په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٤

ھۆکارەکانی دواکەوتنی کابینەی ھەشت.

سەباح تاھیر      


‌گومانی تێدا نییە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر لە وادەی خۆی دواکەوتوە، کە باس لە دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەکەش دەکرێت یەکسەر بەبێ دوو دڵی زوومی تاوانی دواکەوتنەکە دەکەوێتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەش لە بەر چەند ھۆکارێکی ئاشکرا جگە لە ھۆکاری پشتی پەردە...


‌پارتی دیموکراتی کوردستان بەھۆی بەدەستھێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان کە ٣٨ کورسیە و باڵا دەستی لە حکومەت و ھەرێم و ھەولێر ئەرکی ھەرە گەورە لە سەر ئەم حزبەیە، بەڵام ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان دۆش دامانی زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ مانای چی دەگەیەنێت ئایا کۆکردنەوەی زۆرینەوەی رەھا بۆ نیسابی یاسایی شتێکی یەکجار قوڕسە. ئایا یەکێتی باری پارتی قوڕسکرد بە سەپاندنی حکومەتی بنکە فراوان، یەکێتی بۆچی ئەو مەرجە قوڕسەی سەپاند بەسەر پارتی دا، ئایا لە تۆڵەی پەشیمان بونەوەی پارتی بو لە رێکەوتنی ٣٠ حوزەیران کە یەکێتی بەتەنھا باجێکی قوڕسی دا لە بەرانبەردا جگە لە درێژکردنەوەی ماوەی یاسای سەرۆکی ھەرێم کە سەرۆکی پارتییە. پێگەی پارتی شی قایمتر کرد، باشە دەبێت قازانجی یەکێتی لەچیدا بێت ئەگەر گەڕانەوەی دەستور پێشمەرجی رێکەوتنی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی نەبێت؟ بەڵام بەم ھەڵوێستەی پارتی لەمەڕ ئەو رێکەوتنەو ھێشتنەوەی بە شاراوەیی یەکێتی زۆر ئیحراج کرا لە بەردەم رای گشتی، ئۆپزیسیۆن گۆڕان بەتایبەتی سوودی زۆری لێبینی، دیارە پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشکی شێری بەرکەوت لەم قازانجە لەسەر حیسابی یەکێتی..


‌پرسیار ئەوەیە بۆچی پارتی ئاوای کرد یان راستر ئاوای بەسەر یەکێتی ھێنا، وەڵامەکەی ئاسانە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەر لە رێکەوتنی حوزەیران دروست تریش بۆ یەکی شەشی دوو ھەزارو سێزدە بە دیاریکراوی له ٣٨ ەمین ساڵ رۆژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم یادەو لە ھەولێر زەنگی ھەستانەوەی بۆ دۆست و دوژمن لێدا بەو حەشامەتە جەماوەرییەی بۆ ئەم یادە کۆبوەوە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەستانەوەی یەکێتی و مانەوەی گۆڕان بەم قوڕساییەی لانیکەم دەبو بە یەک لەسەر سێی ھێزی کوردستان چونکە چاوەڕوان دەکرا وپێشبینی زۆر بو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرووی ٣٥ کورسی بێنێت، بۆیە پارتی بەم ھەڵوێستەی بەرانبەر رێکەوتنی حوزەیران خەنجەری ژەھراوی لەپشتی یەکێتی دا و رێکەوتنی یا لێکگەیشتنی دەباشانی گۆڕبەگۆڕکرد کە لە نێوانی یەکێتی و گۆڕان بەئامادەبوونی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا گەڵالە ببوو.. بۆیە یەکێتی لە پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم ئەو دەروازەی لەبەدەم پارتی داخست کە حکومەتی زۆرینەی لەگەڵدا پئکبھێنێت و یەکێتی بکاتە بەردەباز...


‌پێکھێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی یاخود گۆڕان لە رووی یاسایی ھیچ گەردێکی تێدانیە بەڵام لە رووی واقیعەوە ئەوەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت دەزانێت مەحاڵە نەک ئەستەم، جگە لەو پێکھاتە سەربازی و ئەمنییەی لەھەرێمدا ھەیە گەواھی ئەوە دەدەن کە کارێکی لەو شێوەویە مەحاڵە چونکە یەکگرتنەوەی ئەو دوو ئیدارەیە چەند ساڵە نەکراوەو تەنانەت بە ھاوکاری ئەمەریکیەکانیش کە بەکردەوە لە ساڵی ١٩٩٨ ەوە بەفەرمی خەریک؟


‌ئەوەی سەبارەت بە گۆڕانیشە کە بۆ یەکێتیش ئەم ئەگەرە ھەر لە ئارادایە، لە ئەگەری بێبەشکردنی گۆڕان لە پێکھاتەی کابینەی ھەشت و پێڕەوکردنی بنەمای زۆرینە، بەمشێوەیە پارتی دوجار گۆڕان بێبەش دەکات لەحکومەت،جارێکیان لە پێکھاتەی کابینەکەی مالکی کەتاوەکو ئێستاش راگەیاندنەکانی گۆڕان ئەم ھەڵوێستەی پارتی و مەسعودبارزانی دوبارە دەکەنەوە کە گۆڕان لە ئیستحقاقی خۆی بێبەشکرا لە بەغدا...


‌بۆچی پارتی دەیەوێت کابینەی ھەشتەم لەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، راستیەکەی مەبەستی پارتی دواخستنی کابینەی ھەشتە بۆ دوای پێکھێنانی حکومەتی فیدڕالی یا ھیچ نەبێت بەرچاو روونی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکە. چونکە پارتی ترسی فەرامۆشکردنی ھەیە لەبەغدا کە بەرنامەی زۆرینەی سیاسی زاڵە لەلایەن ئیتلافە گەورەکانی عێراق، گۆڕان دەتوانێت بەبەشداری لە حکومەتی ئیتیحادی پارتی دەستبڕا بکات ھەم لەھاوکێشەیەکی زۆر کاریگەر دووری دەخاتەوە ھەم تۆڵەی جاری پێشووی لێدەکاتەوە، پارتی ناتوانێت بۆ ئەم ھەنگاوە ھیچ شتێک بکات تەنانەت راگەیاندنەکەشی بخاتە گەڕ، چونکە ئەگەر ھەڵەیە یاخود خیانەت ئەوا پارتی پشترئەم کارەی کردوە، راستیەکەی تەنانەت ئەگەر ھێزێک ھاوکاری سەربازی لەبەغدا وەرگرێت دەکەوێتە قالبی پەرچەکردار چونکە پارتی پێگەی ئێستای کەشانازی پێوە دەکات بە پشتیوانی ھێزی بەعس بوە لە ٣١ ئاب دا، بۆیە رەنگە ترسی پارتی لە یەکێتی گۆڕانی ئەم ھاوکێشەیە بێت کە لە عێراق روویداوە ھاوکێشەی پان ئێرانیزم و تەنانەت نیگەرانی ئەمەریکا لە رەفتارەکانی پارتی لەمەڕ دۆسیەی ھەناردەکردنی نەوت لە رێگای تورکیاو ئەردۆگانەوە؟


‌کەواتە پارتی لەبەردەم ھەڕەشەی جیدی زۆر گەورەدایە، گرەو کردن لەسەر ھاوپەیمانی لەگەڵ نوجەیفی و بەڵێن پێدانی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق ئەمجارە بە ئوسامە نوجەیفی گرەوێکی دۆڕاوە، چونکە شیعەکان ئەستەمە ئەگەر نەڵێین مەحاڵ رەزامەندی لەسەر نوجەیفی دەرببڕن بۆ ئەم پۆستە جگە لەوەش جگە لەقەتەر ھیچ ووڵاتێکی کەنداوو عەرەبی پشتگیری نوجەیفی ناکەن، پشتگیری تورکیاش رووبەڕووی ڤیتۆی ئێران دەبێتەوە... کەواتە بەم ھاوکێشەیە عەرەبی سوننە بەشەکەی دژی نوجەیفی دەبنە ھاوپەیمانی ئەو بەرەیەی دژی (نوجەیفی)ن...


‌دروشمی جیابونەوەو کۆنفیدڕالی لەلایەن پارتی لەم کاتە تەنھا ھەر دروشمی بانگەشەی ھەڵبژاردن نییە، بەڵکو لە ترسی ئەو ھاوکێشەیە یە کە ئەگەری ھەیە لە دژی بەرژەوەندی پێگەی پارتی بێتە ئاراوە.


‌کارتی پارتی لەبەرانبەر دا، پارتی دەستەوەستان ناوەستێت و کارتی دروستکردنی ھەرێمێکی ھەیە لەگەڵ موسڵ و نوجەیفی دا تورکیا بەتەواوی پشتگیریان دەکات رەنگە وەک پڕۆژەی ویلایەتی موسڵ مامەڵەی لەگەڵ بکات، ئەگەر ھەڕەشەی جیاکردنەوەی ئیدارەی سەوز لە پارتی بکرێت و بەکارتی گوشار بەکاربھێنرێت ، بۆچی چاوەڕێی ئەوە نەکرێت پارتی ئەم کارتە بەکاربھێنێت...


‌لەبەر ئەم ھۆیانەیە رەنگە پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم زۆر قوڕس بێت پێکھێنانی ، ئەگەر ھەر پێک نەیەت بە گۆڕانی ھاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان...


ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک