١٥\١١\٢٠١٢
هزراندنى شیعر و
بهئاکاریکردنى رسته و مهعریفهى وشه.
- خوێندنهوهیهکى رهخنهیى بۆ کۆشیعرى (چیایهکانی من)ى ههندرێن
-

بڵند رۆستەم
رەخنەگرتنی دەقەکان لەو کەسانەی دەیانخوێننەوە، بۆ سەرەتاکانی نووسینی
دەق دەگەڕێتەوە. زۆرجار دەگوترێ ئەوە رەخنە بووە نووسین و دەقی کردۆتە
پێویستی. (برنادشۆ) لە شانۆنامەکانیدا لە رێگەی دیالۆگەوە رەخنەی
گرتووە لە دەسەڵات و رەخنەگرتنی کردۆتە پڕۆسەیەکی بەئەدەبیکراو کە لە
ڕێگەی دەقەوە دەگاتە ئەو دەسەڵاتدارەی دەیخوێنێتەوە و ناچاری دەکا بە
خوێندنەوەی شانۆنامەگەلێک کە لە رێگەی تەنزەوە رەخنەی لێدەگرێ.
١- کوشتنی جوانی لەپێناوی جوانیدا:
بینینی
ھەیکەلیەتی شیعر و پێکھاتەکانی ئەو ھەیکەلیەتە لە سوچێک یان
گۆشەنیگایەکی دیاریکراودا ، سەرەتایەکە بۆ لەقاڵبدانی ئاسۆکانی
بیرکردنەوە و کاڵکردنەوەی پرسیارکردن و تەکاندنی جەستە شەکەتەکانی شیعر
، (چیایەکانی من) ی (ھەندرێن) بەرھەمی گەڕانەوەیەکی خێرایە بۆ رابردوو
و منداڵی و چیاکان و غەریبی و...ھتد . شاعیر لەو بەرھەمەیدا ئەوەندە
باسی رابردوو دەکا بە زمانی ئێستا ، خوێنەر وا ھەستدەکا لە رابردوو
جێمابێ و لەوێوە شیعر لە سەردەمی ئەمڕۆدا بۆ مەملەکەتی خود کە
رابردوویەتی دەنووسێ ، رابردوو بۆ شاعیر ئێستا و داھاتووە و کتێبەکەش
کە پێشکەشکراوە بە (ھەندرێن) ، پێشکەشکردنە بە (ھەندرێنی رابردوو) نەک
(ھەندرێنی ئێستای لە رابردوو جێماو) . گەڕانەوە بۆ رووداوە مێژووییەکان
و رابردوو، ئەوەندەی زیانیان بە مانا گەورەکانی شیعری (ھەندرێن)
گەیاندووە سوودیان پێنەگەیاندووە و رووبەرووی سیاقێکی تەقلیدی و
فەزایەکی نیمچە تەسکیان کردۆتەوە و وشەکان ھەناسە سوارن و لە داھاتوو
دابڕاون و نامۆشن بە ئێستا . کە باسی ئێستا و داھاتووش دەکرێ ،
راستەوخۆ دەگەڕێینەوە بۆ خەمەکانی رابردوو :
((وەلێ ئەمشەو نیشاندانی ئەو دیمەنە ئەستەمەیە . دوا کاتەکانی ئەمشەوە
، بۆ خەونبینین بەجێدەھێڵم . خەونێکی پچڕاوی دوێنێ شەو دەبینمەوە .
خەون بەخەونبینینەوە دەبینم)).
لە ئەدەبیاتدا شتیک ھەیە بە شیعر ناودەبردرێ ، رەخنەگر بۆ تاشینی
پەیکەری خۆشبەختی و روخاندنی قەڵای نائومێدی ، ئامادەگی تیایە بۆ
دوورکەوتنەوە لە زیندەگی ئاسایی و نەخشاندنی فۆڕمێکی تر . لە روانگەی
دوورکەوتنەوەمان لە ژیانی رۆژانە و نزیکبوونەوەمان لە نووسین لەسەر (چیاکانی
من)، ھەست بە کوشتنی جوانی لە پێناوی نووسینەوەی جوانی دەکرێ لە
دەقەکەدا . لەو ئەزموونەدا جوانی سەردەبڕدرێ (جوانی ئیسَتا و داھاتوو)
و لە خوێنە رژاوەکەیان جوانی (رابردوو) بەرھەمدەھێنرێ . رژانی خوێن
وەکو کردەیەکی جوان ئەنجامدەدرێ و (کوشتن) واتای لەدایکبوون دەگەیەنێ
..کوشتنی جوانی لەپێناوی لەدایکبوونی (جوانی باڵا) .(ئەفلاتون) لەدوای
مردنی (سوقرات) لە گەردوون دووردەکەوێتەوە و دوورکەوتنەوەیەک کە
بەگەڕان و گەشتکردن لە گەردووندا دەستپێدەکا تا دۆزینەوەی جوانی ،
جوانیش (جوانی باڵا )بەدوای خۆیدا دەھێنێ کە (کۆمار)ەکەیەتی . ھەڵبەت (جوانی
باڵا) گەیشتن نییە بە لوتکە و کۆتایی ..ئەوە دیدەکانن ئەو رێژەیە
دیاریدەکەن ، دەکرێ لەودیو لوتکەش بەرزی تر ھەبن ئێمە نەیانبینین .
رەنگە ھەندێ جار گەیشتن بە لووتکەی داھێنان ، گەیشتن بێت بە سەرەتای
بەدبەختی .
٢- عەقڵ و شتی تر:
((چاوەکانم دادەخەم . من کەسێکی تەوا بێئاگام . بەرھەڵدراو لەناو
تەنیایدا گێژەن دەدەم .من بیرناکەمەوە ، لێ ھەست بە بیرکردنەوە دەکەم .
بە چاوی داخراومەوە بەدوای مەمکەکانتەوە دەگەڕێم . کەس منی فێری ویست
نەکرد . من پێشتر ویستدار بووم )).
(شۆپنھاوە) مرۆڤی بە ئاژەڵێکی خوازیاری میتافیزیک (animal
metaphysic) چوواند و پێیوابوو تاکایەتی وەھمە چونکە لەسەر
جیاوازی کات و شوێن وەستاوە کە (کانت) روونیکردۆتەوە و پێویستی
میتافیزیک پەرستگاکان دێنێتە پێشەوە و وا لە مرۆڤ دەکا باوەڕ
بەدونیایەکی تر بھێنێت . (شۆپنھاوەر) عەقڵی کردە پاشکۆی شتی تر و
دواتریش (فرۆید) ئەو دیدەی درێژکردەوە و فەلسەفەکەشی بەجۆرێک لە
نکوڵیکردنی خودی بەکۆتا ھێنا . (نیتشە) بە یارمەتی (کانت) و (شۆپنھاوەر)
و (داروین) ، ھەوڵی پێکھێنانی رێبازێکی فەلسەفیدا . (نیتشە) وەکو (شۆپنھاوەر)
حەقیقەتی رەھای بە (ئیرادە) داناوە ، بەڵام (نیتشە) پێیوابوو (خۆشەویستی
ھێز شەیتانی رەگەزی مرۆڤە) و ئاواتگەلێکی ھەبوون بە رەچاوکردنی
دەرکەوتنی مرۆڤی سوپەرمان (supper man).
ھەموو شتەکان بەرھەمی عەقڵن لای (فیختە ١٧٦٥- ١٨١٤) تەنانەت (نۆمینا)ش
. خودی رەھا دوو لقی لێدەبێتەوە:
١- خودی ئاگادار
١- شتی زانراو.
پێشکەوتنی ئەخلاقی خود پێویستی بە بەلانانی تەگەرەکان ھەیە لە رێگا
ئاکارییەکانەوە . دەبێ (خودی رەھا) (فرە خود) بێت ، ئەگینا ناتوانێ
بەشێک لە ئەرکەکان جێبەجێ بکا . (خودە فرەکان)یش کۆمەڵێک رواڵەتن
سیستەمێکی ئاکاری گشتی روون دەکەنەوە کە (خودا)یە.لێرەوەیە (شڵینگ)
ھەوڵ بۆ بەستنەوەی ئایدیالیزمی خودی (فیختە) و ئایدیالیزمی بابەتی
تایبەتی خۆی دەدا و (رەھا) بە (عەقڵ) و (ماددە) لە قەڵەم نادا ئەگەرچی
لە ھەردووکیاندا مانیفێست بووە ، دەیگەڕێنێتەوە بۆ (نۆمینا) کە بزرە .
(دیکارت)یش بە پشت بەستن بە عەقڵ ، بانگەشەی بۆ بەکارھێنانی میتۆدی
بیرکاری لە فەلسەفەدا کرد ، بە رای ئەو تاقە توێژینەوەیە کە بناغەی
ھەبێ و بگاتە ئەنجامگەلێک گومانیان لێنەکرێ .(دیکارت) لە پارادۆکسێکدا
(فینۆمینا) و (نۆمینا)ی جیاکردەوە و رایگەیاند مرۆ توانای درک کردن بە
(فینۆمینا)ی ھەیە و وەکو بابەتێکی ئەزموونی ھەستی کە وردەکارییەکانی
لەنێو چوارچێوەکانی شوێن و کاتدا ئابڵوقە دەدرێن ، لێ مرۆ توانای
ئاشکراکردنی (نۆمینا)ی نییە. دواجار (ھیگل ١٧٧٠- ١٨٣١) (نۆمینا)
پەراوێز دەخا و وایدادەنێ (عەقڵ) و (سروشتی ماددی) لە خودی خۆیاندا
رەھان و ھەردووکیان پڕۆسەیەکی دیاریکراو پێکدێنن.
(عەقڵ) بەبێ (جیھانی ماددی) کاریگەری نابێ و زەمینە بۆ سەرھەڵدانی
لۆژیکی تووندی (دیالیکتیک) خۆش دەبێ کە لەسەر بنچینەی (تێز-
thesis) و (دژە تێز -
anti thesis) دامەزراوە و ئایدیای سێیەمیش وەکو ناوبژیکەرێک
لە نێوان ئایدیای یەکەم و ئایدیای دووەمدا سەرھەڵدەدا.
(سپیونزا ١٦٣٢- ١٧٧٥) گوزارشت لە (ناچرالیزم) و (راشنالیزم) دەکا و
بانگەشە بۆ سەربەخۆیی عەقڵ دەکا و وەزیفەی عەقڵ لای (سپیونزا) دەرخستنی
پەیوەندییە رێک و پێکەکانە لە نێوان کەرستەکاندا .
(ناچرالیزمی سپیونزا) جیایە لە (ناچرالیزمی ھۆبز) ، (سپیونزا) وەکو
ماددە جێگەی بۆ رۆح داناوە ، جێگەی بۆ خودا داناوە وەک چۆن بۆ مرۆڤی
داناوە ، خودا واتە گشت و گشت واتە خودا.
(عەقڵ) و کێشە ھزرییەکان کەمتر ئیشیان لەسەر کراوە لە (چیاکانی من)دا و
جۆرێک لە پەراوێزخستنیان پێوە دیارە ، شاعیر دەقەکەی سپی سپی خستۆتە
بەردەمی خوێنەر و وایلێناکا لە رێگەی دەقەکەوە بیر لەشتگەلێک بکاتەوە
کە تا ئێستا بیریانی لێنکردۆتەوە و پرسیارە ھزیییەکان سەرھەڵدەدەن
بەڵام وەڵامیان لەگەڵ خۆیان ھەڵگرتووە و سیستەمێکی فکری دیاریکراو ئیشی
لەسەر کراوە کە خوێنەر بەرەو شەقامی ھەڵگیرساندن لە پێناوی بەکۆتاھێنان
دەبا و ھێزی گوزارشتکردن لە خود لە نێو ئەویتردا (کە ھەندرێنی شاعیرە)
ی لێدەسێنێتەوە ھەروەک چۆن لای( ھەندرێن)یش بینین و دۆزینەوەی خود لە
نێو ئەویتردا (کە خوێنەرە) کرچ و کاڵە و زادەی گەڕانەوەیە بۆ ئەویتریک
کە لەپشت خوێنەر خۆی مەڵاس داوە و بەھۆی چەند دەمامکێکەوە رۆڵی خوێنەر
دەبینێت و (ھەندرێن) بێئاگا لەوەی ئەو کەسەی مامەڵەی لەگەڵدەکا خوێنەر
نییە و ئەو خەیاڵەی بۆی دەنووسێ خوێنەر نییە و خەیاڵێکە کە لەسەر خوانی
خەیاڵی خوێنەر دەژی ، دێت و دەقەکەی دەنووسێ.
لە قالبگرتنی فکر بە مانای نزیکبوونەوە دێت لە کۆتایی ئەو رێگایەی
دەمانگەیەنێتە ونبوون ، ونبوون لە مەملەکەتی نەفرەتلێکراوەکان،
دیسانەوە رووتبوونەوە کە ئەمجارە رووتبوونەوەی دەقە دروستدەبێتەوە .
٣- بەزەیی ئێمە بە نیسبەت ئەوانی تر:
((بێخەوی قەڵەمەکەم قووڵدەکاتەوە . من ھەمیشە بێخەوم ، چونکە ھەمیشە لە
جەنگی تۆدام:
من پەرۆشی چیایەکانم . دەترسم چیاکانیش وەکو ھاوڕێ و ھاوشار و
ھاونیشتیمان و ھاوخەباتەکانم لەیادبچنەوە )).
بەزەیی لە زۆربەی فەلسەفە و دەستکەوتە تیۆری و میتۆدییەکان و پراکتیکە
ئاینییەکان و ئایدیا و کتێبەکاندا وەکو پێویستی باسی کراوە کە رەوشتی
مرۆ نیشان دەدا ، وەلێ ئەو کاتەی بەزەیی بۆ بەرامبەر دەردەبڕین ھەر
بەڕاست بەزەیمان پیا ھاتۆتەوە ؟ . لای (نیتشە) مرۆ لە رێگەی گەڕانەوە
بۆ خودەوەیە بەزەیی بە ئەوانی تر دێتەوە ، لەوە دەترسێ ئەو شتەی بەسەر
ئەودا ھاتووە بەسەر خۆشیدا بێت ، لە رێگەی نیشاندانی بەزەییەوە ترسەکەی
دادەمرکێنێ . کەواتە مەسەلەکە ئەوەندەی پەیوەندی بە خودەوە ھەیە
پەیوەندی بە ئەوی ترەوە نییە . (نیتشە) پێیوابوو ئازار چەشتن دەروون بە
ھێز دەکا و بەزەیی دەکەوێتە نێو بازنەی خراپەوە چونکە نەستێکی خراپ لای
بەرامبەر دروست دەکا و راددەی باوەڕبەخۆبوونی کەم دەکاتەوە . دواجار
بەزەیی (خۆپەرستییە) ،چونکە مرۆ (بیناکەر) و( بیناکراو)ە و بەزەیی (بیناکراوە)
کە پێویستی بە لەناوبردنە چونکە سەر بە نەفسێکی ئاژەڵییە ، بە
پێچەوانەی (بیناکەر) کە پێویستە گرنگە پێ بدرێ.
ئەگەر کۆمەڵگاکان دابەشبکەین بۆ کۆمەڵگەی ترادسیۆن و کۆمەڵگەی مۆدێرن ،
بەزەیی وەکو چەمکێک لە رووی ھۆکار و ئامانجەوە ھەمەلایەن نییە و توشی
بەریەککەوتن دەبێت لەگەڵ خۆیدا و لەدەرەوی خۆشیدا نوێنەرایەتی ناکرێ ،
پێموایە ھەر لێرەوەیە تێڕوانینی (نیتشە) بۆ بەزەیی تووشی کێشە بووە ،چونکە
کۆمەڵگەی دابەشنەکردووە و ئیشی ئەو لەسەر مرۆڤ بووە و لەسەر کۆمەڵگە
نەبووە.
لای (ھەندرێن ) بەزەیی ھاتنەوە دەبینرێ بە خود و دایک و چیاکان
ونیشتیمان و شتی تر ، لەھەندێ شوێن ھێندە بە بەزەییەوە دەنووسێ خوێنەر
وادەزانێ شاعیر لە تەنیشتیەوە دانیشتووە و خەریکی گریانە ، بەڵام
گریانێک دەگری کە فرمێسکەکان پێدەکەنن . ئەو میتۆدی جوانکردنی خود لە
ئاستی بەرامبەردا بە پشت بەست بە بەزەیی ھاتنەوە ، جەنجاڵی وشە
دروستدەکا و وادەردەکەوێ خود ھاتۆتە دەرەوەی شاعیر و بەنیازی گێڕانی
رۆڵی کارەکتەرێکی جیاوازە کە زۆرجار وەکو دژەخود دەردەکەوێ ، واتە
بەزەیی زۆری شاعیر بۆ خود ، خود تووشی جۆرێک لە رق و بوغز دەکا .
٤- ژیان لە خانووی مردندا:
((گەرەکە بمرم و ژیانیش بەردەوام بێ . تا دوا چاوتروکان نەچێژم ،
نامەوێ بمرم . گۆرانییەک لە گڕ لەناخمدایە ، نازانم کەنگێ لەدایکدەبێ
)).
لە جەژنی لەدایکبوونی حەفتا ساڵەی (جۆن دیویی) ، پِڕۆفیسۆر (ھێربێرت
شنایدەر) ئوستازی زانکۆ لە کۆلۆمبیا ئەم چیرۆکەی گێڕاوە:
کاتێ یۆنانی کۆن تێکشکا ، خواکان لە چیای ئۆڵۆمپیا بەمەبەستی دۆزینەوەی
شوێنێکی گونجاو بڵاوبوونەوە . (پان)ی گەورە خوا ، دوای چەندین سەدە
لەسەر لوتکەی (گرین مونت ) نیشتەوە ، لەوێ رووبەرووی خودایەکی تر
بوویەوە بەناوی (لۆگۆس - خوای عەقڵ و حیکمەت ) و دەستیانکرد بە جەنگ ،
ھەریەکەیان دەیویست چاکە لە دیدی ئەودا ببینرێت ، سەرەنجام بڕیاریاندا
لە چیا دابەزن و خودای سێیەم بدۆزنەوە و دونیا بگۆڕن بۆ بەھەشتێک .لە
بێرلینگتۆن بڕیاریاندا لە بڕی ئەوەی بە دوای خوای سێیەم بگەڕێن کە بۆی
ھەیە ھەرگیز سەرنەکەون ، ھەردووکیان بچنە نێو گیانی ساوایەکەوە . (لۆگۆس)
گوتی : (دەترسم ئەم کارە ببێتە ھۆی لەناوبردنی ھەردووکمان . (پان)
وەڵامی داوە : (رەنگە وابێ ، لێ دواجار مرۆڤێکی ژیر و کامڵ لەدایک
دەبێت و مرۆڤایەتی دەگاتە پلەیەکی بەرز )
فەیلەسوفی رەشبینی (ھێجێزیاس - hegesias)
، قوتابییە لاوەکانی فێرە چێژەکانی خۆکوشتن دەکرد و ژیانی بۆ وەھا
کردەیەک تەرخان کردبوو ( ئەمە دیدی ھێجێزیاسە وەلێ من وەکو نووسەری ئەو
دەقە ، خۆکوشتن بە زەلیلکردنی خود دادەنێم و بۆ چیژیش بەخۆمان خۆش) . (ھێجێزیاس)
لە تەمەنی ھەشتا ساڵیدا بە مردنی خۆی دەمرێ و بۆ یەکجاریش لە ژیاندا
بیر لە خۆکوشت ناکاتەوە ، کاتێکیش لێی دەپرسن : بۆ خۆت ناکوژی ؟ وەھا
وەڵام دەداتەوە : من دەبێ بژیم تا ئەوانی تر فێرە فێرە لەزەتی مەرگ
بکەم.
گروپی چێژگەراکان توشی بێ ئەلھایی و نائومێدی نەببوون و دروشمیان (خواردن
و خواردنەوە و خۆشی) بوو لە سەردەمی (ئەسکەندەر)ێکدا کە باوەڕی بە بەھا
ئەخلاقییەکان نییە و خەڵکی ناچار دەکرد ژیان نەفی بکەن لە رێگەی ھێزەوە
نەک لە رێگەی تیۆریەی مەعریفە و سروشتی دونیا و باسی ئەخلاقیات . (ئۆپیکۆر)کە
لە منداڵییەوە خۆی لە نێو دوو جەمسەری عەقڵانییەکان و خورافە
ئاینییەکاندا بینییەوە ، باوکی پزیشکێک بوو بانگەشەی چارەسەرکردنی
خەڵکی بە جادوو دەکرد ، باسی ئامادەگی ژیان دەکا لە باوەشی مردن و
خوێندا ، باسی ئارامی نێو سەرلێشێواوی دەکا ، باسی (ھاورێیەتی) دەکرد و
پێیوابوو لە شادی و خۆشی دانەبڕاوە و خۆشی و شادیش بە بێ ھاوڕێیەتی
بوونیان لەنگە . ژیان لای (ھەندرێن)دا بەئەویتر کراوە (بە مەرگ کراوە )لە
رێگەی گۆڕانێکی ئەدەبییەوە ، مەرگیش بە بەرامبەرەکەی کە ژیانە کراوە لە
رێگەی کەرستەی وەھمی و بەرجەستەی ئەدەبییەوە. لە دیالیکتیکدا باسی
گۆڕانەکان کراوە . خودی چوار دیالیکتیکەکە بەرھەمی چوار گۆڕانی یەک
لەدوای یەکن . گۆڕانێک لە دیالیکتیکی فەیلەسوفە کۆنەکان کە بە (ھیراکلیتس)
کۆتاییان دێت لەمەڕ سروشت روودەدا و دیالیکتیکی (ئەفلاتون و ئەرستۆ )
بەدوای خۆیدا دەھێنێ دواتر دیالیکتیکی (ھیگل) و لە کۆتایشدا دیالیکتیکی
(مەتریالیزم) کە دەکرێ بە ( دیالیکتیکی مێژوویی ئایدیالیستی) ناویببەین
کە دواتر بوو بە (مەتریالیزمی مێژوویی) کە پێیوابوو ھیچ شتێک وەک
سەرەتای بوونی نامێنێتەوە و شتەکان لە گۆڕانی بەردەوام دان و خودی
گۆڕانیش گۆڕانکاری بەسەردادێت و کۆتاییەکان مانای سەرەتای قۆناغێکی تر
دەدەن.
سەرەرای گۆڕانی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر دەکرێ گۆڕان بۆ یەکتریش رووبدا
، ژیان بگۆڕێ بۆ مردن و مردن بگۆڕێ بۆ ژیان . مەتریالیسمی دیالیکتیک بە
پێچەوانەی (ئەفلاتون) و (ئەرستۆ) و (ھیگل) کە سنووریان دادەنا ، باوەڕی
بە سنووردارکرن نەبوو . (ئەفلاتون) و (شۆپنھاوەر) لە سەرەتای لاویەتیدا
دەستیان بە شیعر نووسین کرد و شیعری سۆزداری و تراژیدییان دەنووسی .
دوای ناسینی (سوقرات) ھەموو شتیک لە (ئەفلاتون)دا دەگۆڕێ و شیعرەکانی
دەسووتێنێ و دەکەوێتە شوێن (سوقرات) و دەیکاتە مامۆستای خۆی بۆ ماوەی
ھەشت ساڵ . ئەمانە نمونەی گۆڕانی دەرەوەی دەقن کە پەیوەندییان بە دە
قەوە ھەیە.
لای (ھەندرێن) گۆڕانی نێو دەق بەدیدەکرێ کە پەیوەندی کەمی بەدەرەوەی
دەق ھەیە . باسی توانەوەی ژیان دەکا لە چاوی ئەوی تردا ، ئەوی ترێک کە
زانینی زات و کەسایەتییەکەی نسبییە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە
خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر دەگۆڕێ ، ( ھەندرێن )سەرکەوتوو نە بووە
لەو گۆڕینە.
ژیان لە شیعری (ھەندرێن) دا نزیکە مەرگە ، شاعیر بەدەستی بەرجەستەی خۆی
گەرەکیەتی جەستەی وەھمی مردن لەخۆی دوورخاتەوە ، ژیانێک سارد و سڕ ،
وەرس و بێزارکەر ، سەرەتاکەی مردنە و کۆتاییەکەی تۆقین ، لە ھەندێ شوێن
، زیندەگی دەریای مردنە و ماسییەکانی ژیان تیایدا بیر لە رۆحکێشان
دەکەنەوە، ژیان لەگەڵ چیاکانی کوردستان و نووسین بۆ ئەو چیایانە
لەسەردەمێکدا کە کوردستان پڕ بووە لە گەنجی پۆست مۆدێرن کە حەوسەڵەی
حیکایەتی چیا و پێشمەرگەکانیان نییەو ناشکرێ بەزۆر وەھا حیکایەتێک بە
گوێچەکەیاندا بچرپێنرێ . دەکرا ژیانی پێشمەرگایەتی ھەندرێن و عەشقی
چیاکان و زیاتر بەشیعری بکرابان و بە شیعریکردنێک کە لە قەسیدەی (باوەشی
تەنیایی ) بە زەقی دەردەکەوێ ئەگەرچی لەوێشدا باسی (چیای شیرین ) و (کوێستانی
وەرتێ) کراوە.
ژیان لە شیعرەکەدا لە کۆتایی سەرەتاکەدا کرانەوەیەک دەکا وەلێ لەسەر
حیسابی داخرانی ئەبەدی ، لەسەر حیسابی (تەمەنی خود) لێرەوەیە شیعریەتی
( ھەندرێن) مان بۆ دەردەکەوێ و وەکو شاعیرێک نەک وەکو مرۆڤێکی ئاسایی
قسە لەسەر ( ھەندرێن) دەکەین . (ھەندرێن ) لە (ڤۆڵتێر) دەچێ کاتێ لە(
فێرنی) بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ وەکو ( مردووی زیندوو - زیندووی مردوو
) ژیا و پشت لە درۆ و فێڵ دەکا وەلێ نەک بۆ ئەوەی خەڵک خۆشیان بوێ ،
تاوەکو حەقیقەتی خودا ( ئەو خودایە نییە کە دەپەرسترێ ) بڵاوبکاتەوە و
ئاین لە شوێنی خۆی دابنرێ . تێڕوانینی ھەڵە لە ونێوەندەدا بۆی ھەیە
سەرھەڵبدا . مەبەست لە تێڕوانینی ھەڵە چییە؟ بە نموونەیەکی دەرەوەی دەق
وەڵام دەدەینەوە : (گۆتە) لە چێشتخانەیەکدا شەق لە چەقۆ و چەنگال و
قاپەکان ھەڵدەدا و سەر مێزەکە رووتدەکاتەوە ، ئەم رووتبوونەوەیە
تێڕوانینی ھەڵە لای کڕیارەکان درووست دەکا و کە (گۆتە) بە خودا یان
مرۆڤی ھەسارەیەکی تر بچوێنن . (بێکۆن) لە (ئەتلاتیسی نوێ)دا کە دوو ساڵ
بەر لە مردن نووسییەتی ، باسی دوورگەیەکی یۆتۆپی دەکا کە دانیشتوانەکەی
بەتەواوی زاڵن بەسەر خۆیاندا و ھەڵە ناکەن ، تەنھا سەھوو دەکەن ،
لێرەوەیە (بێکۆن) رەوشی خۆی گۆڕی لە وەزیرێکی لووت بەرزەوە بوو بە
بازرگانی رووناکی ، ئەو دەیگووت (مرۆڤ ئاژەڵێکی دوو پا نییە ) ، لەو
روانگەیەوە ( ھەندرێن ) لەرێگەی ئەزموونکردنی گرتەیەک و گۆڕینێکەوە
دەگەڕێتەوە بۆ چیاکان.
ئەو کاتەی ژیان دەبێت کاڵایەک بەدەستی مردنەوە ، وشە زیندووەکان جێگای
وشە مردووەکان دەگرنەوە ، نائومێدی راستەقینە ئەوکاتە سەرھەڵدەدا کە
مرۆڤ ھەواڵی گەیشتنی ئەو شتەی پێدەدرێ کەلێی دەترسا جا ئەگەر ئەو شتە (
مردن - ژیان - باڵندەی ئەفسانەیی ....ھتد) بێت . (ھەندرێن) دەیەوێ
ژیانێکی خەماوی خۆی لە نێو دەقەکانی بە ئاشکرا نیشانمان بدا بە
پێچەوانەی (رامبۆ) کە کاری بۆ سادە نیشاندانی ھەموو شتێک دەکرد و
سەرسوڕمانەکانی ئاسایی دەکردنەوە ، ئەوەی (ھەندرێن) پەیوەندی رۆحی
بەشاعیرەوە ھەیە کە ناکرێ بەراوردبکرێ بە ھی (رامبۆ ) بەھۆی بوونی دوو
پەیوەندی رۆحی جیاوازی دوو مرۆڤ ، دوو رۆح لە دوو ھێلانەی جیاواز
کەجەستەیە نیشتوونەتەوە . ئەگەر کاریگەری (رامبۆ) لەسەر (ھەندرێن)
ھەبێت نەرێنییە ، چونکە دەبێتە کاریگەری دەرەوەی دەق ، ھاوشێوەی
کاریگەری دایکی( نیتشە ) لەسەر (نیتشە) کە (نیتشە)ی کردە مرۆڤێکی کۆنە
پەرست لە قۆناغێکدا و لە رەحمی باوکی کە قەشە بوو ، بێ بەش بوو ..
لەسەرەتاوە مەودایەک کەوتە نێوان (نیتشە) و باوک ئەگەر باوک بچوێنین بە
کارگەیەک و (نیتشە)ش وەکو بەرھەمی کارگەکە.
٥- دیسانەوە زمان و زمان:
(( من دەنووسم تا ھەست بەناخی خود بکەم)).
(("دەشتی ھەولێر" بەرینتر بیر لە دووری ئاسۆی کورد دەکاتەوە . دەشتی
ھەولێر وەک ئایندەی کورد دیار نییە)).
قەسیدەکە ھەڵەی تایپی زۆر تیایە ، قسەی ئێمە
لەسەر ئەو ھەڵانە نیە ، لەبارەی زمانەوە دەدوێین ، غەریبی گەورەی (ھەندرێن)
وای لێکردووە دەرگای زمان بخاتە سەر پشت گوایە ئازادی بەزمان بەخشیوە ،وەک
دەڵێ:
((واز لە زمان دەھێنم بۆ خۆی بنووسێ ، پێی ناڵێم چی بنووسێ)).
بەخشینی ئازادی بەزمان بەکردنەوەی دەرگای زمان نابێ ، لەوەھا
بارودۆخێکدا زمان ئازاد نییە بەنووسین بەڵکو مەحکوم دەکرێ بەنووسین.
ئەرکی زمان گواستنەی حەقیقەتی رووکەشی دەرەوە نییە بۆ ناو شیعر(وەک
ئەوەی ھەندرێن دەیکا). حەقیقەت لە دەرەوەی شیعردا دەکرێ بگوازێتەوە بۆ
ناوەوەی شیعر بەڵام پێویستی بە جۆرێک لە قوربانیدانی بەشیعریکراو کە
جیایبکاتەوە لە جۆری تری قوربانیدان ھەیە . (سوقرات ) بڕیاریدا بمرێ
تاوەکو فەلسەفە و خەڵکی ئەسینا بژین ، قوربانیدانی (سوقرات) بەشیعری
نەکراوە و قسەی ئێمە لەسەر وەھا قوربانیدانێک نیییە.
بچوککردنەوەی زمان لە غوربەتی چیاکاندا ، بچوکبوونەوەی شیعرە .ئەمە ھەر
ئەو شتەیە کە عەقڵی شیعری پێ تەسک دەکرێتەوە.
(دانپیانان)ی (ژان ژاک رۆسۆ) کە نیوەی حەقیقەتە و نیوەی درۆیە ، درۆکان
ھێندە جوان گێڕدراونەتەوە خوێندنەوەیان لە حەقیقەتەکان خۆشترە .ئەگەرچی
گێڕانەوەی حەقیقەت بەجۆرێکی تر (رۆسۆ)ی بەرەو نائومێدی و گومان برد ،
دوای مردنی قسە لەسەر خۆکوشتنی (رۆسۆ) دەکرا ، دیکتاتۆرەکان( رۆسۆ)یان
بە بزوێنەری سۆشیالیستەکان دادەنا و سۆشیالیستەکان دەیانبەستەوە بە
دیکتاتۆرەکان .بەڵام زمانی شیعری (ھەندرێن) رووت رووت حەقیقەتەکانمان
بۆ دەگێڕێتەوە . لەکاتێکدا (دانپیانانەکان) بیرەوەرییەکانی( رۆسۆ)یە و
(چیاکانی من) شیعرە.
لە زمانی شیعری (ھەندرێن) حەزێکی بەدینەھاتوو بەدیدەکرێ کە پەیوەندی بە
ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوەوە ھەیە ، وەکو (ڤۆڵتێر) کە حەزی بە کۆتایھاتنی
جەنگەکان دەکرد (ئەمەش حەزێکی بەدینەھاتووە) ، (ڤۆڵتێر) دەیگوت:
"ھۆگری زانست و مەعریفەم ، لە جەنگ و ململانێ ھەڵدێم".
زمانی شیعرەکەی زۆرجار نەبینراوە و ئەو وشانەی شیعر پێکدەھێنن گوزارشت
لە فۆڕمێکی شیعر دەکەن نەک لە ماناکەی ، مانا لە شیعردا لە دیوە
نەبینراوەکەی شیعر خۆی مەڵاس داوە . پەیوەندییەکی قووڵ نیە لە نێوان
زمان و جوانی ، لەدایکبوونی زمان بە مانای لەدایک بوونی جوانی نایەت ،
لەو نموونانەی سەرەوە دەردەکەوێ کە چۆن زمانی قسەکردن و زمانی شیعر
تێکەڵبوونە.
__________________________________________
سهرچاوهکان:
١- چیاکانى من، کۆشیعر، ههندرێن،
٢٠١٢، سوید.
٢- vorrei visitary la
camera،Mirea corto، 2003، Italia.
٣-
Buona notte ،Mirea corto، 2002 / Italia.
٤- li
cerchero ،Mirea corto، 2000، Italia.
٥- siete void
dal medio o dal vicino oriente/ Mirea corto……..
٦- Dmmi una
collana /Marko di maio/ Italia / 2000.
٧- Nella
citta / Beatrice oliva/ Italia / 1975.
٨- حقیقت زیبایى، درسهاى
فلسفه هنر، بابک احمدى، چاپ پنجم، ١٣٨٠،
نشر مرکز.
٩- مدرنیته و مدرنیسم ، مجموعه مقالاتى در
سیاست، فرهنگ و نظریهاى اجتماعى، ترجمه و
تدوین: حسین على نوذرى، چاپ اول،
١٣٧٩، انتشارات نقش جهان، تهران.
ماڵپهڕی بڵند رۆستەم
|