٥\١١\٢٠١٢
هزره سهرهکییهکانی ئازادیخوازیی.

دانییل غیرین
و. له عهرهبییهوە : سهلام عارف
- بەشی
چوارەم -
ھێرشکردنە سەر
دیموکراتییەتی بۆرژوازی.*(٤)
ڕەتکردنەوە و ڕەخنەگرتنی ئازادیخواز لە فڕووفێڵ و تەڵەبازی
دیموکراتییەتی بۆرژوای بێبەزەییە،وەک ڕەتکردنەزەو ڕەخنەگرتنی
سۆسیالیستی دەسەڵاتگەرا نەرموونیان و لیقن نییە.
دەوڵەتی بۆرژوازی، کە نازناوی (امة
nation) پێبەخشراوە، تەواو مەترسیدارە و
ھیچی کەمتر نییە، لە دەوڵەتە کۆنەکە ستەمکارەکە لە دیدی (شتێنەر)دا "
پاشا کۆنەکە، لەچاو پاشای نوێدا (الامة)
نەکبەتوو زوڵملێکراو بووە، لیبریالیزم ھەر سووکردن و بچوکردنەوەکەی
جاری جارانی منە (الانا) ڕاستە ھەندێک
ئیمتیاز دەستخراون، بەڵام ئەو ئیمتازانە بۆ بەھێزکردنی دەوڵەت بوون،
نەک بۆ بەھێزکردنی من (الامة) ".
بە بیروبۆچونی (پرۆدۆن) "دیموکراتییەت ھیچی زیاتر نییە لە
دەستورخوازییە ستەمکارەکە" ئەو کاتەی باوباپیرانمان جاڕی سەروەری (گەل)یاندا
فێڵیان لێکردیین، لەواقعدا ئەو (گەل)ە کوتوومت لە مەلیکێکی بێموڵک
ئەچێت، ئەو مەلیکە تەنھا خاوەنی مەزنی مەلیکەکانە و ھیچیتر، حوکم
ناکات، دەسنیشان ئەکرێت و دائەمەزێنرێت، ھەر سێ ساڵ، یان پێنج ساڵ
جارێک لە ھەڵبژاردنێکی نوێدا بۆی دووبارە دەکرێتەوە، گەر مەلیکیش
نەمێنێت موڵک ھەر پارێزراوە بە ڕێکوپێکی، ئەو (گەلە)ش، کەوا بە تۆپزی
ڕۆشنبیرکردنی خراوەتە خانەی پشتگیۆخستنەوەو، کارتی ھەڵبژاردنەکەی
نێودەستی، تەنھا فێڵێکی نەفرەتییە و ھیچ سوودێکی لێنابینێت، کارتێکە
داھێنراوە و ڕەخسێنراوە بۆ سەروەری خاوەن موڵکەکان و بازرگانی و
پیشەسازی.
(باکۆنین)یش دەربارەی ئەوە وتوویەتی "سیستمی نوێنەرایەتی
پەرژەوەندییەکانی گەل دابیین ناکات، بە پێچەوانەوە ئیرۆستقراتیەتێکی
ھەمیشەیی دەخوڵقێنێت و پەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت دژی گەل"
ھەڵبژاردنی گشتی پێچووپەنا پێکردنە، پاراستنکارییە، دەمامکە و "دەسەڵاتی
ستەمکار لە پشتیانەوە خۆی حەشارداوە (بانکەکان -سووپا-پۆلیس)یش
ھەموویان دارشەقی ئەو دەسەڵاتەن" جگە لەوە " ئەو سیستمی نوێنەرایەتییە،
ئامرازێکی نایابە بۆ داپڵۆسیین و نابووتکردنی گەل" ھەموو ئەوانەش،
بەناوی ئیرادەی میلییەوە.
ئازادیخواز کارتی دەنگدان بە ئامرازی بەدەستھێنانی ئازادی نازانێت
(پرۆدۆن) لە ڕووی تیۆرییەوە (بزرخواز، تغیبی) بووە، دژی بەشداریکردن
بووە لە ھەڵبژاردنەکاندا، چونکە بڕوای وابووە، کە "شۆڕشی کۆمەڵایەتی،
شۆڕشێکی شێواو دەبێت، گەر لە ڕێگەی شۆڕشێکی سیاسیەوە بێت خودی
ھەڵبژاردن لۆجیک نییە، ملھوڕیە، دەستێکەڵکردنە لەگەڵ گەندەڵی دەسەڵات.
بۆئەوەی بتوانیین جەنگ بەرپا بکەین دژی ھەموو حزبە کۆنەکان، پێوویستە
دەرەوەی پەرلەمان بە سەکۆی ململانێی بزانیین، نەک ناوەوەی پەرلەمان"
بەڵام (پرۆدۆن) خۆی لەگەڵ ئەوەشدا، کە ھەڵوێستی وەھابووە، خۆی بەو
چەشنە مومارەسەی ئەو خەباتە سیاسیەی نەکردووە و دەستبەرداری
پراکتیزەکردنی ئەو ھەڵوێستە بیروباوەڕییە بووە، حوزەیرانی ساڵی ١٨٤٨ بە
نوێنەر ھەڵبژێرا و دەستی لە خۆی بەردا و خلیسکایە ناو بەزمی
پەرلەمانچێتییەوە، دواتر لە ئەیلولی ١٨٤٨ لە ھەڵبژاردنەکانی نوێنەراندا
ئەو ھەڵوێستەی دووبارە کردەوە، ھەروەھا لە ١٠ی کانونی یەکەمدا بەناوی (کەمترین
زیان) لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئەیزانی (راسپای)
سەرکردەیەکی چەپڕەوی ئەوپەڕگرتوە، پشتگیری ئەوی کرد لەو ھەڵبژاردنەدا،
جگە لەوانە (پرۆدۆن) جەلادی پرۆلیتاریای پاریس، واتە (کافیناک)ی بە
باشتر زانیوە لە دیکتاتۆرییەتی تازە (لویس ناپلوێن) پاش ئەوە بە
ماوەیەکی زۆر، سەردەمی ھەڵبژاردنەکانی ١٨٦٣- ١٨٦٤ بە بیانووی بەرھەڵستی
دژی دیکتاتۆرییەت و ئیمپراتۆرییەتەوە، دەکەوێتە سەر کەڵکەڵەی
بانگەشەکردن بۆ ھەڵبژاردنی سپی (کارتی سپی) ئەو ھەڵوێستە ناودەنێت (دیموکراتییەتی
نموونەیی).
سەردەمی ئەنتەرناسیۆنالیزمی یەکەم، مارکسیەکان دەستدەکەن بە ھەڵبەستنی
قسەوقسەڵۆکێکی زۆر دژی ئازادیخوازەکان و گاڵتەجاڕیان پێدەکەن، بەوە
تاوانباریان دەکەن، کە بزرخوازی ئازادیخوازەکان ھەڵوێستێکی تاکتیکییە،
نەک ستراتیجی، ئازادیخوازەکان توخنی سیاسەت ناکەون، دژی کاری سیاسیین (باکۆنین)
بە ناڕازیبونێکی زۆرەوە پەرپەرچی ئەو قسە ھەڵبەستراوانە و گاڵتەجاڕییە
دەداتەوە دەیخاتە ڕوو، کە ئازادیخوازەکان سیاسەتی بۆرژوازی ڕەتدەکەنەوە
و بڕواشیان بەو شۆڕشە سیاسییە نییە، کە پێش شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەخرێت،
جگە لەوە، ھەموو ئەو بزووتنەوانەش ڕەتدەکەنەوە، کە ڕزگاربوونی
کارگەرانیان نەکردۆتە ئامانجی سەرەکیی و ڕاستەوخۆی خۆیان، ھەروەھا دژی
ئەو ھاوپەیمانییە قەشەنگکراوانەشن، کە لەگەڵ حزبە بۆرژوازیە
ڕادیکالەکاندا ئەنجامدەدرێن، بۆنموونە ھاوپەیمانی ١٨٤٨
*** (باکۆنین) و برادەرەکانی
زۆر لەوە ترساون، کە کرێکارە بەرھەمھێنەرەکان بکەونە کەشی
نوێنەرایەتییەوە ببن بە پیاوانی دەوڵەت،چونکە لەو حاڵەتەدا دەبنە
بۆرژوازی و لەویش خراپتر دەردەچن.
ھەڵوێستی ئازادیخوازەکان دەربارەی دەنگدانی گشتی،زۆر لەوەوە دوورە، کە
ھەڵووێستێکی ھاوچەشنی توندوتۆڵ بێتو ھەموو لایەنەکانیشی ڕۆشن بێت،
ھەندێکیان لەو بڕوایەدان، کە کارتی ھەڵبژاردن لە (ھیچ) باشترە،
ھەندێکی دی بە پێچەوانەوە، ئەمانەیان ھەڵوێست ڕەق و سەرسەختەکانن، بە
کارھێنانی ئەو کارتە بە بێفەڕ دەزانن و ھیچ گرنگییەکی نادەنێ، ئەو
ھەڵووێستەش دەگەڕێننەوە بۆ (بێگەردی مەزەبی) لە چواچێوەی ئەو
بیروبۆچونەشدا بوو، کە (مالاتستا) لە ئەیلولی ١٩٣٦ لە ھەڵبژاردنەکانی (یەکێتی
چەپ)ی فەرەنسیدا، بڕیاری ئەوەیدا، کە نابێت لە ھەموو بوارەکاندا
دەستبەرداری ھیچ شتێک ببین، ملھوڕکردن و دابەزینیش بڤەیە.
دەشێت لە ھەندێک باروودۆخی دیاریکراودا، ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی (باش)
یان (خراپ)ی لێبکەوێتەوە، ھەنێکجار دەنگەکانی ئازادیخوازەکان دەبنە
دەنگە یەکلاکەرەوەکان، بەتایبەتی ئەو کاتانەی ، کە پێکھاتە سیاسییە دژ
بە یەکەکان ھاوسەنگن" با ھەندێک پێشکەوتنی گچکەی پۆزەتیڤیش ئەنجامی
ھەڵبژاردنەکان بن، ھەر نابێت ئازادیخوازەکان توخنی سندوقەکانی دەنگدان
بکەون" (مالاتستا) بەوە کۆتایی بە باسەکە دەھێنێت و دەڵێت " ھەمیشە
مومارەسەی سیاسی ئازادیخوازەکان بێگەرد بووە، باشتریین نمونەی حزبێکی
شۆڕشگێڕ بوون، چونکە ھیچ کات نەچوون بەدەم فیکەی ھەڵبژاردنەکانەوە".
دواتر لەو بوارەدا، مومارەسە ھەمەچەشنەکانی تیۆری ئازادیخوازی (ئەنارکیزم)
چەندەھا نموونەیاندا بەدەستەوە، بەتایبەتی لە (ئیسپانیا) ساڵی ١٩٣٠
ئازادیخوازەکان بوونە ھاوپەیمانی حزبە بۆرژوازیە دیموکراتیەکان بۆ
ڕووخانی (پریمو دو ریڤییر Primo de Rivera)
ساڵی دواتر ئازادیخوازەکان بە ڕەسمی بڕیاری بەشداری -نەکردنیاندا،
بەڵام ئەو بڕیارە پەیڕەو نەکرا، زۆر لە ئازادیخوازەکان لە ١٩ی تشرینی
دووەم بەشداری ھەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکانیان کرد، ئەوەش بووە مایەی
ھاتنی حکومەتێکی ڕاستڕەوی دژە کرێکار، ئازادیخوازەکان پێش ڕووداوەکان
کەوتن و جاڕی ئەوەیاندا، گەر بێت و لە ھەڵبژاردنە کۆنخوازەکەی
دەسەڵاتدا گوێ لە بانگەوازی بەشدارینەکردن نەگیرێت، ئەوا ناچار ئەوان
بەشۆڕشێکی کۆمەڵایەتی وەڵام دەدەنەوە، ئەوە بوو ھەوڵی ئەو شۆڕشەیاندا،
بەڵام مەرگەساتێکی لێکەوتەوە (قوربانی-بریندار-دەستگیرکردن) ساڵی ١٩٣٦
حزبە چەپڕەوەکان بوونە ھاوپەیمان و بەرەیەکی میلیان پێکھێنا، ئەو دەمە
ئازادیخوازەکان سەندیکالیستییەکان شڵەژابون و واقیان وڕمابوو
نەیاندەزانی چ ھەڵوێستێک وەرگرن، ناچار بڕیاری بەشدارینەکردنیاندا،
بەڵام دەنگی ئەو بڕیارە ھێندە بڵند نەبوو تا بە باشی بگاتە لای جەماوەر،
جەماوەر بڕیاری خۆی دابوو بە بەشداریکردن، ئەو بەشداریکردنە جەماوەرییە
بووە مایەی سەرکەوتنی (بەرەی میلی) ( ٢٦٣ نوێنەری چەپڕەو ٨١ نوێنەری
ڕاستڕەو)***** پێوویستە لەو
بوارەدا ئەوە لەیاد نەکەین و بڵێین، گەرچی ئازادیخوازەکان دژی (دیموکراتی
بۆرژواز)ین، بەڵام تاڕادەیەک بە پێشکەوتنی دەزانن، تەنانەت (شتێنەر)یش،
کە سەرسەختریین کەسی دژ بە دیموکراتی بۆرژوا بووە، بەڵام لەو بوارەدا
وشەی (پێشکەوتن)ی بەکارھێناوە (پرۆدۆن) وتوویەتی "لە گۆڕانی دەوڵەتێکی
پاشایەتیەوە بۆ دەوڵەتێکی دیموکراتی، گواستنەوە و پێشکەوتنی گەل
بەدیدەکرێت" ھەروەھا (باکۆنین) وتوویەتی "نابێت داڵغەی والێبدرێت
(...) ئێمە لە بۆ پەرژەوەندی حکومەتێکی پاشایی، ڕەخنە لە حوکمەتی
دیموکراتی ناگریین، خراپتریین حکومەتی کۆماری گەڵێک چاکترە لە
بریقەدارتریین حکومەتی پاشایی (...) دیموکراتییەت ھێدی ھێدی جەماوەر
بەرزدەکاتەوە و تێکەڵ بە ژیانی گشتی دەکات" ئەو تێگەیشتن و بیروبۆچوونە،
ئەوەی (لینین) پوچەڵ دەکاتەوە، کە وتوویەتی "ھەندێک ئازادیخواز ھەن
وادەزانن، کە شێوەی داپڵۆسین ھیچ گرنگییەکی نییە لە دیدی پرۆلیتاریادا"
لێرەدا ھەڵەیەکی مەزنە، گەر گومان لەوە بکرێت، کە (ھنری ڕرڤۆن
Henri Avron) لە نامیلکەکەیدا بە ناوی (ئەنارکیزم)
وتوویەتی "ھەڵوێستی ئازادیخوازی لەگەڵ ھەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی دژە
دیموکراتییەتی بۆرژوازیدا یەکانگیرە، بەواتەیەکی دی ھەڵوێستی
ئازادیخوازی لەگەڵ ھەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی دژە (دژی شۆڕش)دا یەکانگیرە.
_______________________________________________
پەڕاوێز:
*
بڕوانە کتێبی (التحرریە من العقیدە الی الممارسە- دانییل غیرین-)،
ئەم وەرگێڕانە لەگەڵ دەقە فەرەنسیەکەی بەراوردکراوە.
***
حیزبە ڕیفۆرمخوازە بۆرژوازییەکان- و.ع.
****
front populaire مەبەست لە حیزبە
ڕیفۆرمخوازەکانی فەرەنسایە ساڵی ١٩٣٦- و.ع.
*****
ئەو ژمارەیە ٨١ لە دەقە فەرەنسیەکەدا (١٨١)
یەکە، نەک (٨١) پێدەچێت، ئەو ھەڵەیە لە دەقە عەرەبیەکەدا ھەڵەی چاپکردن
بێت (و.ک).
ماڵپهڕی سهلام عارف
|