په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هۆزان مەحمود و ستیڤان شەمزینانی

( داواکارییەکانی کەمپینی جیهانی لەدژی رەشەکوژیی وبەردەبارانکردنی ژنان )

دەگەیەننە پەرلەمان و وەزارەتی مافی مرۆڤ.

 

کوردستان ئه‌حمه‌د

 

سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 2007/7/28 هەریەک لە ( هۆزان مەحمود ستیڤان شەمزینانی ) بەنوێنەرایەتی کەمپینی جیهانیی لەدژی رەشەکوژیی و بەردەبارانکردنی ژنان لە کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد بۆ رادەست کردنی بڕی 14 هەزار ئیمزا کە لەلایەن کەمپینەوە کۆکرابووەوە لەگەڵ هاوپێچی داوا و خواستەکانی کەمپین بەپەرلەمانی کوردستان و دەستەی ژنانی ناو پەرلەمان ، لەناو تەلاری پەرلەمانیشدا لەلایەن بەڕێز ( پەخشان زەنگەنە) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی پاراستنی ژنانی ناو پەرلەمانی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا، لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا (هۆزان مەحمود) کورتەیەکی باسکرد لەبارەی کاروچالاکییەکانی کەمپین لەناوەوەو دەرەوەی وڵات لەو راستایەدا و پاشان باسی لەو پڕۆژە پێشنیارە کرد کە لەتوێی 15 خاڵدا پێشکەشی کردووە بەپەرلەمان و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ، دواتر (ستیڤان شەمزینانی ) کورتەیەکی باس کرد لەبارەی گرنگترین هەنگاوەکان و تیشکی خستە سەر گرنگی کار کردن لەسەر ئەو لایحەیەی کەمپین پێشکەشی دەکات لە کەمکردنەوەی ئاستەکانی توندوتیژیی لەدژی ژنان ، دواتر (پەخشان زەنگەنە)لەقسەکانی خۆیدا کارەکانی کەمپینی بەگرنگ و پێویست لەقەڵەمدا و دەستخۆشیی لەستافی کەمپین کرد بۆ دەستپێشخەریی لەو بوارەدا و دەربارەی پرۆژەکەش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد سەرلەبەری ئەو خاڵانەی کەمپین دیاریی کردوون لەبەرچاو دەگیرێن ولەکۆبوونەوەی خۆیاندا دەیخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە .پاشان لەلایەن (هۆزان مەحمود)ەوە وێنەی ئۆرژیناڵی ئیمزاو کاروچالاکییەکانی کەمپین پێشکەش بە لیژنەی پاراستنی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان کراو کۆتایی بەدیدارو کۆبوونەوەکە هێنرا.

 

هەرهەمان رۆژ و بۆ هەمان مەبەست ( ستیڤان شەمزینانی هۆزان مەحمود ) سەردانی وەزارەتی مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێمیان کرد ولەلایەن بەڕێز ( تاڤگە عومەر) بەرێوەبەری گشتیی بەرێوەبەرێتی مافی مرۆڤ لەوەزارەتی ناوبراو پێشوازییان لێکراو لەکۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا کەماوەی نیو کاتژمێری خایاند باس لەکارەکانی کەمپین و شێوازی بەرەو رووبونەوەی توندوتیژیی کراو وێنەیەکیش لەداخوازیی و داواکارییەکانی کەمپین پێشکەش بە وەزارەتی مافی مرۆڤ کرا ، لای خۆیەوە ( تاڤگە عومەر ) پشتیوانیی خۆی و وەزارەتی دەربڕی بۆ کارەکانی کەمپین و بەگرنگییەوە لەو پرۆژە داوایەی روانی کە کەمپین پێشکەشی کردوون و بەڵێنی ئەوەی دا کە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو خاڵ و بڕگانە رەچاو بکەن کەلەو داخوازینامەیەدا ئاماژەیان بۆکراوە ، دواتر باس لەهاوکاریی هەردوولا کرا بۆ کارکردن لەسەر دۆزی توندوتیژیی دژی ژنان و چۆنێتی ئامادەکردنی رێوشوێن بۆ کاری زیاتر و هاوبەش و بەمجۆرە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.

کەمپینی جیهانیی لەدژی رەشەکوژیی و

بەردەبارانکردنی ژنان لە کوردستان

2882007

 

داواکارییەکانی کەمپینی جیهانی لەدژی رەشەکوژیی و بەردەبارانکردنی ژنان لەکوردستان

لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان .

 

دیاردەی توندوتیژیی لەدژی ژنان دیاردەیەکی دزێوەو لەزۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا هەبوونی هەیە ، لەکوردستاندا ئێمە لەنێزیکەوە شاهیدی رێژەیەکی زۆر و ترسناکین لەکوشتن ولێدان و تیرۆری ژنان ، خەمساردیی حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و نەبوونی یاسای مۆدێرن کەپشتیوانی توندوتۆلێ ژنان بێت لەئاست وەستانەوە بەدژی توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان ،بووەتە هۆی دروستبوونی بارودۆخێک کەهەموو جۆرە توندوتیژییەک لەدژی ژنان بێ سڵەمینەوە پیادە بکرێت و تاوانبارانیش نەک هەر لەیاسا دەرباز دەبن بەڵکو هەر لەبناغەوە وەک تاوانبار سەیر ناکرێن .دابونەریتە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان کەلەسەر بنەمای کولتووری خێڵەکی و بەها مەزهەبییەکان بەڕێوە دەچن بوونەتە رێگری جیددی لەبەردەم پێشڕەویی و بەدەستهێنانی زۆرترین رێژەی ئازادیی بۆ ژنان.

ئێمە لەکەمپینی جیهانی لەدژی رەشەکوژیی وبەردەبارانکردنی ژنان لەکوردستان بەنوێنەرایەتی هەزاران کەس لەسەرتاسەری جیهاندا کەئیمزای خۆیان ودەنگی خۆیان خستووەتە پاڵ دەنگی ئێمە بۆ کۆتایی هێنان بەئەنفالکردنی ژنان لەکوردستان داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کەئەم لایحە و داخوازییانەی کەمپین بەهەند وەربگرێت و وەک بنەمایەکی عەمەلی بۆ کەمکردنەوەو بنەبڕکردنی تیرۆرو رەشەکوژیی ژنان لەکوردستان بەکاری بهێنێت.

 

داواکان :

 

1- ناساندنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی لەدژی ژنان وەک تاوان و سزا بۆ تاوانباران دیاریی بکرێت بەپێی یاسا.

2- رێگە نەدان بە دەستێوەردانی خێڵ و هۆز لەژَێر ناوی (سوڵحی عەشایەریی ) بەپێچەوانەوە داوا دەکەین یاسا سەروەر بێت.

3- کارپێکردنی یاساکان لەدژی کوشتنی ژنان لەژێر بەهانەی ( شەرەف )دا.

4- گۆڕینی یاساکان بەتایبەت یاساکانی باری کەسێتی کە رەوایی دەدات بە توندوتیژیی لەدژی مێینە.

5- قەدەغەکردنی (بەردەبارانکردن) ی ژنان بەهەموو شێوە و فۆرمە جۆراوجۆرەکانییەوە.

6- هەستیارکردنی سلکی پۆلیس و دەزگای ئاسایش لەدژی کوشتن وتوندوتیژیی لەدژی ژنان.

7- کردنەوەی چەندین کۆرس و خولی راهێنان بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی هۆشیاریی دامودەزگاکانی پۆلیس لەمەڕ مەسەلەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان.

8- ریفۆرمکردن لەشێوەی باوی کارکردنی دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دانانی یونیتی تایبەت بە پاراستنی ژنان لە توندوتیژیی و کوشتن .

9- بەدواداچوونی کەیسی کوشتنی (دوعا خەلیل ) وسزادانی تاوانباران بەشێوەیەکی کراوە ، بەو مانایەی خەڵک لەچۆنێتی پرۆسەی دادگایی کردن و سزادانی تاوانباران ئاگادار بکرێنەوە.

10- لە قوتابخانەکاندا گرنگی بەرچاو بدرێت بەفێربوونی بەندەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی مافەکانی مێینەو چۆنێتی رێزگرتن لەیەکتری هەردوو جێندەر.

11- بەرزکردنەوەی دەخلی تاکەکەس و باشتر کردنی بژێویی هاووڵاتیان چونکە داتاکان ئاماژە دەکەن بۆ ئەوەی توندوتیژیی لەناو بنەماڵە هەژارەکاندا زیاتر مومارەسە دەکرێت.

12- بەکارهێنانی توندوتیژیی لەدژی منداڵان قەدەغەبکرێت ، هەرکەس بە دایک وباوکیشەوە سزا بدرێن لەکاتی ئەنجامدانی توندوتیژیی لەبەرامبەر بەمنداڵان.

13- قەدەغەکردنی هەندێک ترادیسیۆنی خێڵەکی کە فاکتۆرن لەراستای توندوتیژیی‌و بێ‌مافی ژنان لەچەشنی(گەورە بە بچووک )و ( ژن بەژن )و (شیربایی ) و(بەشوودانی منداڵ )و (زەواجی بەزۆرەملێ) ... هتد.

14- پاراستن و دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆ ژنانی پیر و پەککەوتە کە زۆرجار و لە زۆر ئاستدا توندوتیژیی لەبەرامبەر ئەوانیش ئەنجام دەدرێت.

15- یارمەتیدانی حکومەت بۆ ئەو دامودەزگا و تۆڕ و رێکخراوانەی لەدژی توندوتیژیی کاردەکەن یان لەبواری داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤدا چالاکن.

لەکۆتاییدا ئێمە لەکەمپینی جیهانی لەدژی رەشەکوژیی وبەردەبارانکردنی ژنان لەکوردستان خوازیاری بەدەنگەوە هاتنی حکومەت وجێبەجێکردنی خواستەکانمانین کە به‌ بڕوای ئێمە ئەو خاڵانە سەرەوە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگەو کەمکردنەوەو نەهێشتنی توندوتیژیی لەدژی ژنان.

 

27/8/2007

: ئیمزا

* هۆزان مەحمود رێکخەری کەمپین

* ستیڤان شەمزینانی وتەبێژی کەمپین