په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هۆزمۆدێرنە و تەقەی خۆشی.


کازیوە ساڵح  


کاڵڤین و هوبز نووسینێکی کارتۆنی بێڵ واترسۆنە ، ئەم کارتۆنە وەکو جه‌ده‌لیەکی فکری بەراوردی هەردوو چەمکی فەیلەسوف و شۆڕشگیر لە میانەی پێویستیە مرۆیی ، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕاڤە ئەکات بە زمانی مناڵ و گەورە . بۆ ئەو مەبەستەش کورتکراوەی دوو ناوی دیاری بواری فەلسەفی و شۆڕشگێڕی ''جۆن کلیڤەری شۆڕشگێری شۆڕشی فەرەنسی سەدەی شازدە و فەیلەسوفی سیاسی ئنگلیز تۆماس هوبز هەڵدەبژێریـَت'' . ئەوەی لێردەدا مەبەستمە ئاماژەی یەکێکە لەو دیالۆگە پڕ دانایییه‌ی کالڤینی شەش ساڵانە کە لە باوکی دەپرسێت ''باوکە چۆن ئەو سەبازانەی یەکتری دەکوژن کێشەکانی جیهانیان پێ چارەسەر ئەکرێت ؟'' باوکی کە لەو کاتەدا ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە و سەیرێکی دەکات و وەڵامی ئەو پرسیارە قورسەی کوڕەکەی بە بێ دەنگیی و گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامەکە دەسپێرێت ، مناڵەکەش وەڵامی ئەو بێ دەنگییه‌ی باوکی بە ''پێم وایە گەورەکان وا ئەجوڵێنەوە کە ئەزانن چی ئەکەن''هەڵئەسەنگێنێت''. هێنانەوەی ئەم دیالۆگە بۆ گەڕانەوەیەکی کورتە بۆ دۆخی چێژی کوشتن ،دەربڕینی خۆشی و هیپۆکراسی نێو دیموکراسی لە کۆمەڵی کوردیدا. .

کوشتن دەرهاویشتەیەکی دەروونیە گوزارشت لە رک و تۆڵەکردنەوە دەکات لە فۆرمی سادیزمدا بۆ لە ناوبردنی کەسێک یان گرۆپێک ، دەکرێ هۆکاری جیاوازییه‌کانی ڕەگەزیی ، دەستکەوت ، چاوچنۆکیی ، دووبەرەکیی ،ئیرەیی و مەترسی ئاشکرابوونی نهێنی مەترسیدار و نەخۆشی دەروونی پشت کاکڵەی کوشتن بێت ، باوترین ئامرازیش بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیە چەک و تەقەمه‌نی - فیشەکە.


خۆشی: دەرهاویشتەیەکی دەروونیە گوزارشت لە ئاسوودەیی دەکات لە میانەی رێکحستنی سۆزەوە لە دڵنیاییەوە بۆ بەختەوەری شێوە دەگه‌رێت ، باوترین ئامرازیش بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیە ئاگری ڕازاندنەوەیە. لە کولتوری کۆمەڵە پێشکەوتوەکاندا ئەو ئاگری ڕازاندنەوەیە جگە لەوەی جوانێکی تایبەتی هەیە و بەکارهێنانی سەلامەتە ، بەڵام وەکو تەقەمەنی ڕاستی دەنگێکی گەورەی هەیە ، ئەمەش سیمبولیەتی بەکارهێنانی واتا بەخش ئەکات ، کە وەکو یادکردنەوەیەک و سوپاسگوزاریەکە بۆ ئەو شەهیدانە و بۆ ئەو سەربازانەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بەرگەی ئەو جۆرە دەنگ و ئاگربارانە ڕاستەکانیان گرت و گیانیان بەختکرد. هەر بۆیەش ئەم جۆرە ئاگربازییە لە گەڵ ئەوەی هیچ زیانێک ناگەیەنێت بەڵام تەنها لە بۆنە نەتەوەیەکاندا بەکاردەهێنرێت نەک بۆنەی بردنەوەی حیزبێک لە هەڵبژاردندا.


لە کۆمەڵی ئێمەدا مەرگ و کوشتن ئامرازێکە بۆ پەرچەکرداری خۆشی و ناخۆشی ، چێژ وەرگرتن لە کوشتن و بینینی مەرگ بووە بە یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی دەربڕینی هەستە جیاوازەکانی تاکی کورد. دەربڕینی دوو کارەکتەری تەواو جیاواز و پێچەوانە لە یەک فۆرمدا کە فۆرمی مەرگ - دۆستی و کوشتنە ، بە یەک ئامراز کە چەک و فیشەکە ستانداری کۆمەڵە هەرەمەکی و ناشارستانی و بەربەریەکانە ، هەر کۆمەڵێکی لەو ئاستەوە کە قۆناغە کانی شارستانیەتی نەبڕیوە باز بداتە ناو شارستانیەتی ئەمڕۆ ،بە بێ هێزێکی سیاسی مۆدێرن ، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هۆشیارکەرەوە ،لەو کەرت بوون و پارچە پارچە بوونەی ڕووبەڕووی بووتەوە ناوەستێت و مل ئەنێت بەرەوە کەنارەکانی فەنا بوون. لەو ساتەوەی فۆبیای لاسایکردنەوەی مەدەنیەت بووە بە خولیای کەسانێک کە سنوورەکانی جیاوازی نێوان کۆمەڵێکی نه‌ریتیی و کۆمەڵێکی مەدەنی، مۆراڵی هۆز و مۆراڵی مەدەنیەتی پێ دیاری ناکرێت ، هەموو چەمک و دیاردەکان شوناسی خۆیان لە دەستداوە و بە شێوەیەکی نابەجێ دێنە ڕوو. ئەمە ئەو دۆخە نالەبارەیە کە سیاسی کورد بەر لە ''خۆدۆزینەوە'' و ''ئەودۆزینەوە'' دۆخێکی مەدەنی وەرئەگێڕێت بۆ دۆخی هۆز و دۆخی ''منی ڕاست'' و ''تۆی هەڵە'' ئەمەش ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵ و دەبێت بە ''ئێمەی ڕاست'' و "''ئێوەی هەڵە'' ،کە هەموو چەمکەکانی ژیانمانی بە ڕەنگی خۆڵەمێشی ڕتووش کردووە بە دوا شانازیەکانی مەدەنی بوونشمانەوە کە هەڵبژاردنە. . هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی یە ، دیموکراسیەتیش بەرهەمی مۆدێرنەیە .میللەتێک بۆ ئەوەی لە بەهای هەڵبژاردن بگات وەکو یرۆسەیەکی ڕاستەقینە لێی بنوارێت نەک پرۆسەی لاسایکردنەوە. پێویستە لانی کەم لە پرەنسیپە سەرەتایەکانی مۆدێرنە بگات کە ڕزگاربوونێەتی لە عەقڵیەتی هۆز و کرداری خێڵەکیانە. مۆدێرنە و دیموکراسی واتە ئازاد بوونی عەقڵ ، سەربەخۆیی بیرکردنەوە ، باڵاکردنی کردار و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی کۆمەڵ . ''دەکرێ واسەیربکرێت سەر لە نوێ دروستکردنەوەی جیهان بێت لە غیابی خودادا - برایان ئەپلاید''. بۆ ئەزموونی کوردی خوداکانی جیاوازە لە گەڵ ئەوەی برایەن ، بۆ ئێمە غیابی خوداکانی نایەکسانی ، شەڕ و توندوتیژیی ، خوداکانی گلانی کۆمەڵی مرۆڤایەتی و ژیانەوەی هۆز ، خودا نەریتیی و بەسەرچووەکانن.


هەڵبژاردن لە کوردستاندا کەمتر داوا و خواستێکی سیاسی بووە ، بەڵکو داوا و خواستێکی جەماوەری و رۆشنبیری بووە، بۆ گۆڕینی ئەو نەریت و سیستمە چەقبەستووەی سەرخان و ژێر خانی ئەوانی لێوە دیاریکراوە ، بەو بەڵگەی کەمترین ژمارەی سیاسی باوەڕیان بە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک بە کردار هەبووە . وەلێ مامەڵەکردن لە گەڵ پرەنسیپی هەڵبژاردندا دەمانباتە ئاستی یەقین کە زۆربەی سیاسیەکانی لاوازترین ڕاڤە و تێڕوانینی پێشوەختی بۆ هەڵبژاردن نەبووە بۆیە '' کوشتن '' بوو بە بەزم نۆشی و شادی سیاسی.


گەلێک و ئیرادەیەکی سیاسی کە بە توندوتیژی و کوشتن گوزارشت لە خۆشیەکانی خۆی بکات ، نەخۆشی سادیزمی تێپەڕاندووە بۆ ئیفلاسی سیاسی تەنانەت لە ئاستی خۆڕاگرتنێکی کورت خایەن بە واتا و تێڕوانینەکانی دیموکراسیەت بۆ دەسنیشانکردنی چارەنووسی مرۆڤ ، مرۆڤایەتیش بۆ فەراهەم هێنانی ئاسایش . لە خراپترین باردا کوشتنی هاوڵاتیانێک کە دەکرێت سەرچاوەی خۆشیەکانی ئەوان بووبێتن بە دەنگدان بۆیان ، یان ئەوانیش هەمان هەستیان بووبێت بۆ دەبڕینی خۆشی هیچ ناگەیەنێت جگە لە پیشاندانی ماسولکەی دەسەڵاتسالاری و تۆتالیتاری شوناسێکی دی لە خۆناگرێت.


گەر لە یەکەم هەوڵدان بۆ هەموارکردنی سیاسیەت و جیهانی کوردی بەرەو ژیانێکی جیاواز و دیموکراسیانە و خۆ ئامادەکردن خۆنوێکردنەوە و وەلاخستنی ڕابردوو ، باوکە سیاسیەکان وەکو باوکی کالڤاین تەنها نیگایەکمان تێئەگرن و پێیان وایە ئەوەی دەیکەن ئەزانن چیە و میللەت بێ ئاگایە لێی ئەوە موژدەی داهاتویەکی تاریکە بە ڕووی ئایندەدا و ناوەڕۆکی زهنی دەسەڵات ئاشکرا دەکات .ئەوەی ڕوویدا هەنگاویەک بوو بۆ پیشاندانی ترس و تۆبەکردنی مەرگ بۆ داهاتوو و باڵاکردنی تەوتەمی دەسەڵات ، ئەم تۆقاندن و ترس باراندنەش پێشوەخت پانتایەکی گەورەی گوتاری هەردوو حیزبی که‌سک و زەردی داگیرکردبوو ، بە ئاشکرا دەیانگوت هەڵویستیان چی دەبێت گەر براوە نەبن. لە کاتێکدا دەکرێ ئەو ترساندنە کاریگەری زۆری کردبێتە سەر ڕای هاوڵاتیان و لە ترسی هەڵنەگیرسانی شەڕێکی دی و ترسی پاراستنی گیانی دەنگی بۆ دابێت ، ئەمەش لە میتۆدی دکتاتۆرەکانی جیهاندا باو بووە نەک میتۆدی دیموکراسی ، دەسەڵاتێکی سیاسیش ناتوانێت شتێک بێت لە نێوان دیکتاتۆریەت و دیموکراسیەتدا ، پێویستە خۆی یەکلا بکاتەوە ، دیموکراسیەت و هەڵبژاردن لە نابووت بوون بپارێزی لە ژێر سێبەری مەرگدا.


بە ناوی دیموکراسیەوە تەوزیفکردنی هیپۆکراسی و بە دواشیدا تاوانبارکردنی ئەوی بەرانبەر و ناونانی هەڵەی هاوڵاتیان و دەرەوەی ئیرادەی ئەوان ، بە ناوی شۆڕشگێڕییەوە دوو کایەی سیاسی لە ناوەڕۆکدا دژە یەک و لە ئاستی بەرژەوەندیەکاندا یەک ، دوو کایە یەک نابن یەک ئەکوژن و دەبن بە یەکیش هەر بە کوشتن هەنگاو دەنێن ، دەبێت بکوژ تا چەند چارەسەری کێشەی کوردیان لابێت؟ دەرئەنجام تەنها ڕێگا دەستپێکردنەوەی ژیانە لە فیلم کارتۆنەکانی مناڵی و ئەلفەبێی سیاسەتەوە، بۆ ئەوەی لە کالڤینی شەش ساڵەوە فێربن بکوژ چارەسەری ژیانی لانییه‌ .دەسەڵاتێکیش بای ئەوەندە نەتوانێت تەنانەت ئەندامەکانی خۆی فێری بەهەندوەرگرتنی ژیانی خەڵک بکات مەحاڵە بتوانێت نوێبوونەوە لە سیستمی بە سەرچووی کوردیدا بکات ..
'' هیچ ئاڵایەک ئەوەندە گەورە نییه‌ شەرمەزاریی کوشتنی بێ تاوانێک بشارێتەوە - مێژووناس و نووسەر هەویارد زن '' ئەبێت پانتایی کام ئاڵا بتوانێت شەرمەزاریی کوشتنی کوژاوەبێ گوناهەکانی هەڵبژاردن و دیموکراسی کوردی بشارێتەوە؟ .

 

 

www.kaziwa.com