په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٧

حیزبەکانی جوانکاریی یان دژایەتیی شیوعییەت.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


لە پاش بڵاوبوونەوەی {مانیفێستی کۆمۆنیست} لە ساڵی ١٩٤٨ دوژمنان و ناحەزان و نەیارانی شیوعییەت سەریانھەڵداو ھەر زوو دەستیان کردبە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی ھیچ و پوچ و لەپاش سەرکەوتنی شۆرشی ئۆکتۆبەری مەزن لە ساڵی ١٩١٧ و سەرکەوتنی سوپای سوور لە جەنگی دووەمی جیھانیدا بۆگەنەکانیان کە لە ناخیانەوە ھەڵئەقوڵا زۆرتر تەشەنی کرد و دۆژمنان قەت بێدەنگ نەبوون.

دوژمنان لە تاکە کەسەوە پەرەیانسەند بۆ کۆمەڵ و وڵاتان و، نەخشە و پلانیان بۆ دژایەتی شیوعییەت دارشت و، بۆ ئەو ئەرکە گڵاوانە رادیۆو تەلەفزیۆن و تەکنۆلوجیای راگەیاندنیان بەکار ھێنا، لە پاڵ جەنگی دەروونی و راونان و گرتن و ئازارو تێھەڵدان و زیندانی کردن و کۆتایھاتن بە ژیانی شیوعییە تێکۆشەرەکان و خەڵکی ئازادیخوازیو پێشکەوتنخواز.

پێش ماوەیەک (کیفاح مەحمود کەریم) راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی وتارێکی بە زمانی عەرەبی و، بە ٣ بەش لە ماڵپەری ئێلاف لە ژێر ناونیشانی (احزاب الزینە - حیزبەکانی جوانکاریی) بڵاوکردەوەو، خالید گەردی وتارەکانی وەرگیراوەتە سەر زمانی کوردی و، کیفاح مەحمود کەریم لەو وتارانە تانەو تەشەر لە حیزبە سۆسیالیستەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئەوروپا ئەدات و، پاشان باسی حیزبەکانی جوانکاریی ئەکات، باسی ئەو حیزبانە ئەکات کە رژێمی حیزبی بەعسی عەرەبی لە عێراقدا دروستیکردن و لەوانە: حیزبی‮ ‬دیموکراتی‮ ‬کوردستان و حیزبی‮ ‬شۆرشگێڕان و بەرەی‮ ‬ئازادی‮ ‬کوردستان بەبێ ئەوەی باسی خاوەنەکانیان بکات ( ھاشم ئاکرەیی و مەلا ماتۆرو عەبدولسەتار تاھیر شەریف) و، پاشان جەنابی راوێژکار ئەیەوێت حیزبی شیوعی عێراق بخاتە پاڵ ئەو حیزبە دروستکراوانەو، پەل بۆ حیزبەکانی تری کوردستان ئەھاوێت بە نیازی ناشیرینکردنی روخساریان و، بە ھەموو شێوەیەک ئەیەوێت (تەنھا) روخساری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جوانی بھێڵێتەوەو، بە بێ ئەوەی ناوی بھێنێت. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

لێرەدا نامەوێت باسی حیزبی شیوعی عێراق و داکۆکی لە شیوعییەت بکەم، چونکە ھەموو مرۆڤێکی پاک و نیشتمانپەروەرو پێشکەوتنخواز حیزبی شیوعی و شیوعییەت و تێکۆشانی شیوعییەکان ئەناسن و ئەزانن و، ئەمەوێت ھەندی روخساری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کفاح محمود کەریم راوێژکاری مەسعود بارزانی بخەمە ‌روو:

با باسی کۆن و رۆژانی پێشوو نەکەم و، دیارە جەنابی راوێژکار بە پێی (وەزیفەکەی) لە دوورو نزیکەوە ئاگای لەو رۆژانە ھەیەو، ئەگەر باس بکرێن بە خراپە بۆ پارتی ئەشکێنەوە.

لەلای پارتی یاسا سەروەرە : کوشتنی ھاولاتییەک لە سەر ھەڵکردنی فول لایت و، پاشان داڵدەی بکوژەکە لەلایەن بەرپرسیکی باڵای پارتی، خزمی بکوژەکەو، کوشتنی رۆژنامەنووسان و تا ئێستا کیسەکانیان ئەم دەست و ئەو دەستی پێئەکەن.

کورسی حوکم: مەسعود بارزانی لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی پەرلەمانی یەکیتی ئەوروپا رایگەیاند: نە لە عیراق و نە لە ھەرێمی کوردستان کەس ناتوانێت لە دوو دەورە زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوەو، بارزانی کورتەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری عیراق و ھەرێمی کوردستان خستەڕوو رایگەیاند: راستە لە عیراق و ھەرێم گیروگرفت ھەن، بەڵام لەسەر ئەساسێکی دروست بەڕێوەئەچێت، نە لە عیراق و نە لە ھەرێمی کوردستان کەس نییە ھەتاھەتایی لەسەر کورسی حوکم بمێنێتەوە!!!.

ماوەی سەرۆکایەتی:‌ مەسعود بارزانی لە وتوێژەکدا جەختی لە سەر ئەوەش کردۆتەوە کە بەھیچ شێوەیەک رازی نابێ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ بکرێتەوەو ئەڵێ ئەو بابەتە لە نێوان سەرۆکایەتیی پارلمان و حیزبەکانەو، پێویستە ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.

مانەوە: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رایدئەگەیەنێت و ئەڵێت: پێویستە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پۆستەکەی خۆی بمێنێتەوە تاوەکو ھەرێمەکە لەم قەیرانانەی ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە قووتار بکات و ئەشڵێت بەبێ ئەو ھیچ ناکرێت.

پارلەمان: بە فرمانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ ەوە، دوای رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بازگەی پردێ بەرەو ھەولێر بۆ دەوامی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە و تا ئێستا کارا نەکراوەتەوە.‌

گەندەڵی: گەندەڵیی زۆرە بەڵام گەندەڵی زەق ھەیە و باسی لێوە ناکرێت، بۆ نموونە سەرۆک جاشێک ١٧ پێشمەرگە لە شەری بەکر بایەفی شیخ تەویل شەھید ئەکات و، ناوی لە ناو لیستی شەھیدانی کوردستاندایە و موچەکەی بەقەد ھەر ١٧ پێشمەرگەکەیە کەلەو داستانەدا شەھیدی کردوون، ئەو کەسە تەحسین شاوەیسی خۆفرۆشە کە لە لیستی شەھیدانی پارتی بە شەھیدی ‌پلە یەک دانراوە.

سەربەخۆیی: مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، فازل تیرانی سکرتێری پارتی و ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی باس لە سەربەخۆیی کوردستان ئەکەن و، ھەر ھەموویان بۆ گەیشتن بەو مافە رەوایە پشت بە دیکتاتۆرەکەی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەبەستن و، ھەر ھەموویان لە ئاستی کورد کوشتن بە دەست ئەو چەپەڵە چاویان نوقاندووە.

گشتپرسیی: تا ئێستا بازرگانی بەو وشەیە ئەکرێت.

دیارە زۆر شتی تر ھەیە پێویست ناکات باس بکرین و، بە ھیوام ئەوەی ماڵی لە شوشەیە بەرد نەھاوێتە ماڵانی تر.

 

٣\٥\٢٠١٧

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک