٦\٩\٢٠٢٣ ''هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ''م خوێندەوە!
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەم بیرمەندە لێبڕالە لەبارەی چەمکی یەکسانییەوە دەڵێت ( بەگوێرەی زانستی بایۆلۆژی، خەڵکی دروست نەکراون بەڵکو پەرەیان گرتووە. بەدڵنیاییشەوە بەشێوەیەک پەرە ناگرن کە (یەکسان )ببن. هەموو کەسێک کۆدێکی جێنەتێکی جیاواز هەڵدەگرێت و لە ساتە وەختی لەدایکبوونەوە دەکەوێتە بەر کاریگەرییە ژێنگە جیاجیاکان. ئەمە سەردەکێشێت بۆ گەڵاڵەبوونی تایبەتمەندی جیاواز کە چانسی زیندوومانەوەی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. لێرەوە پێویستە (یەکسان دروستبوون) بۆ (پەرەگرتن بەشێوەی جیاواز) تەرجەمە بکرێت.)١ لێرە باسکردن لەچەمکی یەکسانی بە موجەريددی و لەدەرەوەی کۆمەڵگە و ململانێێ چینەکان و قەتیسکردنەوەی تەنها لە جوغزی زانستدا ڕێک دژ بە لێکدانەوەی ماددییانەیە بۆ کۆمەڵگە. ئەمەش ڕێکهاتنەوەیە لەگەڵ خواست و لێکدانەوەکانی بۆرژوازی بۆ چەمکە کۆمەڵایەتییەکان و خاڵیکردنەوەیان لە ناوەڕۆکە شۆڕشگێرانە و ئینسانییەکەیان. چونکە هەم یوڤال و هەم تەواوی بیرمەندانی بۆرژوازی دەزانن کە (مێژووی هەرچی کۆمەڵی تا ئێستا بووە، بریتییە لە مێژووی کێشە چینایەتییەکان.٢ بەڵام یۆڤاڵ ئاگایانە دەیەوێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکات و ئینسان و کۆمەڵگە و ژیان بە ئەبستراکت وەربگرێت. یوڤاڵ دەڵێت ( ئازادیش شتێکە کە خەڵکی دایانهێناوە وتەنیا لە خەیاڵیاندا بوونی هەیە.)٣ ئەم لێکدانەوە ئایدیالیستانەیە پێموانییە لە چوارچێوەی لاپەڕەی کتێبەکە زیاتر بڕ بکات، لەکاتێکدا مێژووی مرۆڤایەتی پرە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و پچراندنی زنجیری کۆیلەتی و ژێردەستەیی کە ئەم بیرمەندە لەم کتێبەیدا هەر بەلایاندا نەچووە و ئاوڕی لێ نەداونەتەوە. بیرمەندەکەمان دەڵێت (چۆن وا لە خەڵکی دەکەیت بڕوا بە سیستەمێکی وێناکراوی وەکو مەسیحییەت، دیموکراسی یان سەرمایەداری بێنن؟)٤ ئەم بیرمەندە سەرمایەداری بە سیستەمێکی وێناکراو و خەیاڵی دەبینێت کە دوور بێت لە واقیع. هەربۆیەش مادام سەرمایەداری واقیع نییە و لە دونیای واقیعدا بوونی نییە، بۆیە خەبات کردنیش دژ بەو سیستەمە بێمانا و بێبەها و کات بەفیڕیدان و خۆهەڵخەڵەتاندنە. تێڕوانینەکانی یوڤاڵ لەڕووی فەلسەفییەوە ئایدیالیستی و میتافیزیکن و لەڕووی سیاسیشەوە لێبراڵ و لەڕووی چینایەتییەوە بۆرژوازین. داخی یوڤاڵ لە کۆمۆنیزم و نیشاندانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بە ئەلگۆ و مۆدێڵی بێگەردی کۆمۆنیزم تا لەبەرچاوی خوێنەرەکانی، کۆمۆنیزم ناشرین نیشان بدات و ئەو تێروانینە چینایەتییەی مارکس بە فاشیل لە قەڵەم بدات. یوڤاڵ کۆمۆنیستەکان بە سۆفی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت (سۆڤیەتییەکان هەستیان بە ئەرکێک کرد لەسەر شانیان بۆ زەمینەسازی ڕێکردنێکی مێژوویی نەپساوە لە کەپیتاڵیزمەوە بەرەو دیکتاتۆریەتی یۆتۆپیایی پرۆلیتاریا.)٥ ئەم نووسەرە لێبراڵە بۆرژوازییە ئیشی لەسەر تێکدانی ناوەڕۆکی چەمکەکان و بەتاڵکردنەوەیان لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان بە ئەرکێکی گرنگی خۆی زانیوە و دەزانێت و لەم کتێبەیدا درێغی نەکردووە.
یوڤاڵ چەمکەکانی (بابەت، خود، زێدەبایی، خەبات، ئازادی و بیرکردنەوە و تەنانەت زانستیش بەر هەڵمەتی دەکەون و بە تەجریدکراوی باسیان لێوە دەکات. نەک هەر ئەمەش ئەم بیرمەندە لەهیچ جێگەیەک و لە هیچ لاپەڕەیەک یەک سەرچاوە باس ناکات و ئاماژەی زانستی بە هیچ سەرچاوەیەک ناکات. دیارە ئەمەش لەڕووی بابەتی و زانستییەوە نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە لەسەر لێکدانەوە و توێژینەوە و تەنانەت ڕەخنەکانیشی دژ بە نەیارەکانی. یوڤاڵ لەبارەی شۆڕشەوە دەڵێت (بەڵام بیرۆکەی ئەمەی کە تۆ دەتوانیت بونیادی ڕیشەیی سیستەمەکە بگۆڕیت، نامۆیە. خەڵکی خۆیان لەگەڵ دۆخی هەنووکەییدا ئاشت دەکەنەوە، ڕایدەگەێنن کە هەمیشە هەر بەو شێویە بووە و هەر بەو شێوەیەش دەبێ)٦ دیسانەوە ڕەتکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا و نیشاندانی بێباکی خەڵک لەو ستەمەی لێیان دەکرێت و ئەو چەوسانەوەیەی دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت جگە لە فێڵێک هیچی تر نییە و شۆڕش ناتوانێت هیچ بکات ئەگەر مرۆڤ کۆنتڕۆڵی کیمیای بایۆلۆژی خۆی نەکات. واتە گێرانەوەی تەواوی دەرد و نەگبەتییەکانی مرۆڤایەتی بۆ خودی پێکهاتەی کیمیای بایۆلۆژی مرۆڤ، نەک کۆمەڵگەی چینایەتی و ستەمی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. یۆڤاڵ پێیوایە (مادام شۆڕشکردن ناتوانێت کیمیای بایۆلۆژی بگۆڕێت، ئیتر مرۆڤ بەختەوەر نابێت.)٧ بە وشەیەکی تر یەکێک لە داهێنانەکانی یوڤاڵ ئەوەیە هاتووە کیمیای بایۆلۆژی لەجێی تێکۆشانی چینایەتی بەخوێنەری سەدەی بیست و یەک دەفرۆشێت.
__________________________________________
|