ئیدانه‌کانی (نێچیرڤان بارزانی) دژ به په‌که‌که له‌کوێ ده‌وه‌ستێ !!؟ ...
قادر نادر
گه‌ر تا دوێنێ له‌مێژوی کورد ، سه‌رجه‌م شکست و له‌ناوچونی ،شۆڕشه‌کانی کورد بۆ پیلانی ئیمپریالیزم و داگیرکه‌رانی کورد لێک ده‌درایه‌وه . ناکرێت له‌ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ ، هه‌مان بۆچون به‌رده‌وام بێت. به‌تایبه‌تی دوای 17 ساڵ له‌و هه‌موو هه‌ڵه یه‌ک له‌دوای یه‌کانه‌ی بریاربه‌ده‌ستانی پارتی ویه‌کێتی و له‌ده‌ستدانی هه‌ڵه زێرینانه‌ی بۆی هه‌ڵکه‌وتوه ، که‌له بڕی سود وه‌رگرتن له‌ده‌ستی ده‌ده‌ن ؟ که ده‌کرا له‌کۆڵ خه‌مه گه‌وره‌که‌ی نیشتمان ببینه‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی خۆمان دروست بکردایه؟ چونکه ڕه‌فتاری پارتی ویه‌کێتی له‌ده‌سه‌ڵات ، بوو به‌نمونه‌یه‌ک ، له ده‌سه‌ڵاتێکی (گه‌نده‌ڵ و نادیموکرات ) له ناوچه‌که ، که‌له دوائاکامدا ناشیرن کردنی گه‌لی کورد و له‌ده‌ستدانی سه‌دان و هه‌زاران دۆستی کوردی لێکه‌وتؤته‌وه . ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌یتوانی ،به‌کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری نوێ و دیموکراتی ، ناوه‌نده سیاسی و بڕیار به‌ده‌سته‌کانی جیهانی بۆ لای دۆزی کورد بکێشایه . به‌ڵام سه‌د حه‌یف ئه‌وه‌ی به قوربانیه بێ ئه‌ژماره‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه له‌هاوسۆزی جیهانی به‌ده‌ستمان هێنا ، به ره‌فتاری کۆمه‌لێک به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ و نادیموکراسی وا ده‌یدۆڕێنین. .
ماوه‌یه‌که وه‌رزی شکشته‌کان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دریژه‌ی هه‌یه ، سه‌رباری لوتکه‌ی گه‌نده‌ڵی و تیرۆری ڕۆژنامه‌نوسان ، نیشتمانی بێ ئۆپزسیۆن و به‌بنه‌ماڵه‌و به‌حزبی کوردنی داروبه‌ردی نیشتمان و بێ یاسایی به‌رپرسان و به‌هێزی لۆبی ئه‌نفالچی و فایلدار له‌ده‌سه‌لات ، لوتکه‌ی نادادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ، له‌ته‌ک سه‌رجه‌م ئه‌مانه 17 ساڵه ، له‌بڕی ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره قێزه‌وه‌نانه بنبڕ بکرێت که‌چی ،به‌به‌رنامه په‌ره‌ی پێ ده‌درێت !!!؟.
سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات که‌شکشته‌کانی کورد توشی ده‌بێت ،هۆکاری سه‌ره‌کی عه‌قلیه‌تی بڕیار به‌ده‌ستی کورد و بێ هه‌ڵوێستی وهه‌ڵپه‌رستی تاکی کورده ،که‌دروشمی ئاگره‌سوره له‌خۆم دوره‌ی به‌رزکردۆته‌وه !! بێ ئه‌وه‌ی له‌یادی بچیت که‌دوای تێك شکانی ساڵی 75بینی ،چه‌ندین کاره‌سات و تاوان له شه‌هید بونی زیاتر له 200 هه‌زار تاکی ئه‌م گه‌له له کیمیاباران و ئه‌نفال و به‌رگری له‌خاک و زیندانی به‌هه‌زاران و تێکچونی ژیانی کۆمه‌لگا لێکه‌وته‌وه؟ .
هه‌مومان ده‌بینین که‌چۆن دوای ئه‌و هه‌له دێرینه‌ی له روخانی نه‌ک ڕژێم ، به‌لکو خودی عیراق وه‌ک وڵات وێران بوو ، ده‌کرا له بنیاتنانه‌وه‌ی دا ئێمه ڕێگر بین له‌بڕی دروستکردنه‌وه‌ی ، جاری سه‌ربه‌خۆیی خۆمان بده‌ین یان به‌لایه‌نی که‌م ،سنوری جوگرافی پڕ له‌کێشه‌ی 85 ساڵه‌ی کورد که گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق ، به‌ده‌ست بهێنین!؟ . که‌چی ئه‌وه‌ی ده‌یبینین شکست له‌دوای شکسته ، به‌تایبه‌تی له چه‌ند مانگی رابردو ،که‌تا نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ش نازانین له‌ته‌ک پاشه‌کشه‌ی پێشمه‌رگه له ناوچه‌کوردستانیه‌کانی دیاله و جێبه‌جێ کردنی به‌شی زۆری خاله‌کانی ماده‌ی 24 ، جێبه‌جی نه‌کردنی ماده‌ی 140....ئه‌وا ئێستا گفتۆگۆکان له‌سه‌ر ئه‌وه یه که شه‌به‌ک ویه‌زیدی کورد نین!!؟.
له‌ته‌ک سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌مو وخه‌مه گه‌ورانه‌ی نیشتمان ئه‌وا خه‌م و ئازاری به‌شه‌کانی تری کوردستانیش به‌ڕێوه‌یه !!؟ به‌تایبه‌تی له دواین لێداونی سه‌رۆکی حکومه‌تی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی )له‌گه‌ڵ ئاژانسی ده‌نگو باسی ئه‌نادۆڵی تورکی ،ده‌ڵێت نازانین تورکیا چی له‌ئێمه ده‌وێت !!!؟ تۆ بڵێیت سه‌رۆکی حکومه‌ت ، نه‌زانی تورکیا چی لێتان ده‌وێت !!؟
ئه‌مه‌سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌باکوری کوردستانه‌وه چالاکی ده‌کرێت که له‌ڕوی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه به‌ناو سنوری تورکیایه ، به‌رپرسانی کورد به‌ئاستی سوپا و پارته تورکیه‌کان ،پڕۆتستۆی چالاکیه‌کانی پ‌ک‌ک ده‌که‌ن !!؟ . پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه به‌شیکێن له‌تورکیا ،تابه‌هه‌مان ئاوازیان بخوێنین !! دواتر ئه‌مه چ مه‌نتیقی سیاسیه چالاکی له( دیاربه‌کر) ئه‌نجام ده‌درێت ،( نێچیرڤان بارزانی ) له‌هه‌ولێره‌وه ئیدانه‌ی ده‌کات !!!؟ له‌کاتێکا (سۆرانی مامه حه‌مه) له که‌رکوک تیرۆر ده‌کرێت و ده‌یان پارت وڕێکخراوی مافی مرۆڤ وسیاسی جیهانی ئیدانه‌ی ده‌کات ، که‌چی نێجیرڤان بارزانی قسه‌یه‌ک له‌سه‌ری ناکات !! ؟ به‌ڵام له دوری زیاتر له 500 کم له خاکی سنوری یاسایی خۆی بۆ کوژرانی پۆلێ سه‌ربازی داگیرکه‌ر، ئیدانه‌ی پ‌ک‌ک ده‌کات ؟ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت بۆ به‌هه‌مان ئاواز ئیدانه‌ی ئه‌و سوپا فاشسته ناکات ، که ماوه ماوه ، که‌ڕامه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و بێ رێزی به‌خاکه‌که‌ی و بۆردومانی قه‌ندیل ده‌کات و جؤره‌ها چه‌ک دژ به خه‌لکی سڤییلیش به‌کاردێنێت ؟ ئه‌رکی ئه‌م حکومه‌ته‌ش نیه به‌هه‌مان ئاواز‌و دو پڕۆتستۆی هاوشێوه ی دیاربه‌کر بلێت !؟ یان به‌هه‌مان زمانی دیبلۆماسی و سیاسی، له‌نه‌رمه ره‌خنه‌دا ، که ده‌ڵیت دانانی ناوچه‌یه‌کی ئه‌منی بۆ تورکیا ئاسته‌مه ، نه‌یده‌توانی به‌و زمانه‌ش له‌به‌رامبه‌ر پ‌ک‌ک ئاخافتن بکات !!؟ وه ئایا ئه‌م ده‌سه‌لاته کوردیه ئه‌و مافه‌ی هه‌یه ئاوا به‌ناوی هه‌موو کورده‌وه ، پڕۆتستۆ دژ به پ‌ک‌ک بکات !! وه‌ئه‌مه که‌ی مه‌نتیقی سیاسیه تۆ به‌ئاوازی تورکه فاشسته‌کان بخوێنی و په‌یام بده‌یت پێمان بڵێن چیتان ده‌وێت بۆتانی بکه‌ین ؟ له‌کاتێکا تورکیا به ئاشکرا ده‌ڵیت ئێمه دژی کوردین ؟ بوار ناده‌ین ماده‌ی 140 جێ به‌جێ بێت ؟ که‌رکوک بخرێته‌وه‌سه‌ر کوردستان ؟پشتگیری له‌گروپێکی تیرۆریستی وه‌ک به‌ره‌ی تورکمانی ده‌کات که به‌ئاشکرا له خۆپیشاندانی خوێناوی که‌رکوک دالده‌ی تیرۆریستیانی دا و ته‌قه‌یان له‌خه‌لکی شۆڕشگێری کوردی که‌رکوک کرد !!!. ئایا پ‌ک‌ک ئه‌و هه‌لوێستانه‌ی بۆ تورکیا دروستکردوه ، یان خودی تورکیایه که‌دژ به هه‌مو مافێکی کورده!؟
له‌هه‌موی کاره‌سات تر که‌کێشه‌ی کورد تێ ی که‌وتوه . سوپایه‌ک خاکه‌که‌ی داگیرکردوی ، به فاشیترین شێوه مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ل گه‌له‌که‌ی ده‌کات ، دان به‌بچوکترین مافه سه‌ره‌تایه‌کانی کورد له ده‌ستوری ولاته‌که‌ی دانانێت و عه‌قلی دیالۆگی ونه !!؟ ، له‌سه‌روی هه‌مو ئه‌مانه‌ش دوای 23 ساڵ له شه‌ری پ‌ک‌ک به هه‌مو جۆره‌کانیه‌وه ، به‌سه‌رجه‌م گه‌له‌کۆمه‌کیه جیهانی و ناوخۆیه‌کانی تورکیا ، که‌چی پ‌ک‌ک به‌رده‌وام له‌گه‌شه کردن دایه ؟ که له‌بڕی ئه‌وه‌ی عه‌قڵی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و سوپایه‌ی ( تورکیا) وه‌ک هه‌مو ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مانه‌ی جیهان به‌ره‌و دیالۆگ له‌گه‌ل ئۆپزسیۆنه‌کانی بڕۆیشتایه .که‌دواینیان سه‌رهه‌ڵدانی گفتوگۆی نێوان تاڵیبانی تیرۆریست و دوژمنه باوه‌کوشته‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا و وولاتانی ڕۆژئاوایه ، له‌گه‌ل حکومه‌تی ئه‌فغانستانی دۆستی هاوپه‌یمانی ناتۆدا . سه‌یرکه‌ن عه‌قلی حه‌کیمانه‌ی کارزای و حکومه‌ته‌که‌ی ، چه‌نده گه‌وره‌یه که فشار ده‌خاته سه‌ر (پاکستان و سعودیه) تاهێزێکی تیرۆریستی وه‌ک تاڵیبان گفتۆگۆی له‌گه‌ڵ بکات و به‌ره‌و ژیانی سیاسی و خه‌باتی مه‌ده‌نی ببات. که‌چی پ‌ک‌ک که هێزێکی ئازادیخوازه و وه‌ک دواین چاره‌سه‌ر په‌نا بۆ چه‌ک ده‌بات ، 5 جار یه‌کلایه‌نانه ئاگربه‌ستی راگه‌یاندوه ، ئاماده‌یه به‌کۆمه‌لێک داخوازی بچوک له مافی ره‌وای کورد ولێبوردنێکی گشتی بۆسه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانی بچێته‌وه ناوتورکیا وده‌ست به‌خه‌باتی سیاسی بکات،که‌چی عه‌قڵی به‌ربه‌ری تورکی به‌رده‌وام له‌ده‌رگای شه‌ر ده‌دات!!؟
ماوه‌ته‌وه بلێین ناکرێت تورکیا ئه‌مه عه‌قڵی سیاسی بێت ، ماوه ماوه بۆردومانی باره‌گاکانی ئه‌م پارته بکات و هه‌ست به‌تروسکایه‌ک له دیالۆگ به‌رامبه‌ری نه‌کرێت . بڵێین پ‌ک‌ک نابێت له‌ناو باکوری نیشتمانه‌وه‌ش چالاکی بکات ؟ له‌کاتێکا هه‌مو ئه‌گه‌ره‌کان ئه‌وی نیشان ده‌دا ،به‌بێ ئه‌و چالاکیه‌ی گورزوه‌شینه‌ی هه‌کاری ،په‌ڕله‌مانی تورکیا . ماوه‌ی یه‌ک ساڵه که‌ی ، درێژ ده‌کرده‌وه و دوژمنایه‌تی تورکیا بۆسه‌رجه‌م ده‌ستکه‌ته‌کانی کورد کۆتایی نه‌ده‌هات.
ئه‌وه‌ی جیگای مه‌ترسیشه ، لێداونه‌کانی( نێچیرڤان بارزانی ) ، رازی بونی تورکیا له‌گفتوگۆکردنی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتی کوردی (به‌ئاشکرا ده‌لێت بۆ لێدانی په‌که‌که‌یه) ، درێژکردنه‌وه‌ی یه‌ک ساله‌ی په‌رله‌مانی تورکیا بۆسه‌رخاکی کوردستانی باشور ، ده‌نگ و باسی داوه‌تی سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ تورکیا و هاتنی وه‌فدێکی به‌رزی وه‌زاره‌ره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ لای بارزانی ...سه‌رجه‌م ئه‌مانه ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن ، که‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌گه‌ری زۆره بکه‌وێته ناو داوی سوپا‌و حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆگان و تاوانێکی تر، به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌ی ئه‌نجام بدات؟ گه‌رچی دلنیاین له‌کچا ن و کورانی گه‌ریلا ، که شوی سیاسیان ، به شاخ و ئه‌شکه‌وت کردوه ، گورزێکی تری زاب ئاسا له سوپای تورکی ده‌وه‌شێنن . ده‌سه‌لاتی کوردیش هه‌قه له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌سه‌له ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ی ،به‌رامبه‌ر دوژمنه پله‌یه‌که‌ی (تورکیا) ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت وه‌ک (سعودیه‌و پاکستان) کارتی تالیبانه‌که‌ی وا به‌هه‌رزان له‌ده‌ست نه‌دات ، چونکه تورکیا ئێوه‌ی به‌و کارته وه ده‌وێت .
|