١٧\١٢\٢٠١٨
ھونەری کۆلاژ
مێژوو..
تەکنیک.. ئەزموون..
- ئاماژەیەک بۆ کێڵگەیەکی ورشەدار -

نەژاد عەزیز سورمێ
''ھونەر دۆزرایەوە، چونکە واقیع بەش ناکا..'' (گیوم میسۆ - لە ڕۆمانی (کیژێک لە کاغەز)دا -).
ھونەر لە خۆیدا بە ئەنگیزەی ئەو ویست و ئارەزووانە ھاتووە ئادەمزاد
ڕوانین ووردبوونەوە و پرسیارە سادە و ئاڵۆزەکانی پێ کردووەو خۆی پێ
ڕازی کردووە..
ئەمە ھەر لە دێری دێرەوە خوولیای مرۆڤ بووە ، لە سەردەمی چاخە
بەردینەکانەوە کە ڕەنگەتەنانەت بە ئاستی لاسایی کردنەوەیش لە
ئیستاتیکا.و ڕەھەندەکانی نەگەیشتبن ، بەڵکو پێویستی ئەوان سەردەمان
ڕەنگڕێژیی بەھا ئیستاتیکییەکانی کردووە کە پاشان دوای دەیان و سەدانو
ھەزاران ساڵ لێی کۆڵراوەتەوە و ھەوڵی دۆزینەوەی مەودای جوانی و پاڵنەرە
ئەفسانەیی و خۆڕسکەکانی دراوە ، نموونەیش بۆ ھەردوو بەر، داھێنەر و
بینەر لەو ساوە ون نەبووە ، لە ھونەری سەر دیواری ئەشکەوتانەوە ڕا تا
دەگاتە شارستانەتە ئۆریگناڵەکانی وێنەی شارستانەتی (سۆمەر) و (دۆڵی نیل)
و (دۆڵی سند).
ئەوانی دیش کە سەردەمێکی زۆر دوای ئەوان ھاتن ، بەڵام بە ڕوانینێکی
ڕەخنەیی و لێکدانەوەیەکی ئیستاتیکاناسیی (لە چاوخۆی) ھاوچەرخەوە ھاتوون
و نەوە دوای نەوە ، لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە ناسینی سرووشت و
دەوروبەر و گۆڕانکاری لە ڕوانین و دونیابینییەکانی بەرامبەر ژیان و
گیروگرفتە زاتی و بابەتییەکانیدا..
سەرەتایش ئادەمزادی پێشین خۆی و کاردانەوەکانی لە بەرامبەر دەوروبەر بە
وێنە دەربڕیوە ، کە بە پێی گەلێک لێتۆژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی ، ھەروەھا
دۆزراوە ئارکیۆلۆژییەکان سەلماندوویانە زمان و خەتی نووسین و
گەشەسەندنی ، لە چەند ھەزار ساڵێک تێناپەڕێ ، ئەمەش لە چاو ھونەری
نیگارکێشان ماوەیەکی زۆر نییە ، تەنانەت پاش جێگیر بوون و دۆزینەوەی
کشتوکاڵ لە چاخی بەردینی نوێدا (نیۆلۆسیک) و پاشان سەرھەڵدانی
شارستانەتی سۆمەرییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتۆکەکانی شاردا
دەرکەوتن لە ڕووی زمان و خەتی پێنووسین (خەتی بزماری) کە تا دەورو
زەمانێکی یەکجار زۆر بەردەوام بوو ، سەرەڕای گۆڕانی سیستەمی سیاسی ،
ئەوەی دەچێتەوە ناو ھونەری شێوەکاری تا ڕادەیەک بە ھەموو چەشنەکانی لە
برەو نەوەستا(١).. نەک ھەر ئەوەندە ، بەڵکو بوو بە بەشێک لە سرووت و
ڕاز و نیازی ڕوانینە فەلسەفییەکانی ئەوسا.. دۆزراوە ئارکیۆلۆژییەکان
بەڵگەن کە ئێستا لە زۆر لە مۆزەخانەکانی دونیادا پارێزراون.
بەم جۆرە ھونەری شێوەکاری لە نیگارکێشانەوە تا دەگاتە دیواربەندی و
ھەیکەلتراشیی (بە ھەموو جۆرەکانییەوە) بوون بە سیمایێکی دیار لە
سیماکانی ئەو شارستانەتانە . لەو ساوەش ھونەری شێوەکاریی لە گەشە و
پێشکەوتن نەوەستاوە ، بەوەی جگە لەوەی بنیاتێکی ئیستاتیکایی ئادەمزادە
لە دەربڕینی خۆی و دەوروبەری، لە ھەمان کاتدا پێویستییەکی مرۆییشە لە
جوانکردنی ژیان و جێی ژیان کە دیارە (ھونەری تەلار یان خانووسازی) لەم
بوارەدا ڕۆڵی نکۆڵیلێنەکراوی دیوە و دەبینێ .تەنانەت وام دێتە بەرچاو
ھونەری خانووسازی ڕەنگە ڕاستەوخۆتریش پەیوەندی بە ژیان و بە مرۆڤەوە بێ
، بەوەی لە ژیانی ئاسایی و شوێنی جێبەجێکردنی ئەو سرووتانەی بە درێژایی
قۆناخەکانی مێژوو ئادەمزاد بڕوای پێیان بووە ، کە لە دواییدا ھەر بە
پێی ئەو قۆناخ و باوەڕەوە بە ناوێک ناسراونەتەوە و ئامادەییان ھەبووە.
جگە لەوەیش ھونەری خانووسازی ھەستی ( شوێن )یشی لای مرۆڤ بەرجەستە
کردووە ، ھەندێ جار تا ئاستی یا نزیک لە ( ھێللانە ) ی باڵداران کە
باشلار بە لووتکەی تەلارسازی دەبینێ و پێیوایە ھەرگیز ئادەمزاد
نەیتوانیووە و ناتوانێ لاسایی داڕشتنی ئەتەمی ھونەری چێکردنی بکاتەوە(٢).
خودی تەلارسازیش دوور نەبووە لەو گۆڕانکارییانەی بەپێی سەردەم بەسەر
قوتابخانەکانی ھونەردا ھاتوون ، لە ھونەری دێرینەوە بگرە تا کلاسیک و
ھونەری سەردەمی بووژانەوە ( ڕێنیسانس ) و ئەوەی پێی دەگوترێ
کلاسیکییایەتی نوێ و ئینجا ڕۆمانتیکی و کۆپیزم و ئەبستراکت و
دەربڕینخوازیی و دادایی و سوریالیزم و ھونەری مۆدرێن و پۆست مۆدرێرێن و
ئێستاش دوای پۆست مۆدرێنیزم و...تاد. کە ھەر یەک لەو قوتابخانە و
ڕێڕەوە ھونەریانە زادە و ڕوانین و ھەڵوێست نواندنو تاڕادەیەک فەلسەفەی
قۆناخەکانیانن ، بە ھونەری تەلاسازیشەوە ، دیارە لە ڕووی تەکنیکی
کارکردنیشەوە ھونەرمەندانی سەر بەو قوتابخانانە بۆ بەرجەستەکردنی ئەو
چەمکانەی لە لایەنی ئیستاتیکا و گۆڕانکارییەکانی و پەیوەستیی بە
ھونەرەکانی دیکەوە بەو جۆرە بووە ، ھەر ئەوەش تەکنیکو ستایلی ( ھونەری
کۆلاژ )ی گەیاندە ئەو ئاستەی چەمکێکی ھاوچەرخ وەربگرێ ، سەرەتای سەدەی
بیستەم.
ستایلێکی ناسک و ڕوانینپێک و بە بوار لە ئازادی کارکردن و ھەمەلایەن و
ھەمە بابەت لە بەکارھێنانی کەرەستەی ھەمەچەشن ، کە بە بەریەوەیەتی
ھەندێ جار ھەموو قوتابخانەکانی تێدا کۆ بکرێتەوە.
کۆلاژ، ئەگەرچی لە قۆناخێک لە قۆناخەکاندا لەوانەیە لەگەڵ ھونەری
ڕۆژنامەنووسیشدا پێڵوز کرا بێ، بەڵام من وای دەبینم سەرەڕای نزیکیشی لە
ھونەری رۆژنامەنووسیی ، ( کۆلاژ ) ھونەرێکی سەربەخۆ بێو لەگەڵ ھەمان
ئەو جوێبارانەی ھونەری شێوەکاری دەچێتەوە سەر ، تێک بکاتەوە.
جیاواز لەوەش دەرکەوتنی ئەم ھونەرە وەک مێژووی ڕاستینەی خۆی ، دوور لەو
لێڕوانینەی لەگەڵ ھونەری نوێ سەیر بکرێ کۆنترە لە ھونەری ڕۆژنامەنووسیی
بەو چەمک و ڕوانینەی ئەمڕۆ لە گۆڕێیە.
ڕەنگە نەتوانین بە پێی ڕیزبەندی و پەیدابوونی قوتابخانە ھونەرییەکان ،
کۆلاژ وەک قوتابخانەیەک ھەژمار بکەین ، لێ بە ڕوویەکەی دی تەکنیکێکی
تایبەت بە خۆی لە کارلێکردندا ھەیە..
کۆلاژ..
مێژووی پەیدابوونی.
وشەی ( کۆلاژ - Collage ) لە بنەڕەتدا لە Coller ی فەڕەنسییەوە ھاتووە
بە واتای چەسپاندن یا لکاندن ، لێرەوە کۆلاژ بەو مانایە دەکەوێتەوە کە
لە چەسپاندن و پێکەوە لکانی شتگەلێک ئینجا وێنە بن یاخود ھەر ماددەیەکی
دی وەک کاغەزی ڕۆژنامە ، قوماش ، وێنەی فۆتۆگرافی ، تابلۆیەکی
دیاریکراو یا بەشێکی ، ھەر کانزایەک ، دار، بەرد، ئاسن، تەنەکە، زێڕ،
زیو، ھەر شتێک لە ڕووپێوێکی دیاریکراودا بۆ پێکھێنانی شێوەیەک یا
چەمکێکی نوێ لە دەربڕیندا(٣).
ڕەنگە پێویستیی چەندان بواری جیا ڕێگە خۆشکەر بوو بێت بۆ سەرھەڵدان و
برەو سەندنی ئەم تەکنیکە لەوانە بە نموونە ئەوەی پەیوەستە بە سرووتە
پیرۆزەکان یان ڕازاندنەوەی پەرستگایان لە کۆندا و ڕوانینی ھونەرمەندانی
نوێ لە پەیڕەوکردنی تەکنیکێکیتر ، بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا،
بەتایبەتیتریش دوای سەرھەڵدانی بزاڤی کۆپیزم و ھەوڵەکانی پیکاسۆ و براک
و سیزان ، کە لە پاشانیش دەبینین پەل بۆ زۆر بواری دیکە داوێ و لە
خۆیدا وەک تەکنیکێکی تازە ستایلی جۆراوجۆری لێ دەبێتەوە..
( کۆلاژ )یش کە دەچێتەوە پاڵ ھونەری بینین ، دوور نییە بە شێوەیەک لە
شێوەکان لە شارستانەتەکانی ھەرە دێرینیشدا ھەبووبێ ، بەڵام وەک مێژوو
بەکارھێنانی ئەو تەکنیکە لە ھونەردا مێژوونووسان بە ( داھێنانی کاغەز
لای چینییەکان ) ی دەبەستنەوە ( دەوروبەری ٢٠٠ پ.ز ) لەگەڵ ئەوەشدا
کارلێکردنی لەو کاتەدا سنووردار بووە تاکو سەدەی (١٠) دەی زایینی ،
کاتێ خۆشنووسە ژاپۆنییەکان تیلمە کاغەزیان بەکارھێنا و کۆپلەی شیعریان
لەسەر دەنووسی و لە پاڵ یەکیان دادەنان ، لە ئەوروپایێشدا ، سەدەکانی
ناوەڕاست ( سەدەی ١٣ی زایینی ) تەکنیکی کۆلاژ لە کەنیسە گەورەکاندا لەو
تابلۆیانە بەکارھێنرا کە گەڵای زێڕکفت و بەردی پیرۆز و ھەندێ کانزای
گرانبەھای تێدا بەکارھێنرا لەو تابلۆیانەی بە مەبەستی ئایینەوە
دەنەخشیێنران.
سەدەی ١٩ی زایینیش ، تەکنیکی کۆلاژ لەناو ئەوانەدا بڵاوبووەوە کاری
دەستیان دەکرد ، وەک ھەندێ کاری یادگاری و ڕازاندنەوەی ئەلبوومی وێنە و
کتێبان(٤).
بەڵام دیارە ( کۆلاژ ) تاڕادەیەکی زۆر وەک ھونەرێکی سەربەخۆ و بە ستایل
و تەکنیکی نوێوە لەو کاتەدا ھاتە ناو مێژووی ھونەری شێوەکاری کە ھەردوو
ھونەرمەند( پابلۆ پیکاسۆ) و (جۆرج براک) سەرەتای سەدەی بیستەم ( ساڵی
١٩١٢ ) کاریان تێدا کرد، دوای ئەوانیش سریالییەکان بە فراوانتری
دەستیان دایە.
بەم جۆرە کۆلاژ برەوی سەند و تەکنیکی کارلێکردنی قۆناخ بە قۆناخ گۆڕا.و
وەک ستایلێک بە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا بڵاوبووەوە ، بە وڵاتانی
ڕۆژھەڵاتی ناوینیشەوە، بەڵام کەمتر، ئەگەرچی دەسپێکی لە ڕۆژھەڵاتیشەوە
بوو بێ!!
بە نموونە لە تورکیای عوسمانیدا، ئەم ھونەرە زیاتر لە ھەندێ ڕووی
تەلارە بەناوبانگەکانیاندا دەرکەوتووە ، بەتایبەتی لەو مزگەوت و
کۆشکانەی سوڵتانەکانییان بنیاتیان ناون . لە ناو عارەبانیشدا، لەپێش
ھەمووان باس لە ھونەرمەندێکی میسری دەکرێ بەناوی ( مونیر کەنعان ) کە
لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا لە دایک بووە و بەپێی زۆر لە سەرچاوەکان بە
یەکەمین کەس دادەنرێ لەم بوارەدا(٥).
لە ئێرانیشدا ئەم ھونەرە زیاتر لە بواری خۆشنووسیدا بووە ، لەم
بارەیەوە باس لە شوێنەوارەکانی( مەحموود خانی مەلیک ئەلشوعەرا ) دەکرێ
کە لە سەردەمی قاجارییەکاندا ژیاوە ھەورەھا لە ھەندێ لایەنی پەیوەست بە
کارکردن لە ھونەری ( میناتۆر )(٦).
ھەرچەندە لە ئێراندا کارێکی ناوازە لە شاری ( سێرجان ) دا ھەیە ، بە
بڕوای من دەچێتەوە خانەی کۆلاژ ، بەڵام ئەگەر بگونجێ دەکرێ بە کۆلاژی
مەودادار یا بەرجەستە ناوزەدی بکەین.
ئەم کۆلاژە لە لایەن کەڕولاڵێکەوە لەسەر ڕووبەری نزیکەی ١٥ پازدە ھەزار
مەتری دووجا دروستکراوە. چیرۆکی ئەم کۆلاژە کە بە ( باخی بەردین )
بەناوبانگە لە لایەن کەسێکی کەڕولاڵی خەڵکی ( ئەفشار )ی سەر بە شاری
سێرجان ( باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران ) بەناوی ( ھیدایەتی ئەسفەندیار پوور
) کە بە دەروێشخان ناوی ڕۆیشتووە دروستکراوە.
لێتۆژی فارس د. مورتەزا فەرھادی لەم بارەیەوە دەڵێ: (( دەروێشخان لە
دوا دواکانی سیلسیلەی قاجارییەکانەوە ژیاوە ، ھەردوو شەڕی جیھانی دیوە
، ئەوەشی دیوە چ بەسەر وڵاتەکەیدا ھاتووە ))(٧).
دکتۆر فەرھادی دەڵێ ، دەروێشخان قارەمانێکی جوامێر و پیاوێکی ئازا و
زیرەک بووە ، ھەرچەندە کەڕو لاڵیش بووە ، بەڵام خەیاڵێکی بەھێز و
بەھرەیەکی ھونەری و دونیابینییەکی بەرزی ھەبووە و بایەخی زۆری بە جوانی
داوە ئەمەش لە کارەکانیدا دەردەکەوێ(٨).
وا دیارە دەروێشخان بەشێکی زۆری موڵکەکانی لە ناوچەی سێرجان لە دەست
دەدا ، لە دواییشدا خاکە بە پیت و بەروبوومەکەی بەھۆی بێ ئاوییەوە وشک
دەبێ.
بەم جۆرە نیگەرانی دەروێشخان بۆ زەوییەکانی دەگاتە ئاستێک ، خێوەتێک لە
بیابانێکی نزیک لە یەکێک لە باخە وشکەوەبووەکانی ھەڵبدا و باخێکی بە
بەرد لە بنەداری وشک ھەڵاتوو ، ھونەرمەندانە لەباتی بەروبوومی کشتوکاڵ
، بەردی ھەمەجۆر و ھەمەڕەنگیان پێدا شۆڕ دەکاتەوە لە ڕووبەرێکی
بەرفراوان. ( بڕوانە وێنەکان).
لە ھەمووی سەیرتر، وەک سەرچاوە جیاجیاکانیش باسی دەکەن لەوکاتەدا لە
ھەل و مەرجی ئەوان ڕۆژان ئامێری پێویست بەردەست نەبووە بۆ
دووبەدەرکردنی بەردە ھەمەجۆرەکان بەتایبەتی بەردە قایمەکان ، لەمەشدا
وا پێدەچێ دەروێشخان ماندووبوونێکی زۆری دیبێ لە دووبەدەر کردنیان ،
تەنانەت ھەندێک لەو بەردانە زۆر قورسن و ھەڵواسینیان بەھۆی تێل و
کانزای بەردەستی دیکە ئاسان نەبووە.
ئەم کارەی دەروێشخان کە ئێستاش قیبلەنمای گەشتوەرانە یەکێکە لە کارە
ناوازەکانی مێژووی داھێنانی ھونەر و (ھونەری کۆلاژ) بەتایبەتی وەک لە
پێشدا وتم دەشێ بە کۆلاژی بەرجەستە ناوزەد بکرێ.
من بەخۆم ئەم کارەی دەروێشخان (ئینجا بەھەر ھۆ و ئەنگیزەیەک بوو بێ) بە
شێوەیەک لە شێوەکان بە دەقئاوێزیی زۆر لەو تێکستانە چاو لێ دەکەم کە لە
کاتی ھەردوو شەڕی یەکەم و دووەم یاخود دوای شەڕ نووسراون و ئاڵۆزییە
ھەمەلایەنەکانی دەروونیی و کۆمەڵایەتی مرۆڤیان بەرجەستە کردووە.
تەکنیکی کارکردن.
لە ڕووی بەکارھێنانی ماددە و شتگەلی ھەمەچەشنەوە کارکردن لە کۆلاژدا
کەموێنەیە..
ھەموو شتێک ئاساییە بەکاربھێنرێت لەکاغەزی ھەمەجۆرەوە تا قوماش و
پلاستیکو وێنەی فۆتۆگرافی و پارچەی دیاریکراو لە نیگاری کێشراو و پەڕی
باڵندە و کانزای لە جۆری ئاسن و مس و ھەروەھا بەردی ڕەنگاو ڕەنگ... تاد.
کۆلاژکار ، ئازادییەکی ڕەھا و پێکھاتەیەکی ئاھەنگداری ڕوانینخواز، لەو
تیشکانە، ئەگەر ھەر کەرەستەیەک بە تیشکێک ببینین ، ڕوناھییەکی بەھێزو
سەرنجڕاکێش پەیدا بکا ، کە ھەندێ جار مەبەستی بێ لە ھاڕمۆنیای
فیگۆرەکانەوە یاخود لەگەڵ یەکھاتنەوەی کەرەستەکاندا دەبێ.
زۆرجاریش لە فیگۆرە دژبەیەکەکاندا ھەوڵدەدا گوزارشت لە ڕوئیاکانی بکا
جگە لە دەستپێداھێنانەوەی دوایی کە لە دوا قۆناخی ھەر تابلۆیەکدا بە
دەسکاری خودی کۆلاژیست بەھۆی ھەندێ قەڵەموەشاندنەوە جێبەجێ دەکرێ ،
ھەموو ئەو خەت و لاین و قەڵەموەشێنانەش دەگرێتەوە کە تەواوکاری بە
تابلۆکە دەدەن ، یا لە ھەندێ تابلۆی کۆنتراستدا دژایەتی پتر دەردەبڕن
کە ئەویش ھەر لە بەرژەوەندی کارەکەدا دەبێ ، بەخودی ئیمزای ھونەرمەند
خۆیشییەوە کە بە ڕای من دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە تابلۆکە و وەک
فیگۆرێک خۆی دەنوێنێ.
من بە خۆم تەکنیکی کارکردن لە کۆلاژدا وانابینم لە مەودای دەربڕین
جیابێتەوە ، دیارە دەربڕین و شێوەکاریی و زمانی ھەرکارێک لە ئەنگیزەی
کۆمەڵێک ڕەھەندەوە سەرچاوە دەگرن و بە پێی پاشخانی فەرھەنگی و پێویستی
دەروونی بەسەر ھونەرمەندیدا دەشکێنێتەوە . ئەمە لە ھونەرەکانی دیشدا
ھەر وایە، بەتایبەتی لە شیعر و مۆسیقادا ، کە دووەمیان دەچێتەوە ناو
ئەبستراکت و لە گەلێک ڕووەوە لەگەڵ ئەو ڕیتمە ڕەنگین و پارچانەی
کۆلاژدا تێکدەکاتەوە ، باوەکو ھەر یەکیان سەر بە دونیای خۆیشیان بن.
ڕەنگە ئەمەش لەوەڕا ھابتێ ھونەری کۆلاژ بە شێوەیەک لە شێوەکان دەچێتەوە
سەر قوتابخانەی کۆپیزم ، کە لە لایەنی شێوەخوازییەوە بە ڕادیکاڵترین
قوتابخانە دادەنرێ لە سەردەمی خۆیدا بە تایبەتی بۆ ھونەری شێوەکاری ،
بەوەی ئەو قوتابخانەیە وازی لە چەمکە ریالیزمییەکانی بینین ھێنا و لە
ھونەری ھاوچەرخدا بەوە دەرکەوتەوە ئاڵۆزی مرۆڤی ھاوچەرخی لە ڕەھەند و
مەودایەکی دیکەدا دەرخستەوە..
پەرەسەندنی ھونەری کۆلاژیش ( تاڕادەیەک ) بە لای دەرھاوێشتەکانی کۆپیزم
و دادایەتی و لە پاشانیشدا سوریالی کەوتەوە لە پەیڕەوکردنی
ئەبستراکتایەتی لە کارکردندا ، بەڵام بە ستایل و تەکنیکێکی جیاواز:
سەودا کردنی ڕوانینئامێز لە بەرابەر ڕووپێو و بۆشای و مەودادان بەو
ڕوئیا و گەمە شێوەکاریانە بۆ ڕێکخستنەوەی ئاھەنگەکانی ناوەوەی کۆلاژکار
خۆی ، زۆر جاریش دەقئاوێزی لەگەڵ ژانرەکانی دی ھونەر ، بە نموونە شیعر
لە باڵاترین تەجەللایدا ، کە جار ھەیە بە لای ڕووی پاکیزەی ئیرۆتیکا و
ھەندێ جاریش بەرەو ڕێڕەوی عیرفانیدا دەشکێتەوە و لە شیمانەیەکی وەختیدا
، دەوڵەمەند بە پاشخانی مێژوویی ( لە زەمەنی ئێستای دووبارە بووەوەدا )
و ئەزموونی کار لێ کردنی وەک ھەر کارێکی ھونەری دەگاتە ترۆپک و تۆقەڵان
..لەوێدا لۆژیکێکی جیا لە نالۆژیکدا ، کە بەشێکە لە ویستی عارفان و
ویستی شێوەخوازی ، ھەروەھا بەشێک لە ڕەھایی ڕوئیا و دونیابینی خۆی
دەردەبڕێ..
لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە.
وێنەکێشان بۆ من یەکێک بووە لە خوولیاکانی منداڵیم..سەرەتای چوونە بەر
خوێندن ئەو بوارەم بۆ نەڕەخسا ، ھەلومەرجی ئەوسا ( دەسپێکی خوێندن ) کە
زۆرجار بەسەریدا دەسەپاندین لە ئەشکەوتان بخوێنین چ جای وێنەکێشان.
من تا نەھاتمە شار وانەی ئەوەی پێی دەگوترا ( ڕەسم ) وکە لە دوایدا
زانیم ، نەبیستبوو..
( قەڵەمڕەنگ ) م ھەر بە دوایی نەدیبوو ، بە خەڵوز جار جار ئەگەر
بمانویستبوایە وێنەمان لەسەر دیوار و زەوی کۆنکریتکراو دەکێشا ، ئەو
دەمە تەنیا بینا حکوومەتییەکان کۆنکریت بوون.
ھێشتا لە ناوەڕاستی قۆناخی سەرەتاییدا بووم ھاتمە شار (پۆلی چوارەم یا
پێنجەمی سەرەتایی) لە خشتەی وانەکاندا، وانەی (الرسم)م دی ، بەڵام تا
قۆناخی سەرەتایشم تەواوکرد وانەی (وێنەکێشان-الرسم) ھەر لە خشتەی
وانەکاندا مایەوە ، حەفتانە چەند وانەمان ھەبوو ، یا دەکرا بە وانەی تر
، یاخود مامۆستا ئیزنی دەداین و بە ئیستیلاحی ئەودەمی دەبووە (شاغر).
لە قۆناخی ناوەندیدا ( پۆلی دووەم ) بارودۆخ گۆڕا ، من گەڕامەوە
( گەڵاڵە ) شوێنی لە دایک بوونم کە ماڵیشمان ھەر لەوێ بوو .
ئەگەرچی گەڵاڵە دەمێک بوو ناحیە بوو (ھەر لە سەردەمی پاشایەتیدا)
ھەروەھا بنکەی شۆڕشی کوردستان.. لە ھەمانکاتدا ئەوان ڕۆژان پێگەیەکی
گرینگی بازرگانی ھەموو کوردستانیش بوو ، بازاڕێکی ھەبوو دووجار بە قەد
ڕووپێوی خانووەکانی ، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا شوێنێکی تایبەت بە ھونەر
بە تایبەتی لە ڕووی بایەخدان و بە ھەندگرتنی تێدا نەبوو ، ئەوەی ھەبوو
لە دوو سێ ھونەرمەندی خۆڕسک کە ئەڵڵاخوایی خۆیان خۆیان پێگەیاند بوو
تێنەدەپەڕی.
ئەوسا ئێمە کۆمەڵێک قوتابی قۆناخی ناوەندی بووین ھەستمان بەوە کرد
بەتایبەتیش کە ھەموومان لە ڕێکخراوی ( یەکیێتی قوتابیانی کوردستان)دا
کارمان دەکرد، ئەوەبوو لیژنەیەکمان بە ناوی( لیژنەی زمان و ئەدەبی
کوردی قوتابخانەی ناوەندی گەڵاڵە ) دامەزراند.
بە داخەوە بە ھۆی کۆمەڵێک ئەگەر سەرەڕای بایەخدان بە لایەنەکانی دی وەک
ڕۆژنامەنووسیی و مۆسیقا و گۆرانی و شانۆ ، لە بواری ھونەری شێوەکاریدا
ڕێک نەکەوت کارێکی وامان پێ بکرێ شایانی گێڕانەوە بێ.
زۆری پێنەچوو بیرمان لە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک کردەوە ، ئەوەبوو گۆڤاری(
بەرەو ڕووناکی ) مان دەرچوواند، بە حوکمی ئەوەی زۆربەی کارەکانی
گۆڤارەکە، بەتایبەتی سەرپەرشتی چاپ لە چاپخانەی کوردستان لە ھەولێر بە
من سپێردرا بوو، پێشتریش لەگەڵ دەسپێکی قۆناخی ناوەندیدا ئەوەی پێی
دەگوترێ(ڕۆژنامەی دیوار ) کە زیاتر دەچێتەوە ناو ( ڕۆژنامەگەریی
قوتابخانە ) چەند بڵاوکراوەیەکم بە کۆششی خۆم دەرچواند بوو ، کە باسی
ئەمەش دەکەم مەبەستمە بڵێم تەکنیکی کارکردن لە ڕووی دانان و دابەشکردنی
بابەت و وێنە و قەبارە و شێوەی دانان و بڵاوەپێکردنی بۆشایی لەم جۆرە
بڵاوکراوانەدا نزیکە لە کارکردن لە کۆلاژ.
لێرەڕا دەتوانم بڵێم من لەکاری ڕۆژنامەنووسییەوە سەروکارم لەگەڵ
کۆلاژدا پەیدا کرد و تاڕادەیەک قەرەبووی ئەوەم پێکردەوە لە قوتابخانەدا
بواری فێربوونیان بۆ نەڕەخساندین.
لەوساوە زۆرجار بۆ بابەتە نووسراوەکانی خۆم یا ھی برادەران یاخود لە
دەرھێنانی کتێبەکانمدا پەنام بۆ بردووە ، ئەگەرچی وەکو پیشانگای
تایبەتی تا دوادواکانی سەدەی ڕابردوو (١٩٩٥) کە یەکەمین پیشانگام
تێداکردەوە (١/١٠/١٩٩٥) ھیچ پیشانگایەکم نەکردبێتەوە(٩).
لە ڕووی تەکنیکی کارکردنیشەوە ، ھەوڵم داوە
ستایلێکی تایبەت بەخۆمم ھەبێ ، ھەورەھا ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووم (
وێڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەردەست بوونی ) بە دەست کار بکەم ، من
لە کارکردن بەدەست خۆم ئازادتر و کارەکانم سرووشتیتر دەبینم.
پێشموایە کارکردن بە دەست ، باوەکو بە کۆمپیوتەر و فۆتۆشۆپ بکرێت و زۆر
جار بواری مەودا پێدانیشی ھەبێ ، بەڵام ھەمیشە وام دیوە کاری دەستی لە
گیان پێدان و درەوشانەوەیدا لە پێشتر بێ ، لە ھەمانکاتدا کارکردن
بەدەست:
یەکەم: ڕاستەوخۆترە و پتر ئیحساسات و جێپەنجەی کۆلاژیستی پێوە دیار
دەبێ ، ئەگەرچیماندووبوونی زیاترە.
دووەم: ئەو ڕەھەند و مەودایانەی دەتوانرێ بەدەست بە کارەکە بدرێ ،
ھەندێ جار بە کۆمپیوتەر نزیکە لە مەحاڵ ، بەتایبەتی لەکاتی بەکارھێنانی
ھەندێ کەرەستەی وەک دارو ئاسن و کانزای دی..
سێیەم: زۆرجار ڕێک دەکەوێ ( ھەرچەندە من وەکو خۆم ئەم ئەزموونەم لە
پیشانگاکانمدا تاقی نەکردووەتەوە ) کۆلاژێکی زیندوو لە خودی ھۆڵی
نمایشکردندا پێشان بدرێ ، ئەمەش بە کۆمپیوتەر ناکرێ.
چوارەم: لە ڕووی ڕاپەڕاندنی کاردا ، ڕەنگە زیاتر ماندووت بکا ، بەڵام
لە زۆر لایەنەوە پێویستی بە ھەندێ شت نابێ ، لە وێنەی تەزووی کارەبا بۆ
کۆمپیوتەر بە نموونە ، لەو حاڵەتانەدا کۆلاژیست دەتوانێ لە
کوێرەدێیەکیشدا کارەکانی بەدەست ڕایی بکا.
ئەزموونی من لە یەکەمین پیشانگامەوە تا شەشەمین پیشانگا ھەمووی بەدەست
بووە ، لە ھیچ کارێکمدا وەک وتم تەکنیکە بەردەستەکانی کۆمپیوتەرم بەکار
نەھێناوە ، من پیشانگای یەکەمم لە(١/١٠/١٩٩٥) لە ھۆڵی سەدیر لە
ھاوینەھەواری سەلاحەددین ) نمایش کرد، بەناوی (پاییزی چاوەکان) ئەو
پیشانگایە زیاتر لە ٧٠ حەفتا تابلۆ بوو ، لە ھەلومەرجێکدا بوو شەڕی
ماڵوێرانکەری ناوخۆ لە گۆڕێ بوو ، ئەو پیشانگایە و ئەو تابلۆیانەی
تێیدا نمایش کران مەنەفێستی ناڕەزایی من بوو شەڕ بوو لەگەڵ شەڕی
بێئومێدکارانەی خۆکوژی ، دەقێکی ڕاشکاوانەتر بوو لە دەقی ( باوێشکەکانی
مێژوو ) کە شانازی پێوە دەکەم بەوەی ( یەکەمین قەسیدەی بڵاوکراوە بوو،
مایسی ١٩٩٤ دژی شەڕی ناوخۆ پێش پیشانگاکە لە دەسپێکی شەڕدا بڵاوم
کردبووەوە ) لە پاشانیشدا لە ڤیستیڤاڵی خانی لە شاری دھۆک خوێندمەوە(١٠).
لە حەقیقەتیشدا کۆلاژ بۆ من ، وەک زایەڵەی زەنگێکی لێھات لە تاراوگەی
شیعردا ، ھەر لێرەشەوە کرۆکی کێشەکە دەستی پێکرد:
کۆتەڵساز، ڕموەشێنی مەیدان، ئاگردز.. ھەموو ئەوانە تارایەکیان پێ
نەھۆنرایەوە! ناڵێم وشە دەستەوەستان بوو ، بەڵام ڕەنگە نەمویستبێ لە
ڕۆحی زیندووی بدەم ، ئەمەش ھەستێکی بە سۆزە کە مرۆڤێک دەبینی
خوولانەوەی لە مەودای ئیستاتیکاوە پێ لە پێشتر بێ لەوەی ھیوا
ستراتیژییەکانی ژیان بەرجەستە دەکەن و بە شکۆیەکی وەختی نەدا.
ھەندێ جار بۆ ئەوە دەچم وەک چۆن مۆسیقا و ستران بە ھۆی ھەست کردنی
مرۆڤبە غەریبی و نائومێدی لەو دیماھییە تراژیدییەی ژیان کۆتایی پێ دێ
داھێنراوە..
ھونەری نیگارکێشانیش ، ئەگەر مرۆڤی سەردەمە دێرینەکانیش مەودا
ئیستاتیکییەکانی پێ لێک نەدرابێتەوە ، لەگەڵ سەرھەڵدانی شارستانییەت
تێگەیشتووە لەو وەھم و خەونی نەمرییەوە سەرچاوەی گرتووە ، کە لەگەڵ
کارەساتە یەک بە دوای یەکەکانی ژیانزەوتکاران ، کونجێک ، بەرھەڵێکی
تێدایە لە نزمترین پلەی نەداریدا چڵێک ڕوناھیت بداتێ..
ئەوە ھونەرە دونیات ھەبێ ، بە کۆششی خۆت نەبێ ناتوانی تێی بگەی و چەشەی
لێ وەربگری..
ھەر لێرەوە کۆلاژ بۆ من دیوەکەی تری شیعر بوو لە زەمانێکی ئیفلیجدا ،
با لەگەڵ ڕەوتی ھونەری نوێش بێ پەیوەندی نەبوو بێ ، بەڵام ھەوڵێک بوو
لە ئێوارەی مێژوو و ڕۆژپەڕی جوگرافیا بۆ ناسینەوەی بەھارە سووتاوەکان و
ڕۆژگارە لە دەستچووەکان .. کڵاوڕۆژنەیەک بوو لە شەختەدا، تەکنیکی ژیان
بوو بەر لەوەی تەکنیکی شێوەکارییایەتی پەتی بەشێک لەو ژیانە بێت ناومان
ناوە شێوەکاری یاخود ھونەری شێوەکاری.
ئەم ھونەرە ڕەنگە لە کوردستاندا بۆ یەکەمجار شەرەفی کارتێداکردنی بە من
بڕا بێ ، دیارە لە ھونەری دونیادا نوێ نییە..
نایشارمەوە من لە کۆلاژدا ھەست بە ئازادییەکی ڕەھاتر دەکەم ، ھەست بەو
شێتایەتی و وەھمانە دەکەم کە پێموایە کەم و زۆر لە ھەمووماندا ھەیە..
لە کارکردنیشمدا ھەرگیز لایەنی ئیستاتیکی و تەکنیکی کاکردن و ڕوانین و
ڕوئیای شێوەخوازی لە مەودایەکی ڕەھاترم بە قوربانی ناوەرۆکێکی
دروشمئارا و بارکەوتوو نەکردووە.
لە پیشانگاکانمدا ھەوڵمداوە ڕیتمی ونکراو لەناو ژاوەژاوی سەردەمدا
بدۆزمەوە لە کاتێکدا ھاوسەنگیمان ڕوو لە ئاوابوون بوو..
•
کۆمەڵێک نموونە لە کارە کۆلاژییەکانم کە لە شەش پێشانگای تایبەت
هەلبژێردراون:
|