په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٨

ھۆشیاری خود / خودی ھۆشیار.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


(ھۆشیاری) دەلالەت لە شت لەخۆگرتن دەکات، ھیچ ھۆشیارییەک بەبێ مەعریفە نییە، ھەر چەند مرۆڤ زانیاری خۆی زێتر پەرە پێبدات، ئەوەندە زێتر ھۆشیاری ھەڵدەکشێ. کەواتە ھۆشیاری وشەیەکە تەعبیر لە حاڵەتێکی عەقڵی دەکات، عەقڵێک کە لە حاڵەتی کرانەوە و دەرککردن و سنوربەزاندا بێت، عەقڵێک کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەویدیکە و زمان و ژینگەی دەرەکییەوە دەکات، ئەو پەیوەندییەش لە رێگای ھەر پێنج ھەستەکانی مرۆڤەوە بە دەست دێت. بە کورتی ھۆشیاری مرۆڤ لە کۆی کرانەوەی فیکر و ئەزموون و رامان و تێگەیشتن و راڤەکردنەوە دێتە بەرھەم، کە لە بارەی من و ئەویدیکە و بیرەوەری و زمانەوەیە، یان ژینگە و دەوروبەرەوەیە. بەڵام مەدلولەکانی ھۆشیاری بەپێی بوارەکان دەگۆڕێت، دەشێ تێگەیشتنمان بۆ ھۆشیاری پۆلینی چوار جۆر بکەین: ھۆشیاری ھەڕەمەکی، یان لەخۆوە، ئەو ھۆشیارییە بنەمایە بۆ ھەڵسانمان بە چالاکییەکی دیاریکراوەوە بەبێ ئەوەی ھیچ ئەرکێکی گەورەی فیکری گەرەک بێ، جگە لەوەش رێگامان لێ ناگرێ لەوەی بە کارێکی دیکەی فیکری ھەڵبسین. ھۆشیاری رامانئامێز (التڕملی): ئەو ھۆشیارییە پێچەوانەی ھۆشیاری یەکەمە و پێویستی بە ئامادەیەکی فیکری و دەرککردن و یادەوەریی ھەیە، رێگاشمان پێ نادات دەست بۆ ھیچ چالاکیەکی دیکەی فیکری بەرین. ھۆشیاری پێشبینیکردن (الحدسی): ئەو ھۆشیارییە وامان لێدەکات کتوپڕ و راستەخۆ دەرک بە شتەکان بکەین، یان پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەین، یان بیانناسین، بێ ئەوەی توانای بەڵگە ھێنانەوەمان بە دەستەوە بێ. ھۆشیاری ستانداری ئەخلاقی: ئەو ھۆشیارەییە کە وامان لێدەکات فەرمانی پشتڕاست لە بارەی شتەکان و رەفتارەکان بدەین، جا چ قبوڵیان بکەین یان رەتیان بکەینەوە، بەڵام راستی و ناڕاستی ئەو فەرمانانە پشت بە یەقینە ئەخلاقیەکان دەبەستێت. پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە: ھۆشیاری خودی چۆن بە دەست دێت؟ ھۆشیاری چۆن بەسەر دنیا و ئەویدیکە و زماندا دەکرێتەوە؟ سنورەکانی مەعریفە و سنورەکانی خودی کراوە کامەیە؟

ھۆشیاری وەک بیرکردنەوە لە خود.

ھیگل پێیوایە مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە (خود)ی خۆی ئاگادار دەکاتەوە، بەو مانایەی کە بوونی لە بوونی شتە سروشتیەکان دەکات و بەو مانایەی کە بوونی خۆی بۆ خودی خۆیەتی. بەڵام شتەکانی دیکە یەک شێوە لە بوونیان ھەیە. لەسەر ئەو بنەمایە لەسەر مرۆڤ پێویستە بەو شێوەیە بژی کە بۆ خۆی ھەیە، چونکە ھەمیشە مرۆڤ بە ئاراستەی دۆزێنەوە و ناسێنەوەی خودی خۆیەتی کاتێک راستەوخۆ دەیگاتێ و لە دەرەوە بۆی دەردەکەوێ! مرۆڤ لە رێگای لێکچوونی بە شتەکانی دەرەوە، خۆی دەناسێتەوە، بۆیە ھەمیشە کار بۆ گۆڕینی شتەکانی دەرەوەی خۆی دەکات، چونکە دەیەوێت خودی خۆی ئەو کاتە ببینێ، کە بە شێوەیەکی بابەتیانە پراکتیزە دەبێ. بەڵام چۆن خود دەتوانێ نوێنەرایەتی خۆی بکات؟

دیکارت پێیوایە (گومان) تاکە رێگایە بۆ بە یەقین گەیشتن! ئەوە گومانە وامان لێدەکات دەوری خۆمان بدەین. دیکارت گومان لە ھەموو شتێک دەکات، لەوانەش بوونی خۆی! بۆیە ناتوانێ بڵێ جەستە و دەروون ھەمان خەسڵەتیان ھەیە، بەڵام بە ئاشکرا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناتوانێ گومان لەوە بکات کە بیر دەکاتەوە، وەک چۆن بیرکردنەوە تاکە خەسڵەتێکە کە ھەر لە سەرەتاوە لە گومان دوور ناکەوێتەوە. کەواتە دەشێ لە بیرکردنەوەوە دەرک بە سیفەتی پێشبینیکردنی بوونی (خود) بکەین، بەمجۆرە دیکارت توانی بڵێت: من بیر دەکەمەوە، کەواتە ھەم. لێرەدا خود و بیرکردنەوە لێکدوور ناکەونەوە، ئەو کاتەی خود لە بیرکردنەوە دەوەستێ لە بوون دادەبڕێ. بەڵام (ھنری برگسۆن-Henri Bergson) رێژەییەکانی ھۆشیاری رەتدەکاتەوە! لە دیدی ئەودا ھۆشیاری ساتەوەختێکی ھەستی نییە، کە بە شتێکەوە بەند بێ، بەڵکو ھۆشیاری درککردنی خود و شتەکانە لە بەردەوامی خۆیدا. ھۆشیاری کرانەوەیە بەسەر ئێستا و رابردوو و داھاتوودا. بەمجۆرە ھۆشیاری پارچە پارچە ناکرێ بۆ ساتەوەختی دیاریکراو، چونکە ھەڵقوڵین و بەردەوامییە و جیاکردنەوەی نێوان ساتەوەختەکانی قوڕس دەکەوێتەوە. لەو خاڵەوە دەپرسین ئایا ھۆشیاری دەکەوێتە دەرەوەی دنیا و ئەویدیکەوە؟

ھۆشیاری کرانەوەیە بەسەر دنیا و ئەویدیکەدا.

(ئیمانۆیل کانت Immanuel Kant ١٧٢٤-١٨٠٤) ھۆشیاری بۆ خود و مەعریفە لە یەکتر جیا دەکاتەوە. ئەو پێیوایە (ھۆشیاری خود) بۆ خۆیەتی وەک بوونێکی ئەخلاقی، ئەوەش بە مانای ھۆشیاری رەھا بۆ شتەکان ناگەیەنێت (واتە ئێمە ھۆشیارییەکی رەھامان بۆ شتەکان نییە) ئەو قسە لە ھۆشیارییەک دەکات، کە دەکەوێتە پێش ئەزموونەوە، قسەی لە ھۆشیارییەکی ترانسدنتالیستی کرد، چونکە ئێمە شتەکان لە خودی خۆیان (نۆمینەکان) پشتگوێ دەخەین، بەمجۆرەش ھۆشیارییمان بۆ شتەکان وەک ھۆشیارییەکی رێژەیی دەمێنێتەوە. بەڵام (ھۆسرەل، ئەدمۆند Edmund Husserl ١٨٥٩-١٩٣٨) پێچەوانەی ئەوە قسە دەکات، پێیوایە ھۆشیاری ھەمیشە نیازئامێزە (ھۆشیارییە بە شتێک). چەمکی ھوشیاری لای ھۆسرەل ئەوە دەگەیەنێت کە ھەبوون و واتا پێکەوە گرێ دراون، چونکە نە شت بەبێ کەس بوونی ھەیە و نە کەس بەبێ شت بوونی ھەیە، شت و کەس لە راستیدا دوو رووی یەک دراون. رەنگە ھۆشیاری خەیاڵکردن بێ، یان یادکردنەوە، یان بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی.. بەڵام ھەمیشە روو لە شتێکە، کە بیری لێدەکەینەوە. بەمجۆرە ھۆشیاری خودی کرانەوەیە بەسەر خود لە رێگای نیازێکی دیاریکراوەوە، ھۆشیاری دنیایی ھۆشیارییەکی نیازخوازانەیە بۆ دنیا. میرلۆپۆنتی ھەوڵدەدات ھۆشیاری لەو مەیلە فینۆمینۆلۆژیا دەربکات، دەڵێ ھۆشیاری رێگا بۆ دنیا دەکاتەوە، تا چارەسەری ئەوانە بکات، کە لە رێگای ئەوەوە دەردەکەون: دنیا وەک ئەوەی لە خودی خۆیدایە ھەموو ئاراستە و بزاوتەکانی رێژەییە، شتێکە کە پێیوایە بوونی لەودا نییە. بەڵام خودی ھۆشیار ناتوانێ-بەمجۆرە بێ- ئەو کاتە نوێنەرایەتی ئاگایی خۆی دەکات کە دەکەوێتە نێو دنیاوە، لێرە پەیوەندییەکی دیالیکتیکی لەنێوان خود و دنیادا ھەیە: چونکە بەبێ خود دنیا دەبێتە دنیایەکی بێ لا و بێ رەھەند، بەبێ دنیاش خود ناتوانێ خۆی بەرجەستە بکات. بەڵام ئایا رۆڵی ئەوانیدیکە لە ھۆشیاری خود چییە؟ سارتەر دەڵێ ئەوانیدیکە وام لێدەکەن ھۆشیاری خودی بە دەست بھێنم: من کاتێک تەنیا دەبم خودم دەخەمە لاوە و ھیچ بیری لێناکەمەوە، بەڵام کاتێ بە چاو ھەڵبڕینێک ئەوانیدیکە دەبینم تەماشام دەکەن، شەرم لەخۆم دەکەم، چونکە بۆم دەردەکەوێ کە لە چاوی ئەویدیکەوە تەماشای خۆم دەکەم. کەواتە تەماشاکردنی ئەوانیدیکە وام لێدەکات ھۆشیاری خودی وەک شتێ لە دەرەوەی خۆم بە دەست بھێنم. ھەر ئەویدیکە دەبێتە ناوەندێک بۆ بە بابەتکردنی خودی خۆم. بەمجۆرە ئەویدیکە ئەو بوونە بنەڕەتیەیە کە وام لێدەکات خودی خۆم بکەمە بابەتێک بۆ ھۆشیاری.

سنورەکانی ھۆشیاری.

نابێ لە بیرمان بچێ کە کۆی ئەو چارەسەرییانەی بیریاران و فەیلەسوفان بۆ ئیشکالیەتی ھۆشیاری بە ئەنجامی دەگەیەنن، ھۆشیاری بە ساتەوەختی مێژووییەوە بەند دەکەن، ھۆشیاری بە ئەزموونەوە دەلکێنن، ھۆشیاری رەنگدانەوەی ئاستی مەعریفی و نیگەرانی مرۆکانە، لەو لۆژیکەوە قسەکردنیان لەسەر سنورەکانی ھۆشیاری جۆراوجۆر دەکەوێتەوە. بۆ نموونە کارڵ مارکس ھۆشیاری بەو سەرخانە (البناء الفوقی) دادەنێ کە کۆی چالاکییە مرۆییەکان دەیخەنەوە، وای بۆ دەچێ کە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانین لە دەرەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و دواتر پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنانەوە نوێنەرایەتی ھۆشیاری بکەین. خەڵک لە دەرەوەی ویستی خۆیان دەکەونە نێو پەیوەندییە دیاریکراوەکانی بەرھەمھێنانەوە، ئیتر لەوێوە پلەی ھۆشیاری جیاواز دێتە ئاراوە. ھەر لەو لۆژیکەوە مارکس دەڵێ: ھۆشیاری (بوون)ی خەڵکی دیاری ناکات، بەڵکو ئەوە (بوونی کۆمەڵایەتی)یە ھۆشیارییان دیاری دەکات. لای مارکس ھۆشیاری رەنگدانەوەی سلبیانەی واقیع نییە، چونکە بڕوای بەو پەیوەندییە دیالیکتیکیە ھەیە، کە دەکەوێتە نێوانیانەوە: دەشێ ھۆشیاری (ھۆشیاری دروست) کار لە واقیع بکات، یان بەشداری لە گۆڕینی واقیعدا دەکات، یان بەشداری لە چەسپاندن و پیرۆزیدا بکات (نەک ھۆشیاری ساختە). کەچی (نیچە، فریدرچ ڤیلھیلم Friedrich Wilhelm Nietzsche ١٨٤٤-١٩٠٠) پێیوایە دەشێ مرۆڤ ژیان بە سەربەخۆیی و بەبێ ھۆشیارییەکی تەواو بەسەر بەرێت. ئەگەر ژیانی مرۆڤ قابیلی لەناوچوون بێت، بەو مانایەی ململانێ لە پێناو مانەوە سنورەکانی دیاری دەکات، کەواتە مرۆڤ ناچارە بە وشە تەعبیر لە خۆی بکات، لەوێشەوە گەشەکردنی زمان و گەشەکردنی ھۆشیاری بەیەکەوە پەیوەست دەبن. بەمجۆرە مرۆڤ کۆمەڵێک وەھم بۆ خۆی ھەڵدەبەستێ بە بۆیەی حەقیقەت دەینەخشێنێ (وەک ئەرک، لێپرسراویەتی، ئازادی....ھتد) ھەموو ئەو حەقیقەتانە لە بنەڕەتدا جگە لە کۆمەڵێک وەھمی لەبیرکراو شتێکی دیکە نیین. بەڵام فرۆید بە شێوەیەکی زۆر جیاواز تەماشای ژیانمان دەکات. ژیانی مرۆیی لای ئەو لە چیایی سەھۆڵی (iceberg) دەچێ (ئەوەی کە دیارە زۆر لەوە کەمترە کە شاردراوەیە- پانتاییەکانی نەست زۆر لە پانتاییەکانی ھەست بەرفرەوانترە) بۆیە ئێمە زۆر ھەڵەین، ئەگەر تەواوی رەفتارەکانمان بە ھۆشیارییەوە گرێ بدەین، چونکە ھەموو ئەو کردانەی کە دەکەونە نێو ھۆشیارییەوە، نە بە ‌یەکەوە بەندن و نە قابیلی تێگەیشتنن، بەڵام ئەگەر ناچار بین و بڵێین ھەر دەبێ لە رێگای ھۆشیارییەوە حاڵی بین، ئەوە لە بەشێکی زۆری رەفتارەکانمان ناگەین، تەنھا ئەو کاتە نەبێت کە بۆ لایەنێکی بنەڕەتی دەروونیمان دەگەڕێینەوە، ئەویش نەستە، ناھۆشیاریە. بەمجۆرە دەتوانین بڵێین مرۆڤ ژیانێکی ئاوێتە دەژی، چونکە ھەر یەک لە ھۆشیاری و ناھۆشیاری رۆڵێکی سێنترالیزمی تێدا دەگێڕن. ئەگەر ناھۆشیاری بۆ زۆرێک لە رەفتارە بە تایبەتی لادەرەکان، نەخۆشە دەگمەنەکان زەروری بێ، ئەگەر نەست بەشێکی گەورەی پانتاییەکانی ژیانی مرۆڤی لەخۆ گرتبێ، ئەوە بە دیوەکەی دیکە ناشێ لەبیرمان بچێ کە ژیانی مرۆیی ئازادی و ویست و لێپرسراویەتییە، بەو مانایەش دەشێ مرۆڤ لە رێگای بەشێک لە ھۆشیارییەوە رەفتارەکانی خۆی ھەڵبژێرێت.
 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک