په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هوردە بۆرژوای گەندەڵ و چڵێسی کورد
و
پەنجا ساڵ فشەکوردایەتیی بێ ئەنجام
(1958-2008).

جەمال نەبەز   


کوردایەتی، کە بە مانای راستینەی خۆی، هەوڵدانە بۆ گەیاندنی تاکی کورد بە مافە سروشتییەکانی مرۆڤ و، بەر لە هەموو شتێک مافی ئازادی و، یەکسانکردنی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە ڕووی دەسەڵاتەوە، لە گەل کۆمەڵگە سەربەخۆکانی جیهان، ئامانجێکی بەرزو پیرۆزە، بەڵام ئەرکێکی یەکجار سەخت وگران وقوربانیویستە و، لەم پێناوەشدا و، بەو ئاواتەوە، تا ئێستە، بە ملوێن کورد تەفروتونەبوون و، بە ملوێنانیش دەربەدەر و رەهەندە و ئاوارە و هەژار وکەفتەکار کراون. لێ، هەر ئەو ئامانجە پیرۆزە، لە لایەن چینی هوردە بۆرژوای کوتەخوێندەواری چڵێسی کوردەوە، کراوە بە هۆیەک بۆ بازرگانیکردن بە چارەنووسی نەتەوەی کورد ومشەخۆری ومێردەزمەیی وکەڵەگایی بە سەر رەشوڕووتی کوردستان و، کپکردنی هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانە و، شکاندنی هەموو پێنووسێکی رەخنەگرانە.


بێگومان، هەموو سیستەمێک کە لە سەر بنچینەی زۆرداری وملهۆڕی دامەزرابێ، ناتوانێ خۆی ڕابگرێ، ئەگەر پشتیوانی نەبێ، ئەمەشی بە تەنێ و لە هەموو کاتێکدا، بە هێزێکی دەستوەشێن بۆ ناچێتەسەر، بەلکو پێویستی بە دەستەیەک خوێندەواری هەلپەرەست و کوڕی ڕۆژ وماستاوکەر و خاپێنەرو درۆزن وبوختانکەر ودووڕوو و بێشەرمیش هەیە، کە لە ڕێی فشەکوردایەتییەوە، هەموو جۆرە خەوش و ناتەواوی و ناڕەوایەتییەکی بۆ دابپۆشن و، هەموو شکست وژێر کەوتنێکی، بە سەروەری و سەرکەوتن بۆ لە قەڵەم بدەن و، هەموو نەزانی و کورتبینی و هەڵەیەکی، بە نرخی "بلیمەتی" و "سیاسەتزانی" بۆ بفرۆشن و، چاو لە هەموو گەندەڵی وبێدادییەکی بپۆشن. هەر لە ئەنجامی ئەم بازرگانییە بێڕەنجەوە، کە لە رۆژگاری ئەوڕۆی کوردستاندا، خۆی لە پەنای حیزبحزبێنە و پەرستنی کەسایەتی و، فشەکوردایەتییەوە حەشارداوە، هێندێک لەوانە کە تا دوێنێ بوو بۆ شێوی شەو لە تەنگاویدا بوون و، وەک کوردەکە دەبێژێ "کێچ لە گیرفانیاندا سەوزەڵەگیانمی"، دەگوت، ئێستە بوون بە مووچەخۆری پلەیەک وهێندێکیشیان گاڵتە بە ملوێنە دۆلار دەکەن.


پاش ئەوەی وتارەکەم "قسە هەزارە وهەر یەکێکێشی بە کارە /کوردستان پێویستی بە گۆڕینێکی بنچینەیی پێکهاتە ورەوتی دەسەڵاتە" لە رۆژنامەی "رۆژنامە" وچەند ماڵپەڕێکدا بلاوکرایەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەرەوەکان و، هەر یەکە بە جۆرێک، پیرۆزباییان کرد لێم، بەڵام قسەکانم، ئەگەر چی لەو پەڕی دڵپاکی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ویژدانەوە خرابوونە سەر کاخەز، بە دڵی دەسەڵاتداران نەبوو، کە لە داخی ئەمەو، وەک ئەوروپاییەکان دەبێژن "بە فەرمانی مفتی"، کاک نەجات حەمید ئەحمەد، کە تازە بە ئاگا هاتووە و، کەوتووەتە باسی رەحمەتی مەلا مستەفای بارزانی، وتارێکی بە نێوی "ئایا لە سیاسەتدا راستە قسە هەزارە و یەکی بە کارە؟ نقوم بوون لە نیۆ وەهمی رۆشنبیری"، نووسیوە وبە ئاشکرا دەریبڕیوە دژی ئەوەیە کە من "ئامۆژگاری و سەرزەنشتی"ی سەرکردایەتیی کوردم کردووە، چۆنکە ئەو، ئامۆژگاری ورەخنە بە تاوان دەزانێ، لە کاتێکدا کە رخنەگرتن وپێشنیازکردن بۆ چاکسازی، مافی رەوای هەموو مرۆڤێکە. سەندنەوەی ئەو مافە لە خەلک، رەوشتی فاشیستەکان و تایبەتکارێکی فشەکوردایەتییە.


کاک نەجات، وەک رووپاماڵییەکی درەنگکات بۆ رەحمەتی مەلا مستەفای بارزانی، لە دژی ئەوەی من گوتوومە مەلا مستەفا هەڵاتووە بۆ یەکێتیی سۆڤێت، وەک ئەوەی کفرم کردبێ، دەبێژێ: "ئەوەی تۆزقالێک ویژدانی بجووڵێ ورێز لە مێژووو کەسایەتییەکانی مێژووەکەی بگرێ، ئەو راستییە دەزانێ کە تەنها مانەوەی مەلا مستەفای بارزانی پاش رووخانی کۆماری مەهاباد، خۆی لە خۆیدا، مانەوەی رۆحی مەهاباد وبیری سەربەخۆییی کوردستان بوو...."
ئەگەر لێرەدا، واز لەوە بهێنین کە کۆماری کوردستان بە " کۆماری مەهاباد" دەداتە قەڵەم، ئەمەش رادەی "رێزگرتنی لە مێژووەکەی" دەخاتە ڕوو، دەبێ ئەوە بێژم، کاتێک کە بەرەی رۆژاوا، مەلا مستەفای بارزانییان نێو نا بوو "مەلا سۆرەکە" وبە "نۆکەری سۆڤییت"یان دادەنا، هەر جەمال نەبەز بوو کە بە بەلگەی زانستانە وەرامی دەدانەوە. ئەوەش بێ هیچ چاوەڕوانی وهیچ جۆرە داخوازییەک، لە هیچ بنەماڵە و هیچ لایەنێک و، تەنێ وتەنێ لە پێناوی وتەی هەق و کارێکی بابەتانەدا.


سەمیناری "کوردستان وشۆرشەکەی" کە لە ساڵی 1971 دا بە زمانی ئەلمانی پێشکێشمکردووە ولە 1972دا چاپکراوە و، بووە بە سەرچاوەیەکی لێکۆلێنەوەی کارەزانستییەکان و، وەگێرانە کوردییەکەشی لە 1985وە چاپکراوە ولە چەند ماڵپەڕێکیشدا هەیە،بەڵگەنامەیەکی درەخشانە بۆ ئەمە. ئەمەش، بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە بنەماڵە. هاوبیری هێژا جەوادی مەلا، قسەیەکی نەستەقی هەیە دەبێژێ: "مرۆڤی باش دەبەخشێ، داخوازیی بۆ خۆی نییە".
راستە، مەلا مستەفا وپێنجسەت پێشمەرگەکەی لە گەڵی بوون، بەربەرەکانێیەکی ئازایانە وبوێرانەیان بەرامبەر لەشکری ئێران وترک وعێراق کرد، بەڵام لە ئەنجامدا ناچار بوون بە هەڵاتن بۆ یەکێتیی سۆڤێت. "هەڵاتن" وشەیەکی کوردییە بۆ بەجێهێشتنی شوێن ورووکردنە شوێنێکی دی لە کاتی تەنگانەدا و، ئەمەش هیچ شەرم وشوورەییەکی تێدا نییە و، هی ئەوە نییە کەسێک بچێ نان وکەبابێکی پێوە بخوات، یان خۆی لە لای لایەنێکی دەسەڵاتدار "شیرین" بکات. هەزاران وهەزاران مرۆڤی رۆشنبیر وزانا ونووسەر ورامیار، لە وڵاتی خۆیان هەڵاتوون بۆ هەندەران و، کاری زۆر گرنگیان کردووە. لەوانە زەردەشت وسەحابەموسلمانەکان ولێنین وجەنەراڵ دیگۆل وئاینشتاین وکێ وکێ. ئەدی، یەکێتیی سۆڤێت وستالین، نامەی بانگێشتنیان ناردبوو بۆ مەلا مستەفا و پێشمەرگەکانی کە ببنە میوان لەوێ؟ خۆ کە ئەوان روویانکردە ماڵی "خاڵە یۆسف" (وەک توودەییەکان، سۆڤێتی کۆنیان نێودەبرد) زۆر دوژمنانە هەڵسوکەوت کرا لە گەڵیان. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هوردە بۆرژوای کورد، ساڵانێکیش دوای ئەوە، چەپڵەیان بۆ ستالینی تێڕۆریست ورژێمەکەی لێدەدا و، ئێستەش بۆ ئەمریکا وبەرەی رۆژاوا. ئەز، نە ئەورۆژە بە تەپڵوزوڕنای سۆڤێت هەڵدەپەڕیم و، نە ئەورۆژە و نە ئەمڕۆش، بە تەپڵوزوڕنای ئەمریکا وبەرەی رۆژاوا.


کاک نەجات رەخنەی لەوە گرتووە کە من سەرکردە کۆنەکانی کوردم –وەک شێخ مەحموود وقازی محەمەد ومەلا مستەفای بارزانی وشێخ سەعیدی پیران وسەید رەزا وعوسمان سەبری- بە سەرکردەی "ریسایی" نێوبردووە. لەمەشدا، هەر کوردینەزانی خۆی لە پال رووپاڵییەوە بۆ بنەماڵەی دەسەڵاتدار پێشاندەدا. ئەگەر نا، "رێسایی" لە "رێی ئاسایی" یەوە هاتووە، واتە: "رێ ورەوشی باو لە کۆمەڵگەدا" کە بە زمانی ئینگلیزی traditional وکلاسیک classic یش دەگرێتەوە. ئەمەش هیچ ناتەواوییەکی تێدا نییە. ئەز زۆر رێزم هەبوو وهەیە بۆ ئەو سەرکردانە و، کاتێکیش چوومەتە خزمەت شێخ مەحموود لە گوندی داریکەلی، بە نیازی کۆڵینەوە لە مێژووی رامیاریی کورد، لە بەهاری ژیانمدا بووم و، ئەو سەردەمە سەردەمێک بوو کە شێخ مەحموود، لە لایەن کۆلۆنیالیستەکانی بەریتانیا ودەوڵەتی داگیرکەری عێراقەوە دیل ودەستبەسەر کرابوو، بۆی نەبوو گوندەکەی بەجێهێڵێ و، بە کولەمەرگی دەژیا. کەچی هوردە بۆرژوای سەر بە رژێمی سۆڤێت، بە "پیاوی ئینگلیز" و "دەرەبەگ"یان دەدایە قەڵەم. شێخ مەحموودیش لە کۆڵیتەیەکدا دەژیا، کە کاک نەجات وهاوچینەکانی ناتوانن یەک شەو لە نێویدا ژیان ببەنەسەر.


بەڵام کە ئەز رێز لەم سەرکردانە دەنێم، مانای ئەوە نییە، وەک فریشتەی ئاسمان تێیاندەڕوانم. هیچ مرۆڤێک فریشتە نییە وبێ هەڵە نییە. مرۆڤیش کە کاریکرد، دیارە لە هەڵە وکەموکورتی بە دوور نابێ. ئەز وەک مرۆڤێکی زانستکار، هەردوو لایەنی راست وناڕاست، چاک وخراپ، دەگرمە بەرچاو. زانستکاری رەسەن، مامە حەمەیی بۆ کەس ناکات وبە تەمای خەڵات وبەراتی کەس نابێ.


لە باسی "ئاشبەتاڵ"دا، کە من بە کار مهێناوە، کاک نەجات جارەکی دی دەکەوێتەوە رووپاماڵی ودەبێژێ: "ئاشبەتاڵ (سەخیفترین) زاراوەی سیاسییە بۆ بە سەرهاتی زوڵمی دنیا وسیاسەت ونەوت وسنوور وپەیمان ومێژوو لە هەوڵە رۆحەکانی کورد لە پێناوی ئازادیدا...."


ئەگەر چاو بپۆشین لەم وشانە"بەسەرهاتی زوڵمی دنیا وسیاسەت ونەوت وسنوور وپەیمان ومێژوو" کەوا لە تەنیشت یەکەوە ریزیکردوون و، بە تایبەتی "هەوڵە رۆحەکان" کە مەگەر هەر خۆی بزانێ چییە، ئەوا دەبێ بێژم، "ئاشبەتاڵ" پربەپڕی ئەو کارەساتە بوو کە بە سەر شۆرشی ئەیلوولدا هات. ئەوانەی دەچنە ئاش بۆ گەنمهاڕین، چاوەڕوانی یەکێک دەکەن کە لە پێشیانەوەیەو، کە لێبووەوە، ئاشەوانەکە بە دەنگی بەرز دەبێژێ: "ئاشبەتاڵ"، "ئاشبەتاڵ"، واتە، ئاشەکە بەتاڵکراوە بۆ یەکێکی دی. هێزی چەکداری کوردیش، ئەو نێوچەیەی کە بە دەستییەوە بوو بەجێیهێشت وشوێنەکە بەتاڵ بوو بۆ لەشکری داگیرکەری عێراق وجێیگرتەوە. ئەوجا، ئایا سەرکردەکانی شۆرش، نەک هەر رەحمەتی مەلا مستەفا بە تەنێ، بەلکو ئەو هوردە بۆرژوایانەی کە لە شۆرشدا دەسەڵاتداربوون و، ئەمرۆش هەر دەسەڵاتدارن، ناچار بوون ئەو کارە بکەن، یان نا؟ ئایا دەیانتوانی بەربەرەکانی بکەن، سەرەڕای ئەوەی شای ئێران یارمەتی بڕیبوولێیان یان نا؟ پاشان هۆی چی بوو کە کەوتنە ئەوبارەوە و، چ ئەزموونێک لەو کوێرەوەرییە فێربوون، ئەمانە هەموو پرسیارگەلێکن کە شێوای ئەوەن وتوێژبکرێ لە سەریان. بەڵام ئەوەی کە کاک نەجات دەبێژێ: "ئاشبەتاڵ" نەبووە، ئەوە دەون بە ئاشێکە، بە نیازی ساختەکارێتی لە مێژوودا. راستەخەلکەکەی کوردستانیش هەر بە ئاشبەتاڵ نێوی بردووە ودەبا. هەر ئەو ئاشبەتاڵەش بوو کە بوو بە هۆی هەرەسهێنانی شۆرش. بە سەتوبیستهەزار پێشمەرگەوە کەواتە وشەی ئاشبەتاڵ، نەک "سەخیفترین" زاراوەی سیاسیی نییە بۆ ئەو کارەساتە، بەلکو پاساو هێنانەوە بۆ گۆڕینی راستییەکی وا زەق، کارێکی نەک هەر سەخیفانەیە، بەلکو گەمژانە وساختە کارێتیشە لە مێژوو.


ئەز نەمگوتووە هەر کاژیک و جەمال نەبەز شت دەزانن، بەڵام ئەوەتا لە بەلگەنامەکانی کاژیک دا کە پێشکێش بە رەحمەتی بارزانی کراون، بەڕۆنی وبابەتانە، هەڵوێستی شای ئێران وئەمریکا وبەریتانیا وپەیمانی سەنتۆ وچۆنێتی وهەندازەی هاوکاریکردنی ناچاری لە گەڵیان، پێشاندراون و، بە تاقیکردنەوەش دەرکەوت کە راستی راست بوون. بە تاقیکردنەوەی پەنجا ساڵیش دەرکەوت، ئەوەی حیزبە کوردزمانەکان سەریانلێیدەرناچێ، رامیاری (سیاسەت) یە.


کورت وکورمانجی: ئامانجی ئەم قسە لاوەکییانەی کاک نەجات ئەوەیە، نێوەرۆکی باسەکە و، ئەو رەخنانەی کە لە وتارەکەمدا لە سەرکردایەتیی کورد گرتوومن، بگۆڕێ بە بابەتێکی لاتەنیشتانە و، تێکشکانەکانی سیاسەتی سەرکردایەتیی هەرێم، کە لە ئەنجامی حیزبحیزبێنە وخزمخزمێنە وعێراقچێتی وگەندەڵی وکورتبینیی رامیاری وشاردنەوەی کێشەکان لە جەماوەری کوردستانەوە هاتوونەتە گۆڕێ، بە "سەرکەوتن وزیرەکی لە سیاسەتدا" و، بەکارهێنانی "تاکتیکی حەکیمانە" بداتە قەڵەم، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆی بدزێتەوە لەوەی وەرامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، کە لە دووتوێی وتارەکەمدا دیارن. بۆ وێنە: بۆ چی تائێستە کێشەی بێ ئاوی وبێ کاڕڤایی وسووتەمەنی وژیاندنەوەی گوندەکان و، ئابووریی کشتوکاڵی وئاژەڵی جێبەجینەکراون، لە کاتێکدا بووجەی کوردستان لە بووجەی سووریا وئەردەن (هەردوکیان بە یەکەوە) پترە، بە شایەتیی رۆژنامەی "رۆژنامە" کە باش ئاگاداری بارودۆخەکەیە؟ بۆ چی تا ئێستە سێ وەزارەتەکەی هەرێمی سێستان نەکراون بەیەک، لەکاتێکدا کە لە نێوان پارتی ویەکێتی دا گوایە پەیمانێکی ستراتیژی هەیە؟ بۆ چی پارتی ویەکێتی و، پاش چەندان بەڵین بە خەلک، چەکدارەکانیان نەکردووە بە یەک لەشکر، تا دژبەرەکانی کورد بە "میلیشیا" نەیاندەنە قەڵەم؟ بۆ چی بووجەی حیزبەکان ودارایی سەرکردەکانیان ئاشکراناکرێ، وەک لە هەموو سیستەمێکی دێمۆکراسیدا باوە؟ بۆ چی لیستی تاوانبارکراوەکانی گەلکوژیی ئەنفال، بۆ وێنە وەفیق سامەرایی، کۆنە راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، نادرێ بە ئینتەربۆل؟ بۆ چی هاودەنگییەک نییە لە گەڵ مانگرتنی زیندانییە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؟ کوانی یارمەتیدانی کەسوکارانی ئەنفالکراوەکان وکوانی پشتگیریی پێشمەرگە دێرینەکان ومامۆستا خۆبەختکەرەکان وخوێندکارە گەنجەکان، لەو ملیاردانەی کە سەرکردایەتیی دوو حیزبەکە بە نێوی کوردەوە وەریاندەگرێ؟
بۆ چی لەو ملیاردانەی بە نێوی هەڵەبجەوە وەرگیران، هیچ بۆ هەڵەبجە نەکرا و، رەوشى هەڵەبجە لە جاران خراپتر بووە؟


بۆ چی سەرکردایەتیی کورد رێژەی پارەی خۆ دەزانێ چەندە، بەڵام سەرژمێرێکی کوردیان نەکرد، تا بزانرێ رێژەی کورد بەرامبەر عەرەب بە ڕاستی چەندە؟


بۆ چی سەرکردایەتیی کورد، تا ئێستە بەشێک لە قانوونەکانی سەردەمی سەددام بەکارتێنن؟/کوانێ دەستووری کوردستان؟


بۆ چی کوردستان کراوە بە سەربڕخانەی ژنان؟ بۆ چی عێراقی داتەپیویان دامەزراندەوە؟ بۆ چی لە جلەولا و قەرەتەپە هەروا بە ئاسانی پاشەکشێ کرا، پاش ئەو هەموو هەڕەشە وگوڕەشە وچاوسۆرکردنەوەو "هەڵوێستمان دەبێ" یە؟ دوایی دەشیاپێمان بڵێ، ئایا دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق ولەشکری عێراق ورازیبوون بە گشتپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی لە نێوە پتری سەرزەوی باشووری کوردستان و، نەگێڕانەوەی کەرکووک ونێوچەکانی دیکە، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو، وەک کاری کراو، بیانگێڕنەوە، کە دوکتۆر بەرهەم سالح دانی پێدانا، هەروەها دەنگدان بۆ یاسای هەڵبژاردنی پارێزگەکان و، گوێرایەلیی کۆرانە بۆ هەموو فەرمانەکانی ئەمریکا وپشتگوێخستنی بریاری ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک بۆ گێڕانەوەی ستانەکە بۆ سەر هەرێم، بەشێک بوون لە "بلیمەتی" و "حیکمەت" و "سەروەری" و "سەرکەوتن"ی کاربەدەستانی کورد، یان بەشێک بوون لە نووچدان وشکست و دەرفەت لە دەستدان، کە ئەز بە بەلگەوە پێش پەلاماردانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و، پاش پەلاماردانیش چەند جار وچەند جار، خستمە پێش چاوی سەرکردەکانی پارتی ویەکێتی، کە ئەو دەرفەتە لە دەست ئەدەن، وئێستەش ئەوەتە برای بەڕێز نەوشیروان مستەفا لەم رۆژانەدا پشتگیرییی ئەو بۆ چوونەم دەکات کە باسی دەرفەت لە دەستدان دەکات لەلایەن سەرکردایەتیی کوردەوە. باشە، کوانی بەرپرسیارێتیی ئەم هەموو هەڵە وشکستە ماڵوێرانکەرانانە؟؟؟


بەڵی، پرسیار هەزارە و، هەر یەک چارەسەریش هەیە بۆ کێشەکان، ئەوەش گۆڕینی پێکهاتە و رەوتی دەسەڵاتە لە بنەڕەتەوە. لە کودەتای قاسمەوە (1958) تا ئەوڕۆ (2008)، ئەمە پەنجا ساڵە، چەند هەڵێکی زێرین بۆ کورد هەلکەوت، بەڵام بە فشە کوردایەتی وتەفرەدانی کورد، هەموو ئەم هەلانە لە دەستدران. ئێدی بەسە ودەست لە یەخەی رەشوڕووتی کورد بەردەن، با ئەو گۆڕانە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە وشارستانییانە رووبدات و، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموولایەکە، بە تایبەتی پارتی ویەکێتی.


کاک نەجات ئەوەش دەبێژێ: کە جەمال نەبەز "پەنجا ساڵە لە ئەوروپایە"، جارێ بەر لە هەموو شتێک، سەرکردەکانی شۆرشی ئەیلول بوون، بە تایبەتی دوکتۆر مەحموود سۆرانی کە ئێستەش کاربەدەستە، بەڵام ناچێتە ژێر هیچ بەرپرسیارییەک، دژی گەڕانەوەم بوون بۆ کوردستان، لە کاتێکدا لە 1969دا هەوڵی ئەوەمدا، رێم بدەن بگەڕێمەوە کوردستان بۆ نێو شۆرش، لێ ئەوان لە پلە و پایەی خۆیان دەترسان، لە کاتێکدا مەبەستی من خزمەت بوو، نەک پلە وپایە. پاش ئاشبەتاڵیش وتا ئێستەش، حیزبحیزبێنە وکورد کوژی وئەوجا، هێنانی لەشکری داگیرکەران بۆ هەرێم، رێی نەدا مرۆڤ بتوانێ بۆ چاکسازی رۆڵێک ببینێ. گەلێک کوردی کارلەدەستهاتووش چوونەوە کوردستان وبە پەشیوانییەوە گەڕانەوە وئەز ژی بە تەواوی دڵنیا بووم کە بواری چاکسازی لەم حیزبانەدا نییە.


دوایی، با بزانین، ئەز بێ ئەوەی هیچ حیزبێک وهیچ هۆزێک وهیچ دەوڵەتێک وهیچ هێزێکی چەکدار لەپشتم بێ و، سەرەڕای هەموو پاشقوللێگرتن ودوژمنایەتییەک بەرامبەرم، چ بەرهەمێکم هەبووە لە تاراوگەو ئاوارەییدا و، ئێوەیەکیش بەو هەموو چەکدار وبەو هەموو ملیاردە پارە وبەو هەموو پێوەندیی دیبلۆماسی وبەو هەموو تەلەفزێون ورادیۆ ورۆژنامانەوە، چ بەرهەمێکتان هەبووە؟ ئەوەی ئێستە ئێوە بەدەستانەوەیە، ئەنجامی راستەوخۆی هەلومەرجێکی نێونەتەوەیی ونێوچەیی وشەڕی کوێت وگەلڕەوی ملوێنی کوردە، نەک حیزبحزبێنەی ئێوە. خۆ ئەگەر ئەز، هیچ بەرهەمێکیشم نەبووبێ، ئەوە بەسە بۆم، کە نە لە پشت پاسدارەوە رۆیشتووم و نەسەددامم ماچکردووە ونە جاشێتیم کردووە ونە بە نانی کەس ژیاوم، ونە پێش مارینزەکانی ئەمریکا کەوتووم و نە زوڕنام بۆ رژێمی سۆڤێت لێداوە و، ونە بەشداریم لە شەڕی کوردکوژیدا کردووە، بەلکو نێوبژیشم کردوون، ئێوەیەک بەرامبەر رەخنەی رەوا ودلسۆژانەی من وئامۆژگاریی خێرخوازانەی من، ئاوا دوژمنانە وەستاون بەرامبەرم، کە دەستتان ناگاتە من، ئایا ئەگەر لە کوردستان بوومایە، دەمتوانی بکەومە چالاکی وبتوانم لەوێ بژیم. مەگەر ئەوەی ئاشبەتاڵم بکردایە، یان ببوومایە بە زۆڕنا ژەنی حیزبەکوردزمانەکان. ئەوەش کاری من نییە و کاری ئەوانەیە کە پەنجا ساڵە نان لە فشەکوردایەتی دەخۆن.

 

ئەلمانیا
10/10/2008
www.jemalnebez.com