په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠٢٠

  هۆزانێک لەسەر گڵکۆی ''عادل سەلیم''.

 

خەلدوون جاوید

و: جەلال ده‌باغ

عادل سەلیم ئاڵای سوور..
بە تۆ رێگای پیشاندەدرێت،
ئەستێرە درەوشاوەکە
مانگی یەکشەوە بە کوڵ دەگری
ئەستێرەکان خەمبارن
مانگی یەکشەوەی جەژن و شەھیدان لە گریانن
کازێوەی بەیان جاروبار کزھەڵدەگەڕێ
تۆش رۆشنی دەکەیتەوە
یان سەرچاوەیەک وشکدەبێ
تۆش ئاوەکەیت..
بۆ مانگی یەکشەوەی تەواو دەگەڕێیتەوە
لە ئامێزی دەگریتەوە
بەدەرکەوتنەکەی
رێبازەکە و بەرزاییەکان
رۆشن و گەش دەکەیتەوە
بە مەشخەڵی ئۆڵەمپی
ئەستێرە دادەگیرسێنی
دیسان ئاسمانی نووتەک
دەگەشێتەوە و بریسکەی دێت
بۆچی نا؟ کە تۆ سەرچاوەی چاکەیت
رێژنەی ئەویت و کڵپەیت
ئەی بەخشندە چونکە رووی تۆ
بە بەھرەمەندی و، بە خوناو
دەدرەوشێتەوە و گەشاو
بیابان سەوز ھەڵدەگەڕێ
تا خۆرەکان یەکەمین بەرھەمبێنن
خۆشییەکانی، تاریکی شەو بڕەوێنن
ھاوڕێ نەبەردەکانت تاوەرەکانی دوایی
رۆناکییەکانیان سەربەرزیی و رۆشنایی
ئێوەن، ئەوەتا تۆ شێرەکەیانیت
شانازیی ڕێبازیانیت
رەوتیان و ئەستێرە سووریانیت..
شەھیدانی کوردستان نەمرن
جا ئاخۆ بەخشندە و پیاوچاکەکان
بە نەمریی نامێننەوە
ژیان و ئافەرین بۆ ئەوان،
بۆ ھەڵەبجە و، دوندەکانیان
ئەوانەن ئاسمان و گەردوون
ھەرگیز بە کەس ناکرێن زەبوون
عادل سلیم باوکمە، شانازیی باوکایەتییە
کە رۆڵەکان بە کڵپەسێنیەکەی ئاوبدرێن
ئەی بەرز و بڵند وەک رۆژ، پاژنەپێی پێڵاوەکەی
بەرزەوە دەبێ و، لە خوارییەوە نۆکەران دەگلێن
بەرزترین نیشان ئەوەیە کە دوژمنان رقیان لێتبێ
نەداران و ھەژارەکان خۆشیان بوێیت
بنوو ئەی دڵخۆش، دڵنیا لەوەی دیوتە لە ژیاندا
خاک و خۆڵی وڵاتمان بە تۆ رۆشن دەبێتەوە،
بیابانەکان بەختیار دەبن..
خواردنەوەمان لێوانێکە ئەگەر بەتاڵکرایەوە
ھەر بە گیانەکان و بە خوێن لێوان دەکرێت
قەقنەسی ئەم کوردستانە
باڵا دەفڕێ، بۆ سەرەوە
**
بۆشاییەکەی ئەم گەردوونە
ھەرچەندێ بچووکبێتەوە
قەقنەس مەزنتر دیاردەبێ...
________________________________________________
* هۆزانڤانی پێشکەوتنخواز (خەلدوون جاوید) لەسەر گۆڕی سەرکردەی شەھید ھاوڕێ (عادل سەلیم) لە ھەولێر ئەم هۆزانەی نووسیوە، ئەمەش لە کاتی سەردانی ھاوڕێ شەماڵی کوڕی شەھید لەگەڵ شاعیردا بۆ سەر گڵکۆی ھاوڕێ عادل کە لە لایەن دەزگایە داپڵۆسێنەرەکانی سەر بە رژێمی بەعسییە فاشیستەکانی سەدام حسێنی گۆڕبەگۆڕەوە، بە دەرمانخواردوویی شەھیدکرا. بە باشمان زانی بیگۆڕینە سەر زمانی شیرینی کوردی.

** قەقنەس: باڵندەیەکی زۆر مەزن و بەھێزی ئەندێشەییە و لە گشت داستانەکانی گەلاندا و لەوانەش لە داستانەکانی گەلی کورددا باسکراوە.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک