حیزبی شیوعی کوردستان به‌ره‌و کام هه‌ڵدێر هه‌نگاو ده‌نێ؟
شایان کۆیی
هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌م و زۆر چاودێری گۆڕه‌پانی سیاسی ده‌که‌ن له کوردستان ده‌زانن حیزبی شیوعی له کوردستان رۆژ به رۆژ له‌گه‌ڵ ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ی تووشی بووه له رووی ئاستی جه‌ماوه‌ری له ئاستی فیکریش وه‌کو حیزبێکی مارکسی - لینینی هه‌میشه له کاڵ بوونه‌وه‌دابووه به‌ره‌و شێوازی حیزبی قه‌ومی و بۆرژاوزی تا گه‌یشتۆته ئاستی ئه‌وه‌ی جیاوازیه‌ک نه‌مێنێ له نێوان ئه‌و حیزبه به‌ناو شیوعیه و باقی حیزبه قه‌ومیه‌کانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان و ئه‌م سیاسه‌ته‌ش واته حیزبێکی له ناوه‌رۆک و به‌رنامه بۆرژوازی عه‌یار 24 به‌ڵام به ناوی شیوعی سه‌ری ئه‌م حیزبه‌ی خوارد و ئه‌نجامی دووا هه‌ڵبژاردنیش حاڵی ماڵه شێواوه‌که‌ی ئه‌م حیزبه‌ی ده‌رخست .
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی و بنکه‌ی ئه‌م حیزبه بخاته به‌رده‌م ئه‌مری واقیعی به خۆداچوونه‌وه و ده‌ستنیشانکردنی که‌موکوڕی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌کان، به پێچه‌وانه‌وه ئێستا به‌ره و حیزبێکی ئیسلامی هه‌نگاو ده‌نێ و حیزبی شیوعی که به ره‌فتار و کار بۆ خه‌ڵک سه‌لماندی جیاوازی نییه له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی، ئێستا له رێگای به‌رنامه‌کانی ته‌له‌فزیۆنی ئازادی که‌ناڵی هه‌ولێریان که بێ به‌رنامه‌ترین ته‌له‌فزیۆنی هه‌ولێره و خه‌ڵک به ڤیدیۆخانه ناوی ده‌با، ده‌یانه‌وێ به خه‌ڵک بڵێن ئێمه هیچ جیاوازیه‌کمان له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی نییه .
دووه‌م شه‌وی مانگی ره‌مه‌زان بوو بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی که‌ناڵه‌کانی نۆرماڵ یه‌ک به یه‌ک سه‌یری که‌ناڵه‌کانم ده‌کرد ئه‌وه‌ی له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ئازادیم بینی خستمیه حاڵه‌تێک نه‌مزانی چ ناوێکی بۆ دابنێم له وێرانه‌یی زیاتر . ده‌بینم حیزبی شیوعی به‌رنامه‌یه‌کی پرسیار و وه‌ڵام پێشکه‌ش ده‌کا له ناو به‌رنامه‌که‌ش کاکی پێشکه‌شکار پیرۆزبایی مانگی ره‌مه‌زان له‌و خه‌ڵکانه ده‌کات که چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌کا و له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی راستی پرسیاره‌کانی کارتێکی وه‌رگرتنی شه‌ربه‌ت و تورشی و شیرینی پێده‌دان و ریکلامێکی خه‌ستیشی بۆ ئه‌و شوێنانه ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌نگوینی له کلۆری دار دۆزیبێته‌وه و بانگه‌شه‌ی ده‌کرد به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زان ئه‌م به‌رنامه‌یه تا کۆتایی مانگ به‌رده‌وام ده‌بێ.
من به‌رده‌وام بووم له گه‌ڕان به‌ناو که‌ناڵه‌کانی هه‌ولێر هه‌مان به‌رنامه به‌ڵام به دیکۆر و پێشکه‌شکاری تره‌وه له تیڤی ئیسلامیه‌کان پێشکه‌ش ده‌کرا و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ که‌ناڵی حیزبی شیوعی جیای ده‌کردنه‌وه ته‌نها ئارمه‌که‌یان بوو ، ئه‌مجاره‌یان نۆره‌ی که‌ناڵی گه‌لی کوردستان هات که‌ناڵه نۆرماڵه‌که‌یان، به رای ئێوه له‌و شاشه‌یه چیم بینی؟ ده‌بینم به‌رنامه‌یه‌کی به‌ڵگه‌نامه‌یی په‌خشده‌کا که دیدارێک بوو له‌گه‌ڵ ڤیدل کاسترۆی سه‌رۆکی کوبا،به کوردیه‌کی پاراو جوان دۆبلاجی کوردی کرابوو.
له‌م به‌رنامه‌یه‌دا که تا کۆتایی بینه‌ری بووم کاسترۆ له روانگه‌یه‌کی مارکسیانه جیهانبینیه‌کانی خۆی ده‌خسته روو و به راستی من له پای ئه‌م به‌رنامه‌یه له گه‌وره‌یی کاسترۆ گه‌یشتم و وتم سه‌یر بکه‌ن حه‌یف به‌و مرۆڤه ده‌وترێت دکتاتۆر ؟ خودایه چی ده‌بوو دکتاتۆره‌کانی ئێمه‌ش وا بیرمه‌ندی گه‌وره و مرۆڤ دۆستبان و ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌مان به‌سه‌ردانه‌هاتبا؟ له تایتڵی کۆتاییدا نووسرابوو وه‌رگێڕ (عومه‌ر مامه کورده) و ناوبراو کۆنه یه‌کگرتووی ئیسلامیه.
دوای به‌راوردکردنی کاره‌کانی ئه‌و دوو شاشه‌یه هاتمه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌و حیزبه به‌ناو شیوعیه ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی ناوی ناوه ته‌له‌فزیۆن دایبخا زۆر باشتره له‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێ، بۆ شه‌وی دواتر هه‌ر له شاشه‌ی ئازادی مه‌هزه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌ترم بینی کاتێک کچه پێشکه‌شکارێکی به‌رنامه‌یه‌کم بینی وا به خاتری مانگی ره‌مه‌زان به له‌چکه‌وه به‌رنامه پێشکه‌ش ده‌کا، من له‌گه‌ڵ بێڕێزی نیم به هیچ ئاین و عه‌قیده‌یه‌ک به‌ڵام خۆ ده‌بێ حیزبی شیوعی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مارکسیستی بوونی خۆیشیان راستگۆنه‌بن ئه‌وا ده‌بێ له‌گه‌ڵ عه‌لمانی بوون راستگۆبن.
28-8-2009 shayankoye@yahoo.com
|