای دھۆک، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی چووە سەر پەردەی سینەماکان و توانی خەڵاتی
مرواریی ڕەشی باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
"شەوکەت ئەمین" دوای وەرگرتنی خەڵاتی مرواریی ڕەشی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی
عەڕەبییدا ئەم خەڵاتەی پێشکەش کرد بە یادەوەری شەھیدان و قوربانیانی
شەڕ دژی گرووپی تیرۆریستی داعیش و بە تایبەت منداڵانی شەھید و قوربانی
ئەم کارەساتە و ھەروەھا خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە داعیش.
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە
بەڕێوەبەرایەتیی "عەلی ئەلجابری" و بە نمایشی ١٩٧ فیلم لە سینەماکارانی
٦١ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی،
لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی
پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی "نمایشی سینەمای
جیھان"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی
پێشبڕکێی "فیلمە ئیماڕاتییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "چاودێری لە منداڵان"،
بەشی "نمایشی تایبەتی کۆمەڵە فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری سینەمای
جیھان فڕانسوا تڕۆفۆ" و بەشی "نمایشی فیلمە کلاسیکییەکان" لە ڕۆژانی
٢٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر تا ١ی تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە ھۆڵی
گەورەی کۆشکی ئیماڕات و ھەروەھا ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری
ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|