٣\١٠\٢٠١٠
حیزبى شیوعى ...
پاشکۆ هەمیشەییەکەى دەسەڵات.

راپۆرتى شیکارى: شاخەوان برایم عەبدوڵا
حیزبى شیوعى لەمێژووى بزوتنەوەى رزگاریخوازى کوردستاندا، خەباتى
شۆڕشگێڕانەى دیارى هەبووەو لەراپەڕینەکەى 1991 دواى پارتى و یەکێتى،
بەحیزبى سێیەم ناوى دەهات، چەند ساڵێک دواتریش، شەڕێکى نەگریس لەنێوانى
پارتى و یەکێتیدا هەڵگیرساو بۆشاییەکى سیاسى هاتەکایەوەو یەکگرتووى
ئیسلامى، وەک حیزبێکى ئیسلامى سیاسى و هەڵگرى باوەڕە ئیخوانییەکان
لەهەناوى کۆمەڵگەیەکى گۆشکراو بەبنەماو باوەڕە ئاینییەکان دەرکەوت و
بەزوویی تێکەڵى خەڵکى بوون و لەرووى پێگەى جەماوەرییەوە بوون بەحیزبى
سێیەم و وردە وردەش پێگە جەماوەرییەکەى حیزبى شیوعی دابەزی تا ئەو
ئاستەى ئەندامانى حیزب بەئاشکرا دەیانگوت تازە حیزبى شیوعى کۆتایی هات.
ئەو هەلومەرجەى بۆ یەکگرتووەکان هاتەئاراوە لەبارتربوو، وەک بۆ
شیوعیەکان، کۆمەڵگەى کوردستانى پابەندە بەئایین و قەبوڵى ئەوە ناکات
لەدەرەوەى ئایینەوە هەر بزوتنەوەیەکى مەدەنى و سیاسى و رۆشنبیرى دروست
ببێت و پارتى و یەکێتیش وەک دوو حیزبى عەلمانى باش ئەو هەلومەرجەیان
لەرووى ئایینیەوە لەبەر چاوگرتووەو بۆ یەکگرتووەکانیش هەلومەرجەکە
زیاتر لەباربووەو دەتوانن بەئاسانى لەڕێگەى بەکارهێنانى
ئایینەوەکۆنتڕۆڵکردنى کۆمەڵگە بکەن بەسوود وەرگرتن لە سادەیی و
موسوڵمانبوونى کوردو شیوعییەکانیش سەرەڕاى ئەوەى ئایدۆلۆژیاکەیان
لەکوردستاندا سەرکەوتوو نەبووەو فەشەلى هێناوە، لەبڕى ئەوەى فاکتەرى
دیکە بدۆزنەوە بۆ بەهێزکردنى پێگەى حیزبەکەیان، سەرەتا کەوتنە دژایەتى
ئایین و ئەوەبوو ئێستاکە بەبچووکترین حیزبى سیاسى دەژمێردرێن.
پاشکۆ هەمیشەییەکەى دەسەڵات.
ئاماژە سیاسى و مێژووییەکان رۆشنایمان دەدەنێ کە حیزبى شیوعى لەقۆناغە
جیاوازەکانى کوردستاندا، تاکە حیزبى بچووکبووە بەبەراورد لەگەڵ حیزبە
بچووکەکانى دیکەدا کە بەردەوام لەحیزبە گەورەکان نزیکبوونەتەوە تا
ئاستى پاشکۆیەتى، بەتایبەتى لەگەڵ"پارتى دیموکراتى کوردستان" لەدواى
راپەرینەوە بەئاشکرا دیارە حیزبى شیوعى تەسلیم بەهەیمەنەو دەسەڵاتى
پارتى بووە، ئەمەش رەنگە هۆکارەکەى بۆ ئەوە بگەڕێتەوەکاتى خۆى لەلایەن
یەکێتى نیشتمانى و بەسەرپەرشتى نەوشیروان مستەفاى ئۆپۆزسیۆنى ئەمڕۆکە،
کارەساتى پشتئاشان روویداو شیوعییەکانیش بێ هەڵوێست بوون، ئەگەر
ئەوکاتە دادگە نەبووە، خۆ ئەمڕۆکە دادگە هەیەو بۆچى شیوعییەکان ئەم
کەیسە زیندوو ناکەنەوە؟
بۆ شێواندنى راستییەکان لەمیدیا لاوازەکەیانەوە هەندێ جار شیوعییەکان
رەخنە لەدەسەڵات دەگرن و کەمتر واژوو لەسەر ئەو بەیاننامانە دەکەن کە
لایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە بەمەبەستى رەخنەگرتن لەدەسەڵات، پێشکەش
دەکرێن، دیارترینیان ئەو بەیانە بوو کە چوار حیزبە کوردستانییەکە وەکو
پرۆژەیەک پێشکەش بەجەماوەریان کرد، سەرەتا حیزبى شیوعى لەگەڵ چوار
حیزبەکەدا بوون، دواتر پاشگەزبوونەوەو وردە وردە کەوتنەوە رەخنەى
ترسنۆکانە لە دەسەڵات.
لەدیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەى هاوڵاتى، سکرتێرى پێشووى حیزبى شیوعى
کوردستان، "کەریم ئەحمەد"رەخنە لەسەرکردایەتى حیزبى شیوعى دەگرێت و
پێیوایە شیوعییەکان تەسلیمى دەسەڵات بوونە، هەر لەمیانەى دیمانەکەیدا،
ئەو سکرتێرەى پێشوو، لەبارەى دوورى حیزبى شیوعى لەجەماوەرەوە دەڵێت:
کوا خۆپیشاندان و نارەزاییەکانى حیزبى شیوعى؟ ئەمە پرسیاری ئەو سکرتێرە
کۆنەى حیزبێکە کە لەلێوارى نەماندایەو لەو تێگەیشتن و هەستکردنەوە
هاتووە کە حیزبى شیوعى ئەگەر لەدەسەڵات نەبووە دەبێ بەردەوام لەگەڵ
جەماوەرەکەیدا بێت و بەشدارى لە نارەزایی و خۆپیشاندانەکاندا بکات،
بەڵام شیوعییەکان هیچ کاتێک لەبەرەى کرێکاران و هەژاراندا نەبوونەو بۆ
وەرگرتنى پۆست و دەسەڵات، بەرەى خەڵکیان جێهێشتووەو چوونەتە ریزى
دەسەڵاتەوە.
میدیا لاوازەکەى شیوعى لەکوێى میدیا
زەبەلاحەکاندایە.
دواى راپەڕین، حیزبە سیاسییەکانى کوردستان، بەتێگەیشتنیان لەگرنگى
میدیاو شانبەشانى خەباتى سیاسی و ڕێکخراوەییدا، چەندان دەزگەى میدیایی
زەبەلاحیان دروستکردو لەشکرێک رۆژنامەنووسییان خزاندە نێو ئەو
دەزگەیانەوە بەمەبەستى کۆنتڕۆڵکردنى کۆمەڵگە لەپێناوى بەرژەوەندى خۆیان.
لەم نێوەندى میدیاییەدا، حیزبى شیوعى، خاوەنى لاوازترین میدیابووە
بەبەراورد لەگەڵ میدیاى حیزبەکانى دیکەدا، هۆکارەکەشى بۆ نەبوونى پارە
ناگەڕێتەوە، دواى هەر یەک لەپارتى و یەکێتى، زۆرترین پارە لەحکومەت
وەردەگرن کە مانگانە زیاتر لە(580،000000) دەبێت و ئەمەش بۆ حیزبێکى
بچووک دەکرێت لەکارى ڕێکخراوەیی و میدیاییدا سوودى لێ ببینن. سەرەڕاى
ئەو پێشکەوتنە زۆرەى میدیاى حیزبەکانى دیکە بەخۆیانەوە دیوە، میدیاى
شیوعى زیاتر لەژێر پاڵەپەستۆى وەهەمەوە ئیش دەکات و نەیتوانیوە تێکەڵ
بەخەمەکانى خەڵک بێت بەوپێیەى گوایە حیزبى شیوعى خەمى گەورەى
داکۆکیکردنە لەکرێکاران و هەژاران، سەرەڕاى وەرگرتنى ئەو پارە زۆرەش،
خاوەنى لاوازترین میدیایەو ئەمەش بۆ نەشارەزایی ستافى میدیاکەى و هەست
نەکردنى ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگى میدیا هاوشانى کارى مەدەنى و
سیاسی.
دامەزارندنى حیزبێکى دیکەى شیوعى.
زۆرێک لەئەندامان و رۆشنبیرانى نزیک لەشیوعى، دامەزراندنى حیزبێکى دیکە
بەپێویست دەزانن بۆ ئەوەى رەوتى شیوعییەت لەکوردستان بچێتە دۆخێکى
تەندروستەوە، ئەو ستافەى حیزبى شیوعى بەڕێوەدەبن، ئەوەندەى لەخەمى
دەسەڵات و پارەدان، هێندە لەخەمى حیزبى شیوعى دانین.
"کەریم ئەحمەد"ى سیاسەتوان، ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە لەلایەن ئەو
خەڵکە نارازییەى نێو حیزبى شیوعییەوە حیزبێکى دیکەى شیوعی وەکو بەدیل
دابمەزرێت. ئەمە بۆچوونى پیاوێکى بەئەزموونى شیوعییەو ئاماژەیەکى روونە
کە حیزبى شیوعى هاکە کەشتییەکەى نقومى مێژووبوو، چونکە بەردەوام بەرەو
قەیران و کەمبوونەوەى نفوزەکەى دەچێت. هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق
و کوردستان ئاماژەیەکى روونن کە شیوعییەکان نارازین لەسەرکردایەتى
حیزبەکەیان و بەپێى هەندێ زانیارى کە دەستم کەوتوون، زۆرێک لەکەسوکارى
شەهیدانى حیزبەکەشیان دەنگیان بەکاندیدەکانى حیزب نەداوەو چاوەڕێى
گۆڕانکارى گەورەن و پێشوازى لەدروستکردنى حیزبى بەدیل دەکەن، بۆ کۆتایی
هێنان بەو ستافەى هەرەسیان بەشیوعى هێنا.
شیوعییەکان... جەنجاڵى نێو مزگەوتەکان.
فیکرى شیوعی و ئەفکارى ئایینى دوو ئاراستەو بیرکردنەوەى جیان بۆ
کۆنتڕۆڵکردنى کۆمەڵگەو هەرکاتێک ئەمانە کاریگەریان بەسەر یەکەوە هەبوو،
باڵانسى هەردوولایان تێکدەچێت، چۆن جێگەى قەبوڵ نییە مەلایەک یاخود
پیاوێکى ئایینى بەرنامەو فیکرى شیوعى بەلاوە راست بێت، ئەمە لەروانگەى
ئایینەوە جێگەى گاڵتەجاڕییە، بەهەمان شێوەیەش نابێت ئەندامانى حیزبى
شیوعیش خەریکى نوێژو حەج و رۆژووگرتن بن، ئەگینا لەفیکرى شیوعی
نەگەیشتوون و پەلەیەکى سوورن بەنێوچەوانى مارکسەوە.
زۆربەى کادیران و ئەندامانى حیزبى شیوعى، لە مزگەوتەکان دەبینرێن و
پارەیەکى زۆر لەسەفەرى حەج و هاتووچۆى شوێنە ئایینییەکان خەرج دەکەن و
جگە لەوەى هەندێ لە ئەندامانى شیوعى هێشتاکە خۆیان بەئاغاو
عەشیرەتەکانیانەوە هەڵدەدەنەوەو ئەمەش نیشانەیەکى رونە کە فیکرى لە
کوردستان کۆتایی هاتووە، بەرپرسە شیوعییەکانیش لەسەر شاشەى ئەو
تەلەفزیۆنەى کەمترین ئەندامانى خۆشیان سەیرى ناکەن، بانگەشەى شیوعی
بوون بەگوێی خەڵکیدادەدەن. ئەمەش لە کاتێکدایە حیزبى شیوعى خەریکە
کۆتایی دێت و ئاگای لە خەباتى کرێکارى نەماوەو بەرپرسانى خەریکى کارى
لاوەکین، شیوعییەکانیش لەمە گەیشتوون کە حیزبەکەیان وەک کۆمپانیایەکى
پارە کۆکرنەوەى لێهاتووەو لەدواى پارتى و یەکێتى، زۆرترین پارە لە
حکومەت وەردەگرن و هاوڵاتیان مافى خۆیانە بپرسن ئەم پارەیە چۆن و
لەچیدا سەرف دەکرێت و بۆ کێ دەڕوات؟ خەڵى پێیوایە ئەم پارەیە زۆرە بۆ
حیزبێک کە پێگەیەکى سیاسى و کۆمەڵایەتى دیارى نییەو تەنانەت ناتوانێت
لەرووى میدیاییشەوە وەک ئۆپۆزسیۆنێک چاودێربێت بەسەر کارەکانى
حکومەتەوە، ئەو بەرپرسە شیوعییانەى چوونەتە نێو حکومەتەوە بوونەتە
دەهۆڵژەن و پینەچى کەموکوڕییەکانى حکومەت و خاوەنى بەرنامەو پلانى
سیاسى و رۆشنبیرى نەبووینە کە ئاماژەى بۆ بکرێت.
هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکى تاریک.
هەردوو هەڵبژاردنەکەى پەرلەمانى کوردستان و عێراق ئاماژەیەکى روونن
لەوەى حیزبى شیوعى لەبەردەم داهاتوویەکى تاریک دایە، ئەو حیزبەى
مێژووێکى درێژى هەیە، وەک ڕێکخراوێکى سیاسى و فیکرى، لەدوو هەڵبژاردنى
هەستیاردا نەیتوانى تەنیا کورسییەک بەدەست بهێنێت، لەم بارەیەوە
چاودێرانى سیاسى ئاماژە بەوە دەدەن کە دەبێ حیزبى شیوعى بەبەرنامەو
ستراتیژیەت و ئەداى کارکردنی خۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەى جارێکى دیکەش
بێتەوە مەیدانى سیاسى، بەپێچەوانەوەى ئەم بۆچوونانەوە، مامۆستا گۆران،
چاودێرى سیاسى، پێیوایە تازە شیوعییەکان ناتوانن گڕوتین بەبەرخۆیاندا
بکەنەوەو بۆ دەزگاکانى راگەیاندن ئاماژە بەوە دەکات لەوەى حیزبى شیوعى،
مێژوو بەجێى هێشتووەو شیوعییەکان کۆتاییان هات.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|