په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠١٩

ئیکۆنۆمیست: سۆسیالیزم وەڵام نییە بۆ ئەم بار و رەوشەی سەرمایەداریی ئێستامان!


سالار حه‌مه‌سه‌عید    

 
لە ١٤ی شوباتدا گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە بەرگریکردن لە سەرمایەداریی و داکۆکیکردن لە چینی دارا و سەردەستی ئەم سیستەمە پڕ لە قەیران و کێشەیە هاتۆتە دەنگ و دەڵێ ئەم چەپەی سەریهەڵداوە بەتایبەتی لە ئەمەریکا چارەسەر نییە و وەڵامدەرەوەی ئەو گێژاوە نییە کە سەرمایەداریی تیا نقوم بووە و سەرهەڵدانی تێڕوانینەکانی باڵی چەپ وەڵام نییە بۆ کێشەکانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ. کە دەگونجێ ئەوەی نووسەری ئەم وتارە نووسیویەتی سەبارەت بەو چەپە ڕاست بێت و هیچی لەباردا نەبێت بەڵام مەسەلەکە لەوێدا نییە. مەسەلەکە بەرگریی و داکۆکیکردنە لە سەرمایەداریی و هەوڵی پاریزگاریکردن لەو سیستەمەیە کە هەر بە قسەی خۆشیان لە قەیرانێکی قووڵ دایە و بە پێی راپۆرت و ئامارە رەسمیەکانی خۆیان هەر ئێستا لە (ریسیشن) دایە واتە لە (رکود)ێکی ئابووریی قووڵ دایە. ڕاستە بەو چەپە لەرزۆک و لاوازەی ئەمەریکا و پارتی کرێکارانی بەریتانیا ئەم سیستەمە سەرنگووم ناکرێ. سەرنگوومکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی وەک لینین دەڵێ '' وەک چینێکی تایبەت تەنها بە پرۆلیتاریا ئەنجام دەدرێ بە هۆی بارودۆخی ئابووریی بوونی ئەم چینە ئامادەیە بۆ ئەم کارە و دەرفەت و توانای ئەنجامدانی ئەم کارەی پێدراوە''.


لە وەڵام بە ئیکۆنۆمیست کە دەڵێ سۆسیالیزم وەڵام نییە بەم بار و ڕەوشەی سەرمایەداریی دەبێ بوترێ بە فێرکردن و وشیارکردنەوەی پارتی کرێکاران بە مارکسیزم دەکرێ پێشەنگی پرۆلیتاریا پەروەردە بکرێ کە دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و تەواوی خەڵک بەرەو سۆسیالیزم بەرن.

لە وەڵام بە سۆسیالیزم بۆچی چارەسەرە نەک کێشە، لینن دەڵێ: '' ئێمە دەڵێین، ئامانجمان بەدیهێنانی سیستەمێکی سۆسیالیستییە لە کۆمەڵگادا کە لەڕێگەی لەناوبردنی دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ چینەکان، هەروا لەناوبردنی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە یا وڵاتێک (خەڵکانێک) لەلایەن وڵاتێکی (خەڵکانێکی) ترەوە، کە بێ گومان ئەگەری ڕوودانی شەڕ و جەنگ ناهێڵێ''. ئەوەی کە سەرمایەداریی بەرەو سۆسیالیزم دەڕوات شتێکە هەر روودەدا، هەروەک لینین دەڵێ: ''هەموو وڵاتان دەگەن بە سۆسیالیزم، ئەمە هەر روودەدا. بەڵام هەموویان بە هەمان شێواز و ڕێگە پێێ ناگەن''. گۆڤارەکە دەڵێ وا پێدەچوو کە کێبەڕکێ و ناکۆکیە ئایدیۆلۆژییەکانی سەدەی ٢٠ کۆتایی پێهاتبێ بە داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ١٩٩١. بە پێی نووسەری ئەم وتارە سەرمایەداریی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سۆسیالیزمیش بووە جێگەی گاڵتەجاڕیی و نموونەی تێکشکان و دۆڕان و سەرکوتی سیاسی. کەواتە ئەگەر وایە کە سۆسیالیزم کۆتایی پێهاتوە و بووەتە گاڵتەجاریی، کەواتە ئەم دووبارە ڕووکردنە سۆسیالیزم بۆچی؟ هەروا بۆچی سەرمایەداریی وەک سیستەم و بۆرژوازی وەک چینی فەرمانڕەوا و میدیای بۆرژوازی وا نیگەران کردوە؟ گۆڤارەکە بە ناچاریی و لە غەم و پەرۆشیی بۆ سەرمایەداریی دەڵێ: ئێستا پاش ٣٠ ساڵ تازە سۆسیالیزم وەک مۆدی رۆژ دێتەوە پێشەوە و خۆی نمایش دەکات. وەک گاڵتەپێکردن بەو کەسانە و ئەو ڕەوتانەی کە ئەم رێبازە دەگرنە بەر و پرسیاریان لێدەکەن کە بۆچی دەگەڕێنەوە بۆ ڕیبازێک کە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە. دڵنیام ئەگەر ئەو ڕێبازە بەو شێوەیە بێت کە ئیکۆنۆمیست باسی دەکات بەم ئاکامە نەدەگەیشتن کە پێی گەیشتووین ئەویش رووهێنانەوەیە بەرەو مارکسیزم و سۆسیالیزم. ئایا نووسەری ئەم گۆڤارە پرسیاری لە خۆی نەکردوە کە بۆچی سۆسیالیزم پاش ئابڕووچوونی ئاوا کە باسی دەکات ڕووی تێدەکەنەوە؟ بەڕای من وەڵامیان لایە و دەزانن هەوەک مارکس لە (بەرگی سێیەمی سەرمایە)دا دەیگوت: ڕێگری ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی، سەرمایە خۆیەتی''. ئەوان ئاشنان بە (سەرمایە)ی مارکس و لە سیستەمەکەی خۆشیان تێدەگەن کە (سەرمایە) ڕەگ و ڕیشەی کێشەکانە بەڵام هەر داکۆکی لێدەکەن چونکە چارەیەکیان نییە جگە لە بەرگریکردن لێی. ئەلێکسێندرا ئۆکاسیۆ کۆرتیز کە تازە هەڵبژێردراوە بۆتە ئەندامی کۆنگریسی ئەمریکی و بە سۆسیال دیمۆکراتێک خۆی دەناسێنێ و بۆتە جۆشوخرۆش بۆ بەربژێرەکانی پارتی دیموکرات بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە بەرەو چەپ گۆڕاون. هەروەها ئەم ڕەوتە بەریتانیاشی گرتۆتەوە لەبەرئەوەی، جێرمی کۆربنی وەک سەرۆکێکی توندڕەوی پارتی کرێکاران دەناسرێ لای باڵی پارێزگارانی بۆرژوایی هەروا ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کلیلی (ژمارە ١٠ی داونینگ ستریت) بەدەستبێنێ. سۆسیالیزم بە تەوژم دەگەڕێتەوە لەبەرئەوەی ڕەخنەیەکی توندی هەیە لەم سیستەمە و ڕەخنەگرە لە تەواوی سیستەمەکە، لە بەرامبەر ئەو شکستەی لە سیستەمی سەرمایەدارییدا لە کۆمەڵگای رۆژئاوادا ڕوودەدات. نووسەری ئیکۆنۆمیست دان بەوەدا دەنێ کە ئەمە لە کاتێکدا سیاسەتمەدارە ڕاستڕەوەکان شەڕی ئایدیۆلۆژییان دۆڕاندوە و پاشەکشەیان کردوە و بەرەو شوڤینیزم مل دەنێن و یادی رابردوو دەکەن. چەپ سەرزەنشت دەکات بەوەی کە ڕەخنەکانیان چەقیان بەستوە لە سەر نایەکسانیی لە کۆمەڵگا و ژینگە هەروا دەسەڵاتدان بە هاوڵاتی لە جیاتی دەستەبژێر. هەروەها دانی پیادەنێن کە چەپ لە هەندێ لایەنەوە ڕاست دەکەن بەڵام ''ڕەشبینییان بەرامبەر بە جیهانی مۆدێرن زۆر زێدەڕەویی تێداکراوە''. هەروەها دەڵێن: ''سیاسەتەکانیان سادەیی و پێ نەگەیشتوویی پێوەدیارە لە مەسەلەی بودجە و بازرگانی و بەڕێوەبردندا''. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سەرمایە و گەشەسەندن و بەرینبوونەوەی وا پێدەچیت خاڵی سەرەتا و کۆتایی بێت، لەبەرئەوەی پاڵنەر و مەبەست لە بەرهەمهینان لە سیستەمی سەرمایەدارییدا تەنها سەرمایەیە و نەک بە پێچەوانەوە واتە ئامانج لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی پڕکردنەوە و دابینکردنی پێداویستیەکانی کرێکاران و تەواوی خەڵک نییە، بەڵکو تەنها سەرمایەیە واتە قازانج. کە ئەمە بە پێچەوانەی سۆسیالیزمە کە ئامانج تیایدا سەرمایە نییە.


شوباتی ٢٠١٩

ماڵپەڕی سالار حەمەسەعید

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک