په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠٢٠

ھیواکانیان لە دەستدا و نەبوون بە سەرۆک کۆمار.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

تا بنەماڵەو خێڵ بمێنێت ھەژارو چەوساوەکان ئاسوودەیی نابینن.

 

لە سەردەمی پیلان و کودەتا سەربازییەکانی ناوچەکانی عەرەب ژمارەیەک خاوەن دەموچاوی دێزو بڵح و ناشیرین لە خەڵکی مەدەنی و سەربازی پەیوەست بە بیری خێڵەکی دواکەوتوو کە ئاررەزوو لە ستەم و دەستبەسەرگرتنی دەسەڵات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و دزیی و دابەشکردنی پلەو پایەو بەرپرسیارێتییە باڵاکان بە سەر کورو براوو خزم و دەستوپەیوەندییەکانیان ئەکەن و بۆ جێگرەوەی خۆیان ھەوڵ ئەدەن کورەکانیان رابێنن و ئامادەیان بکەن دەسەڵات بگرنەدەست ولەلای ئەوان میرات لە ژیانی گەلان و وڵاتان گرنگترەو بیریان لەوە نەکردووەتەوە رۆژێک دێت کورسی دەسەڵات وبیری بۆگەنی میرات لە ناو ئەچێت و ھەموو شتێک ئەبێتە موڵکی گەلا ن و پر بە گەروو ھاواری ئازادی و دیموکراسییەت ئەکەن روحییەتی خێڵکی رەتئەکەنەوەو بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مرۆڤدۆستی بەرەو پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی.


ژیان لە بیابان و دورگەی عەرەبی دژوار بوو، بەدووەکانی لێبوو، ئەوان بەشیێکی گەورەن وبڵاوبوونەتەوە بە تایبەت لە باکوری دوورگەی عەرەبی و، ژینکەی بیابان ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ رەخساندون و، ھەر ھەموویان لە ژێر ھەژموونی خێڵن وتەنھا بنەماڵەو خێڵ ئەناسن وکۆمەڵگاکەیان، کۆمەڵگای خێڵ و خێوەتە و، بەدووکان خەڵکی بیابانن و شوانی عەرەبی گەرۆکن و لە خێوەت ولە سەر بەخیوکردنی حوشترو مێگەل و وڵاغ ئەژین و، بە دوای ئاوو لەوەر ئەگەرێن وجێ بە خۆیان ناگرن و، خێل کۆمەڵێک خەڵکن سەر بە یەک بنەچەن و ، خێڵ لە ھەموو جیھان ھەیەو ھەندێکیان لەناو چوون و بەشێکیان چوونەتە ناو کۆمەڵگەی شارستانی و، بە زۆریی لە دوورگەی عەرەب و بیابانی سوری و رۆژئاوای عێراق وئەردەن و فەلەستین و بیابانەکانی باکوری ئەفریقیا ئەبینرێن.


خێڵ لە کۆمەلێکی گەورەی بنەماڵە پێکدێت و خزمایەتی بەیەکیانەوە ئەبەستێت و زوربەیان سەر بە یەک باپیرەن و، ھەوڵئەدەن کورو نەوەکانیان ببنە خاوەن بەرژەوەندی بەبێ ئەوەی گۆی بدەن بەو مرۆڤەی کە بارودۆخێکی گونجاوی بۆ ژیانێکی کامەرانی ئامادە کردو، خێڵ ھەوڵئەدات ھەرچی کاروبارە بدات بە کەسانی خۆیان و، ھەلیان بۆ بدۆزێتەو تەنانەت نەزان و بێ ئەزمونیش بن و، بەوەش رۆڵی خەڵکانی تر پێشێل ئەکەن بۆ ئەوەی ببنە پاشکۆی ئەوان.


خێڵ و بنەماڵە جاروبار پەنا ئەبەنە بەر بەکارھێنانی دڵرەقی لە گەڵ خەڵک { گەل} بە گشتی و لە گەڵ دۆژمنان بە تایبەتی و، ئەگەر سامان وھێزی گەورەی ھەبێت روو لە بەکارھێنانی توندوتیژی ودڵرەقی ئەکات و لە کۆتاییدا براوە ئەبێت و، دەسەڵاتێکی زاڵمانە پێک ئەھێنێت و ھەمیشە سڵ لە گەل ناکات و، ھەردەم ئامادەیە زوربەی گەل لەناو ببات بۆ مانەوەی لە سەر دەسەڵات و، باشترین نموونە لە عێراق و میسرو لێبیاو یەمەن روویداو، لەمرۆشدا لە سوریاداو، لە ھەمووی سەیرتر خێڵە بەتواناکان حزب دائەمەزرێنن و روو لە ژیانی سیاسی ئەکەن و. گێبرکی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەت ئەکەنو، ولاڤ و گەزاف لێئەدەن گوایە حزبەکانیان دیموکراتییە و، لەم رێرەوەدا خێڵی واھەیە سەرکەوتنی بەدیھێناوەو حکومەتی پێکھێناوەو دەستی بەسەر ھەموو جومگەکانی ژیان گرتووە.


خێڵەکان و حزببەکانی خێڵەکی کاتێک حکومەت پێکئەھێنن بە دەستێکی ئاسنین جومگەکانی دەوڵەتئەخەنە ژێر رکێفی خۆیان و، زۆر جار ئەو دەوڵەتە زاڵمان ئەبێت چونکە بە دەست تاکە کەسێکە یان گروپێک لە خەڵکی خوا پێداو ( نوخبە Elite ) و ، ئەوانەی ماونەتەوە ( کورانی گەل) کۆێلەن وئەبێت فەرمانەکانی خێڵەکە بەبێ بیرکردنەوە جێبەحی بکەن و، لە ھەمووی خراپتر بنەماڵە یان خێڵی حوکم بەدەست روو ئەکەنە میراتی سیاسی واتە لە پاش باوک کورەکەی یان کورزاکەی و کورە مام و خزمەکان جێێ ئەگرنەوە.


وراسەت (Genetics ) لە دێر زەمان رەواڵەتێکی وابەستەیە بە خەلیفەکان و پاشاکان و پیاوە گەورەکان ودوقەکان و شاھانشا و ، کاتێک شایەک ( مەلێک) ئەروات و شازادە جێی ئەگرێتەوە و ئەبێتە شا و، لە جیھانی عەرەبیدا شۆرشەکان و کودەتای سەربازی و پیلانەکان شاکانیان راماڵی و کۆمارەکان سەریان ھەڵدا وەک لە میسرو عێراق و لێبیاو یەمەن و شوێنی تر روویاندا ، لە میسر محەمەد نەجیب سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش ھات و، لابراو خرایە ژێر چاودیری و، جەمال عەبدولناسر ھات و، لە پاش ئەو ئەنوەر ئەلسادات بۆ بە سەرۆک و لە پاش کوشتنی لە کاتی ئامادەبوونی نمایشێکی سەربازی بە بۆنەی جەنگی ئوکتۆبەرەوە ، محەمەد حوسنی موبارەک بۆ بە سەرۆک کۆمار ( ١٤ ئوکتۆبەری ١٩٨١ ــ ١١ ی فیبریوەری ٢٠١١ و، ٣٠ ساڵ حوکم) و، لە عێراق عەبدولکەریم قاسم ھات و پاشان حکومەتی بەعسییەکان لە پاش پیلانە شومە رەشەکەی ٨ ی شوبات ــ فیبریوەری ١٩٦٣ عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و سەدام حسەێن ) ١٩٧٩ ــ ٢٠٠٣ ــ ٢٤ ساڵ ) و لە لیبیا موعەمەر ئەلقەزافی ( ١٩٦٩ ــ ٢٠١١ ــ ٤٢ ساڵ) و لە یەمەن عەبدوڵلا سەلال ١٩٦٢ ، عەبدولرەحمان یەحیا ئەلئەریانی ، ئیبراھیم محەمەد ئەلحەمدی و، ئەحمەد حسەین ئەلغشمی وڵە کۆتاییدا عەلی عەبدوڵلا ساڵح ( ١٩٧٨ ـــ ٢٠١٢ ، ٣٤ ساڵ).


لە سوریا حافز ئەلئەسەد بۆ بە سەرۆک کۆمار ( ١٩٧٠ ــ ٢٠٠٠ ، ٣٠ ساڵ) و، لە پاش حافز لە شانوگەرییەک و گاڵتەجارییەک دەستووریان گۆری و تەمەنی سەرۆک کۆمار لە ٤٠ ساڵ کرا بە ٣٤ ساڵ بۆ ئەوەی لە گەڵ تەمەنی بەشار ئەلئەسەد بگونجێت و بوو بە سەرۆک کۆمار لە ( ٢٠٠٠ تا ئێستا ـ ٢٠) ساڵ.


سەرۆکە عەرەبەکان بە ‌پێی بێ مێشکیان لەو باوەرەدان مانەوەیان پێویستە و، خاوەنی ئەزمونی حوکم بەرێوەبردنن و لە بەر ئەوەش کۆدەتایان کردووە یان خوا ھەڵیانبژاردووە ببنە حاکم و، مانەوە لە سەر دەسەڵاتی حوکم ئامانجی بەرزو گرنگیانە و، لە پێناو ئەم ئامانجە قیزوەنە توندوتیژی و داپڵۆسین وسیاسەتی داری ئەستور ( کوتەک) یان دژ بە جەماوەرو گەل بەکارھێناوەو، کەوتنە راونانی نیشتمانپەروەران و پێشکەوتنخوازان ، ئەوانەی داوای دیموکراتییەت و ئازادی ئەکەن و، گرتن و زیندانیکردنیان لە زیندانی ترسناک و ھەڵسان بە شێوەیەکی فاشیستیانە بە ئەشکەنجەدانیان بە مەبەستی شکاندنی شکۆو تواناو ئێرادەیان ومل شۆرکردن بۆ داخوازییەکانیان وپاشان کوشتنیان بە شێوازێکی نەفرەتلێکراوو بەبێ دادگایکردن و، سەرەرای ئەو ھەموو کردەوەو نەھامەتیانە بە ئاشکەرا نان و قووتی گەل ئەدزن و باجدان بەسەریان فەرز ئەکەن و، ئارەزووی گرنگیان ئەوەیە نژادێکی نوێ و بنەماڵەیەکی نوێ پێکبێنن و، بە گوێرەی بیرکردنەوەی خێڵەکی و مۆرکی لە سەر رژێمەکانیان کە بە کۆدەتای سەربازی ھاتوون و چۆنییەتی کارکردنیان روو لە میراتی سیاسی ئەکەن و ەک مەرجێکی سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی رژێمە دوور لە دیموکراتییەکەیان و ھەرچی پەیوەندارە بە خێڵەوە بەرەو ھەمان میراتی سیاسی ئەروات.


چیرۆکی وەراسەت ( میرات) و ھەمیشەیی لەلای گەڵی عەرەب و ئەو گەلانەی لە نزیکیانەوە ژیاون ھەر لە کاتی جاھلییەت و ھاتنی خەلیفەکان و دروستبوونی خێڵ و بنەماڵە لەلایان چەسپیوەو ئەم جیروکە رەگی قووڵی لە ناخیان داکوتاوەو خەسڵەتێکە لایان تا ئەمرۆ ماوەتەوەو، زوربەیان بە دوای کورسی دەسەڵات رائەکەن و، ھەندی لە عەربەکان لە پێناو کورسی حوکم ( تاج و تەخت) عەقڵ و کەرامەتیان لە دەستداوەو، بو نموونە شیخ حەمەد کوری خەلیفە ئال سانی ئەمیری قەتەر بابی شیخ خەلیفە لە سەر کورسی دسەڵات لابردو ناچاریکرد لە ساڵی ١٩٩٥ بەناوی پیشوو وڵات بەجێبھێڵێت بەرەو ئەوروپا.

سەرۆکی سوریا حافز ئەسد پێش مردنی توانی کوڵەکەی وەراسەت داکوتێت و دەسەڵاتی حوکم بدات بە دەست بەشار ئەسەدی کوری و، ئەوەش بەبێشک مانای ئەوەیە زوڵم و زۆریی رەگی بەھێزی لە ناو کەسایەتی تاک ھەیە لە خۆشەویستی خودو خێزان و درێژەدان بە حوکم دژ بە ئارەزوو خواستی جەماوەری گەل و بەکارھێنانی سیاسەتی ئازاردان و لەناوبردن وتیرۆرکردنی ئەوانەی داوای ئازادی و دیموکراسی ئەکەن و، زوڵم وستەم ھەموو سنورێکی بری و کەوتنە گاڵتە پێکردنی گەلانی ژێردەستەیان و، وراسەتی سیاسی کورو کورەزاو نەوەکان بە بێ رای گەل ئەگرێتەوە و، حوکمی بەعسی عەرەبی لە سوریا وەک حوکمی بەعس لە عێراقدا، حوکمی تاکرەویی بوو ( خواستی) گەلی بەدینەھێناو، لە گەڵ پێداویستییەکانیان جۆشیان نەخواردووەو، لە سەر بیدەنگیکردنی دەنگەکانی ترو قەدەغەکردنی ئۆپۆزسیۆن و تەزویرکردنی ھەڵبژاردنەکان و سنوردارکردنی راگەیاند رەفتاریان کردووەو ، بۆ ئەوەی رژێمی کۆماری سەرکوتکەر ببێتە مۆڵکی تەواوی بنەماڵەی خاوەن دەسەڵات و یاوەرەکانی و، بۆ ئەوەی داپڵۆسین و گەندەڵی و خزمخزمێنە پەرەبسێنێت.


دیکتاتۆر سەدام حسەێن بایەخی زۆری بە ھەردوو کورە شەرئەنگێزەکەی عودەی وقوسەی لە پێناو ئامادەکردنیان پلەو پایەی باڵا وھەستیاری دەوڵەت بگرنەدەست و، یەکەمیان ھەرچەندە ئیفلیج بوو فەرماندەی فدائی ( خۆبەختکران)ی سەدام بوو، ھەروا بەرپرسی ئەم کارانەش بوو: راگەیاندن و رۆشنبیری و وەرزش و، دووەمیان ( قوسەی) جێی دەستخۆشی وستایشی باوکە دیکتاتۆرەکەی و تاقمی درۆو دەلەسەو زۆرناژەنەکان بەناوی سەرکردایەتی عێراق بوو !!، قوسەی بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیحزبی بەعسی لە گۆرنراوو یاریدەری فەرماندەی گشتی سەربازی و، سەرپرشتیاری ھێزەکانی گاردی کۆماری ( الحرس الجمھوری) و، سەدام حسەێن زۆر بایەخی بە قوسەی داو، بە ھەموو رێگاو شێوەو شێوازێک ھەوڵیدا جومگە ھەستیارو باڵاکانی عێراق بگرێتەدەست و، لە کوتاییدا ببێتە خەلیفەی خودی خۆی وەک سەرۆک کۆمارو وەک داب و نەریتی ھەموو رژێمە دیکتاتۆرییەکان.


بۆ کۆپێکردنی رێکاری بەعسییەکان لە میراتی سیاسی و، لە سەر ھەنگاوەکانی حافز ئەسەدو سەدام حسەێن ئەم سەرۆکانە : حوسنی موبارەک ، موعەمەر ئەلقەزافی و عەلی عەبدوڵلا ساڵح کەوتنە بایەخدان بە کورەکانیان و ئامادەکردنیان بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆک کۆمار لە سەر رێوشوێن و تەرزی بەشار ئەسەدو جێی باوکیان بگرنەوەو ئەوان( سەرۆکەکان) بە ھۆی مانەوەیان لە سەر کورسی دەسەڵات ھێلاک بوون و "" خزمەتێکی"" زۆریان پێشکەش بە خەڵک کرد ( راونان و تێھەڵدان وگرتن وکوشتن ) و، شایانی باسە ھەر سەرۆک کۆمارێک حزبێکی سیاسی ھەبوو و، حوسنی موبارک خاوەنی حزبی نیشتمانی دیموکراتی بوو بایەخیدا بە کورە بچکۆلەکەی جەمال الدین محەمەد حوسنی سەید موبارک و، زۆر بە ھێز ھاتە سەر گۆرەپانی سیاسەت وەک خەلیفەی باوکی ناویدەرکرد بەڵام شۆرشی گەلی میسر لە ٢٥ شوباتی ٢٠١١ لەکاریخست و، موعەمەر ئەلقەزافی سەرۆکی کۆماری لێبیای مەزن بایەخیدا بە سیف ئەلاسلامی کوری کە لە کومەڵەی "" مافی مرۆڤ "" کاریئەکردو بە ھۆی راپەرینی لیبیاوە نەیتوانی بچێتە پێشەوەو لە ١٩ تشرینی دووەم / نۆڤەمبەر ٢٠١١ گیراو چەند پەنجەیەکی دەستیان بری بەڵام سەرۆکی خێڵ و خاوەن خنجەر عەلی عەبدوڵلا ساڵح خاوەنی حزبی موئتەمەری میللی گشتی زۆر بایەخیدا بە کورەکەی ( عەمید ئەحمەد) فەرماندەی گاردی کۆماری و ھێزی تایبەت.


کوری سەرۆکەکان : قوسەی سەدام حسەێن ، جەمال حوسنی موبارک، سیف الاسلام القەزافی و ئەحمەد عەلی عەبدوڵلا ساڵح بێ شانس بوون و ھیوایان نەماو نەبوون بە سەرۆک کۆماری عێراق و مێسرو لێبیاو یەمەن و، یەکەمیان قوسەی کوژراو، دووەم وسییەم جەمال و سیف ماوەیەک لە زیندان بوون وچوارەم ئەحمەد کرا بە باڵوێزی یەمەن لە ئیمارات.


لیرەدا ئاماژە بۆئەو حزبانە ئەکەێن کە بروایان بە وەراسەتی سیاسی ھەیە و وەک شێوازێک لە سەری ئەروات و تێئەکۆشێت لە پێناو بتەوکردنی و گواستنەوەی حزب بۆ حزبی خیزان و ھۆزو بنەماڵەو خێڵ و قەوارەکەی بەشی سەرۆکی حزب و کورەکانی و براکانی و خزمەکانی و دەستوپەیوەندەکانیانی ئەکات و، ئەمانە بە نەخوێندەوارو نەزان و جاھیلەکان دەستبەسەر جومگە زیندوەکان ئەگرن و، بواری کەس نادەن بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنەکان و، ئەمان ( سەرۆک وکورەکانی) ئەیانەوێت ئەوان (گەڵ) گوێ رایەڵ بن و کرنووشیان بۆ ببەن وچیی ھەیە بۆ خۆیانی ببەن و، ئەتوانین بڵێن ئەمانە ( نوخبە ــ کاکڵە) دیکتاتۆرییەتی خێزانی چەپەڵ بە بوونی تاکە کەسێک لە سەرکردایەتی حزبەکە بۆ ماوەیەکی دوورو دریژ یان تا لە ژیاندایە دروست ئەکەن و، تووشی بێ عەقڵی و دۆگماتیزم ئەبێت و لە زەلکاوی بیری بۆگەن ئەژیت و،خۆی بە سیاسەتمەدارێک کە کەس شان لە شانی نادات دائەنێت و، دەستوپەیوەندەکانی دەورو پشتی باز ئەدەن بۆ گەندەڵی و خواستی یەکەم وکۆتاییان دزی و گەندەڵی و دژایەتی جەماوەرە بۆ ئەوەی ژیانیان پر لە خۆشی و خاوەن توانا بن.


٢٧\٥\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک