٥\١٠\٢٠٢١
حیزب واتە دژە
ئازادیی و سیخوڕ!
ئەگەر
حیزب دژە ئازادیی و سیخوڕ نەبووایە؛ هەرگیز پارتی و یەکێتی-گۆڕان
نەیاندەتوانی لە ژێر زەبری نانبڕین و ترسان و تۆقاندن خەڵک بهێننە سەر
سندووقی دەنگدان و خۆشیان تێکڕای سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی کوردستان
بخەنە باغەڵی کوڕان و برازایانی (بارزانی و تاڵەبانی و نەوشێروان) و
چەند سەرمایەدارێکی دیکەی حیزبیی و مافیایی!
ئەگەر حیزب دژە ئازادیی سیخوڕ نەبووایە؛ هەرگیز حیزبێکی خۆ بە
شۆڕشگێڕزان لە قەندیلەوە نەیدەگوت دەنگ بە یەکێک لە گەندەڵکارترین
حیزبەکانی کوردستان بدەن کە یەکێتییە.. ئەویش بۆ چی؟ بۆ پەرلەمان!
پەرلەمانێکی داگیرکەر و چەتەگەریی کە شەرعی ئیسلامی کردۆتە دەستوور و (سیستانی
و سەدر) لەسەر پەنجەی خۆیان دەیسووڕێنن!
ئەگەر حیزب دژە ئازادیی و سیخوڕ نەبووایە؛ هەرگیز شاژنی بەریتانیا
نەیدەتوانی تەنیا خۆی یەک پەرلەمانی هەبێ بە ناوی (ئەنجوومەنی
لۆردەکانی بەریتانیا) و بە کردەیی وڵات بەڕێوەببا.. هەموو خەڵکی
بەریتانیاش یەک پەرلەمانی بێ دەسەڵاتیان هەبێ بە ناوی (ئەنجوومەنی
گشتیی بەریتانیا)! ئەو بەریتانیایە (مەزن!)ەی کە رۆژانە شازادەکانی بە
دەیان ملیۆن پاوەند لە بۆنە کەسیی و کۆمەڵایەتییەکانیان خەرجدەکەن..
کەچی بە هۆی سیاسەتی فاشیلی (برێکزیت) تووشی چەندین قەیرانی ئابووریی
بووە.. هەر لەو رۆژانە بە هۆی قەیرانی کەمی بەنزین شۆفێرەکان بە
کاتژمێر لە سەرەی وەرگرتنی بەنزین رادەوەستن!
ئەگەر حیزب دژە ئازادیی و سیخوڕ نەبووایە؛ هەرگیز لە ئەمەریکا
گەمژەترین و رەگەزپەرستترین و نێرسالارترین پیاوی جهیان کە (ترامپ)ە
نەدەکرا بە سەرۆکی ئەمەریکا و هەموو جیهان.. هەر پاش ئەویش کەسێکی
پەککەوتەی وەک (بایدن)یان نەدەکردە سەرۆک کە بێجگە لە کارە رووکەشەکانی
هەمان سیاسەتە چاوچنۆکییە سەرمایەدارییەکەی ترامپ پەیڕەو دەکا کە پێکدێ
لە برسییکردن و داگیرکاریی و شەڕ و کارەساتەکان لە ئەمەریکا و
سەرتاسەری جیهان!
ئەگەر حیزب دژە ئازادیی و سیخوڕ نەبووایە؛ هەرگیز مرۆڤەکان لە پێناو
مادە کە خۆیان دروستیدەکەن بەو شێوەیەی ئێستا ملی یەکدیان نەدەشکاند!
ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
rojnamen@yahoo.com
|