په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠١٣

هۆکارەکانی بەدەوڵەتنەبوونی کورد!


سیروان کاوسی    

- بەشی سێیەم -

 

هەزار و دوو سەت ساڵ لەمەوبەر لەسەر رووباری ئاراس، شاری ''بەز'' هەڵکەوتبوو. ئەو شارە ئێستێ تەنیا ئاسەوارەکەی ماوە و، کەسی لێناژی. لەنێزیکی ''بەز'' چیایەکی رژد و سەرکێش هەڵکەوتووە کە زەمانی زوو بەچیای ''بەز'' نێودەبرا. دواتر ناوەکەی و مێژووەکەی گۆرا و، ئێستێ بەناوی قەڵای ''بابەک'' لەمێژوودا تۆمارکراوە. بابەک لەسەر ئەو چیا سەخت و سەرکێشە قەلایەکی سازکرد و، ئەوێی کردە ناوەندی حوکمڕانی و فەرماندەیەتیی سوپا بەهێز و دوژمنتۆقێنەرەکەی. ئەوجا هەر لەئەردەبیلەوە هەتاکو زنجیرەچیاکانی زەنگان و ورمێ زنجیرەیەک قەڵاوشۆرەی دیکەی سازکردن، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو سوپا گەورەیەی لەداهاتوویەکی نێزیک بەهێزی جەماوەری رەشوڕووت و هەژارانی تینووی ئازادی و گوزەرانی باشتر پێکیدێنی، بەسەر چیا و گرد و شوێنەگرنگەکاندا بلاویانکاتەوە و، لەشکری عەرەب تووشی جەنگێکی بەرفرە بکا و، ناچاریان بکات هێزەکانیان بڵاوبکەنەوە. ئەبوو عبادە وەلید کوڕی عوبەید بۆحتۆری شاعیری عەرەب کە لەنێوان سالانی ٢٠٦ - ٢٨٤ی هەتاویدا ژیاوە، لەشێعرەکانیدا پانتایی سنووری هێزەکانی بابەک بەزنجیرەچیاکانی ئەردەبیل و جەلفا و نەخجەوان تاکو دەشتی مۆغان و شێروان و شماخی و ورمێ نێودەبات.


بەوتەی مێژوونووسان، بابەک جگە لەئازایەتی و دلێریی بێوێنەی، هەروەها فەرماندەیەکی لەرادەبەر زیرەک و لێهاتووە بووە، هاوکات لەلێدوان و ئاخافتنیشدا قسەزانێکی بلیمەت بووەو باشیزانیوە چلۆن بەلێدوانەکانی کاریگەریی لەسەر مێشکورەوانی جەماوەرەکەی دانێت.


بابەک لەوتەکانیدا باسی زۆروزەنگی حکوومەتی داگیرکاری عەرەب و گەڕانەوەی کورد بۆ ئاینی پێشووی واتە ئاینی زەردەشتی و راماڵینی داوودەزگەی ئیسلامی و سوپای عەرەبی دەکرد. بابەک بەئاشکرا وبەڕاشکاویی دژی ئاینی ئیسلام و حکوومەتی ئیسلامیی عەرەب دەدوا و، ئاینی ئیسلامی، بەئاینی داسەپاوی هێزی داگیرکەر دەدایەقەلەم، دەیگوت: نەک هەر عەرەب، بەڵکو کورد و ناعەرەبیش دەبێ بکوژرێن ئەگەر بوونەتە موسڵمان و لەئاینی رەسەنی خۆیان لایانداوە. ئەم روانینە هزری و فەلسەفییەی بابەک، دووسەد ساڵ پاش دامەزرانی ئاینی ئیسلام، شۆرشێکی گەورەی لەنێو گەلانی ئێرانی بەگشتی پێکهێنا کە بۆ چەند سەدەیەکیش دوای بابەک بوو بەرەمزی تێکۆشین و خەبات لەدژی دەسەڵاتدارانی عەرەب.


شۆرشی بابەک تەنیا دژی دەسەڵاتدارێتیی عەرەب و ئاینی ئیسلام نەبوو، بەڵکو شۆرشێک بوو دژ بەچینی سەرۆکخێڵ و دەرەبەگ و شازادەکان و کۆیلەداری سەرتاسەری کوردستانی ئەوکات و بەگشتیی پەلاتی ئێران کە بۆ پاراستنی پێگەوبەرژەوەندیی چینایەتییان ببوونە موسڵمان و، بەسازان و خۆڕێکخستنیان لەگەڵ دەسەلاتدارانی عەرەب، زۆر بێبەزەییانە چینی جۆتکار و هەژاری ناوچەکەیان دەچەوساندەوە و خاوەنی ماڵوگیان و نامووسی جۆتکار و هەژار بوون و، بەشێوازی جۆراوجۆر باجیان بەسەر خەڵکی رەشووڕووتدا سەپاندبوو. کاتێک بابەک بانگی هەڵگیرسانی شۆرشی دژی خەڵیفەی ئیسلام و تێکڕای زۆردارانی عەرەب و ناعەرەبی ناوچەکە راگەیاند، ملیۆنان چینی هەژار بوونە پشتیوان و لایەنگری و، تەنانەت ئەو هەزاران چەتەی بەهۆی زۆرداریی عەرەب و سەرۆکخێڵەکانەوە ببوونە رێگر و هەڵیاندەکوتایە سەر کاروانی دەوڵەمەندان، ئەوانیش چوونە ریزی سوپای بابەکەوە.


لەسەردەمی خەڵیفە ''مەئموون''ی عەباسی و، لەساڵی ٨١٦ی زاینیی، هێزەکانی بابەک، شاری ''بەز'' یان رزگارکرد. سەرۆکخێڵەکان و دارودەستەکانی عەرەب بەرەو شاری ''مەراغە'' هەڵهاتن. هەواڵی رزگارکردنی شاری ''بەز'' وەک پووشوئاگر بەماوەیەکی کەم لەسەرتاسەری ناوچەکاندا بلاوبووەوە. هێزەکانی بابەک بەم سەرکەوتنەوە نەوەستان، لەباکووری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجانی ئێستا، هێرشیان بردەسەر پێگە و لەشکرگەکانی عەرەب. هەزاران بەندکراو لەشارەکان رزگارکران و لەگەڵ ئازادبوونی هەر ناوچەیەک، کۆمەڵێک لاو و بەسالاچوو دەچوونە ریزی سوپای بابەکەوە. لەگەڵ ئازادکردنی هەر شار و گوندێک، ئەو سەرۆکخێڵ و فیۆدالانەی ساڵانێکی زۆر کەوتبوونە بەر رقوبێزاریی خەڵکی هەژار، لەگەڵ ژنومنداڵ و دەستوپێوەند و پاسەوانەکانیان قەلاچۆکران و ماڵوسامانیان بەتالان بران، ئەم دیاردەیە دواتر پەرەی سەند و، جگە لەکوشتنی شازادە و فیۆدال و زۆردارانی هەرێمەکان و، بنبڕکردنی ئەندامانی بنەماڵەکانیان، شار و گوندەکانیشیان دەسووتاند و، پێگەکانیان دەڕووخاند، بۆ ئەوەی لەگەڵ هێرشی سوپای ئیسلام بۆ سەریان، نەتوانن لەشار وگوندەکان وەک شوێنی حەسانەوە کەڵکوەرگرن.


''هەرمسە'' کوڕی عەلی کە حوکمڕانیی ئەرمەنستانی دەکرد، بەفەرمانی خەڵیفە مەئموون برابوو بۆ بەندیخانەی بەغدا و، بەفەرمانی خەڵیفە لەزیندان کوشتیان. ئەم رووداوەش هاوکات بوو لەگەڵ ئازادکردنی شاری ''بەز'' لەلایەن سوپای خۆرمدینان'' وە. کوڕەکەی هەرەمسە کە ناوی حاتەم بوو، لەگەڵ بابەک پێوەندیی دەبەستێ و، هانی سەرۆکخێڵەکانی دیکەی ناوچەکەش دەدا لەدژی خەڵیفە مەئموون شۆرش هەڵگیرسێنن. رووداوی کوشتنی حوکمڕانی ئەرمەنستان بەسوودی بابەک تەواو بوو، چۆنکە توانی پشتیوانیی سەرۆکخێڵەکانی هەرێمی ئەرمەنستان بۆلای خۆی راکێشێ.


لەکاتی ئازادکردنی شاری ''بەز''، خەڵیفە مەئموون چووبوو بۆ خۆراسان بۆ دەستنیشانکردنی حوکمڕانی ئەو ناوچەیە. لەبەرئەوە هیچ بڕیارێکی دەرنەکرد. کاتێک گەیشتەوە بەغدا، یەکێک لە سەردارەکانی بەناوی ''یەحیا کوڕی معاز'' ی دەستنیشانکرد بۆ لەنێوبردنی بابەک و بزووتنەوەکەی. یەحیا کوڕی معاز بەلەشکرێکی گەورەو تەیارەوە، بەهوتاف و هاواری ''اللەاکبر'' ی لەشکرییەوە، بەرەو قەڵای بابەک کەوتەڕێ. هێزەکانی بابەکیش چاوەڕێی هاتنی لەشکری عەرەبیان دەکرد، لەشەویخوێنێکی خێرا و بەدەستوبرددا، لەشکری عەرەب بەتەواوەتیی شپرزەکرا. شەڕ چەندین شەووڕۆژی خایاند. یەحیا معاز زانی هێزەکانی بابەک دەیانەوێ لەچواردەورەوە گەمارۆیان بدەن، بەناچاریی هەڵات و، لاشەی هەزاران چەکداری سوپاکەی لەگۆڕەپانی جەنگدا بەجێهێشت و بەرەو بەغدا گەڕایەوە.


بۆ ماوەی شەش ساڵ لەشکری عەرەب نەیوێرایەوە روو لەهەرێمی سەرووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان بکات. بابەکیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ گەورەترکردن و بەهێزترکردنی سوپاکەی. خەڵیفە مەئموون پاش شکستەسامناکەکەی یەحیای کوڕی معاز، هەستی بەگەورەیی شۆرشەکەی بابەک کرد، کەوتە پرسوڕاوێژکردن لەگەڵ کەسایەتییەکانی دەوروبەری و سەردارانی، لەساڵی ٨٢٠ - ٨٢١ی زاینیی، عیسا کوڕی محەممەد کوڕی خالیدی کرد بەحوکمڕانی ئەرمەنستان و رۆژهەڵاتی کوردستان - بەئازەربایجانیشەوە. ئەم کابرایە لەنێو سەردارانی خەڵیفە بەکەسێکی دلێر و شارەزا لەکاروباری جەنگیی نێوبانگی زڕابوو. لەبەهاری ساڵی ٨٢٢ی زاینی، عیسا محەممەد خالید بەلەشکرێکی گەورەتر لە هێزەکەی یەحیا معاز، بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان ملی رێیگرتەبەر. هێزەکانی بابەک لەنێو تەنگەوداوێنی چیاسەرکێشەکاندا خۆیان حەشاردابوو، چاوەڕێی هاتنی سوپای دوژمنیان دەکرد. لەگەڵ نێزیکبوونەوەی سوپای عەرەب لەچواردەورەوە وەک برووسکە هەڵیانکوتایە سەری، ژمارەیەکی زۆریان لێکوشتن و، هەزارانیان لێ بریندارکردن، ئەویشی کە مایەوە لە گەڵ سەردارەکەیان سەردار عیسا محەممەد خالید بەرەو ئەرمەنستان هەڵاتن. لەم شەڕەدا دەستکەوتێکی زۆری جەنگی لەچەک وهەسپ وخواردەمەنیی کەوتەدەستی سوپاکەی خۆرمدینانەوە.


خەڵیفە مەئموون، بەپەلە، عیسا محەممەد خالیدی لە حوکمڕانیی ئەرمەنستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لابرد و، زریق کوڕی عەلی کوڕی سدقەی لەجێی ئەو دانا، ئەوجا یەکێکی دی لەسەردارەکانی کەناوی ئەحمەد جونەید ئەسکافی بوو، هەڵبژارد بۆ فەرماندەیەتیکردنی لەشکرێکی تازە کە بەرەو ئەرمەنستان و رۆژهەڵاتی کوردستان دەنێردرێتەوە. لەشکری ئیسلام بەفەرماندەیەتیی ئەحمەد جونەید، کاتێ گەیشتە رۆژهەلاتی کوردستان، لەگەڵ هێرشی بەربلاوی هێزەکانی بابەک بەرەوڕوو بووەوە. هەزاران ئەسحابە کوژران، هەزارانیش بەدیل گیران، سەردارەکەشیان ئەحمەد جونەید ئەسکافی بەزیندوویی گیرا، کۆتوزنجیر لەمل و دەستوپێی کرا و برا بۆ خێوەتەکەی بابەک. لەبەردەم بابەکدا چۆکیان پێدادا. بابەک هەرلەوێ فەرمانیدا ئەحمەد جونەید و هەموو دیلەکان بکوژن. دوای کوژرانی جونەید و لەنێوچوونی سوپاکەی، خەڵیفە مەئموون دەستبەجێ لەشکرێکی تازەی بەفەرماندەیەتیی ئیبراهیم لەیس کوڕی فەزڵ بەڕێکرد بۆ سەرکوتکردنی شۆرشی خۆرمدینان. ئەم سەردارە عەرەبە نەیوێرا راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر قەلای بابەک، بەڵکو چەند شەڕوشۆرێکی پەرتوبڵاو ولابەلای لە دژی سوپای بابەک ئەنجامدا، کە جگە لەبەکوشتندانی ژمارەیەکی دیکەی چەکداری عەرەب، چ ئەنجامیکی دیکەی نەبوو، پاش ماوەیەک بانگێشتی بەغدا کرایەوە.


سەرکەوتنی یەک لەدواییەکی سوپای بابەک بەسەر سوپای موسڵمانان، لەلایەک ببووە هۆی ورەبەردانی سوپای عەرەب، چۆنکە سوپای خۆرمدین جگە لەوەی لە لەشکرگەکاندا فێری هەموو جۆرە شێوازێکی شەڕکردن دەبوون، لەڕووی هزریشەوە وا پەروەردە دەکران کە سڵ لە مردن نەکەنەوە. دیلیان رانەدەگرت، ئەوی بەردەستیان کەوتبا لەنێویاندەبرد و لاشەکانیان دوای پارچەکردن، لەچۆڵەوانیی دادەنا بۆ ئەوەی ببنە خۆراکی داڵ و دڕندەی کێویی. ئەمەش ترسوسامێکی زۆری خستبووەدڵی سوپای ئیسلام و لایەنگرانیانەوە. خەڵکی ناوچەکەش کە دووسەتساڵێک بوو پیرۆزی ئاینی ئیسلام و، ئەفسانەی تێکنەشکانی سوپای ئیسلام بەگوێیاندا دەدرا، ئەو تێڕوانینەیان نەما و، هومێدێکیان بۆ پەیدابوو، کە بتوانن بەپشتیوانیکردنی بابەک و سوپاکەی، لەبندەستیی عەرەب رزگاریان بێ. ئەوجا عەرەبی خاوەندەسەڵات و خاوەن ئیمپراتۆریی کە هەر لە عەرەبستانەوە هەتاکو بەشێکی ئۆروپا و تاکو سنوورەکانی هێندستان حوکمی بەسەر دەیان نەتەوەدا دەکرد، ئامادە نەبوو لە کوردستانی پەناگوێیدا دەسەڵات و سەروەرییەکەی بکەوێتە مەترسییەوە. لەبەر ئەوە هەردوولایان شەڕی مانونەمانی یەکیاندەکرد و، دەبوو لەونێوەدا یەکیان ئەوی دی لەنێو بەرێ.


شۆرشی خۆرمدین بەردەوامبوو، مەئموون وکاربەدەستانی ئیمپراتۆرییەکەی سەرقاڵی کۆکردنەوەی سوپایەکی گەرە و بەهێزبوون بۆ لەنیوبردنی شۆرشی کوردان بەسەرۆکایەتیی بابەکی خۆرمدین. لەساڵی ٨٢٧ - ٨٢٨ زاینیی، محەممەد حەمید تووسی فەرماندەیەتیی ئەو سوپا تازەیەی کرد و، بەڵێنی بە خەڵیفە مەئموون دا، لەم جەنگەیدا سەردەکەوێ و، بابەک بەزیندوویی یان بەکوژراوی دێنێتە بەغدا. لەگەڵ گەیشتنی سوپای تازەی عەرەب، شەڕێکی گەورەو خوێناویی دەستیپێکرد. شەڕ ماوەی شەش مانگ درێژەیکێشا بێئەوەی لایەکیان بەسەر لاکەی دیکە سەرکەوێ. بابەک فەرمانیدا بۆ کوێستانەکان بکشێنەوە! سوپای عەرەب بەکشانەوەی سوپای خۆرمدین دڵخۆشبوون و دڵنیابوون بابەک توانای بەرگریکردنی نەماوە. بەفەرمانی فەرماندەکەیان بەرەو کوێستانەکان شوێن سوپای بابەک کەوتن. پاش ئەوەی سوپاکەی عەرەب بەتەواوەتیی لە تەختای وپێدەشت دابڕان و، کەوتنە داوێن و هەورازەڕێی شاخەکان، ئەوجا بابەک فەرمانی هێرشی دەرکرد. لەهەموو بەرزاییەکانەوە دەیان هەزار چەکداری خۆرمدینان وەک هەرەسی چیابەرزەکانی کوردستان دابارینە سەریان. تەواوی سوپای عەرەب، تەنانەت فەرماندەکەشیان محەممەد حەمید تووسی لەو هێرشەگەورەیەدا کوژرا و بەڵێنەکەی دابووی بەخەڵیفە بۆی نەچووەسەر. لە سوپای عەرەب تەنیا هەشت فەرماندەی پلەنزم توانییان لەکوشتارگەکە خۆیان رزگاربکەن. کوژرانی محەممەد حەمید تووسی وەک کارەساتێک بۆ دنیای ئیسلام لەقەڵەمدرا. چۆنکە جگە لەئازایەتی و ناوبانگەکەی، هەروەها لەنێو کۆڕوکۆمەڵی سیاسی و رۆشنبیریی عەرەبی و ئیسلامیدا کەسایەتییەکی خۆشەویست بوو. کۆمەڵێک شاعیری عەرەب، تەنانەت زانا و بلیمەتی کورد ''ئەبوو حەنیفە دینەوەری (١)'' بەهۆنراوە خەموپەژارەی خۆی لەکوژرانی محەممەد حەمید تووسی دەربڕیوە.


دوای تەواوبوونی پرسەوماتەمینیی محەممەد حەمید تووسی، ئەوجا مەئموون، یەکێکی دیکە لەسەردارانی ناوبەدەرەوەی عەرەب بەناوی ''عەبدوڵڵا تاهیر''، بانگێشتکرد و، پێیراگەیاند: لەنێوان حوکمڕانیی خۆراسان و شەڕ لەگەل سوپای بابەک یەکیان هەڵبژێرێ! عەبدوڵڵا تاهیریش حوکمڕانیی خۆراسانی هەڵبژارد. لەم بارەیەوە ''نزامەلموڵکی تووسی'' کە بەرەگەز ئێرانی و لەدایکبووی باکووری ئێرانە و، لەسالانی نێوان ١٠١٨ بۆ ١٠٩٣ی زاینی ژیاوە، لە پەرتۆکی ''سیاسەتنامە'' دا دەڵێ: عەبدوڵڵا تاهیر بەلەشکرێکی بێئەژمارەوە لەپێشدا بەنیازی هێرشکردنەسەر بابەک چوو بۆ ''دینەوەر'' لە کرماشان، ئەوجا رووی لە هەرێمی رزگارکراوی بابەک کرد. کاتێ بابەک زانی لە دەشتاییەکاندا توانای بەربەرەکانێی ئەو سوپا زەبەلاحەی نییە، بەرەو ناوچە شاخاوییەکان و قەڵاکەی خۆی لە بەز کشایەوە. دوای کشانەوەی سوپای خۆرمدینان، محەممەد تاهیر لەنێو فەرماندەکانی سوپاکەی ''عەلی کوڕی هشام'' ی کردە حوکمڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری ئەسفەهان، خۆشی بەرەو خۆراسان بەڕێکەوت''.


دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک هاوڕێتی و پێوەندییەکی نهێنی لەنێوان بابەک و عەلی هشامدا دروستدەبێ. هۆی ئەمەش روون نییە، بۆچی سەرکردەیەکی عەرەب کە بۆ لەنێوبردنی بابەک و شۆرشەکەی دەستنیشانکراوە و، هەزاران عەرەبی کوشتووە و بە دڵڕەقترین دوژمنی عەرەب دەناسرێ، ئەم نەک هەر بەدوژمنی خۆی نازانێ، بەڵکو هاوکاریشی دەکا و، تەنانەت دوای ئەوەی نێردراوی خەڵیفە مەئموون بەناوی عەجیف عەنبەسە دەگاتە لای بۆ لێکۆڵینەوە لەدەنگۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ بابەک، پلانی کوشتنی دادەڕێژێ، بەڵام عەجیفی کوڕی عەنبەسە بەنەخشەکەی دەزانێ و دەستبەسەریدەکا و بەکۆتوزنجیرەوە بەڕێیدەکات بۆ بەغدا. لەگەڵ کوو دەگاتە بەغدا خەڵیفە مەئموون لەسێدارەی دەدات.


دوای لەسێدارەدانی عەلی هشام، تاهیری کوڕی ئیبراهیم لەجێی دانرا، لەبەختی خۆرمدینان، جەنگی نێوان ئیمپراتۆریی رۆمی رۆژهەڵات (بیزانس) و ئیمپراتۆریی ئیسلامیی پەرەدەستێنێ، لەبەر ئەوە تاهیر ئیبراهیم هێزێکی وا گەورەی بەدەستەوە نابێ بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەی بندەسەڵاتی بابەک. کاتێک بابەک بەمەدەزانێ، فەرمانی هێرشکردنەسەر سوپای عەرەب دەردەکا، هێزی رزگاریخوازی بابەک لەکوێستانەکانەوە بەرەو پێدەشت و سەربازگە و شارەکانی بندەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی بەڕێدەکەون. بەشێکی زۆر لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن خۆرمدینانەوە رزگاردەکرێن، ئاگری شۆرش و راپەڕینی جەماوەریی، مهرجان کەزک کە دوو شاری مێژوویی بوون لە لۆڕستان و ماسبزان کە شارێکی مێژوویی ئێلی کەلوڕ یان کەلهوڕ بوو لەنزیکی کرماشان و ناوچە فارسنشینەکانی وەک ئەسفەهان و رەی و شیراز و کاشانی گرتەوە. لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هێرشدەکرێتە سەر لەشکرگە و پێگەسەربازییەکانی عەرەب و لایەنگرانیان. سوپای خۆرمدینان بەهۆی سەرقاڵبوونی حکوومەتی ئیسلامیی بەجەنگی لەگەڵ بەرەی ئاینی مەسیحیدا، هەلێکی گەورەی دەستکەوتبوو کە ناوچەی زیاتر رزگاربکەن و، هێزەکانیان بە هەموو ناوچەکاندا بڵاوبکەنەوە. خەڵیفە مەئموون لەم دۆخە نالەبار و شێواوەی بەرەوڕووی خۆی و حکوومەتەکەی ببووەوە، لەساڵی ٨٣٣ی زاینیی، کۆچیکرد، بەڵام پێش ئەوەی بمرێ، وەسیەتنامەیەکی بەجێهێشت و تێیدا نووسی: ''بۆ جێنشینم موعتەسەم ئەم وەسیەتە جێدێڵم، داوایلێدەکەم، هەموو هەوڵوتێکۆشینێک لەڕووی سەربازی وداراییەوە بخاتەگەڕ بۆ لەنێوبردنی بابەک و شۆرشەکەی، من لەبەجێگەیاندنی ئەم ئەرکەمدا سەرکەوتوو نەبووم، بەڵام تۆ بۆ رزگاریی ئیسلام و حوکمرانییەکەمان پێویستە بەهەر نرخێک بووە، ئەم ئەرکە گرنگە تەواوبکەی...''.

__________________________
ژێدەر:
(١) ئەحمەد کوڕی داوودی وەنەندی ناسراو بە ئەبوو حەنیفە دینەوەری، لەدایبووی گوندی دینەوەری سەر بە کرماشان، ساڵی ٢٨٢ی زاینی هاتووەتە دنیاوە و تاکو ساڵی ٨٩٥ی زاین ژیاوە. خوێندنی لەئەسفەهان و کوفە و بەسرە تەواو کردووە. ئەبووحەنیفە لەسەردەمی خۆیدا گەورەترین ئەستێرەناس، جۆگرافیزان، ماتماتیکزان و، زمانزان، هێندشناس و، هەروەها لەزانستی دەرمانی و گیاشناسیدا بێوێنە بووە. لەم بارەیەوە یەکێ لەزانایانی ئەو سەردەمەی عەرەب بەناوی ئەبن بیتار دەڵێ: ئەبوو حەنیفە دینەوەری ناوی زیاتر لە پەنجا گیای دەرمانی نێوبرد و لە کتێبەکەیدا شیکردنەوەی لەسەرکردن، کە پێشتر نەبیسترابوون و، کەس لەبارەیانەوە هیچی نەدەزانی.


لەبەرهەمە بەناوبانگەکانی کتێبی ''کتاب النبات'' ە کە بەگەورەترین سەرچاوەی گیاشناسی ناسراوە.، هەروەها سەبارەت بە مێژووی کوردان کتێبێکی نووسیوە بەناوی '' کتاب الاکراد. کتێبە مێژووییەکانی لەنێوان سالانی ١٨٨٨ بۆ ١٩١٢ی زاینی، لەلایەن ''ولادیمیر گرگاس''، کراخۆفسکی'' وەرگێڕدرانە سەر زمانی فەرەنسا ئەوجا بەزمانی ئینگلیزیش بڵاوکرانەوە. کۆی بەرهەمەکانی بریتین لە:
١- تفسیر قورئان. ٢- الانواء ٣- اێلاح المنگق. ٤- لحن العامە. ٥- الفحێا. ٦- حساب الدور والوێایا. ٧- الزیج. ٨- النبات (لە دوو بەرگدا). ٩- الجبر و المقابلە. ١٠- جواهر العلم. ١١- الرد علی رێد الاێبهانی. ١٢- الشعر و الشعراء. ١٣- التاریخ. ١٤- اخبار الگوال. ١٥- فی حساب الخگائین. ١٦- البلدان. ١٧- القبلە و الزوال. ١٨- البحپ فی حساب الهند. ١٩- الجمع و التفریق. ٢٠- نوادر الجبر٠ ٢١- کتاب الاکراد.

___________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/hokarekanibe2.htm  

بەشی یەکەم: www.emrro.com/hokarekanibe.htm

 

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک