١٦\١٢\٢٠١٢
ھزرە
سەرەکییەکانی ئازادیخوازیی.(١)

دانییل غیرین
و: لە عەرەبییەوە سەلام عارف
- بەشی پێنجەم -
رەخنە لە سۆسیالیزمی دەسەڵاتخواز.*(٥)
ئازادیخوازەکان (ئەنارکیستەکان) بە جەم
لەسەر ئەوە کۆکن، کە ڕەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی دەسەڵاتخواز ئەرکێکە لە
ئەرکەکانیان.
سەردەمێک ئازادیخوازەکان، سۆسیالیزمی دەسەڵاتخوازیان بە ھەندێک تاوان،
تاوانبارئەکرد ئەو تاوانبارکردنەیان لە جێگەی خۆیدا نەبوو، ناڕەوا و
بێپاسا و بوو، چونکە ئەو دەمە ئەو تاوانانە ئاڕاستەی (کۆمونیستە
سەرەتاییە comunistes primitif)کان
دەکران، ئەو جۆرە کۆمونیستانەش ھێشتاکە شرینقەی (مرۆدۆستی مارکسیست
humanistes Marxiste)ی لێنەدرابوو، جگە لەوە
(مارکس و ئینگلس) خۆشیان نەبووبون بە " دەسەڵاتخواز" و دەوڵەتچی،
بەواتەیەکی دی ئەو دەمە دەسەڵاتخوازیی لە ھزری سۆسیالیستیدا سەنگێکی
ئەوتۆی نەبوو، ساوا و بێھزبوو، بەڵام دوایتر ئەوە ھزری دەسەڵاتخوازیی
گۆڕانێکی چلۆنایەتی بەسەرداھات و لقەکانی زیادیکرد و مەودایەکی
فراوانتری وەرگرت، ڕەخنەی(ئەنارکی)یش بەھەمان ڕیکتم گۆڕانێکی چلۆنایەتی
بەخۆوە دیت و دوورکەوتەوە لە قسەوقسەڵۆک ھەڵبەستن ، تا گەیشتە ئەو
ڕادەیە، ھەندێکجاریش ئەو ڕەخنەکارییەیان، بە پێشبینییە پێغەمبەریەکەیدا
دەناسرایەوە.
(شتێنەر) لەگەڵ ئەو تێبینی و مەرجەدا، پشتی کۆمونیزم دەگرێت " گەر
بڕوای کۆمونیستی ستەمدیدەکان ھەنگاوێک بێت بۆ پێشەوە بەرەو خۆ
ڕزگارکردن، ئەوان تەنھا بە خۆلادان و بۆڕدانەوەی کۆمونیزم ئەتوانن
(نامۆبون)ی خۆیان لەناوبەرن"
(شتێنەر)کرێکار لە سیستەمی کۆمونیزمدا بەوجۆرە دەبینێت، کە کارکردنی
کرێکار کۆمەڵگە سەپاندوییەتی، ئەو سەپاندنەش بەلای کرێکارەوە سزادانە،
مەگەر (ویتلنغ Weitlig)ی کۆمونیست
نەیگوتووە "بە نەشێواندنی ھاوڕەگەزی کۆمەڵگە، تواناکان نەشوونما ئەکەن"
(شتێنەر) لە وەڵامی ئەوەدا وتوویەتی "کەوابێت سیستەم، ھەروەک سیستمە
ستەمکارەکەیە، ئەبێت من ڕاست بڕۆم و ڕاست بێمەوە پێچووپەنا نەکەم،
گێرەشێوێن نەبم، واتە من لە کۆمەڵگەی پێشوودا چۆن بووم، لە میشیاندا،
ئەبێت ھەر وابم کەواتە ئەو دووحاڵەتە ھاوچەشنن و ماف بزرە".
کۆمونیست گرنگییەکی ئەوتۆ نادات بە مرۆ (کاتی ئازاد) ئەوەی بەلای
کرێکارەوە گرنگە، کۆمونیست پشتگیوێی دەخات کاتێک کرێکار لە کارکردن
دەبێتەوە، بواری ئەوەی بۆ نامێنێتەوە، وەک تاک سوود لە خۆی وەربگرێت.
(شتێنەر) بەتایبەتی دەست بۆ ئەوە درێژ ئەکات، کە چەند مەترسیدارە کاتێک
دەوڵەت ئەبێت بە خاوەنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان، کۆمونیزم خاوەندارێتی
(تاکی) لەناو ئەبات و من ئەبەستێتەوە بەکلکی ئەوانی ترەوە، بەواتەیەکی
دی من ئەکرێمە پاشکۆی (گشتەکی) و جموجۆڵەکانم ئیفلیج دەکات و ئەیانکاتە
قوربانی دەوڵەتەکەی، دەسەڵات دەسەپێنێت بەسەر (من-الڕنا)دا، ئەوە بەو
مەرجەی کە پێشتر کۆمونیزم خۆی دژی ئەو بارقورسییە ڕاپەڕیوە، کە
خاوەندارێتی تایبەتی سەپاندبووی، کۆمونیزم دەسەڵاتێکی وەھا ڕەھا
دەبەخشێت بە (گشتەکی) زۆر دژوارتروو تۆقێنەرترە لە خاوەندارییە
تایبەتییە.
(پرۆدۆن) لە بواری ڕەتدکردنەوەی ( سیستمی کۆمونیزم)دا وتوویەتی
"حکومەتی- دیکتاتۆری- دەسەڵاتخوازیی-ھەموویان لەوێوە سەرچاوەیانگرتوە،
کە "تاک پاشڵی گشتەکییە" لەبەرئەوە تێگەیشتنی کۆمونیستەکانیش، ھەر
ھەمان تێگەیشتنی سەروەرانی پێشوە، تەنھا جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، کە
کۆمونیستەکان کەمتر لیبریالین.
(پرۆدۆن) ھەر لە بواری ئەو ڕەتدکردنەوەیەدا وتوویەتی "جەماوەر لەو
دیموکراتیە توندوتۆڵەشدا، کە گوایە لەسەر بنەمای دیکتاتۆریەتی جەماوەر
دروستکراوە، تەنھا خاوەنی کۆیلەیی خۆیەتی" (سۆسیالیستە دەسەڵات
سەپێنەرەکان) ھەڵپەیانە و کار بۆ (شۆڕش لە سەرەوە) دەکەن، بەوەش دڵخۆشن
و خۆیان ڕازیکردوە، کە دوای شۆڕش ئەبێت دەوڵەت، ھەربەردەوام بێت ئەوەی
ئەو جۆرە سۆسیالیستانە دەیکەن، تەنھا گۆڕینی ناونراوەکانە (...) وەکو
گۆڕانی شتەکان لە گۆڕینی ناوەکانەوە سەرچاوەیان گرتبێت!!
(پرۆدۆن) توانج لەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەگرێتو دەڵێت "حکومەت -حوکم -
لە سروشتیدا دژە شۆڕشە (...) دەسەڵات بدە بە قەشە (سان پۆل) پاش
ماوەیەک دەبێت بە (گیزۆ)(٢) یان
(تالیران)(٣).
(باکۆنین) لە بواری دژایەتکردنی کۆمونیزمی دەسەڵاتخوازدا، شێوازێکی دی
ڕەخنەگرتن ھەڵدەبژێرێت "من کۆمونیست نیم، ناتوانم ھیچ شتێکی مرۆیی بەبێ
ئازادی بھێنمە پێشچاوی خۆم، من و کۆمونیزم کوجا مەرحەبا، کۆمونیزم
ناوەندێتی بەخشی ھەموو ھێزەکانی کۆمەڵگەیە و ھەمووشیان ھەڵئەلوشێت،
چونکە گەرەکیەتی خاوەندارێتی لە چنگی دەسەڵاتی دەوڵەتدا چڕبکاتەوە، من
بە پێچەوانەوە، گەرەکمە خاکی دەوڵەت بە توورەکە ببێژم و لە ڕەگەی
بیروباوەڕی دەوڵەتی ببڕمەوە ، دەوڵەت خەڵکی کردۆتە کۆیلە و
دەیچەوسێنێتە و دایدەپڵۆسێت و بۆگەنی پێدەکات، ھەموو ئەوانەش دەکات
لەژێرناوی خاسکردنی ڕەوشت و بەشارستانی کردنەوە، من گەرکمە بە ھاوبەشی
لە (خوارەوە بۆ سەرەوە) کۆمەڵگە و خاوەندارێتی ڕێکبخەم بە دوور لە
ھەموو دەسەڵاتێک (...) تەماشاکەن، من بەچ مانایەک کۆمونیست نیم و
کۆمەکخوازم" دوای ئەو وتەیە بە ماوەیەکی کەم ساڵی ١٨٦٨ (باکۆنین)
دەچێتە ئینتەرناسیونالی یەکەمەوە، لەوێ خۆی و برادەرەکانی بەرەو ڕووی
ھێرشێکی دووقۆڵی توندوتیژ دەبنەوە، لە قۆڵێکەوە دامەزێنەرانی
سۆسیالیستی زانستی و سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی، ئەوانە کەوا دەوڵەتیان
ڕازاندبوەوە بە خەرمانێک لە عیبادەتی دروستکردنی (دەوڵەتە میلیە)کەیان
لە ڕێگەی ھەڵبژارندن و ھاوپەیمانکاری ھەڵبژاردنەکانەوە، لە قۆڵەکەی
ترەوە بەرەوڕووبونەوەی (بلانکیە)کان، کە بانگەشەیان دەکرد بۆ
دیکتاتۆریەتی دەستبژێر. (باکۆنین) بە ورەیەکی بەرزەوە و بەبێبەزەیی
دەجەنگا دژی ئەو دوو بیروبۆچون وتێگەیشتنە، واتە سۆسیال دیموکرات و
دەستبژێری شۆڕشگێڕ، گەرچی ئەو دوو ڕێبازە جیاوازبوون، بەڵام لە مەسەلەی
(دەسەڵات سەپاندن)دا موو بە نێوانیاندا نەئەچوو، ھاوبیر و ھاوڕێگا
بوون، ھێندەش، کە پەیوەندی بە (مارکس و ئینگلس)ەوە ھەبوو لەو بوارەدا،
لە بۆ خاتری ھەندێک ھۆی تەکتیکی لەنێوان (دەوڵەتی میلی و دیکتاتۆریەتی
دەستبژێر)دا، خەریکی جۆلانێکردن بوون، تا دواتر لەژێر کاریگەری ڕەخنەی
(ئەنارکی)دا خۆیان یەکلاکردەوە و کەوتنە دژایەتیکردنی ئەو دوو
ئاڕاستەیە و ڕەفزیانکردن.
ھەڵسوکەوتی گەلەکۆمەکێ و کەسی (کارل مارکس) بۆ دەستبەسەراگرتن و
سەروەریکردنی ئینتەرناسیونالی یەکەم، بوە مایەی گرژبونی پەیوەندی نێوا
(مارکس) و (باکۆنین) بەتایبەتی دوای ١٨٧٠ ململانێی نێوانیان زیاتر
لەسەر مەسەلەی چاودێری ڕێکخستن بوو، واتە ڕێکخستنی بزووتنەوەی
کرێکارانی جیھان، لەڕاستیدا ھەردوو بزوێنەری ئەو ململانێیە ھەڵەبون،
ڕەواش نییە بڵێین (باکۆنین) بێتاوان بوە، چونکە ئەو زۆرجار لە
تاوانبارکردنی (مارکس)دا حەقانی نەبوە، بەڵام ئەوە ئەوە ناگەێنێ، کە
ئیستە ئەوە لە خوێنەر بشارینەوە و نەڵێین، کە (باکۆنین) زۆر خاسیکردوە،
کە دوای ١٨٧٠، دژی ئەو بیروبۆچون و تێگەیشتنانە بوە، واتە دژی ڕێکخستنی
بزوتنەوەی کرێکارانی جیھان و دەسەڵاتی پرۆلیتاریا، چونکە ھەر ئەو
بیروبۆچونانە بوون، کە دواتر (شۆڕشی ڕوسی) پێشوێنرا، وەکو وتمان
(باکۆنین) ھەندێک جار لە بواری ڕێکخستندا ڕەوا نەبوە بەرامبەر
مارکسیزم، ھەندێک جاریش بە پێچەوانەوە، چونکە گەر بەباشی بچینە
بنجوبناوانی مەسەلەکەوە بۆمان دەرئەکەوێت، کە دواتر ھەر ئەو
بیروبۆچونانەی (مارکس) بوو، کە بونە ھەوێنی لینینزم و ستالینزم.
پێشتر باسی ئەوەمانکرد، کە لەو بوارەدا (باکۆنین) خراپ و ناقۆڵا باسی
ڕازونیازی (مارکس وئینگلس) دەکات، گریمان ئەو دووانە ھەندێک شتیان
شاردۆتەوە و دەریان نەبڕیوە (باکۆنین) لە باسکاری ئەوەدا باسی لەوە
دەکات، کە ئەوانە، واتە دەسەڵاتخوازەکان، شتەکان دەشارنەوە و
دەرینابڕن، ئێمە لێرە و لەوێ تاوە ناتاوێک ئەو تەرحانە دەبیستینەوە،
کە "پێمان ئەڵێن، کە ھەموو کرێکاران نابنە زانستزان، لەبەرئەوە
پێوویستە لە ناوجەرگەی ئینتەرناسیونالدا، دەستەیەک ھەبێت خاوەنی-
زانست- فەلسەفە- سیاسەتی سۆسیالیست- بێت، ئەوانی دی ملکەچ و گیۆڕایەڵی
بن، بڕوایان بە پێشڕەوی ئەو دەستەیە ھەبێت، تا بیانخاتە سەر ڕێگەی
ڕاستی ڕزگاربوونی کۆتایی " (باکۆنین) لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت "
لەبەرئەوەی ئەوان لەو بیروباوەڕەوە (...) دەستپێئەکەن، کە فەزڵی ھزر
دەدەن بەسەر ژیاندا و فەزڵی تیۆریش دەدەن بەسەر مومارەسەدا، ئەو جۆری
بیرکردنەوەیە، ئەوانی گەیاندۆتە ئەو بڕوایە، کە- ھزر- تیۆر- زانست -
ھەرسێکیان ھەمیشە لای دەستەیەکن، ئیتر ئەبێت ئەو دەستەیە پێشڕەویی
ژیانی کۆمەڵایەتی بکات" لە حاڵەتێکی ئاواھیدا سەیر نییە، کە ( دەوڵەتە
میلیەکە) دەوڵەتێکی ستەمکاربێت بەسەر جەماوەرەوە، لە ڕێگەی
ئەرستکرقراتیەتێکی تازەوە حوکمڕانی بکات.
(باکۆنین) تەواو سەرسامبوە (٤) بەتوانای
زانستی (کارل مارکس) ھەر ئەوەش ھاندەری بوە، کە ھەوڵبدات کتێبی
(کاپیتال) وەربگێڕێتە سەر زمانی ڕوسی، جگە لەوە بڕوای تەواوی بە
ماتەریالیزمی مێژویی بوە و ڕێزێکی مەزنی بەشداریکردنی تیۆری (کارل
مارکس)ی گرتوە، لە ڕزگاربوونی پرۆلیتاریادا، بەڵام تابڵێیت، دژی ئەوە
بوە، کە توانای ھزری بکرێتە ئیمتیازی پێشڕەوبازی بزوتنەوەی کرێکاران
دەربارەی ئەوەش وتوویەتی "گوایە چەند نەفەرێکی زیرەکتر و ڕاستگۆتر
ئەتوانن لە بواری ڕێکخستن و یەکگرتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیدا ببنە ھزرو
گیانی بەتونا بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ھەموو وڵاتان، ئەو
بیروبۆچونە توڕەھاتە و بەپێچەوانەی سادەتریین تێگەیشتن و تاقیکردنەوە
مێژوییەکانەوەیە، ئێمە ئەپرسین، چۆن کەسێکی وەھا بەتوانای وەک(مارکس)
گەیشتۆتە ئەو بڕوایە (...) کە سەقامگیرکردنی دیکتاتۆری سەرانسەری (...)
بەسە بۆ ساردکردنەوە کەفوکوڵی ئەندازیارێکی شۆڕشی جیھان، یان چۆن وێنەی
مەکینەیەک ڕێکخستن و پێشڕەوی ڕاپەڕینی جەماوەری ھەموو وڵاتانی
پێدەکرێت، ئێمە ئەڵێین سەقامگیرکردنی دیکتاتۆریەتێکی ئاواھی، بەسە بۆ
کوشتنی شۆڕش و شێواندن و ئیفلیجکردنی ھەموو بزوتنەوە میلیەکان (...)جا
لەو حاڵەتەدا، ئەبێت چاوەڕێی چ بکرێت لە کۆنگرەیەک، کە گەرەکیەتی ، لە
بۆ خاتری شۆڕشی پرۆلیتاریای جیھان ، حکومەتێکی دەسەڵات ڕەھا
فەرزبکات؟".
پاش تێپەڕبونی ماوەیەکی زۆر تاقیکردنەوەی ئینتەرناسیونالی سێھەم،
پێشبینییەکانی (باکۆنین)ی سەلماند، کە ئەو ھیچی قەبەنەکردبوو، وریابون
و ئاگادارییەکانیشی لە جێگەی خۆیاندا بوون و ھاتنەدی.
دەربارەی دەوڵەتچێتش لە سیستمی کۆمونیزمدا، ئەو پەناھەندە ڕوسیە واتە
(باکۆنین) کورتبین نەبوو بە تێڕوانینی ئەو وابوو، کە ئەوەی ئەو
سۆسیالیستە (مەزەبیە)کان دەیانەوێت، ئەوەیە، کە (قایشوقروشی) نوێ لە
(گەل) ببەستن، ئەوانە لەگەڵ ئازادیخوازەکاندا ھاوڕان، کە دەوڵەت خراپە
و نەھامەتی و بەڵایە، بەڵام ئەوان بڕوایان بەوەیە، کە تەنھا
دیکتاتۆریەت (بێگومان دیکتاتۆریەتەکەی خۆیان) ئەتوانێت ئازادی گەل
دابیین بکات، ئێمە لە وەڵامی ئەوەدا ئەڵێین، ھەرچ دیکاتۆریەتێک
وەربگری، تەنھا ئامانجی مانەوە و بەردەوامبونە، ئەوان لە باتی ئەوە، کە
واز لە پرۆلیتاریا بھێنن، تا بەدەستی خۆی دەوڵەت لەناوبەرێت پێشنیاری
ئەوە دەکەن کە ئەو دەوڵەتە (...) بدرێتە دەست چاکسازکاران،
مامۆستاکان، واتە بدرێتە دەست سەروەرانی حزبی کۆمونیست،ئەوان ئەو
حکومەتە بە دیموکراتییەتێکی ڕاستەقینە دەزانن "ئەو حکومەتە، ھەرچ
شێوەیەک لە شێوەکانی دیموکراتییەتی بپۆشێت" بەلای ئەوانەوە گرنگ نییە و
بەو جۆرەش دەریئەخەن، کە ئەو دەوڵەتە تەمەن کورت ئەبێت" (باکۆنین)
بەو جۆرە وەڵامی ئەوە ئەداتەوە. نەخێر مەحاڵە ئەو دیکتاتۆریەتە نەک،
ھەر تەمەن کورت نابێت، بەڵکو دەستیش ئەکاتەوە بە (دروستکردنەوەی دەوڵەت
و ئیمتیازات و ئۆرگانەکانی نابەرابەری و داپڵۆسینی دەوڵەتی " واتە
دەستکردنەوە بە چەوسانەوەو ملکەچپێکردنی گەل، ئەو دەوڵەتە لەژێر پەردەی
ڕێزگرتنی ئیرادەی گەلدا بەھێزتر و باڵادەستر ئەبێت
تێڕوانینی (باکۆنین) ھەروا بە ڕووناکی مایەوە و ھیوای خۆی گرێدابوو بە
سەرکەوتنی شۆڕشی ڕوسیەوە.
"گەر بەھاناھاتنی کرێکارانی ڕۆژئاوا درێژەبکێشێت، شۆڕش بێبەش نابێت، لە
بەھەناھاتنی جوتیارانی ڕوسیا" ئەو بڕوای وابوە، کە بنەمای شۆڕشی روسی
بنەمایەکی ئازادیخوازانەیە ، بەڵام دواتر وریابوون زۆر پێوویستە، دەشێت
شۆڕشگێڕەکان ببنە تەواوکارانی دەوڵەتەکەی (پێر لوغران)(٥)
، کە لەسەر "بنەمای لەناوبردنی ھەموو ژیانی میللی دروستکراوە
"ئەتوانین ناو و شێوەی دەوڵەت بگۆڕیین، بەڵام لە قوڵاییدا دەوڵەت، ھەر
دەوڵەتە" لەو حاڵەتەدا، ھیچ ڕێگەچارەیەکی دی نییە، یا ئەوەتا ئەبێت
بیڕوخێنیین، یان لەگەڵ ئەو درۆ مەزنەدا، کەوا سەردەمەکەمان فەرزیکردوە،
واتە لەگەڵ (بیرۆکراتیەتی سوور) دەست لەناو دەست و تەبابیین (...)ھەر
لەو بوارەدا (باکۆنین) بە توانجەوە درێژەی بە باسەکە داوە و وتوویەتی
"ڕادیکاڵتریین شۆڕشگێڕ بھێنە و لەسەر عەرشی ھەموو وڵاتانی ڕوسیا دایبنێ
ساڵ تەواو ناکات، لە تزار خراپتر و پیستر دەرئەچێت.
دوای شۆڕشی ڕوسی (ڤولین)(٦) تێبینی ئەوە
دەکات، کە وانەکانی مێژوو، وانەکانی ئازادیخوازان لەیەک دەچن، دەربارەی
ئەوە وتوویەتی "گومانی تیادا نییە، کە دەسەڵاتی سۆسیالیزم و شۆڕشی
کۆمەڵایەتی دوو ئۆرگانی جیاوازی دژ بە یەکن، مەحاڵ پێکەوە بگونجێن"
شۆڕشێک، سۆسیالیزمی دەسەڵاتخواز ئیلھام بەخشی بێت و چارەنوسی
دیاریبکات، ئەو شۆڕشە شۆڕشێکی دۆڕاوە" ڕێگەیەکی ھەڵەی گرتوە و تا دێت
سەرەولێژگانیەکەشی تیژتر ئەبێت (...) دەسەڵاتی سیاسی ئیمتیاز
دەخوڵقێنێت و دەیبەخشێت بەو کەسانە، کە دوای شۆڕش دەبنە خاوەن
دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتە دەبێتە خوڵقێنەری بیرۆکراتیەتێکی زۆرەملێکار،
مەحاڵە بەو جۆرە نەبێت، سەرباری ئەوە جەماوەر فێری پاشکۆخوازی دەکات،
تا بەو جۆرە بۆی بڕەخسێت، کەشێکی وا دروستبکات، کە ئەقڵیەتی
دەستپێشخەری چەکەرە نەکات، دەسەڵات لە دەستپێشخەری سەربەخۆ ئەترسێت و
بە خۆتێھەڵقورتانی کارەکانی خۆیی دەزانێت، بەھەرحاڵ ئازادیخوازی
(دەسەڵاتی کاتی) و ھێدی ھێدی (قۆناغی گواستنەوە) ڕەتدەکاتەوە، سەردەمی
شۆڕشی ئیسپانی ساڵی ١٩٣٦ (دییغو ڕباد دو سانتیان
Diego Abad de Santillan) دەسەڵاتی سیاسی لەو چوارچێوەیەدا
نمایش دەکات" یا ئەوەتا شۆڕش سامانی کۆمەڵایەتی دەداتە دەست
بەرھەمھێنەران، یان بە پێچەوانەوە، گەر سامانی کۆمەڵایەتی درایە دەست
بەرھەمھێنەران و بەرھەمھێنەران ڕێکخستنی بەرھەمھێنان و دابەشکردنیان،
کردە ڕێکخستنێکی کۆمەکی، ئەو کاتە دەوڵەت پاساوی مانەوەی نامێنێت خۆی
لە خۆیەوە مەحف دەبێتەوە، خۆگەر شۆڕش ئەوەینەکرد، ئەوا ئەو شۆڕشە شۆڕش
نییە، بەڵکو پاشقوڵگرتن و ھەڵخەڵاتاندنە و دەوڵەتەکە، ھەر دەوڵەتەکەی
جاری جاران ئەبێت و ئەمێنێتەوە" ئەودەمە ھەندێک کەس ئەو بیرو
بۆچونەیان بە ساویلکەیی و سادەو ساکاری دەزانی، نەخێر لە ڕاستیدا ئەو
بیروبۆچوەنە سادە وساکار و ساویلکەیی نەبوو، لەناوبردنی دەوڵەت ئامانجی
ئازادیخوازەکان بوو، بەڵام ئازادیخوازەکان ھێندە نەفام نەبوون، تا
وابزانن، کە نەمانی دەوڵەت کارێکە لە شەو و ڕۆژێکدا ئەنجام ئەدرێت،
واتە خواستو ویستی ئەوان ئەوەبوو، ھەرچی زوترە پاشماوەکانی دەوڵەت
ڕابماڵرێت، بە پێچەوانەوە (دەسەڵاتخواز)کان، بەوە ڕازیبون و کەیفیان
دەھات، کە دەوڵەت ھەر بەردەوامبێت، ئەو دەوڵەتەشیان ناونابوو (دەوڵەتی
کرێکاری)
_______________________________________________
پەڕاوێز:
١-
سەرچاوە - کتێبی ( التحرریە من العقیدە الی الممارسە- دانییل غیرین)
ئەم وەرگێڕانە لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی بەراورد کراوە.
تێبینی: بەشی یەکەمی ئەو کتێبە (ھزرە سەرەکیەکانی ئازادیخوازی) ئەم
بابەتانە بوون- مەسەلە زمانەوانییەکانی پەیوەست بە وشەی ئازادیخوازیەوە
٢-شۆڕشی ڕیشەیی٣-کینەدۆزی لە دەوڵەت٤-ھێرشکردنە سەر دیموکراتیەتی
بۆرژوازی ٥-ڕەخنە لە سۆسیالیزمی دەسەڵاتخواز٦ -سەرچاوەکانی وزە (١-تاک)
و (٢-جەماوەر) (سەرچاوەکانی وزە)م لەوەوپێش کورداندوە و بڵاوکراوەتەوە،
ئەوەی بیەوێت بەسەری بکاتەوە، ئەتوانێت بە ئاسانی لە ئەرشیفی
سایتەکاندا بیدۆزێتەوە، لە داھاتودا کورداندنی بەشەکانی دی ئەو کتێبە،
دەکەوێتە، سەر تواناو کات، ھەوڵئەدەم ھێدی ھێدی ئەو بەشانە تەواو بکەم
،بە ھیوای ئەوە بکرێت کتێبێکی ناو کتێبخانەی کوردی-و-ک.
٢-
گیزو
Françoi Guizot-١٧٥٤-١٨٧٤ مێژونوسی فەرەنسی،
پیاوێکی دەوڵەتی، سیاسەتی ناوەوەی وڵات بوە، لە بۆ پەرژەوەندی
بۆرژوازیەکان کاریکردوە، ئەوەش بوە مایەی بڵاوبونەوەی ھەژارییەکی
لەڕادەبەدەر و کە ھەڵکشانێکی بەرھەڵستکاری لێکەوتەوە- و-ع.
٣-
تالیران -١٧٦٤-١٨٣٨ پیاوێکی دەوڵەتی فەرەنسی ، لە سەردەمی دیکتاتۆری و
ئیمراتۆریدا وەزیری دەرەوە بوە، کابرایەکی زانا و دانا بوە، بەوەش
بەناوبانگ بوە ، کە پاوێکی پیسکەی داوێن پیس بوە-و-ع.
٤-
کەسێک (باکۆنین)
بخوێنێتەوە، بۆی دەرئەکەوێت، کە ئەو کۆمونیستە، بڕوای بە بیروباوەڕە
سەرەکیەکانی- کۆمونیزم بوە، واتە-تێگەیشتنی خاوەندارییەتی
کۆمەکی-ماتەریالیزمی مێژویی و دیالکتیکی-تیۆرە ئابورییەکانی مارکسیزم،
کینەدۆزی ئەو لە کۆمونیزم، کینەدۆزی بوە ، لە سەروەری حزبی و
ناوەندێتیخوازی، ئەو کۆمونیستێکی فیدراڵیست، کۆمونیستێکی ئازادیخواز
بوە-و-ع.
٥-
ئەوە (بیار الثالث)ە بە (لۆغران le Grand)
بەناوبانگ بوو ١٢٣٩-١٢٨٥ پاشای ھەرێمی (ئاراگۆن)بوو، واتە پاشای ھەرێمی
باشوری خۆرھەڵاتی ئیسپانیا بوو-و-ع.
٦-
(ڤولین) ئازادیخوازێکی ڕوسی بوە ١٨٨٢-١٩٤٥ شان بە شانی
-ماخنۆ-خەباتیکردوە، ساڵی ١٩٢٠ بەلشەفیکەکان دەستگیری ئەکەن، کتێبی
(الپورە المجھولە)ی نوسیوە ، کتێبێکی کلاسیکی ئازادیخوازانەی سەردەمی
شۆڕشی ڕوسیە-و-ع.
*
تێبینیەک: من لەو باوەڕەدام، گەر کەسێک لە نزیکەوە بابەتەکانی (دانییل
غیرین) نەخوێنێتەوە، ئەگاتە ئەو باوەڕە، کە ئەو
(شتێنەر-پرۆدۆن-باکۆنین-ڤۆلین) و ئەوانی تری کردۆتە چەکی ھێرشکردنە سەر
کۆمۆنیزم، نەخێر ئەو کەسە ھەڵەیە، چونکە ئەوەی (دانییل) دژایەتیکردوە
(کۆمونیزمی دەسەڵەتگەرایە بە ناوەندیکردن و تۆتالیزمە)، نەک بزوتنەوەی
کۆمونیزم، چونکە بە بیروڕای ئەو کۆمونیزم یا (کۆمونیزمی ئازادیخوازە)
یان نییە، جگە لەوە (دانییل) تا دواین ساتەکانی ژیانی تێکۆشەرێکی
کۆمونیست بوە و ئەندامێکی کارامەی (یەکێتی کارگەرانی کۆمونیستە
ئازادیخوازەکان Union des travailleurs
comunistes) بوە -و-ک.
ماڵپهڕی سهلام عارف
|