٨\٩\٢٠١٦
ھێزەکانی پاراستنی
گەل و تورکیا.

ئهحمهد رهجهب
داگیرکردنی جەرابلوس لەلایەن سوپای تورکیاوەو رێگەدان بە تاقمەکەی
ئەنجومەنی ئەستەنبوڵ بەناو "" سوپای ئازادی سوریا"" و ژمارەیەک چەکداری
ھەمەجۆر کە لە لایەن ئەمریکاو تورکیاوە مەشقیان پێکرابوو بچنە ناو خاکی
سوریا خۆشی و کامەرانی خستە دڵی کەسوکارو ھەوادارانیان چونکە ماوەیەکە
چاوەروانی فریارەسێک بوون لە ترس و دڵەراوکێ رزگاریان بکات و ئەوەی زۆر
سوودمەند بوو لەم ئۆپراسیۆنەی سوپای تورکیا ئەو چەکدارانە بوون کە لە
تورکیا وەک گاگەل مۆڵیان خواردبوو ھیچیان پێنەئەکراو ترسیان لێنیشتبوو
بە یارمەتیدانی خەرجی عەربەستانی سعودی و قەتەر ئەژیان و ئەو دوو وڵاتە
بە ئاشکرا یارمەتی توندرەوو تیرۆریستان ئەدەن.
تورکیا یەکێکە لە دروستکەرانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) و، بە ھەموو
توانایەکی یارمەتیداوەو، سنورەکانی کراوەبوون بە جۆرێک ھەزاران توندرەو
تیرۆرست لە ھەموو وڵاتانی دونیا ئاسانکارییان بۆ ئەکراو، رەوانەی
سوریاو عێراق ئەکران و پەیوەندییان بە داعش و بەرەی ئەلنوسرەو گروپە
تیرۆریستەکانی ترەوە ئەکردو، نیازی رەجەب تەیب ئەردۆگان ھەر لە
دەستپێکی راپەرەرینی خەڵکی سوریا دژ بە رژێمەکەی دیکتاتۆر بەشار
ئەلئەسەدو حزبی بەعسی عەرەبی ئەوە بوو ناوچەیەکی خاکی سوریا داببرێت و،
ناوی ناوچە ئارامی لێبنێت.
رەجەب تەیب ئەردۆگان رێوی ئاسا رەفتاری لە گەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانەکەی
ئەمریکاو داعش ئەکردو، زۆرجار وەک مناڵی ساوای شیرەخۆری گرینۆک و زۆر
ورکگر خۆی پیشان ئەداو. نازی بە سەر ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاوە ئەکردو،
رۆژانە مەرجی دائەنا بۆ بەشداریکردن دژ بە داعش و، زۆر جار ئەیوت ھیچ
جیاوازییەک لە نێوان داعش و پارتی کرێکارانی کوردستان نییە و،
ھەردوولای بە تیرۆریست ناوزەد ئەکردو، داوای لە وڵاتان ئەوە بوو بچن
بەگژ ھەردوولاو، ئێتستاش لە سەر ھەمان قەوان ئەروات و، دوێنی لە
کۆبوونەوەی ٢٠ وڵاتە ئابورییەکە لە چین و، لە ناو بەشداربووان ئەردۆگان
ئەو بیرۆکەیە زیندوکردووەو جەختی لەوە کرد کە داعش و پ. ک. ک
جیاوازییان نییەو، ئەوەی سەیرەو جێی ریسواییە ھەندێ لە بەرپرسانی پارتە
کوردستانییەکان و راگەیاندن و میدیاکانیان لە گەڵ بۆچوونەکانی
ئەردۆگانن و، ھاوران لە گەڵ تورکیادا.
شەرڤانانی ھێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ئازایانە لە گەڵ ھێزەکانی
سوریای دیموکرات و بە پاڵپشتی بۆردومانی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان
ناوچەکانیان ئازاد کردو داعشیان راوناوو، لە درێژەی تێکۆشانیان گەیشتنە
شاری مەنبەج و، لە پاش شەرەێکی سەختی خوێناوی وبەرخودانی پر لە
قارەمانێتی زیاتر لە دوو مانگ شاری ( مەنبەج) یان لە چەتەکانی دەوڵەتی
ئیسلامی (داعش) پاک کردەوەو، بە تەما بوون نێوانی کۆبانێ و عەفرین پاک
بکەنەوەو، داعش قاو بدەن و، ئاواتی شەرڤانان و ھێزەکانی پاراستنی گەل
ئەوە بوو کانتونەکان یەکبگرنەوە، بەڵام تورکیا کە زانی ھێڵەکانی بەرگری
داعش لە رۆژئاوای رووباری فورات تێکشکێنراون، یەکسەر ئۆپراسیۆنی
داگیرکردنی جەرابلوسی دەستپێکرد.
تورکیاو دەستوپەیوەندەکانی وعەرەبە شۆڤەنیستەکان کەوتوونەتە
بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی ھیچ و پوچ و، جارێک ئەڵێن ھێزە کوردییەکان
سەدان کێلومەتریان داگیرکردووەو، عەرەبەکانیان لە ناوچەکانی خۆیان
دەرکردووەو پرۆسەی رەگەزپەرستیان بەرامبەریان بەکارھێناوەو، جارێکی تر
ئەڵێن ئەم کوردانە ناتوانن ئەوەی داگیریان کردووە بیپارێزن و، ئەمریکا
پشتیتێکردوون و، لاوازبوون و، تورکیا تۆڵەیان ڵێ ئەکاتەوەو، بۆ
وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە پروپاکەندەیە ئەبێت تورکیاو عەرەبە شۆڤەنیستەکان
و ھەموو دوژمنان بزانن ھێزەکانی پاراستنی گەل خاکی خۆیان لە رۆژئاوای
کوردستان لە داعش و تیرۆریستان پاککردووەتەوەو، ئەتوانن بەشیپارێزن و،
سەبارەت بەوەی ئەمریکا پشت لە کورد ئەکات درۆیەکی شاخداری تورکیاو
ھەموو دوژمنانەو، ئەوەتە بەبەرچاویان نێردەی تایبەتی باراک ئۆباما لە
ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش بریت مەکگۆرک ھەفتەی پێشوو سەردانی
رۆژئاوای کوردستانی کردوەو لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە
زۆرینەی پێکدێنێت کۆبوەتەوە.
ھێزە کوردییەکان ھاوپەیمانێکی کاریگەری ئەمەریکان و، ئاشکرایان کرد
ھاتنی سوپای تورکیا بۆ شارۆچکەی جەرابلوس ئامانج لێی ئەوانە نەک
چەکدارانی داعشو، بەرپرسانی تورکیا نەیانشاردووەتەوەو ئەویان
پشتراسکردووەتەوەو،ئەمەریکاش ئاشکرایکرد، بریت مەکگۆرک بەڵێنی
بەردەوامیی پشتیوانی ئەمەریکای داوە بەھێزەکانی سوریای دیموکرات لە
شەڕی دژ بەداعش و، داوای لە ھێزەکانی سوریای دیموکراتکردووە بکشێنەوە
بۆ رۆژھەڵاتی فورات و، بریت مەکگۆرک وتوویەتی ھەر ئوپراسیۆنێک لە ھەر
ناوچەیەک دەوڵەتی ئیسلامی - داعشی لێی نەبێت جێی رەزامەندیمان نییەو،
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) داوای لەتورکیا و ھێزە کوردییەکان
کرد خۆیان بە دوور بگرن لەشەڕکردنی یەکتری.
تورکیا دەمێکە بە نیازی بەزاندنی سنوری سوریایەو، ھەموو کات ئامادەیی
پیشانداوە بۆ لێدانی داعش ( ئەمە درۆیەو تورکیا ھەموو کات پشتگیری لە
داعش کردووە) و، لێدانی ھێزەکانی پارتی یەکینەی دیموکراتی و،
(ئەمەشیان زۆر راستە) و، تورکیا بە ھەموو شێوەو توانایەوە پشتگیری
تاقمی بەناو "" سوپای ئازاد "" ی کردووەو، وایداناوە ئەو تاقمە ھێزێکی
کاریگەر ئەبێت بۆ لێدانی داعش و بەشار ئەلئەسەد، بەڵام نەیزانی ئەم
تاقمە ھیچیان پێناکرێت جگە لەوەی چوارمشقی لە ئەستەنبول دانێشن و لە
سەر پارەی عەرەبستانی سعودی و قەتەر بلەوەرێن و، لە ساڵی رابردوودا
تورکیا ھەوڵیداوە بچێتە ناو خاکی سوریاوە، بەڵام بە ھۆی نەبوونی
پشتگیری لەلایەن وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووکان وئەمریکاو ناتۆو، ساردی
نواندنی ئەمریکاو ئامادە نەبوونی بۆ پشتگیریکردنی لە رووەی سیاسی و
عەسکەری و، بەشدارینەکردنی فرۆکەکانی و، خستنە خوارەوەی فرۆکەیەکی
جەنگی روسیاوە لە سیپتەمبەر ( تشرینی دووەم) ی ساڵی ٢٠١٥ و،ململانێی
توندو تیژی نێوان تورکیاو روسیاوە بوونە ھۆکاری دوواخستنی پرۆسەی
سەربازی بە نیازی بەزاندنی سنوری سوریا.
لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوە ٢٠ وڵاتە ئابوورییەکی جیھان کە
لە شاری ھانگشۆی چین بەرێوە ئەچێت مشتومرێکی گەرم لە نێوان فلادیمیر
پۆتینی سەرۆک کۆماری روسیاو باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە سەر پرسی
سوریا روویداو، ھەردوولا نەگەیشتنە رێکەوتن ئەمە لە لایەک و، لەلایەکی
ترەوە جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو سێرگێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی
رۆسیا درێژەیان بە گفتوگۆکەیان کردو، گەیشتنە چارەسەری دوو خاڵی
جیاوازو گرنک لە سەر ئاگربەست و راگرتنی شەر لە سوریاو، بە پێی ئاژانسی
بلۆمبێرگ لە داھاتوودا ھەردو وەزیر کۆ ئەبنەوە..
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|