هونەری وتن،
ئاکاری سایکۆپیتی و مۆراڵی گۆڕان.

کازیوە ساڵح
'' ئەو گۆڕانە بە کە
خوازیاری لە جیهاندا بیبینی - گاندی
''
هونەری وتن یەکێکە لە سەرەکیترین و گرنگترین پرەنسیپەکانی ناسینەوەی
بەرانبەر و بنەماکانی ئاکارناسی و پێوەرە مۆراڵیەکان - ئەخلاقناسی- .
وتن ڕاهێنان " وەرزش "ی عەقڵە ، وەکو چۆن لە لەشێکی دژە وەرزش
چاوەڕوانی جوڵە و ئاوەزی سست ئەکرێت، چاوەڕوانی لاوازی وبەرگە نەگرتنی
کێشە تەندروستیەکان ئەکرێت ، ئاواش لە ناهۆشیارانی هونەری وتن
چاوەڕوانی ئاوەز و کرداری نابەجێی و داڕوخانیان بەرانبەر کێشە
دەرەکیەکان دەکرێت . ئەم هونەرە هونەریەکی هاوبەشی نێوان مرۆڤە
سەرکەوتووەکانی جیهانە ،ئەوانەش هۆشیاری ئەم هونەرەیان هەیە بە
سەرکەوتوو ەیە. واتە ئەوانەی خاوەنی ئەو چوار فاکتەرەن لە وتنیشدا
هۆشیارن ، ئەوانەش خاوەنی ئەو هۆشیاریەن لە سەرووی لیستی کۆمپانی و
ڕێکخراو و حزب و بەشەکانی کۆمیونیکەیشنی جیهانن، دەژمێردرێن چونکە
هونەرێکە پێویستی بە ڕۆشنبیری ، هۆشیاری ، حیکمەت و متمانەبەخۆبوونه
چونکە ئەمانە ئەتوانن متمانەی و خۆشەویستی بەرانبەر ئاسانتر بەرنەوە.
ئەم هونەرە باڵادەسترین دەسەڵاتە لە نێو کایەکانی ژیاندا، گەر بە
گەڕانەوە بۆ مێژوو دەیان سەرکردە دەخوێنینەوە بە هۆی ناهۆشیاری هونەری
وتنەوە نەک تەنها بە هۆی لاوازی ستراتیژومۆراڵی سیاسیەوە زۆربەی دەنگی
جەماوەرەکەی دۆڕاندوە و ئەوەی بەرانبەریش هەمان هۆی پێچەوانە یاریەکانی
هێناوەتە مەیدانی بەرژەوەندی خۆی. نموونەی نزیکیش هەردوو سەرکردەی
ئەمەرکی بۆش و ئۆباما ن . ئەوەندەی گەلی ئەمەریکی شەرمیان لەناهۆشیاری
لێدوان و گوتار و وتنەکانی بۆش دەکرد ، ئەوەندەش شانازی بە هۆشیاری وتن
و هەست و کەوتی ئۆباماوە دەکەن ، ئەوەندە پەیمانەکانیان و کارەکانیان
نەهاتوەتە نێو گفتوگۆکانی ڕۆژانەیان،گفتووگۆکانی ڕۆژانەش واتە ڕای خەڵک
، ئەو خەڵکەی وشە ڕیز ناکات ،باوەڕی بە پاڵنەرە نەستیەکانی خۆی هەیە و
لەوێوە دەنگ متمانەی دەنگ بەخشین دەبەخشن. نەک تەنها لە بواری
سیاسەتناسی و ئاکارناسی لە بواری وێژە و فکریشدا ئەوانەی هونەری وتن
بووە بە کەرەستەی هۆشیاریان ، زۆر جار کاریەکی ساکاریان هێندەی
گەورەترین شاکار سەرسامی بردوەتەوە. ڕێکەوتیش نیە نەک تەنها وەکو
فاکتەرەیەکی بەهێزی سیاسەتناسی و ئاکارناسی و کولتورناسی چوارچێوەی
زێڕینی بایەخی بۆ کێشاوە بەڵکو تەنانەت لە ئاستی بزنزیەکی بچووکی کەسیش
ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕوو نوێنەرایەتی ئەو یەکە دەکەن بە قسە و لێدوان
پێویستە کەسانێکی پرۆفیشناڵ و وانا بن لە هونەری وتندا و لانی کەم
بڕوانامەی بەشی کۆمیونەکەیشنیان هەبێت.
شارەزایانی کۆمیونیکەیشن پێیان وایە جۆرەکانی وتن دوانن . ئەوانیش
یەکێکیان وتنە لە پێناوی وتندا وئەوی دیشیان وتنە لە پێناوی مەبەستێکی
دیاریکراودا. لە زۆربەی باردا وتن لە پێناوی وتندا دوو ئامانج
ئەخەمڵێنێت ئەوانیش ناسین و گۆڕینەوەی بیروڕایە، بەڵام وتن لە پێناوی
مەبەستێکی دیاریکراودا هێندەی ژمارەی مەبەستە جیاوازەکان ئامانجدارن.
ئەو مەبەستانەش پێویستیان بە هونەری دەربڕینە : سەرەنج ڕاکێشانی
بەرانبەرە بە ئاقاریەک یەکانگیر بێت لە گەڵ ئامانجی پێشینە، شوێن ڕێسا
و باوەڕ کەوتن لە دەربڕیندا، پاراستنی بەرژەوەندی گشتی بەرچاو بگرێت ،
درکاندن بە زیانی بە سەر هیچ لایەکدا چ خۆی یان ئەوی بەرانبەر
نەکەوێتەوە ، هاوسەنگی کات وتۆنی دەنگ ئەمانە پرەنسیپە هەرە
سەرەتاییەکانی هونەری گفتوگۆ و وتنن. تەنانەت مرۆڤێکی نەخوێندەواریش لە
کۆمەڵە پێشکەوتووەکاندا بەهرەمەندە لێی.
قەیرانی هۆشیاری وتن بەشێکە لە قەیرانی هۆشیاری گشتی . کۆمەڵە
دواکەوتووەکان بەرهەمهێنەری ئەم جۆرە ناهۆشیاریەن لە ژیانی گشتیدا
،بەڵام ڕوو لە کارەساتکردنی کۆمەڵێک لەو زەمەنەدا دەست پێدەکات کە
ژمارەیەکی زۆری سیاسەتمدار و نووسەر و تاکە گشتیەکان ئەو کۆمەڵە هەگبە
بەتاڵن لەو هۆشیاریە. ئێمە وەکو کورد دووچاری نوێنەرە هەگبە
بەتاڵەکانمان لە هونەری وتن و ئاکاری سایکۆپاتی بووینەتەوە . دووچار
بوونیەک ژیانی گشتی حورمەتی دەرەکیشی شێواندووین . ژیانی گشتیمان لە
ململانیەی نێوان دەسەڵات و حزبە جیاوازەکانەوە سەری هەڵدا ، ئەو کاتەی
هونەری وتنیان گۆڕی بە هونەری تانە و تۆمەت هۆنینەوە و هونەری دیالۆگ و
لێدوان دانیش بۆ هونەری خۆدەرخستن و هەڕەشە و نابوتکردن ، بە شێوەیەک
ئەم نەرێتە ناشیرینە کرا بە خواردنی ڕۆژانە هەتا کرا بە کولتوری گشتی و
ئەمڕۆ بووە بە پاڵەوانی شۆڕشگێڕی.هەموو ئەوانەی لێهاتووی ئەو کولتورە
بێزەرەوەن سەروەری و دەسەڵاتی سیاسی لە بەرانبەریدا دەخوازن.
لە زانستی کۆمەڵایەتی و دەروونیشدا دۆڕاوترین وتن تەژێ بە دوو فاکتەر
ئەوانیش ئەوە نەڵێت کە خۆت دەتەوێت و ئەوە بڵێت کە خەڵک یان ئەوی
بەرانبەر دەیەوێت. وە لە وتندا سوک بینی خود بەرجەستە بکەیت . لە هەمان
کاتدا مرۆڤی دەروون دروست لایان ئەوەیە لە وتندا ڕێزی بەرانبەر دەگرێت
وەکو ئەوەی چۆن دەیەوێت ڕێزی خۆی بگیرێت ، هەروەها متمانە بوون و
حورمەتی خود دەپارێزێ. گەر تەنانەت هەموو هونەر و فەلسەفە گوتن پیشت
گۆێ بخرێت و تەنها ئەم چوار فاکتەرە بە هەند وەربگیرێت ئەوا کورد
هەڵگری هەژارترین هۆشیاری دەربڕینە. بە ئاشکرا دەسەڵاتەکانمان ئەوەیان
گوتووە و تەنها ئەوە ئەڵێن کە بەرانبەر دەیەوێت ، لە کاتێکدا بەرانبەر
زۆربەی کاتەکاندا دوژمنان بووە ، بۆ ئەو وتنەش ئامادەبوون هەموو گەلی
خۆیان زویر بگەن بە مەرجێک ئەوی بەرانبەر ڕازی بکەن. ساکارترین سیاسی
لەوە دەگات لە ئاخافتن و گفتوگۆ و لێدوانەکانیدا یەکەم لاوازییەکانی
خۆی بزانێت و خۆی بۆ ئامادە بکات . دوو فاکتەرە بەهێزەکانی بەرانبەر
بزانێت لە گەڵ خواستەکانیاندا ، سێ زانیاری باش و جیهانبینی بەرفراوان
بێت ، چوارەم لە ڕٍووی مێژووی کولتوریەوە و جوگرافیەوە ئاگاداری زەمەن
و شوینی گۆڕینی جۆری وتن و داڕشتنەوەی ئامانج بێت . بە هۆی ئەم خاڵانە
و بە تایبەت خاڵی کۆتایی لە کۆمەڵە دیموکراتیەکاندا سیاستمەداران زۆر
خۆیان لە قسە و زۆر بڵێ دەپارێزن ، وە هیچ سیاسەتمەداریەکیش وەڵامی
پرسیاریەک ناداتەوە و ناچێتە ناو گفتوگۆیەکەوە کە گفتووگۆی ئەو نیە و
وەکو پیشە و وەکو ئەرکیش پرۆفیشناڵ نیە تێدا . هەرگیز لێپسراوێک لە
دابین کردنی بۆ نموونە خانووبەرە بۆ هەژاران وەڵامی پرسیاریەک ناداتەوە
سەبارەت بە چاکسازی بینا سەبارەت بە هەمان توێژ کە کاری هەمان
فەرمانگەیە ناداتەوە و گەرچی وەڵامەکانیشی لابێت دەنێرێت بۆ لای ەو
کەسەی لەو فەرمانگەیەدا ئەو کارانە ڕادەپەڕێنێت . چونکە بوونی ئەوان
لەو شوێنەدا بۆ ئەوەیە ناوبانگی ئەرێ و متمانە و وتەی ڕاست بە بەشی ئەو
یەکەیە بکەن. نەک گەندەڵی و بێ باکی .لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسیدا لە
هیچ پنتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیانی بە گشتی ڕاو قسەی گشتگیر نیە و
دابەشکرابێت بە سەر هەموو سیاسەمەدارەکاندا ، واتە سیاسیەک تەنها لە
بەر ئەوەی سیاسیە بۆی نیە ڕا لە سەر هەموو کێشە و کایە سیاسیەکان بدات
و جگە لەو یەکەیەی خۆی ئاکتیڤ تێدایە .بەڵام دەسەڵاتی گشتیگیر هەیە ،
هەموو هاوڵاتیەک و سیاسیەک بۆی هەیە لە بڕیارە سیاسیەکاندا ڕاو
بەشداربوونی هەبێت . لە کاتێکدا وڵاتی نادیموکراتی و نازانستی وەکو
کوردستان و هاوشێوەکانی بڕیاردان تاکڕەوە و وتنیش گشتگیر ، گشتگیری
نێوان دەسەڵاتدارەکان و تەنانەت ئەندام حزبیەکانیش .سیاسیەکان لە گەڵ
ئەوەی دەم لە هەموو شت وەرئەدەن و وتنی ئامادەی خۆیان بەرانبەر بە
هەموو کێشە و کایە جیاوازەکانی دی هەیە و ئەمەش دووفاقیەتی قسەکردنی
دروستکردووە لە نێوان کەسە جیاوازەکاندا، هەروەها دووفاقیەتی نێوان
کردار و تنیش ، بەڵام لە دەسەڵاتدا تاککڕەون.
لە لایەکی دی ئەوەی لە خاڵەکانی پێشوودا لە میانەی گوتار وتنە
دەرەکیەکاندا درکی پێکردووە تەنها خواستی بەرانبەرە ، لە فاکتەرەکانی
دیدا بێ دیدگا و بێ ئاگا دەرکەوتوون ، بۆ نموونە جیاوازی خوێندنەوەی
کولتوری نێوان عەرەبیەک و ئەمەریکیەک چەند پان و بەرینە شێوازی گوتاریش
و وتنیش هەمان جیاوازی پێویستە ، عەرەب کە پێ وایە وروژانی سۆزی
بەرانبەر گرنگترین فاکتەرە لە هونەری وتندا زۆر ئاساییە تۆی کوردیش
بتەوێت وەکو عەقڵی خۆی مامەڵەی لە گەڵ بکەیت و بڵێت کورد جگە لە چیاکان
هیچ دۆستی تری نیە . بەڵام تاکێکی ئەمەریکی کە ڕاستەوخۆ بە بێ ێێچ و
پەنا و پێشەکیەک دەچێتە ناو هەموو کێشەکانەوە و خاڵ دەخاتە سەر ووشەکان
ئەو وتەی لایان نەک لە بری ئەوەی سۆزیان بە شێوەی پۆزەتیڤ بە لای تۆدا
بشکێنێتەوە بە لای دوژمنەکەتدا دەشکێنێتەوە ، چونکە تۆ بە مرۆڤێکی
چیایی نا مەدەنی و دوور لە شارستانیەت دەزانێت و پێی وایە پیپَویستە
ڕامی شارستانیەت و ژیانی کۆمەڵایەتی بکرێت . دوژمنانمان کە حوێندنەوەی
بابەتیانەیان بۆ کولتوری ڕۆژئاوا هەیە بە گشتی سوودیەکی گەورەیان لە
وتە ناپرسەکانی بەرپرسانی ئێمە وەرگرتووە ، لەوانە تورکیا بە ئاشکرا
ئەڵێت من ناچارم کوردەکان بکوژم چونکە ئەوان چیایین و فێری ژیانی
شارنشینی نابن و بە زۆر دەیانهینینە ناو کۆمەڵەوە بەڵام ئەوان ئازاریان
دەدەن و دەیانکوژن و ژیانی شارەکانیش دەکەن بە ژیانی جەنگەڵ و چیا و
بۆیە دەیانهێننە خوارەوە وەکو مرۆڤی سروشتی بژین . کاتێک سەرکردەیەکی
کورد خوێندنەوەی بۆ زەمەنی قسەکردن و کولتوری شوینی نیە و لە نێو هەمان
کولتور و هەمان زەمەندا ئەڵێت کورد تەنها چیاکان دۆستی بوو ، نەک سوود
بەڵکو زیانیەکی گەورەی لە دۆزی کورد دا و وتەی دوژمنەکانی کرد بە
بەڵگەی سەلمێنراو. .
بیست و هەشتمین سەرکردەی ئەمەرکی ودرۆ وێڵسن پێی وابووبەر لە وتن گوتار
پێویستە ئامادەکرا و ڕاڤەکراو بێت بە شێوەیەک کە لای خەڵک بمێنێتەوە و
ئەڵێ " ئەو گوتارەی بە کاتژمێریەک دەپێوەرێت بە کاتژمێریکیش کۆتایی دێت
" لای تۆماس جیرفرسۆنیش کە سێهەمین سەرکردەی ئەمەریکا بوو ، پێی وابوو
دانای وتاری سیاسی بوونی سیاسەتمەدار دەسەلمینێت ، وەپێشی وابوو "لە
کوێدا گرنگی وتن کەوتە ریسکەوە ، لەوێدا کیشەکان بە حوکمی پێناس دەبن
بە کێشەی سیاسی ،وشە مرۆڤ دەکات بە بوونەوەریەکی سیاسی " لە گەڵ ئەوەی
لە زۆر ڕوەوە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان لێهاتوویان نواندووە لە
مامەڵەکردن لە گەڵ ئەو دراوسیانەی هەموو وتە و مامەڵەیەکیان بۆ دۆڕان و
لە ناوبردنی ئەزموونی کوردیە بووە، لە هەمان کاتدا زۆرجار سوک بینی
خودیان پراکتیک کردووە کە جگە لە دۆڕان هیچ بەهایەکی دی بە گفتوگۆ
وتنکە نەبەخشیوە . لەم بارەدا تەنها خودی دەسەڵاتدارەکە ڕووبەڕووی ئەو
تەنگەژەیە نەبوەتەوە،تەنگەژەی ڕاستەقینە ئەوەیە کەخودی دەسەڵاتدارەکە
نوێنەرایەتی خودی دەستەجەمعی ،گشتی دەکات . لە کاتێکدا خودی گشتی کەم
جار دەتوانێت ئەو بارخواریەی بە سەری هاتووە ڕاست بکاتەوە.ئەکرێت زۆر
ڕووی سیاسی ، ستراتیجی ، مێژووی، دەرونی و مۆراڵی ڕێگر بێت لە
بەدیهێنانی خەونی گەورەی کورد، بەڵام نەپێوانی ئاستی وتن بۆ ئاستی
ڕاگرتنی هەستی میللەتێک و بردنی میللەتێک بۆ ئاستی خود –نابوتی و
هەڵدانی وشە لە پێناوی وتن ، سازدانی گفتوگۆی بێ گۆی بێ دەرئەنجام
ئەوەی ناومان نا وتنێک وەکو ئەوەی بەرانبەر ئەیەوێت نەک خۆت ، تەنها
خەونی شاعیرانەمان بە با نادات بەڵکو هەستی مرۆڤانەشمان دەباتە ئاستێک
چاوەڕوانیمەرگی وتەبێژ بکەیت بۆ پێشگیری لەو جۆرە نەهامەتیە.هیچ
دەسەڵاتداریەک وەکو دەسەڵاتداری کورد جورئەتی نەکردوە خەون و خۆزگەی
میللەتی بێ بەها و بێ نرخ بکات ، لە کاتی قسەکردندا تەنها باوەڕی بە
دبلۆماتیەتی یەک لایەنە بێت .
دبلۆماتیەتی یەک لایەنە پیشەی مرۆڤە تاکڕەو دیدەبینی کورتەکان بووە .
ئەم تاکانە وتە لە پێناوی ڕەزامەندیەکی کاتی و یەک لایەنە هەڵدەڕژن
،ژیری و لۆژیک بینی خۆیان پێ لە سەرو کۆمەڵەوەیە و باوەڕیان بە ڕاوێژ و
ئامادەکاری لە پێشینە نیە . بە کورتی ئەمانە کەسەیتی سایکۆپاتی ن.
کەسیەتی سایکۆپاتیش Psychopathic ترسناکترین و پڕ مەترسیترین کەسیەتین
بۆ کۆمەڵ و مرۆڤایەتی ، ئەم کەسیەتیانە دەکرێ زیرەک و بە توانا و ژیر
بن ، بەڵام بەتاڵن لە هەستی مرۆڤانە ، ویژدانی زیندوو و هەڵکردن لە گەڵ
ڕاستی و بەرژەوەندی گشتی .وەلێ تەژین بە ڕۆحی خۆپەرستی و خود – ئامانجی
، درۆ و تەڵە و داوی نادۆستانە ، دووفاقیەت و دوورە پەرێز لە پینتە
مۆراڵیە دروستەکان .ئەم کەسەیتیە زۆر هەلار لە مناڵیەوە دەردوکەوێت بە
دزی و درۆکردن و کرداری ئەگرێشن - توندوتیژ دەست پێ دەکات و زۆربەی کات
ئەم میتۆدە هاوتای چەمکی Sociopathic واتە ئەنتی کۆمەڵایەتی ،بە
هۆی ئەو کاریگەریە ترسناکەی لە سەر کۆمەڵ هەیانە بە پێی زاسنتی دەروونی
ئەم کەسیەتانە بە هۆی هەمەچەشنی کەسیەتیانەو زۆر جار دەگەنە ئاستی
فەرمانڕەوایی ، بەڵام هەمیشە یەک ئاکامگیری چارەنووسی کوتاییان بووە
ئەویش کوشتن و لە ناوبردن و خوێن ڕشتنی سەرەتا کۆمەڵ و دوای خۆیان .
ڕابردووی کۆمەڵی کوردی و ئێستای تەژی و سخناخە بە فەرمانڕەوا ، لێپسراو
، تاک ، ڕۆژنامە ، کەناڵ و وتە بێژ وپێنووس وەشێنی سایکۆپاتی .
کۆمەڵێکی تەژی بە بڕیار و نیەت و ئاکاری سایکۆپاتی ، هەر بە هەمان
ئاکاریش داوای داهاتووی ژیاندۆست دەکات. ئەوەی ئەمڕۆ بۆ کورد لە
یەربەخۆی خۆشی گرنگترە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و میتۆدیە لە هەموو
ڕووەکانەوە ، چوون سەربەخۆیش بەرگەی ئەو بارە سایپۆتێ ناگرێ و لە
بچوکترین تەگەرەدا لە بار دەچێت . ئەوەی جەماوەریەکی بێشومار ئومێدی و
تێڕوانێکی جیاوازی پێ هەلسپاردووە ، گۆڕانێکی گشتیە وەکو دەستێکی
ئەفسوناوی لە هەموو یەکە ژیانیەکانی کورددا .بە گلەیی نابین لەوەی
میلەتانی پاش پۆست کۆڵۆنیاڵ هەمیشە پێویستیان بە دروستکردنی هێزی
فریادەڕەس و پاڵەوانی فریادەڕەسە ، بەڵام لە لایەک دلسۆزی بۆ ئەو هێزە
فریاد ڕەسە و لە لایەک دلسۆزی خۆیان بۆ ئەو گوڕانە چاوەڕوانکراوەو لە
لایەکی دی متمانەی هێزی فریادڕەسیش دەکەوێتە گومانەوە کاتێک بە هەمان
کەرەستەی سایکۆپاتی مامەڵە و دەربڕین و لێدوانەکان دەگەن بە کۆمەڵ .لە
کاتێکدا ئەو جۆرە سایکۆپاتیە لە هونەری وتندا دەرنەکەوێت هەموو گەلی
کورد چاوەڕوانی هێزیەکی ژیان دۆست و ئاشتی دۆستە و مرۆڤە دۆستە لە
کوردستاندا.
لە ژێر هەر پەردەیەکدا هاندانی توندوتیژی و وتنی سایکۆپاتی جگە لە زیان
گەیاندن بە ئامانجی لایەنی بەکارهێنەری ئەو زمانە بەرژەوەندیەکی دی لە
خۆی ناگرێت . ئەزموونی ئەمڕۆ پێویستە بە توندی زمانی سایکۆپاتی دوێنی
ڕەتبکاتەوە ،زمانێکی ژیاندۆست و مەدەنی لە شوێندا جێگیر بکات،گۆڕانی
ئەمڕۆی کوردی بەر لە هەر ئاکاریەک پێویستە بە گۆڕانێکی زمانەوانی دەست
پێ بکات، لە ڕووی زمانەوانیەوە ڕێز بۆ تاکەکان بگێڕێنێتەوە. زمان ئەو
کەرەستە ترسناکەیە لە ململانیەی شەڕ ناوخۆدا بە ئاقارێکدا برا، گەلێکی
پڕاوپڕ لە توندوتیژی و چەکی زمانەوانی ئەتککار و کۆنسێپتی سکێکشوالیزم
بەرهەم هێنا . ئەو زمانە سەدان ژنی کردە خۆراکی مردن تەنها وەکو
قوربانی زمانی ئەتککار و دەیان کەسی لێهاتووی لە خزمەتی دۆزی کورد
دەەرهستەوە و هەزاران لاوی لە نیشتکان تۆران. بە هەمان زمان خەریکین
یاداشتی ڕابردوو ڕەتدەکەینەوەو خەونی داهاتوو دەنووسینەوە.
لە گەڵ ئەوەی هەتا ئەمڕۆش ڕۆژنامەی زەرد بوونیان لە جیهاندا هەیە و
هونەری وتنیشیان تەنها هونەری ئەتککارانەیە ، بەڵام ئەم جۆرە کەناڵانە
نەبووە بە ئایدیای خەڵکانێک کە چەمکی پیرۆزی مرۆڤدۆستی کردبێت بە
مەشخەڵ .کۆمەڵە مەدەنیەکان کە کۆمەڵی خۆیان بەرەو گۆڕان برد ، تەنها
هونەری زمانەوانی و گفتووگۆی نێوان ئۆپۆزسیونەکانیان بە لایەنی پۆزەتیڤ
نەگۆڕی ،بەڵکو زمانی کارو پیشە مرۆیەکانیشیان بە شێوەیەک گۆڕی کە ڕێزی
تاکی لێوە ئاراستە بکرێت ، بۆ نموونە کە " پیاوی نامەیان گۆڕی بۆ
نامەبەر ، خزمەتکار بۆ ماڵڕاگر ، قەیرە بۆ سەڵت ، بشۆر بۆ کارگوزاری
بشۆری ،بەردەستی ناو فرۆکە بۆ چاودێری ناو فرۆکە و سەدان گوزارەی تر بۆ
نێو زمانی ڕۆژانە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە کۆمەڵی مەدەنی ڕێزی تاک وەکو
مرۆڤ دەگرێت بە بێ جیاوازی ،زمانی ڕوشێنەر بوو بە زمانێکی نەفرەت
لێکراو چ لە ژیانی ڕۆژانە و چ لە بەکارهێنانی کێشەکاندا. هەروەها زمان
بە کارەکتەریەکی گرنگی کۆمەڵایەتی زانرا بۆ گۆڕینی ئاکار و هەتا ئێستاش
زۆربەی شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی پێیان وایە لە ڕێگەی زمانەوە ئاکار
دەگۆڕێت. بۆیە زمانە زبر و ناشیرنەکان سزای یاسایی توندی بۆ دانراوە و
بە هەزاران کەسیەتی گشتی بوون بە خاوەنی سەرمایەکی زۆر کاتێک کەناڵێک
ناویان لە چوارچێوەی زمانێکی نەگونجاو و دوور لە بەها مرۆیەکان
بەرانبەری بەکارهێناوە، سزای یاسایی قەرەبووی مادی کردونەتەوە، بەو
شێوەیە ئێستا بووە بە زمان و مامەڵە و کولتوری ڕۆژئاوایەکان.
کورد گەر بۆ مۆراڵ هەلێکی مەدەنیانە دەگەڕێت ئەرکی هەنوکەیی ئەوەیە
زمانی توندوتیژ و خوێن بەردەر بخرێتە مۆزەخانەی تاک و گروپە بێ بەهرە و
جاهل سایکۆپیەکانەوە، پێویستە زۆر وریانە و ژیرانە هونەری وتنی بگۆڕێت
بۆ هونەریەکی شایستە .گەر ئەو کەسەیت مەشخەڵەکەت بە دەست گرتووە یان
ئەوەیت کە چاوت لە ڕوناکیەکەی بڕیوەو ئومێدتە ڕوناکی مۆمێک بکەیت بە
چرایەک، ئەو چرایە بە بێ مۆراڵی زمانەوانی نوێ زۆر بە سانای
دەکوژێتەوە. کەواتە با لە زمانی وتن و کەسەتی خۆمانەوە دەست پێ
بکەین،چوون گۆڕانی مۆراڵ گۆڕانی سیستمی گشتی دەگەیەنێت ، وەلێ تەنها
گۆڕانی سیستم گۆڕانی دەم وچاوەکان دەگەیەنێت.گۆڕانیش لە باشەوە بۆ
باشتر و لە باشترەوە بۆ تازیار بەو میتۆدەی ئەریک فرۆم دەکرێت کە پێی
وایە "یەکەم ئەرکی مرۆڤ لە ژیاندا لە دایکبوونەوەی خۆیەتی بۆ ئەوەی
ببێت بەوەی چاوەڕێی ئەکرێت،بە نرخترین بەرهەمی رەنجەکانیشی کەسیەتی
خۆیەتی".
|