په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٧\٢٠١٢

حیزب دەسەڵاتخوازە و دەوڵەتیش پەیکەری چینایەتییە.


ئەنوەر فەتاح محەمەدئەمین


ئەم (تایتڵە) بەھەردوو لاکەیدا دەخوێنرێتەوە، چونکە لە ڕووی ستراکچەرەوە ، ھەرەمین، بچوک گوێ قوڵاخی گەورەیەو، گەورەش ھەڵسوڕێنەری ئیدارەو بنەماکانی ئابوری وسیاسییە. حیزب دەیەوێت دەوڵەت بگرێتەدەست تاکو توێژاڵی دەستەبژێر بخاتە سەرلوتکەی ھەرەمی دەسەڵآتەکەو ببێتە خاوەنی گەورەترین قەپاڵی گەورەی سەروەت وسامانی نەتەوەو وڵات بە ھێزی یاساش پارێزراو بێت

ئەو کاتەی کە حیزب بووە حیزبێکی دەسەڵآتدار ئیتر یاساو ڕێسای ئابوری وھێزی داپڵۆسین، دەگرێتە دەست وپاشان دەبێتە بکوژو ببڕ. ھەموو سەروەت و سامانەکان بۆخۆی قۆرخ دەکات واتە ژیان بۆخۆیان ودۆزەخ وترس بۆ چین و توێژاڵەکانی تر.


کە مینەی دەسەڵاتدار ھەوڵی باڵا دەستی خۆیان لەڕێی ھیزەوە سەپاندووە و دەی سەپێنن بەسەر خەڵکدا، وە ھەر لەڕێی ئەو ھێزەشەوە ‌ یاسایەکیش دەسەپێنن کە بشێت بۆ ئەوەی بەسەرێک دەسەڵآتەکەی پێسەقامگیر بکەن ولەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتەکەیان بەزۆر بەخەڵکی پەسەند بکەن، لەھەمان کاتدا دەسەڵات، لەژێرفشاری خەڵکیدا ناچار دەبێت کە دان بەھەندێک مافی کۆمەڵگە کەدا بۆ دامرکاندنەوەو کەمکردنەوەی ڕق و غەزەبی خەڵکی نارەزا بۆ سەقامگیری ئاسایش، بنێت.


دەوڵەت ھەزارو یەک جۆرو شێوازی تۆقاندنو ھەڵخەڵەتاندنی ھەیە ، واتە دەوڵەت چەند زەبروزەنگی ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵە شێوازێک دادەھێنێ تا بمانکاتە ‌ نشتمان پەروەرو دڵسۆزی ئاڵای ڕەنگاو ڕەنگ بڕازێنێتەوە بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی شانازی بۆ زۆرینەی خەڵکەکە، بەمە کۆڵەکەکانی لەکرۆکی کۆمەڵگادا دادەکوتێ، دەوڵەت بەو شێوازانەی کە دەیانگرێتە بەر دەتوانێت بڕێک لە خەیاڵ خەلق بکات و ھێندە دەیڵێتەوەو مەزنی دەکات بەدرێژایی کات دەبێتە بابەتێکی موقەدەس(دینی)، واتە تەحریم دەکرێت و دەبێتە ھێڵی سور وەکی حیزبییەکان دەڵێن قابیلی شێکردنەوەو ڕەخنە نییە ، لەوانەش دینی دەسەڵات،حیزب، دەوڵەت، سەرکردە، ئەمەش مانای سنوردارکردنی چالاکییەکانی عەقڵ وئفلیجکردنی بەشێکی بیرکردنەوە، بەمەش خەیاڵ دەبێتە عەقیدە واتە ئیمان ، ئیمانیش بەو ئاڕاستە اکاردەکات کە بەھەشت بۆ موریدەکانی مسۆگەرە بکات. ئەم باسە بۆ ئەوروپاش ھەر وایە ھەر کەسێک لە خزمەت سستەمەکەدا بێت، بەڵآم بۆ حیزبەکانی ئاسیا وئەفەریقییا کەبونە دەوڵەت، گوایە خەڵکی غەرق دەکەن لە عەدالەت وخۆشەویستی وسەربەستی...‌تد، کە ئەمانەش درۆیەکی شاخداری سستەمەکەیە. .


ئەمەیە نامۆبون (اغتراب) کە ئەوەی نەتوانێ لەو وەھم وخەیاڵە دینە ڕزگاری بێت، ناتوانێ ئازادانە بیربکاتەوە.


ولێم ڕایش لە کتێبی دین وشیکردنەوەی نەفسیەکەیدا، دەڵێ ترسناکترین شت کە مرۆڤ گیرۆدەی دەبێت نامۆبونە، چونکە ھەر بابەتێک موقەدەسکرائەوە(کرنوش،پەرستن،مەزنکردن، ترسان)دەبێتە شتەسەرەکیەکان لای، وە لەجیاتی ڕزگارت بکات بیرکردنەوەت ئیفلیج دەکات، کەسایەتیت تێکئەشکێنێ بەڕادەیەک ورەت وا دادەبەزێنێ کەبەرەو پەرستنی سوڵتانەکان وبازاڕت دەبات لەسەرحسابی کەرامەت ودڵسۆزی ژیان. وە وەزیفەی دەوڵەت بێبەھاکردنی پرنسیپەکان و وکەرامەتی خەڵکیە.


بەھاترین پرنسیپ لای ئەندامانی حیزب کڕنوش بردنە بۆ سەرکردە ،وە وەلای تەواویشی ھەبێت بۆ ئەوپرنسپانەی کە سەرکردە پێیڕازییەو دڵخۆشی دەکات، وەسوکترینیشێآن ڕاپەڕێنە دژ بەوکۆیلایەتیە، بۆیە ئەندامی حیزب ئاساییە لەسەر قسەیەک بەسەرکردەو حیزبەکەی توڕەبێت، بتکوژێ یان توشی داوی پۆلیس وئەمنت بکات ، ئەخلاق لای حیزب گوێڕایەڵیەو تەسلیم بونە بە موقەدەساتەکانی دینی دەسەڵآت، کەئەو دینە دینی ئیمپراتۆرە نەک دینی خۆشەویستی وئازادکردن.


جا حیزب لەم سەردەمەشدا ڕژێمی خزمایەتی، گائفی وقەومی وەیان ھەرشکڵێکی تری وەرگرتبێ یان وەریبگرێ بەپێی زروفی ناوچەکە و ئاستی ھۆیەکانی بەرھەمھێنان ومێژووەکەی، بەڵام حکومەت نوێنەرایەتییەکی ڕاستەوخۆی چینی سەرمایەداری دەکات، واتە شێوازی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری کە دەکاتە دینەکەی و ئەمەش کە پێی دەڵێن دیمکراتییەت، بەرەو ئیستبدادیەت دەبرێت و ھەروەھاش بووە ، لە ھەرکاتێکیشدا مەترسی لەسەر دەسەڵات بووبێت یا ببێت ، ئیتر ئەوەش لەھەرکوێیەکی دنیادا بێت.


ئەوەشی کە پێی دەڵین تەکنۆقرات، کەسی گەنج و کەسی شیاو بۆشوێنی گونجاو ، تەنھا بۆخۆڵکردنە چآوی خەڵکییەئەمە گەمەیە، لەئاسیا یا لە ئەفەریقادا باوێتی ، ئەگینا ئەوەتا بە ‌ھەزارەھا ملیۆن دولار سەرف دەکرێ لەئوتێل و فڕۆکەخانەکاندا ، کەچی پولێک سەرف ناکەن لەپێناوی گەشەسەندنی کشتوکاڵ وپیشەسازیدا تابتوانێ فرسەتی و شوێنی کار بۆ خەڵکی خەڵق بکات وەشوێنی دیار بێت لەئابوری وڵآتدا، باشترین نمونەشمان ئەوە عێراق لەسەرانسەریدا ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکات، ئەوەتا خەڵکی ناتوانن پەرداخێک ئاوی پاک بخۆنەوە بەڵآم سەرکردەی حیزب تەیارەی تایبەتیان ھەیە یان بەتەیارەی تایبەتی ھاتوچۆدەکەن ، چونکە حیزب و شۆڕش لەئەنجامی ئەو کارە ‌دەترسن کە خەڵک فێری ئەوە بێت کە کار بکات و دەست لە حیزب پاننەکاتەوەئەمە لەڵایەک، وەلاکەی تریش بۆیە بەھەند وەرگرتنی گیانی تیرەگەری وقەومی لەو دوو کیشۆرەدا(ئاسیاو ئەفەریقا)ا لەوپەڕی گەشەیدایە ئەوەش بۆ ئاسانی کۆنیڕۆڵکردنییەتی، ھەڵبەتە ئەوروپا ئەم ئاستەی بەجێھێشتووە، چونکە دەوڵەت ڕاسەوخۆ نوێنەرایەتی سەرمایەداری دەکات.


ھەرحیزبێک کە دەیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڕیفۆرم دەست پێدەکات وپرۆژەی خەیاڵاوی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و دوایش گەر خەڵکی ناڕەزایی دژی دەرببڕێت بەکوشتن وبڕینێکی یەکجار زۆر کۆتای پێدیت، ھەر وەکو ووڵ دورانت لە میژووی شارستانیکەیدا لە بەشی دەوڵەت ویاساکەیدا باسی دەکات، چاپە کوردیەکەی دەڵێت دەوڵەت بەستەم دەست پێدەکات، بەڵام ھێندە نابات خوگرتن بەملکەچی لای دەبێتە حاڵەتێکی ویژدانی وھەر خێراش دوای ئەوە ھەموو ھاوڵآتییەک وابەستەی بۆ ئاڵا ناخی دەھەژەنێت. کە خەڵکی لەم سستەمەدا کە شۆرش دەکات و دژی دەسەڵآت دەوەەستێتەوە، ھەردەسەڵاتێک بێت کە دەڕوخێ دەسەڵآتێکی تری لەجێگەی قوت دەکەنەوەو ھەرحیزبێک ئینشقاق دەکات حیزبێکی تری گەندەڵ دروست دەکاتەوە لەھی سەرچاوەکە لێڵترو نالەبارتر لەجەوھەرداو کەمێک زیاتر ئاڵو واڵاکراو لەشکڵیا، حیزب ودەوڵەت ستراکچەرێک وفەلسەفەیەکی چینایەتی وھەرەمی ھەیەو بەو ڕێڕەوەشا کاردەکات، لەپێشتریشدا زیاتر باسکراوە، کە دوبارە ی ناکەمەوە لێرەدا.


من لێرەدا چەند نموونەیەک دەھێنمەوە لەسەر حوکمەت لەو وڵاتەی کەبە دایکی یاسا ناسراوە کە بەریتانیا یە، کە ‌لەم وڵاتەدا ھەرچی خزمەتگوزاریە لەکەمبونەوەدان بەھۆی قەیرانی ئابوری وزۆری بەتاڵەوە، ئەوەتا حکومەتی بەریتانیا لەسەدا ٤٥%ی شوێنی ئاگادارکردنەوەی مناڵآنی دەرەوەی خێزان، واتە ئەو مناڵآنەی کە خێزانیان نییە، لە بەر نەبونی پارە چارەنوسی داخستن چاوەڕێیانە یان ھەر داخراون، بەھۆی نەبونی پارە، کەچی ئەوەتا ئەو پارە زۆرە سەرف دەکات بۆ چارلسی کوڕی مەلکە بۆ سەفەرێکی نۆ ڕۆژی نیو ملێۆن پاوەند سەرف دەکات لە سەفەرەکەیدا بۆ باشوری ئەفەریقا، وە دۆقی یورک بۆسەفەرێکی شەش ڕۆژیان ٨١ ھەزار پاوەندیان سەرفکردووە بۆ پڕوپاگاندەکردن بۆ دەوڵەت وپیرۆزکردنی لەلای خەڵکی ، وە مەسرەفی ئەمساڵی بەکینغ ھام پا‌ڵا‌س زیادی کردووە بۆ ٣٢ ملێۆن پاوەند.کەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەسرەفی خەستەخانەو خانەی پیران ومناڵانی بێ خێزان کەمدەکرێتەوە، بەڵآم ھەموو کەسێکی بەریتآنی دەبێت ڕۆژی ٥٢ پنس بدات بەپیاو ژن ومناڵەوە بەخێزانی مەلیکە، ئەمەش ئەوەتا چارلسی کوڕی مەلیکە خۆی وژنەکەی سەفەرێکی یەک ڕۆژیان لە شاری ئەبەردینەوە بۆ لەندەن بەتەیارە ١٩،٥٨٣ پاوەندی تێچووە، یان سەفەرێکی شەمەندەفەری ئەندرۆ لە نۆرپ ئۆڵت بۆ بلفاست ١٠.٤٧٠ پاوەندی تێچووە. کەچی لەولاشەوە ‌ خەڵکی لەسەر کاردەردەکرێ وموچەی فەرمانبەران نابێت زیاد بکرێت.


ئەمەش نمونەیەکی تری دەوڵەتێکی دیمکراتی تر، کە ئەویش ھندستانە ، کە لەوێ نزیکەی دوو ملیۆن کەس ژیانیان لەسەر گەڕانە بۆ دوزینەوەی شت لە شتی فڕێدراودا، لەسەر پاشماوەی خەڵکی تر دەژین، کە ھەندێکیان دەبێت چەند سەد مەترێک بڕۆن ئەوسا دەگەنە شوێنی پاشەڕۆکان زبڵەکان، وە ھەندێکێشیان لەوانە ٢٠ ساڵ وبگرە زیاتریش لەسەر ئەو پاشماوانە دەژین، کە زۆرینەی مناڵەکانیان دەردەدارن بەنەخۆشی سکچون وڕشانەوەو نەخۆشییەکانی پێستەوە( ڕۆژنامەی ‌ گاریان ٣ی تەموزی ٢٠١٢.


وە باسێکی تری حکومەت ئەوەیە کە ھەردوو خێڵی گانا کە وڵاتێکی ئەفریقییە ئۆبودوس لەگەڵئەنادانیس کەباسی خۆیان دەکەن دەڵێن ئێمە یەک کۆمەڵگا بوین، بەیەکەوە ئەژیان لەیەک نشتماندا وژنوژنخوازیمان لەنێواندا ھەبوو، کەچی سیاسەت ھەمومانی لەیەکتر کردە دوژمن وکەس ھیچی لەوی تر قبوڵ نەدەکرد، لەبری خۆشەویستیزەبروزەنگو کوشتن وبڕینی خستەنێوانمانەوە. وەدەوڵەت خۆی لەپشت نانەوەی ئەو ئاژاوانەوەیە تا ڕوحی تایەفەکەری ودوژمنایەتی پەرەبسێنێ لە نێوانماندا (فکرەکەی گاردیان شەشی تەموز ٢٠١٢).


جا خۆ لەو وڵآتانەدا حوکمەتیان ھەیەو دەوڵەتیشیان ھەیەو تەمەنیشیان لە سەد ساڵێک تێپەڕاندووە ویاساش سەروەرە، وەحکومەت ھەرچوارساڵێک جارێ دەگۆڕێ، وە تەشریعی وتەنفیزی وقەزایی تییداجیابۆتەوە، وە سوپاو پۆلیسیش ئایدۆلوجی نییەو،. بەڵآم دەسەڵآت نوێنەری چینایەتییەو نوێنەری چێنێکی تایبەتیە، ئیتر ئەوەی دەیەوێت داڵغەی حوکمەتی سەربەخۆی ھەبێت بۆ بەئاکام گەیاندنی خەونەکانی کە بەئازادییەوە دەیبینێ، ئەوە دەوڵەت لەجیاتی دەستەبەرکردنی بۆی لێیزەوت دەکاتو ئەوە ھەتا ماوە دەبێت خەیاڵ بێت. وە نمونەی دەوڵەتەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لەوە باشتر نین تا من گرەو لەسەر دەوڵەتی کوردی یان ھەردەوڵەتێکی تری ئەم دنیایە بکەم، ئەوەتا چرکەیەک نیە خەڵکی بە داپڵۆسینی ھیزی داپڵۆسینەرەکانی حوکمەتە نەتەوەی وئاشتی خوازەکانەوە نەبێتە کۆچی قوربانی.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌نوه‌ر فه‌تاح محمه‌دئه‌مین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک