په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠٢٢

حیزبی کوردی و قێزەونترین حکومڕانیی.


ئاسۆ مستەفا مەحمود  

 

دەسەڵاتی سیاسی كورد لە کوردستانی باشوور لە ھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوە و دووچاری قەیرانی هزریی و رەوشتیی قووڵ بووە، تاکو ئەو چركەکاتەش نەیتوانیوە فەرنگی رژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهان تێپەڕێنێ، سیستەم و دامەزراوە دروست بكا، ئازادیی فەراھەم بكا و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێ، گەندەڵی نەھێڵێ و یاسا سەروەربێ. یەكێتی و پارتی و دەستەبژێرە سیاسیەكانی ناو ئەم دوو حیزبە نەك ھەر ئەم بەھایانەی لە كۆمەڵگەدا جێگیر نەكرد، بەڵكو لە نائاگایی و ناھۆشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بە ئەرکەکانی زانست و هزریی سیاسی مۆدێرن، كۆمەڵگەی ئێمەیان گۆج كرد و ئەم مۆدێلە ناشیرینەی رژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسییەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاند و حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.

گەندەڵیی و نادادپەروەریی و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە ئاکارە دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێكی دڕندەیی بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم شێوە زەبروزەنگ و توندوتیژییە ئیش دەكا. دەسەڵاتی كوردی زۆربەی سروشت و تایبەتمەندیەكانی فەرهەنگی دەسەڵاتی چەقبەستووی ستەمگەریی تێدایە.


ھەموو دەسەڵاتێكی ستەمكار و دیكتاتۆر لە راستیی دەترسێ، بۆیە ھەمیشە بە سەدان دەمامکی ساختە بە چەندین رێگای بێ رەوشتیی راستیی سەركوت دەكا و ناشیرینییەكانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لە رێگەی كوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەكردن ھەموو دەنگە ناڕازیی و رەخنەكان بێدەنگ دەكا، ھەموو رێگەیەكی ناڕەوشتیی دەگرێتەبەر، دژ بە ھەموو ئەو کۆششانە دەوەستێتەوە كە ئیش لەسەر ئاشکراکردنی راستییەکان دەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و چالاکانی مەدەنی و رەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانیین، چونكە رۆژنامەنووسە سەربەخۆ و رەخنەگرە ئازایەكانی كۆمەڵگەی ئێمە بوونەتە ئەو سەربازە خۆبەخشەی لە سەنگەری میللەتەوە بە نووسینەکانیان تەقە لە دەسەڵاتدارە ستەمگەر و چەتە بکوژ و گەندەڵەکان دەکەن و بوونەتە هۆی ئاشکراکردنی دیوە بەد و ناشیرینەكەی دەسەڵات، بوونەتە ھەوێنی راستیی و لابردنی دەمامک و ئارایشتی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یاخود روونتر بڵێم بنەماڵەی حکومڕانیی تاڵەبانییەکان و بنەماڵەی حکومڕانیی بارزانییەکان.

ھەموو دەسەڵاتێكی ستەمگەر و گشتگیر و پۆلیسیی لەسەر كوشتنی رەخنە و رەخنەگران و كپكردنی دەنگی ئازاد ئیش دەكا، لەسەر دروستكردنی مۆدێلی كۆمەڵگەی بێدەنگ و «كردنی كۆمەڵگە بە بێدەنگخانە» کاردەكەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمان وایە سەردەمی ئێمە سەردەمی رەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگییەك نەشتەرگەریی جوانكارییە بۆ نایەکسانیی و نامرۆڤایەتی و فەرهەنگی مەرگدۆستی پتر دەكا. لە ھەمانكاتدا كاتێك رەخنە دەمرێ دەنگی قامچی دەستی دیكتاتۆر بەھێزتر دەبێ.

ھەڕەشەكردن، فڕاناندن و تیرۆری نھێنیی، لێدان و سووكایەتیپێكردن، تەقەكردن... ھتد بەرامبەر بەرگرییكارانی مافەكانی مرۆڤ و رەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی، ھەموو ئەمانە و پتریش مستی دیكتاتۆر توندتر لە روومەتی هەژاران دەوەشێنێ و كەش و بارێکی پۆلیسیی لە كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردوە.

ھەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی وەكو ئەركێكی رەوشتیی و بەرپرسیارانە پێویستە ببێتە بەرگرییكارێكی راستەقینەی دادپەروەریی و دژە گەندەڵیی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەكێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاریی بكا لە پێناو: چاكەی گشتیی، ھێنانەدی گۆڕانكاریی سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵیی و پێشێلكاریی بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ. پێویستە مرۆڤی كورد دژی ئەو سیستەمە ناڕەوشتیی و ناشارستانییە بوەستنەوە كە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێك كە هەمیشە بۆ وێرانبوونی باری دەروونی مرۆڤی كورد و بێبەھاكردنی مرۆڤ کاردەکا.


دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی فەرهەنگی ژیاندۆستیی، بە ھەزاران رێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستیی. تیرۆری هزریی و كەسایەتیی مرۆڤی كورد دەكەن، دەمانكوژن، جا كوشتنی جەستەیی بێ یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزاران دەنگی ئازاد و رۆژنامەنووس و نووسەر و رەخنەگردا بپەڕنەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەكانی خۆیان. بۆیە رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و رەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگرییكارانی مافەكانی مرۆڤ قوربانیی یەكەمن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. چونكە رۆژنامەنووس و رەخنەگرانی سەربەخۆ تونێلە تاریكەكانی سیستەمێكی گەندەڵ و شكست و داڕزانی رەوشتی سیاسی یەكێتی و پارتی ئاشکرادەکەن. ئەم جۆرە رۆژنامەنووس و رەخنەگرانە بێ ھیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و ئابووریی و ئایدیۆلۆژیی دەنووسن، تەنیا لە پێناو ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی رەوشتیی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی كۆمەڵگە و گێڕانەوەی شكۆ و بەھا و رێز بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادیی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و یاسایی لە كۆمەڵگەدا تێدەکۆشن.

یەكێتی و پارتی لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی ''ئابووریی، دەزگاكانی راگەیاندن، ھێزە چەكدارەكان'' و ھەموو كایەكانی تری كۆمەڵگە، درێژە بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. ئەم مۆدێلە دیكتاتۆرییە تا دێ پایەكانی دەسەڵاتی خۆی بەھێزتر دەكا، لە رێگەی: گەندەڵیی ئابووریی و سەربازیی و کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دیکە، هەروا بە ترساندن و تۆقاندن و تیرۆركردن، لە رێگەی وەگەرخستنی دەزگایە فەرهەنگیی و پەروەردەیی و میدیایی و... ھتد بۆ بەرژەوەندییە حیزبیەكانی خۆیان.

مرۆڤی كورد دەبێ لەو راستییە تێبگا كە ئازادیی لە ھەموو شتێك گرنگترە، تەنیا ئازادیی دەتوانێ مرۆڤ و كۆمەڵگەی ئێمە رزگاربكا. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادیی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بكەین و بەرەنگارییەكی ئاوەزیی دژ بە فەرهەنگیی سیاسی یەكێتی و پارتی بەرپابکەین. ھیچ دەستە و رێكخراوێكی سیاسی بۆی نییە بە ناوی ھیچ پیرۆزییەکی سیاسیەوە خودی ئازادیی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەی لەم سیستەم و فەرهەنگە سیاسیە نائاوەزیی و ناڕەوشتییە رزگارمان بێ كە یەكێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری ئاوەزیی و سەرڕێگاخستنی جوولانەوەی كۆمەڵایەتی و ئافەریدەکردنی كردەیەكی شۆڕشگێڕانەی مەدەنییە.

چونکە ناکرێ لەوە پتر ئەرێی ئەوە بکەین شەش ملیۆن کورد ژیانێکی نەرێنیی بگوزەرێنێ، مافە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی پاک، کارەبا، رێوبان، ئاوەڕۆ، تەندروستییەکی خراپ و تەنانەت نەبوونی ئاسایش و یەکسانیی و یاسا. کەچی بەرپرسێکی خاوەن دەسەڵاتی وەک ''مەحمود سەنگاویی'' خاوەنی هەزاران چەکداری خۆی بێ و مووچەی هەموو چەکدارەکانیش لە گەنجینەی حکومەت خەرجبکرێ و خۆیشی چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردوە و نەوتی خەڵکی کوردستان بە چەتەیی و زۆرداریی بە قاچاخ دەبا. لەولاوە کۆمپانیای نۆکان کە هی بنەماڵەی تاڵەبانییەکانە هەموو جۆرەکانی بازرگانیی قۆرخ کردوە و رۆژانەش سەدان تەن کەرەستە و خۆراکی بەسەرچوو لە سنوورەکانەوە دەهێنێتە کوردستان. لە لایەکیترەوە بنەماڵەی دەسەڵاتداری ''کۆسرەت رەسول'' بازرگانی دەرمانیان داگیرکردوە و هیچ بازرگانییەکی ئازاد بوونی نییە و کەس ناوێرێ بازرگانیی داودەرمان بکا لە ترسی ماڵی ئەوان. لە لای میرنشینی زەرد و پارتیش بە هەمان شێوە و خراپتریش ''فازل میرانیی'' کە دەسەڵاتدارێکی گەورەی پارتییە بە ئاشکرا سەرانە لە خەڵک دەستێنێ و هەر کاڵایەک کە لە سنووری ''ئیبراهیم خەلیل'' لە نێوان کوردستان و تورکیا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێ دەبێ بەزۆر پشکێک یاخود چەند لەسەدایەک بەو بدرێ. هەر لە سنووری حکومڕانیی پارتی چەندین بەرپرسی باڵای پارتی بازرگانیی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵ داعش یەکێک لەوانە ''سیروان بارزانی'' بوو، کە خۆی سەرکردەیەکی سەربازییە و برای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. هەروەک چۆن لە ناو یەکێتیش ''وەستا رەسووڵ'' کە سەرکردەیەکی سەربازیی یەکێتییە و بە هاوبەشیی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی یەکێتی چەکی زۆر دەگمەن و گرانبەها و کاریگەری لە جۆری ''میلان'' بە داعش فرۆشتوە، کە چەکێکی تانکشکێنەرە و بە ئاسانیی دەستناکەوێ.

 


asomustafa7389@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک