٢١\١٢\٢٠١٣
هۆکارەکانی
بەدەوڵەتنەبوونی کورد!

سیروان کاوسی
- بەشی چارەم -
خەڵیفە مەئموون مرد و، دوو کێشەی گەورەی
بەچارەسەرنەکراوی بۆ جێنشینەکەی موعتەسەم جێھێشت. لەوەسیەتنامەکەی،
شۆرشی خۆرمدینان بەسەرۆکایەتیی بابەک بە گەورەترین مەترسیی بۆ سەر
دەسەلاتی عەرەب و ئاینی ئیسلام ناودەبا و، ئامۆژگاریی موعتەسەمی
جێنشینی دەکا بەھەر نرخێک بووە بابەکی خۆرمدین و شۆرشەکەی لەنێوبەرێ.
قووڵبوونەوەی جەنگی نێوان دوو ئیمپراتۆریی ئیسلامیی و مەسیحی و مردنی
مەئموون، ھەلێکی باشی رەخساند بۆ سوپای خۆرمدینان کە ھێرشێکی بەرفرە
لەرۆژھەڵاتی کوردستان لەدژی سوپا و داودەزگەکانی حکـوومەتی ئیسلامیی
دەستپێبکەن. سەرتاسەری باکووری رۆژھەڵاتی کوردستان (ئازەربایجانی ئێستا
وپارێزگەی ورمێ) لەسوپای عەرەب پاککرایەوە، ئەوجا راپەڕین ھەرێمەکانی
ئەردەڵان و کرماشان ولۆڕستان و شیراز و ئەسفەھانیشی گرتەوە. زۆربەی
شاروھەرێمەکان کەوتنەدەستی کورد و، لایەنگرانی پاپەکی خۆرمدینەوە.
موعتەسەم لەساڵی ٨٣٣ی زاینیی، بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی ناوچەکانی
کرماشان و لۆڕستان سوپایەکی گەورەی ئامادەکرد بە فەرماندەیەتیی ''ئیسحاق
ئیبراھیم مەسحەب.''. لەگەڵ کوو سوپای ئیسلام گەیشتە سنوورەکانی
کوردستان، بەنیازی بڵاوکردنەوەی جەوی ترس و تۆقاندن و شکاندنی ورەی
خەڵک و لایەنگرانی خۆرمدینان، کەوتنە قەڵاچوکردنی دانیشتووانی گوندەکان.
ئەوجا، لەشارەکانی ناوچەی کرماشان و لۆڕستان و ھەمەدان و ھەورامان
جەنگێکی گەورە وخوێناویی دەستیپێکرد، دوای چەندین مانگ شەڕی دەستەویەخە
و تێکھەڵپرژان و سەرپەڕاندن و کەوتنی لاشەیەکی زۆری کوژراوی ھەردوولا
لە گۆڕەپانەکانی جەنگ، سەرئەنجام ئیسحاق ئیبراھیم و سوپای عەرەب
بەربەرکانێی کوردانیان تێکشکاند. شاری کرماشان کە لەو سەردەمەدا
ناوەندی بازرگانی و جوانترین شاری ھەرێمەکە و ئاوەدان و پڕحەشیمەت بوو،
سووتێندرا و تالانکرا (لەبەشەکانی داھاتوودا زیاتر باسی کرماشان دەکەین
کە چەندجارێکی تریش لەلایەن سوپای ئیسلامەوە سووتێنراوە و
دانیشتووانەکەسی قەڵاچۆکراون). لەو زنجیرە ئەنفالانەی کە نێوی لێنرابوو
''جیھاد لەدژی کافران''، دەیانھەزار گەورو ومنداڵی کورد لەنێوچوون.
ھەزاران پیاوی جەنگاوەر لەگەڵ ھەزاران ژنوکچ وکوڕی لاوومێردمنداڵی کورد،
بوونە کۆیلە و بەرەو بەغدا بران. کچان و ژنان و مێردمنداڵ لەنێو کۆشکی
سوڵتان و سەردارانی سوپا دابەشکران، ئەوانەش کە مانەوە لەبازاڕەکانی
کۆیلەفرۆشیدا، فرۆشران، تێکڕای لاوان و پیاوانیش لەسێدارەدران''.
بەوتەی دوو مێژوونووسی بەناوبانگی دنیای ئیسلام ''محەممەد جەریر تەبەری
(١*)'' و ''عەلی محەممەد جزیری
(ابن اپیر ٢*)'' پتر لەشەست ھەزار کورد
لەو شەڕانەدا کوژران، ژمارەیەکی زۆریش بەرەو خاکی ئیمپراتۆریی مەسیحی (بیزانس)
ھەڵاتن. ھەزاران لایەنگری خۆرمدینان لەژنوپیاو بەدیل گیران و بران بۆ
بەغدا....''.
چەند لایەنێک لەشکستی سوپای خۆرمدینان لە ھەرێمەکانی ھەمەدان و
ھەورامان و کرماشان و لۆڕستان دەوری سەرکییان ھەبوو، یەکەم: دوای
ئازادکردنی ئەم ناوچانە لەلایەن خەڵک ولایەنگرانی خۆرمدینانەوە، خەڵیفە
موعتەسەم بەخێرایی سوپایەکی گەورەی بەڕێکرد بۆ سەرکوتکردنی شۆرشەکەیان،
سوپای خۆرمدینان دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەستدا نەبوو، ھێزێکی
پەروەردەکراوی شەڕزانی خاوەنبیروباوەڕ و پۆشتەوپەرداخ بۆ بەربەرەکانێی
ھێرشی عەرەب ئامادەبکەن. لەکاتی گەیشتنی سوپای عەرەب بۆ ھەرێمەکانی
خوارووی کوردستان، زیاتر خەڵکی ئاسایی بوون کە بەداروبەرد بەرەوڕوویان
دەبوونەوە، بۆیە نەیانتوانی لەبەرامبەر ھێرشی بەربڵاوی سوپای
پۆشتەوشەڕکەری ئیسلامدا درێژە بەشەڕەکەیان بدەن و، بەرگریی لەخۆیان و
شارەکانیان بکەن. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، لەنێو سوپای عەرەبدا
ژمارەیەکی کەمیان بەڕەگەز عەرەب بوون، زۆرێک خێڵ و عەشیرەت بەپارەو زێڕ
و، رازیکردنیان بە تاڵانیی ئەنفال، لەگەڵ سوپای عەرەب دەکەوتن. لەنێو
ئێرانییەکان و کورداندا سوپایەکی بەکرێگیراو دامەزرابوو، کە وەک
کەواسۆری بەرتیپ، پێش چەکداری عەرەب دەکەوتن و، بەناوی موسڵمان و
لەشکری ناعەرەبی ئیسلامەوە، شەڕی کوردی ھاوڕەگەزی خۆیان دەکرد.. ئەم
سوپایە گورزیکی گەورەیان سازکردبوو، نێویاننابوو ''کافرکوژ''. ئەم ھێزە
بەکرێگیراوە کە لەوێژەی سیاسیی ئەوڕۆکەی کورددا ناوی ''جاش'' یان
لێنراوە، دەور و کارکردی زۆری ھەبوو لە سەرکوتکردنی راپەڕینە گەورەکەی
ھەرێمەکانی ھەورامان و کرماشان وھەمەدان و لۆڕستان.
کاتێک خەڵیفەکانی عەباسی، مەئموون و موعتەسەم لەو راستینەیە گەیشتن،
بەھێزی کەمی خۆیان و بەفەرماندەی خۆیانەوە ناتوانن بابەک و شۆرشەکەی
لەنێوبەرن، ئەوجا بەبەخشینی زێڕوزێو و بەڵێنی پلەوپایە بەگەورەکانی
عەشیرەت و سەرۆکخێڵەکانی کورد و ناکوردی وەک سەرۆکخێڵەکانی ئێرانی و
ترکان، نەخشەی شەڕی کورد بەکورد و، فارس بەکورد و ترک بەکوردیان داڕشت.
ئەم سیاسەتە بەتایبەتیی لەسەردەمی موعتەسەمی خەڵیفەدا بوو بە ستراتیژی
سیاسی و سەربازیی حکوومەتەکەی. کۆسپێکی دیکەی سەرڕێی بابەک و
بزووتنەوەکەی ئەوەبوو، زۆربەی سەرۆکخێڵەکان و بەگشتی چینەکانی
دەوڵەمەندی شار و ئاغا و دەرەبەگەکانی کورد و ئێرانیی، دژی بابەک بوون،
چۆنکە وەک پێشتر ئاماژەمکردپێی، بابەک، چلۆن شەڕی سەروماڵیی لەدژی
عەرەب خستبووەڕێ، ئاوەھاش دژی فیۆدال و بەگزادە و چینی دەولەمەندی کورد
و ئێرانی بوو کە خەڵکیان دەچەوساندەوە و لەداھات و سامان و بەری رەنجی
ھەژارانیان دەخوارد، زۆرینەی ئەو زەنگین و فیۆدالانەش لەگەڵی بوون و،
باجیان دەداپێی، لەڕووی بیروباوەڕەوە نەبوو، بەڵکو لەترسی لەدەستدانی
سامان وگیانیان بوو خۆیان بەدۆست و لایەنگری پێشاندەدا. ئەم راستینەیەش
کاتێک ئاشکرابوو کە شۆرشەکەی بابەک بەرەو کزیی چوو، ھەموویان روویان
لێوەرگێڕا و بوونە پشتیوانی حکوومەتی ئیسلامیی. (دواتر بە دوورودریژیی
باسی ئەم بابەتە دەکەین!).
دوای قەڵاچۆکردنی چوار ھەرێمی گەورەی کوردان (کرماشان و ھەورامان و
ھەمەدان و لۆڕستان)، بابەک سنوورەکانی ژێردەسەلاتی بچووک وتەسککرایەوە
و تەنیا ئازەربایجانی بەدەستەوە ما. شکستی خۆرمدینان لەناوچەکانی
خوارووی کوردستان نەک ھەر نەبووە ھۆی ورەبەردانی سوپای خۆرمدینان،
بەڵکو ھێزوباوەڕێکی زیاتری پێبەخشین و بەشەویخوێن و ھێرشی لەناکاو و
خستنەداوی ھێزەکانی عەرەب لەشوێنەجیاجیاکان، قەرەبووی شکست و قەڵاچۆی
ھەرێمەکانی خواروویان دەکردەوە. خەڵیفە موعتەسەم بۆ رێگرتن لە
ھەڵگیرسانی شۆرشێکی نوێ، لەسەر داوای راوێژکارانی، ''خدری کوڕی کاووس''
(ئەفشین) کە شازادەیەکی ئازا و پسپۆڕێکی کەموێنە بوو لەپیشە و کاروباری
جەنگیدا، بانگھێشتکرد و، بەڵێنی داپێی گەر بێتوو بابەک و شۆرشەکەی
لەنێوبەرێ، ئەوا فەرمانڕەوایەتیی خۆراسان و کوردستانی پێدەسپێرێت.
بنەماڵەی خدری کاووس حوکمڕانی ''ئەشروسنە'' و ھەرێمەکانی سەرووی
خۆراسان بوون. بەپێی ھێندێک سەرچاوەی مێژوویی لەوانە، شاعیر و
مێژوونووسی عەرەب بەناوی ''ئەبوو العلاء المعری'' ساڵی ١٠٥٧- ١٠٥٨
لەکتێبەکەیدا بەناوی ''رسالە الغفران'' نووسیویەتی: ئەبووموسلم
خۆراسانی و خوشکەزاکەی بەناوی ''بابەکی خۆرەمی'' ھەروەھا فەرماندەی
لێھاتوو ''خدری کوڕی کاوس'' ھەرسێ کورد و زەندیقی بوون''.
ئەگەر ئەمە راست بێ و، خدری کوڕی کاووس (ئەفشین) وەک لەناوەکەیڕا دیارە
کورد بووە نەک رەگەزێکی تر، ئەم راستینە تال وژەھراوییەمان بۆ
ئاشکرادەبێ، کورد لە ھەزارودووسەتساڵێک پێش ئێستا بەدەستی خۆی نەک ھەر
شکستی بە گەورەترین شۆرشی رزگاریخوازیی خۆی ھێناوە، بەڵکو یارمەتی
دوژمنەکەی داوە نیشتمانەکەی داگیربکا و، شانبەشانی داگیرکەرەکەی،
گەلەکەی خۆی قەڵاچۆکردووە.. وەک پێشتر ئاماژەم کردپێی، بەشێک لەشازادەو
کەسایەتی و زانا و رۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمە و سەدەکانی دواتریش،
بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و لەپێناو دەستخستنی پلەوپایە و خۆپێگەیاندن
لەسایی دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە، دژایەتیی بابەک و شۆرشەکەی و شۆرشەکانی
دواتریان کرد و، بوونە پشتیوانی خەڵیفەکانی ئیسلام، کە ئەفشین و زانای
گەورە ''دینەوەری'' نموونەیەکی ئەوانەبوون. بێگومان رووداو و
کارەساتەکانی دوانزەسەدە بەر لەئێستا، وەک زۆرێک لە لاپەڕەکانی مێژووی
ونبووی کورد پێویستی بە شرۆڤە و لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی ورد و
ماندوونەناسانەی کۆمەڵەکەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ھەیە، لەناوەندێکی
زانستی- نیشتمانیی کوردیدا، سەرجەمی سەرچاوە مێژووییەکانی کۆنی ناوچەکە
بەئاسۆری و سریانییەوە ھەتاکو یۆنانی و عەرەبی و ترکی و فارسی، شەنوکەو
بکەن و، مێژووی راستینەی کورد سەرلەنوێ بنووسنەوە، ئەو مێژووە لەمێشکی
کورد بسڕدرێتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتیی لەماوەی سەدساڵی
رابردوو بەپێی ئامانجی رەگەزپەرستانەیان بۆ گەلانی خۆیان وبۆ کوردی
بندەستی خۆیان نووسیوەتەوە...
خەڵیفەی ئیسلام موعتەسەم، نەک ھەر خدری کوڕی کاوسی کردە حوکمڕانی
کوردستان، بەڵکو زۆرینەی فەرماندەکانی سوپای ئیمپراتۆریی ئیسلامیی
ناردەلای و، ھەموو دەسەڵاتێکی داپێی و، داواشی لەسەردارەکانی کرد،
لەژێر فەرمانی خدر کاووس (ئەفشین) دابن. ئەوجا ھەزاران تەن خواردن و
پێداویستیی سەربازیی ناردبۆی. بووجەیەکی زۆروزەوەنیشی بۆ سوپاکەی
ئەفشین تەرخانکرد. رۆژی دەھەزار دەرھەم دراوی ئەوکات بۆ کاتی پێشڕەوی
و، رۆژی پێنج ھەزار دەرھەم بۆ کاتی پشوو. لەھەر فرسەخێکدا دەستەیەک
سوارچاک دانران، کە پەیام و نامە و ھەوالەکان لە کەمترین ماوە،
لەسامەڕاوە بگەیەننە شاری ''ھەلوەن'' (حەلوان٣*)،
(پای تاق) لەنێزیکی کرماشان، لەوێشەوە بیگەیەننەوە سامەڕا. لەسەر ھەر
تەپۆڵکەیەکی نێزیک بەیەک چاودێری سەربازیی دانران، لەکاتی دیتنی
نامەبەرەکان، بەدەنگی بەرز چاودێرەکەی دیکە لەھاتنی ئاگاداردەکرا.
پەیامەکان لەماوەی چواررۆژ لە ناوچەی کرماشانەوە دەگەیشتنە سامەڕا.
لەکرماشان بەولاوە - بەرەو بەشەکانی خواروسەرەوی رۆژھەڵاتی کوردستان-
ھەتاکو ئازەربایجانی ئێستا، ئەگەرچی داگیرکرابوونەوە، بەڵام ھێشتا شۆرش
و ناڕەزایەتیی بنبڕنەکرابوو، سوپاودەستەپێوەندەکانی عەرەب لەم
ناوچانەدا ھەستیان بە مەترسیی دەکرد، لەبەر ئەوە دەستەی سوارچاک و
نامەبەر و چاودێر لەسەر گردۆڵکە و تەپۆڵکەکان دانەنرابوون و، بەناوچەی
جەنگ و ناوچەی بابەک و لایەنگرانی ئەژماردەکرا. ئەمەش بەڵگەیەکی روونی
دیکەیە بۆ ئەوەی بزانین ناوەند و جەرگەی بزووتنەوەکەی خۆرمدینان،
کوردستان بووە. ھەرچییەک سەرچاوەی فارسییە، بەتایبەتیی ئەو نووسەر و
مێژوونووسە فارسانەی لەزەمانی رەزاشاوە کە رژێمی ناسیۆناڵی فارسی
دامەزراند، تاکو ئەمڕۆ لەبارەی شۆرشی بابەک و خۆرمدینان نووسیویانە،
ھیچیەکێکیان پێوانە و پرنسیپی پیشەکەی خۆیان وەک مێژوونووس و نووسەر
بەکارنەھێناوە و، پەنایان نەبردووەتە بەر ویژدانی خۆیان، بۆ یەکجاریش
نێوی کوردستانیان نەھێناوە و، ناوی ئازەربایجان و ''جبال'' (چیاکان)
یاننووسیوە، تەنانەت زۆر بێویژدانانە ئەوەشیان نەنووسیوە ئەو خەڵکەی
بەقەولی ئەوان لە ''جبال'' ژیاون، سەر بەچ تیرە و رەگەزێک بوون!؟
بۆ لەنێوبردنی شۆرشی خۆرمدینان سوپایەکی مەزن لەسەدانھەزار چەکداری
عەرەب و ناعەرەب پێکھات. سەرداری عەرەب ''سەعید محەممەد کوڕی یوسف
مزووری'' لەلایەن خەڵیفەی ئیسلام موعتەسەمەوە نێردرا بۆ ''ئەردەوێڵ(٤*)''
و ''زەنگان'' و ''مادینشار'' (فارسییەکەی کراوە بە ماھنشان) و ''ماد
ئاوا (٥*)'' بۆ ئەوەی سەرجەمی ئەو پێگە و
لەشکرگە سەربازییانە چاک کاتەوە کە سوپای بابەک لەنێویان بردبوون.
دەستەیەک لەسوپای خۆرمدینان شەو ھەڵدەکوتنەسەریان، بەڵام
چەکدارەعەرەبەکان پێشتر لەڕێگەی سیخوڕ و بەکرێگیراوی خۆجێیەوە
بەنەخشەکەیان زانیوە، ھێرشەکەیان تێکدەشکێنن، ژمارەیەکیان لێدەکوژن،
ئەوانی دیش دەگرن، سەری بڕاوی کوژراوەکان لەگەڵ دیلەکان بەنیشانەی
سەرکەوتن، دەنێرن بۆ بەغدا. بەوتەی مێژوونووسی گەورەی ئیسلام ''تەبەری''،
ئەمە یەکەمین شکستی سوپای بابەک بوو!
کاتێک دەسەڵاتدارانی ئەمارەتەکوردییەکان زانییان موعتەسەم دەسەلاتێکی
زۆری بەخشێوەتە ئەفشین و، سوپایەکی گەورە و گران رووی لەھەرێمەکەیە،
ئەوجا یەکەیەکە لەھاوکاریکردنی بابەک خۆیان کێشایەوە و بەنھێنیی
پێوەندییان گرت بە بەغدا و ئەفشینەوە، بەنێوبانگترین و دەسەڵاتدارترینی
ئەمانەش دەرەبەگێکی کورد بوو بەناوی ''محمد البعیپ'' (محەممەد ئەلبەعیس)
کە ھەر لەناوچەی ورمێ وە، ھەتاکو تەورێز مۆڵکی ئەو بوو. ئەم کابرایە بۆ
پێشاندانی نیازپاکیی خۆی لەگەڵ خەڵیفەی بەغدا، یەکێک لەسەردارە
بەناوبانگەکانی بابەک بەناوی ''عیسمەت کورد''، ی بانگێشتی کۆشکەکەی کرد
و، پێشوازییەکی گەرمی لە عیسمەت کورد و پاسەوانەکانی کرد. بەپێی
پیلانێک پێشتر دایڕشتبوو، دەستیانکرد بە کوشتنی پاسەوانەکانی عیسمت
کورد، ئەوجا لەنێو کۆشکیشدا دەڕژێن بەسەر عیسمەت کورد و بەگوریس و
زنجیر دەیبەستنەوە، ژمارەیەکی کەم لەپاسەوانەکانی فریای خۆیان دەکەون
و، لەشەڕ و تێکھەچوونێکی دژواردا دەتوانن خۆیان لەکوشتارگەکە رزگاربکەن
و، بگەرێنەوە و ھەواڵەکە بگەیەننە بابەک. سەرداری کورد عیسمەت کورد،
بەکۆتوزنجیر و ھێزەوە دەنێردری بۆ بەغدا. ئەم پاڵەوانەی شۆرشی
خۆرمدینان، ماوەیەک بەدڕندانەترین شێوە لەبەغدا شکەنجەدەدری، لەبارەی
تاکتیک و شێوازەکانی جەنگیی بابەکەوە ھەموو زانیارییەک لەزمانی دەردێنن،
ئەوجا لەشی پارچەکراوی وەک گۆشتی قوربانیی، بەگۆڕەپانی شاردا ھەڵدەواسن.
ئەفشین (خدری کاووس)، بەلەشکر وچەکوجبەخانەی زۆروزەوەنەوە بەرەو
باکووری رۆژھەڵاتی کوردستان ملی رێیگرتەبەر. لەھەر شوێنێک ھۆردووەکەی
لایبدایە، مەتەرێز و خەنەقیتان بەچواردەوری خۆیدا دروستدەکرد. مەفرەزەی
شناسای و پشکنین بەچواردەوری ھۆدوودا دەگەڕان. ئەفشین ھەروەھا دەستیکرد
بە سازکردنی تۆڕی سیخوڕی وبەخشینی پارە و زێڕوزێو بە گوندنشینەکان و
قەرەج و کۆخوکوێستان نشینەکان و، کڕینی خەڵک و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد
لەسەر ھاتوچۆکردنی ھێزەکانی خۆرمدین. نامەبەرەکانی پەیتاپەیتا
دەگەڕانەوە بۆ سامەڕا و دراو و زێڕی زیاترتان دەھێنابۆی. ھەرچییەک
پێویستبوایە موعتەسەم دەیناردبۆی و، ھەموو جارێکیش ''ئەفشین'' ی
ئاگاداردەکردەوە بەوپەڕی وردبینی و ھۆشیارییەوە نەخشەکەی بەرێتە پێشەوە
بۆ ئەوەی لەبەرامبەر بابەکدا تووشی شکست نەیەت. لەیەکێک لەو کاروانانەی
کە خەڵیفە بۆ یارمەتیدانی ئەفشین بەڕێیکرد، جگە لەناردنی ھێزی تازە و،
زێڕوزیوی زیاتر، ھەروەھا بەرگدرووی تایبەتی کۆشک و سەرئاشپەزی کۆشک
لەگەڵ چەندین تەن دڕکی لەئاسندروستکراوی ناردبۆی کە بەچواردەوری
ھۆردووەکەیدا بڵاویکەنەوە بۆ بەرگری لەھێرشی سوپای خۆرمدین. کاتێک
بابەک ئەم ھەواڵەی بیست، گوتی: ''خەڵیفەی ئیسلام کەسی بەدەورەوە نەماوە،
سەرئاشپەز و جلدووری تایبەتی خۆی دەنێری شەڕمان لەگەل بکەن!''.
_____________________________
ژێدەر:
(١*)-
محەممەد جەریر تەبەری ساڵی ٢١٨ی ھەتاوی نێزیکەی دوانزەسەدەیەک بەر
لەئەمڕۆ، لەشاری ئامۆل لەباکووری ئێران ھاتووەتە دنیاوە. خاوەنی
پەرتۆکێکی مێژووییە بەناوی ''تاریخ گبری''، ھەموو رووداوەکانی ئەو
سەردەمەی کوردستان و ئێران بۆ ماوەی چل ساڵ بەرێکوپێکی تۆمارکردووە.
لەسەدەکانی دواتردا، ئەم پەرتۆکەی تەبەری بوو بەسەرچاوەی زانیاریی بۆ
ھەموو ئەو نووسەرانەی لەئیسلام و دەسەڵاتدارێتیی ئیسلامییان کۆڵیوەتەوە.
تەبەری ساڵانێکی زۆر لە بەغدا ژیا و جگە لەنووسینی پەرتۆکی مێژوویی،
سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی قورئان بوو لەبەرگێکدا بەناوی ''جامع
البیان عن تاویل''. لەسەر داوای ''ئەلمۆکتەفی'' خەڵیفەی عەباسی، دوو
کتێبی دیکەی نووسی، یەکیان، کۆکراوەی بیروڕای ھەموو زانایانی ئاینی و
پیاوچاکانی ئیسلام تاکو ئەوکات سەبارەت بە ئاینی ئیسلام دواون،
دووەمیان، ژیاننامەی چوارخەڵیفەی ''راشدین'' (ئەبووبەکر، عومەر، عوسمان
و عەلی).
(٢*)-
عێزەدین ئەبولحەسەن جزیری (ابن اپیر)، کوڕی ئەبووبەکر محەممەد
عەبدولکەریمی مووسڵی لەزانایانی سوننەی شافعی، ساڵی١١٦٠ ی زاینی
لەباکووری کوردستان ھاتووەتەدنیاوە، عێزەدین حەسەن جزیری لەگەڵ
دووبراگەورەکەی (ئەبووسەعادەت مەجدەدین موبارەک و ئەبولحەسەن عەلی)،
لەریزی گەورەترین زانایانی ئیسلامن. لەنێو ئەم سێ برا زانا و
ھەڵکەوتووەدا، عێزەدینی براچکۆلە (ابن اپیر)، بەگەورەترین لێکۆڵەر و
مێژوونووسی دنیای ئیسلام لەقەلەم دراوە. لەماوەی ژیانیدا ئەم
بەرھەمانەی نووسیوە:
١- ''اسد الغابە فی معرفە الصحابە'' (ناو و کورتەیەک ژیانی ٧٥٠٠ کەس لە
یاران وپێڕەوانی نێزیکی پێغەمبەری ئیسلامی تێدا تۆمارکراوە). ٢-
پەرتۆکی مێژوویی ''ئەتابەکانی مووسڵ''. ٣- ''کتاب تحفە العجائب و گرفە
الغرائب'' ٤- پەرتۆکی ''جامع الکبیر فی علم البیان''. ٥- پەرتۆکی ''الکامل
فی التاریخ'' رووداوەکانی جیھانی تاکو ساڵی ٦٢٧ی کۆچی - مانگی تێدا
تۆمارکردووە. ٦- پەرتۆکی '' اللباب فی معرفە الانساب ''.
گەورەترین بەرھەمی عێزەدین جزیری کتێبە مێژووییەکەیەتی کە ھەتاکو
ئەوڕۆش بە گەورەترین سەرچاوەی مێژوویی زانستی دادەنرێ. سەردەمی ژیانی
عێزەدین جزیزی ھاوکات بووە لەگەڵ کۆتاییەکانی حوکمڕانیی سوڵتان
جەلالەدین خواڕەزمشا وسەرھەڵدانی ئیمپراتۆریی مەغۆلەکان. رووداوەکانی
ئەوسەردەمەی بەوردی وەک خۆی تۆمارکردووە، لەبەر ئەوە کتێبە مێژووییەکەی
بەگەورەترین سەرچاوەی باوەڕپێکراو دادەنرێ سەبارەت بە سەرھەڵدان و
بڵاوبوونەوەی دەسەلاتی مەغۆلەکان.
(٣*)-
شاری ''ئەڵوەن'' (حەلوان)، لەنێزیکی شاری کرماشان ھەڵکەوتبوو، لەریزی
ئەو شارانەدا بوو کەوتبووە سەر ھێڵی ''جادەی ھەورێشم'' وە. دەیان زانا
و کەسایەتیی گەورەی ئاینیی لەسەدەکانی یانزەودوانزەی زاینی لەم شارەوە
سەریانھەڵدا. دواتر ئەم شارە بەرەو وێرانی چوو، ھۆی ئەمەش نازانرێ، پاش
دەیانساڵ ''سەرپێڵ زەھاو'' کە ئەوکات گوندێکی بچووک بوو، بەرە بەرە
ئاوەدانی تێکەوت و پەرەی سەند و بوو بەشارێکی گەورە و جێی شاری ''ئەڵوەن''ی
گرتەوە. ئەم شارە دێرینە ئێستەش ئاسەوارەکەی ماوە.
(٤*)-
وشەی ''ئەردەوێڵ'' کە فارسەکان کردوویانە بە ''اردبیل'' ''ئار – دەوێرە''.
''ئار'' وێنەیەکی دیکەی ''ئاگر'' ە. ''دەوێر'' ''دەڤەر'' ە کە لە کوردی
باکووردا بەکاردەبرێ و مانای شوێن و جێیە. وشەی ''دەوار'' یش کە بەجێی
مەڕ و ماڵات و گا و مانگا دەگوترێ، ھەر لەمەوە ھێنراوە. ''وار'' و ''وێر''
بەمانای شوێنی نیشتەجێبوونە.
بڕوانە: (چەند وشەیەک لەبارەی ئەم پەرتۆکەوە، پێشەکیی دوکتۆر جەمال
نەبەز بۆ پەرتۆکی: ''مێژووی دەسەلاتدارێتیی ئاینی لەئێران'' لەنووسینی
سیروان کاوسی لاپەڕە ١٢ ساڵی ٢٠١٠).
(٥*)-
''مادشا'' (ماھنشا) شارێکی گەورە و شوێنی نیشتەجێبوونی سەردەمی مادەکان
بووە کە ئێستا لەپارێزگەی ''زەنگان'' ھەڵکەوتووە. ئێستەش گوندێک
لەپانزە کیلۆمێتری شاری مادنیشان بەناوی ''ماد ئاوا'' ھەیە. ھۆزی
گەورەی ''ماد'' کاتێک بەرەو پەلاتی ئێران و کوردستانی ئێستا ھاتن،
بەشێکی لەچۆمی قەزڵوەزان مانەوە کە ئێستەش بەناوچەیەکی رۆژھەڵاتی
کوردستان ئەژماردەکرێت.
___________________________________
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/hokarekanibe3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/hokarekanibe2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/hokarekanibe.htm
٢٠\١٢\٢٠١٣
ماڵپهڕی سیروان کاوسی
|