په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠٢١

 

هۆپ، هاوڕێی پسپۆڕ!

دارا خونچە       


ئەمن ١٨٠ پلە پێچەوانەی ئەو کەسانەم کە خۆیان لە هەموو تشتەک پێ پسپۆڕە کەچی دەبێژن (کەم قسەکردن لووتبەرزیی نییە. دژایەتیی دین رۆشنبیریی نییە. خۆڕووتکردنەوە پێشکەوتن نییە. خۆداپۆشین دواکەوتن نییە)! لە بەرانبەر ئەوە زۆر بە کورتیی دەبێژم:

کەس نەیگۆتیە هەموو کەم قسەکردنەک لووتبەرزییە. کەس نەیگۆتیە دژایەتیکردنی دین وەک ئەوەی دیندارە بێسەروبەرەکان دەیکەین رۆشنبیرییە کە خۆیان نوێژی هەینییان دەکەن و هێواران لە مەیخانەکان لە هەر کەسەک پتر هەڵدەقوڕێنن.. یان ئەو دژایەتییەی بێدینە نەزانەکان دەیکەن و لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی گچکەترین مەترسییش هاواری (خودا و پێغەمبەران!)دەکەن! کەس نەیگۆتیە هەموو خۆڕووتکردنەوەک پێشکەوتنە بەڵکە پێشکەوتن جلوبەرگی ناپێویستی پێویست نییە. کەس نەیگۆتیە خۆداپۆشینی پێویست جا هەرچەند بی لە پێناو خۆپاراستن لە سەرما و گەرما و جۆرەک لە جوانکاریی دواکەوتنە.. لێ نەک ئەو داپۆشینەی کە بە تۆبزیی وەسەر ژنان دادەسەپێندرێ و لە هەموو جوانییەکانیان دادەماڵن.

ئامانجی ئەو ناپسپۆڕانە لەو قسە هەلەق و مەلەق و بێسەروبەرانە ئەوەیە کە رێگرییە باوەکان لە بەرانبەر پێشکەوتنەکان پتر بچەسپێنن؛ واتە دەیانەوێ کەم قسەکردنی چەوسێنەران کە بێزییان نایێ لەگەڵ چەوساوان قسە بکەن بە لووتبەرزیی نەبیندرێ.. هەروا دەیانەوێ وەهای پێشانبدەن کە هەمیشە بێدەنگیی و کەم قسەکردن رەوشتەکی جوانە تەنانەت ئەگەر لە بەرانبەر ستەمگەرانیش بی! واتە دەیانەوێ پەڕوباڵی رۆشنبیران بکەن و بە هیچ شێوەک نەتانن بەرپەرچی تاریکبینیی دینەکان و پیاوە دینییەکان بدەنەوە! واتە دەیانەوێ خۆڕووتکردنەوەیەک کە مرۆڤ پێیەوە دەسێتەوە و ئارەزووە سێکسییەکانی پێ دەبزوێن بە پێی یاسا و رێسایە سەرکوتگەرییەکانی دینەکان قەدەغە بکرێ و خەڵک جلوبەرگەکی نامۆ و نەشیاو بپۆشن کە ئی سەتەکانی نێوەڕاست و ئەو دیندارانەیە کە لە جەستەی خۆیان دەترسێن!

هۆپ، هاوڕێی پسپۆڕ! ئەگەر چاو لە پێشکەوتنە بەسوودە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای ژیان نەنوقێنی ئەو پرسانە پەیوەندییان بە ئازادیی دەربڕینەوە هەیە.. راستییەکان زۆر سادە و ساکارن و پێویستە لە روانگەی ئازادیی خۆدەربڕین و هەر بە سادە و ساکارییەکانی خۆیان بەو شێوەیەی خوارێ پەنجەیان بخەینەسەر:

هەم کەم قسەکردن هەم زۆرگۆیی سروشتیی نین و کارتێکردنەکی نەرێنییان لەسەر پەیوەندییە جوان و ئاساییەکانی مرۆڤەکان هەیە، هەروا کەسی لووتبەرز هەمیشە کەمدووە لە بەرانبەر ئەوانەی پێویستییەکیان پێی هەیە.. هەر بە کەم قسەکردنیش لەگەڵیان بێڕێزییان پێدەکا و دەیەوێ هەمووان ملکەچی بەرژەوەندییە خۆپەرستییەکانی خۆی بکا!

دژایەتیکردنی دین کۆڵەگەیەکی زۆر گرنگ و پڕ بایەخیی رۆشنبیرییە.. چونکێ وەک ئەوەی بە بەڵگەوە دەیبینن هەر میللەتەک پابەستی دین بی و سرووتە دینییەکان جێبەجێ بکا ئەوە دواکەوتووترین میللەتە لە هەموو رووەکانی ژیان، لەبەرهەندێ بەرپەرچدانەوە و دژایەتیکردنی دین ئەرکێکی سەرشانی رۆشنبیرانە کە دواکەوتوویی لەنێودەبا!

ئەو دەمانەی کە مرۆڤ یەکەم جار لە نێو ئەو سروشتە ئافەریدە بووە هیچ جلکوبەرگەکی لەبەرنەبووە، پاشان کە سەرما و گەرمای بووە بە ناچاریی جلوبەرگی دروستکردیە و خۆی پێ پاراستیە، لێ ئێستا کە باشترین ئامرازی خۆپاراستن لە سەرما و گەرمای هەیە و باشترین خۆراکی وزەبەخش و دژە سەرما و گەرمای هەیە.. هیچ پێویستی بە جلوبەرگ نییە مەگەر بە نیازی جوانکاریی نەبی ئەویش بە شێوەکی زۆر کەم و سادە، کەواتە مرۆڤ لەبەرئەوە خۆی رووتناکاتەوە کە پێشکەوتنە بەڵکە وەک پێشان پێوستی بە جلوبەرگ نییە.. ئیدی خۆداپۆشینیش بە هۆی دین و دابونەریتەوە ئەوپەڕی دواکەوتنە!

ئەو قسانەی سەرێ کە لە وێنەکەدا هەن ئی کەسەکی دکتۆر و مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونییە لەو کوردستانەی خۆمان! ئیدی پیاوە دینییەکان و لایەنگرانی دابونەریتە بێزەوەرەکانی کوردەواریی و دەسەڵاتداران و رامیاربازان زۆر سوود لەو قسانەی ئەو بە ناو پسپۆڕ و کەسە ئەکادیمیاییانە وەردەگرن و وەک ئەوەی هەنگینیان لە کونە دار دۆزیبیتەوە شاگەشکە دەبن و بە بەرفراوانترین شێوە لە دەزگە راگەیاندنەکانیان بڵاویاندەکەنەوە! جا هەر لەبەرهەندێشە کە رۆژانە لە کوردستان لەسەر سادەترین و سەرەتاییترین  مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی خۆدەربڕین و خۆنواندن کە دووان لەوانە شێوازی جلوبەرگ پۆشین و ئازادیی دینداریی و بێدینییە خەڵک بە تایبەتییش ژنان ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن و لە کونجی زیندانەکان دەپەسترێن و هەر جۆرە توندوتیژییەکیان تا رادەی کوشتنیش لە بەرانبەر ئەنجامدەدرێ!

 

٥\١\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک