په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١٤

ھۆڵەکەی ھەڵەبجە و شەمەندەفەرکەی سلێمانی!!


نەجم محەمەد     


لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا بۆ ھەرکارێک کە نەکرێ یان زۆر دوابکەوێت و نەکرێت و خەڵک لە چاوەڕوانییەکی بێھوودە و زۆردا بھێڵَرێتەوە جا ھەر کارێک بێت ئەوا یەکسەر توانج و پلار لەو کارە دەگیرێت و دەگوترێ بوو بە (شەمەندەفەرەکەی سلێمانی)، دیارە ساڵانێکی زۆر دوورو درێژە بەڵێن و ھەواڵی ھێنانی شەمەندەفەر بۆ شاری سلێمانی بڵاو بۆتەوە و تائەمڕۆکەش ھێشتا ئەو شەمەندەفەرە نەگەیشتوە ھەر بەڕێوەیە، بۆیە وەختە دروستکردنی ھۆڵەکەی ھەڵەبجەش وەک شەمەندەفەرەکەی سلێمانی لێبێ، لە ساڵی ١٩٩٢ و دروست لە یەکەم ڤیستیڤاڵی یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە کە لە باخچەی گشتی ھەڵەبجەدا ئەو یادە کرایەوە لەسەر سەکۆیەکی چواردەور کەڵەکەبەرد ھەر لەسەر ئەو شانۆ ھەژارانەیەدا ئەو دەمە بەڵێن و ھەواڵ و موژدەی ئەوە درا بە خەڵکی ھەڵەبجە کە بریاردراوە ھۆڵێکی شیاو لەم شارەدا دروست دەکرێت و پارەشی بۆ تەرخان کراوە بەڵام دوای یادەکە نە ھۆڵ دروست کرا نە پارە بینرا، بەڵێ لەو ڕۆژەەوە ئیتر چیرۆکی دروستکردنی ھۆڵەکەی ھەڵەبجە دەستیپێکرد تا ئەمڕۆش ئەو چیرۆکە بەردەوامە و دریژەی ھەیە و ژمارەی پێوانەیی شکاندوە و ھەقە بخرێتە (کتێبەکەی جینسەوە).


ئەم چیرۆکەمان درێژترە لە چیرۆکی (ھەزارو یەک شەوە) چونکە ئەم چیرۆکەمان( ٢٢ساڵە) درێژەی ھەیەو تەواو نەبووە واتە ئەم چیرۆکەمان چیرۆکی (حەوت ھەزار و نۆ سەد و بیست شەوە)یە سەیر لەوەدایە ساڵانە ئەم بەڵێن و ھەواڵە بەخەڵکی ئەم شارە دە فرۆشرێتەوە بەڵام خەڵک تێگەیشتون و ئیتر کڕیاری نین بەداخەوە ئەم شارە ٢٢ ساڵە ھۆڵێکی ھونەری گەورەی تیادا نییە یادی شارەکەی تیادا بکرێتەوە نەبوونی ئەم ھۆڵە موعاناتی ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی شارەکەیە تەنانەت بۆتە موعاناتی ئەوانەشی کە لە شارەکانی تری کوردستان و ناوچەکە و جیھانەوە دێن و لەم شارەدا چالاکی ھونەری و ئەدەبی وڕوناکبیری و... ھتد دەکەن، ھەتاوەکو بووەتە موعانانی دەزگا ئیداریەکانی شار و پارتە سیاسیەکانی شارەکەش پارتی سیاسی ھەیە لەم شارەدا یادی دامەزراندنی پارتەکەی لە ھۆڵی شەکراوخواردنەوە و پاشتێلانەدا کردۆتەوە لە بێ ھۆڵیدا ئایا ئەمە ڕاستە تائێستا یادێکی گەورەی جیھانی وەک ھەڵەبجە لە ھۆڵێکی دروسکراوی سەفەری ھەروەک خێمەی پرسەکاندا بکرێتەوە و بچووک بکرێتەوە یان لە ھۆڵێکی بچووکی وەک ھۆڵی قوتابخانەی ئەحمەدموختار کە لە بنەڕەتدا ئەو ھۆڵە (ھۆڵی کۆبوونەوەی دایکان و باوکان و ھۆڵی تاقیکردنەوە)کانی ئەو قوتابخانەیەیە ئایا سەیر نییە دوای تێپەڕبوونی ٢٢ساڵ لە دەسەڵاتی کوردی کەچی ھێشتا ئەم شارە تەلارێکی ھونەری ھۆڵێکی ھونەری تیادا نییە.


تۆ با واز لە کارەساتە گەورەکەی ئەم شارەش بێنن ئەوەش نەبێ ئەم شارە ھەرپێویستی بە ھۆڵێکی گەورە ھەیە چونکە شارێکە بە شارێکی ئەدەبی و ھونەری و ڕوناکبیری ناسراوە ئەگەر لەبەر گەورەیی وپیرۆزی ھەڵەبجە و بنەماڵەی گیانبەختکروانی کیمیاباران ھۆڵێک دروست کەن ھەرزۆر باش و بەجێ یە و ئەگەر لەبەر خاتری ھونەرمەندان و ئەدیبان و ڕوناکبیرانی شارەکەش دروستی دەکەن ھەرزۆرباش وبەجێ یە ئەگەر لەبەرخاتری خۆشتان دروستی دەکەن ھەر ڕازین گرنگ ئەوەیە ئەم شارە ھۆڵێکی گەورەی شیاوی ھەبێت بۆیە لێرەدا لە دەسەڵات و حوکمەت دەپرسم تاکەی ئەم شارە بێ ھۆڵ بێت تاکەی خەڵکی ئەم شارە لە چاوەڕوانی (گۆدۆدا) بن ببوورن لە چاوەڕوانی ھۆڵدا بن باشە خۆ ھەر لەم شارە و لە شارەکانی تری کوردستاندا چەندین کۆشک و تەلارتان بردوە بە ئاسماندا ئەی بۆ تەلارێکی ھونەری بەم شارە ھەزار جارە بریندارە ڕانابینن بۆ؟! خۆ چەندین پێگە و سەربازگە و بنکە و بارەگای گەورەتان بۆ خۆتان دروست کردووە لە سەر قووت و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم شارە ئەی بۆ تەلارێکی ھونەری بەم شارە ڕانابینن بۆ؟! خۆ ھەر بەو بودجە زەبەلاحەی پار ساڵ بۆ یادی ھەڵەبجە تەرخان کرا دەتوانرا گەورەترین تەلاری ھونەری لەم شارە دا پێ دروست بکرێت بۆ نەتانکرد؟؟!!! تا ئێستا دەبوو بودجەیەک دیار یکەن و بە جدی ھۆڵێک بۆ ئەم شارە دروست بکەن وای دابنێن پارەی یادێکی ڕاگوزەرانەی ھەڵەبجەیە وای دابنێن ڤیستیڤاڵەکانی نەورۆز و ڕازاندنەوەی شەقامەکانی شارەکانی کوردستانە بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە، باشە بۆ دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کورت و خێرادا گەورەترین باڵەخانە و بینای حیزبی بۆ خۆتان دروست بکەن کەچی دروستکردنی ھۆڵێکتان لەم شارەد لێکردوینە شەمەندەفەرەکەی سلێمانی!!!

 

ماڵپه‌ڕی نه‌جم محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک