په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠١٠

هۆکارى گەندەڵیی نێو سەندیکا و رێکخراوە حزبییەکان.

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


ئەوەى پێویستە بووترێت ئەوەیە کە ساڵ بە ساڵ ئاستى رۆشنبیرى و مەعریفى و زانستى و بەڕێوەبردنى دەزگاکانى کوردستان بەرەو خراپترو گەندەڵترو بێناوەرۆکترو سادەترو بێبەرنامەترو کۆنترو پواوترو بێئامانجتر دەچێت، ئەم سەندیکاو یەکێتى و سەنتەرو رێکخراوانە لەبەرئەوەى کە هەمیشەو هەمیشە دەستى حزب و بەرپرس و ژوورە تاریکەکانى لەپشتە، ناتوانێت یەک سانتیمەتر کۆمەڵگاى مەدەنى و شارستانى و ئاستى فەرهەنگى و رۆشنبیرى و هونەرى و ئەدەبى و زانستى و کەلەپوورى کوردى بەرەو پێش بەرێت، عەرەب وتوویە): فاقد الشىْ لا یعگی) واتە ئەوەى شتەکانى لەدەستداوە، ناتوانێت هیچ ببەخشێت. ئەم دوو حزبە وا دەزانن کە بەڕێوەبردنى دەزگاکان و سەنتەرو رێکخراوە مەدەنى و سەندیکاییەکان تەنیا بە کەسانى حزبى بەڕێوە دەچن، هەروەکو بەعس بیر دەکەنەوە، کەسانى شیاو بۆ شوێنى شیاو پەندێکە لە سۆماڵ و بەنگلادیش و واق واقیش پیادە دەکرێت، بەڵام کوردستانى بارگاویکراو بە پێڕەو و دیسپلینى حزبى ئەم پەندەش بە هێڵى سوور دەزانێت، بۆیە بە دەیان و سەدان بەڕێوەبەرێتى و بەڕێوەبەرى سەنتەرو سەندیکاو رێکخراو و کۆمەڵەو یەکێتى پیشەوەران توێژە گرنگەکانى نێو کۆمەڵگاى کوردستان، هەن کە کەسانى حزبیى و نەخوێندەوارو نەزان و سادەو نەخۆش بە گرێى دەروونى دەیبەن بەڕێوە کە غەرقن لە گەندەڵى و پەتاو درم و نەخۆشى دەروونى و کۆمەڵایەتى و فیکرى.


کەسێکیش نییە، دواى تەنانەت چەند ساڵێکیش لە ئیشوکار و کارنامەو بەرنامەو دارایى و خەرجى و چالاکى و دەرکراوو بڵاوکراوەو داهێنانیان (کە هەمیشە بە دەگمەن) ى ئەم جێگایانە بپرسێتەوە، خۆ ئەگەر چاودێرى دارایش بە بەڵگەوە گەندەڵى ئەم شوێنانەى سەلماند، کەس بۆ دادگاو دادگاییکردن راپێچ ناکرێت، ئەگەر لێرەو لەوێ رۆژنامە ئەهلییەکان بەڵگەو دۆکومێنتیان وەدەست کەوت و بڵاویان کردەوە، لەوپەڕى شارانەوە، سەرۆکەکانمان خۆیان داکۆکیان لێدەکەن و دەیانپارێزن و بە خۆڕایى پارێزەرییان بۆ دەکەن.


کوردستان، بە تایبەتى دواى وەدەرکەوتنى بزووتنەوەى گۆڕان و پتەوبوونى پێگەى ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان و لەمەش گرنگتر لەنێو خەڵکى زۆرینەى هەژاران و رۆشنبیران و توێژى گرنگى گەنجاندا، دەسەڵات و دوو حزبە زەبەلاحەکە، فێرى پرۆگرامیچکى کوشندەتر بوون، کە بریتییە لەوەى حزبییەکان رێکدەخاتەوەو بە لیستى داخراو و بەناوى تەباییەوە، بەزۆر بەسەر سەندیکاو کۆمەڵەکاندا، نووسەران و مامۆستایان و پارێزەران و رۆژنامەنووسان و ....تاد. بەزۆر دەیانسەپێنێت، ئەندامە ئۆپۆزسیۆن و تووڕەو سەربەخۆو ئازادەکانیش ناچار پاشەکشەى بۆ دەکەن و بەمەش گۆڕەپانەکە چۆڵ دەبێت بۆ پیاوان و ئەندامانى حزبى و بەکرێگیراوى دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە، خۆیان خۆیان هەڵدەبژێرن و کۆمەڵە یان سەندیکایەک یان یەکێتییەکى ئیفلیج و پەککەوتووى حزبى زۆر چەقبەستوى بەرژەوەندیخواز دادەمەزرێت و کارو کارنامەو پێڕەوى ئەم شوێنانە دەبێتە ملکەچ و گوێڕایەڵ و سەرشۆڕى ئەم دوو حزبەى کە سیماو وێنە و واتاى دێمۆکراسى و شەفافییەت و رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن بەرەو دونیایەکى تاریک و پێچاوپێچ و سەرابى نێو تونێلى حزبى و فەرمانى سەرکردە حزبییەکان دەبات.


رۆڵى دێمۆکراسییانەو کارى خزمەتگوزارى و کار ئاسانى بۆ گشت و بەبێ جیاوازى نوغرۆو سەرەنگووم دەکەن.. واسیتەو خزم خزمێنەو مەحسوبییەت و کارى ژێربەژێرى نایاسایى دەبێتە پیشەى رۆژانەى ئەم سەنتەرو سەندیکایانەى کوردستان.. تەنیاو تەنیا کار بۆ کەسوکارو ناسیاو و کیژۆڵەى خرپن و پۆشاک تەسک و سەماکەران و چەقەنە لێدەرو دزو درۆزن و داوێن پیس بەڕێوە دەبەن. بۆیە زۆرینەى خەڵکى بەوەفاو دڵسۆز و بێ پشستوپەناو هەژارو نەدارى کوردستان دووچارى بێئومێدى و حیرمان و ئینتیما نەمان بۆ نیشتمان دەبنەوە..


شایانى وتنە، ئەم رەوش و دۆخە تەنیا لەنێو سەندیکاو کۆمەڵەو رێکخراو و سەنتەرە حزبییەکاندا لە ئارادا نییە، بەڵکو لەنێو دەزگا حزبى و حکومى و پەروەردەیى و بەناو ئاکادیمییەکانیشدا لەوپەڕى ئاستى گەندەڵیدایەو ئەمەشە کە بۆتە هۆکارى لەبن نەهاتنى زەمینە خۆشبووەکانى گەندەڵى و کەمنەبوونەوەى پیاوانى حزبى و گەندەڵ لە کوردستانى باشوورى هەناسەساردا..


ئەگەر بەچاوى کۆمەڵناسێکى ئازادەوە تەماشاى بەردەوامبوونى ئەم رەوشە ترسناکە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵکى ئێمە لەخۆوەڕا نییە کە تووڕەو بێزارن، کە خۆیان دەکوژن.. ئەگەر ئەم دەردە کوشندەیە، بەردەوام بێت و ئۆپۆزسیۆن و خەڵکان و رووناکبیرە ئازادەکان و پسپۆڕە ئاکادیمییەکانى کوردستان نەتوانن چارەسەرى بکەن، ئەوا پاش دە ساڵێک تەنیا گەندەڵەکان لە ژیاندا دەمێننەوەو سمێڵ و بۆینباغیان بریسکەى دێت لەنێو وەنەوشەو بەهبەهان و هامەردا، بە پانوپۆڕىنیشتمانى دڵسووتاوماندا دێن و دەچن.بەڵام جەخار کە دڵسۆزو داوێنپاک و ئازادو سەربەزەکان، هەر زوو بە جەڵتە یان شێرپەنجە و دەردەدڵ کۆچى دواییان کردووە، ئەو دەمەش ئێرەى باشوورى کوردستان دەبێتە وڵاتى گەندەڵستان و زۆڵە گەندەڵ دەخەنەوە.


تێبینى: ئەم رەوشە هەریەکە لە یەکێتى و کۆمەڵەو سەندیکا پیشەیى و پسپۆڕییەکان و سەنتەرو رێکخراوە جۆراوجۆرەکانى ئەمڕۆى کوردستانە هەشبەسەرەکمان دەگرێتەوە.

هۆڵەندا

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ