٨\٣\٢٠١٣ هونەرمەند نەجم محەمەد بە سروودێک پێشوازیی لە ٨ى مارس دەکا.
هێمن مورادى
هونەرمەندى سروودخوێن و
شۆڕشگێڕ (نەجم محەمەد)
سروودێکى نوێى تۆمارکرد کە تایبەتە
بە ٨ى مارس رۆژى جیهانیی
ژنان.
سەبارەت بەم بەرهەمە هونەرمەند نەجم محەمەد بەم شێوەیە بۆمان دوا:
لە دواى ڕاپەڕینەوە ئەمە دووەم سروودمە کە بۆ ژنانى دەڵێم، بەڵام ئەم سروودە نوێیەم مارشێکە بۆ ڕۆژى جیهانیی ژنان ٨ى مارس، بە راستیی بیرم کردەوە کە تا ئێستا مارشێک نییە تایبەت بێت بە ٨ى مارس.. بۆیە بە ئەرکی خۆمم زانى کە ئەم کارە ئەنجام بدەم چونکە هەست دەکەم هونەرى کوردیدا بۆشاییەکى گەورە لە بوارى سروودى ژنان و بەرگرییکردن لە مافەکانى ژناندا هەیە. بە داخەوە بە داخەوە لە نێو کۆمەڵگادا دونیایەک ستەم دەکرێ لە ژنان و دونیایەک توندوتیژیی و سووکایەتى و بێ رێزیی و هەڵاواردن بەرابەر بە ژنان ئەنجام دەدرێ.. ژن تیرۆر دەکرێ دەچەوسێندرێتەوە و سەدان تاوانى دیکەی بەانبەر دەکرێ، بەڵام ئەو خەم و ئازارانەی ژنانی پێ دەتلێتەوە لە نێو هونەری کوردی رەنگ نادەنەوە و دەبینین تەنیا گۆرانى بە سەر بەژن و باڵا و چاو و سنگ و بەرۆکى ژناندا دەگوترێ، من نازانم هەر هەمان ئەو ژنەی کە دونیایەک گۆرانى بە سەر باڵا و جوانیی و عەشقیدا دەگوترێ دونیایەک تاوان و ستەمیشی لە بەرانبەر دەکرێ بەڵام ئەى بۆ لە هونەرى کوردیدا رەنگ نەداتەوە!؟ هەر هەمان ژن نییە.. هەر هەمان مرۆڤ نییە کە تۆ بۆى دەسوتێی و بە هونەر دەیلاوێنیەوە، ئەی لەبەرچی بۆ ئەو ئازار و مەینەتییانەی ناسوتێی و بە هونەرەکەت نایلاوێنیەوە؟! من نازانم بۆ دەبێ ئەوەی یەکەمیان هونەر بێ بەڵام ئەوەی دووەمیان هونەر نەبێ!؟ من پێموایە هونەر بۆ خۆى هەڵگرى پەیامێکى ئیستاتیکى و مرۆییە.. هونەر کارێکى فرەرەهەندە نەک تاکڕەهەندە، بە داخەوە کە هونەرى کوردى پتر گرنگیی بە هونەرێکى تاکڕەهەندیی دەدا سەبارەت بە ژنان ئەویش بە تەنیا لە رووى عەشقەوە و تێکڕای ئازار و نەهامەتییەکانی ژنانیش فەرامۆش دەکا.. ئەوەش بۆ خۆی داماڵینى ژنانە لە بەها مرۆییەکانى و ونکردنی پەیامە مرۆییەکەى هونەریشە. لە کۆتاییدا ٨ى مارس پیرۆز دەکەم لە ژنانى کوردستان بە تایبەتیی و ژنانى جیهان بە گشتیی. ئێمەش لە لاى خۆمانە دەسخۆشیی لەو هونەرمەندە دەکەین و هیواى بەرهەمى پتری بۆ دەخوازین.
مارشى
٨ی مارس.
|